٢٤ی ئابی ١٩٩١ بوو، ڕۆژێکی گەرمی خۆش بوو لە خێرسۆن لە باشووری ئۆکراینا، دایک و باوکم و باپیرە وداپیرەم و پوورم هەموویان لە نزیکەوە بەدیار تەلەفزیۆنی رەش و سپییەوە دانیشتبوون، دوا ڕۆژەکانی هاوین بوو لە گوندە سەرنجڕاکێشە سۆڤیەتیەکەمان و تەنها ١٠ ڕۆژ مابوو بۆ یادی ٥ ساڵەی لەدایکبوونم – بەڵام سەرلێشێواو بۆ من ئەوە بابەتی گفتوگۆ نەبوو.
ئەو ڕۆژە ئۆکراینا بوو بە ووڵاتێکی سەربەخۆ. گفتوگۆ گەرمەکانم لەیادە، زۆربەی خێزانەکانی ئۆکراینا چاوەڕێی سەربەخۆیی بوون، بەڵام زۆرێکیان ترسیان هەبوو، هەموویان دەیانزانی چی لەدەست دەدەن، بەڵام نەیاندەزانی چی بەدەست دەهێنن، داهاتوو تاریک بوو.
ئێستا ٣١ ساڵە و ئێمەی ئۆکراینیەکان رێگایەکی زۆر ئاڵۆز و سەختمان گرتووە بۆ ئەوەی ببینە گەورەترین وڵاتی ئازاد و دیموکراسی سەردەمی دوای یەکێتی سۆڤیەت، هەڵبژاردنی پڕ لە پشێوی، سکانداڵی گەندەڵی و خۆپیشاندانی جەماوەری هەبووە. بەڵام ئەمڕۆ ڕووبەڕووی گەورەترین تاقیکردنەوەمان دەبینەوە. خێرسۆن وەک ئەوەی لە یادمە نەماوە: لە ئێستادا لە ژێر داگیرکاری رووسیادایە. کاتێک دەزگیرانەکەم لە باشوور پەیوەندی بە هێڵی پێشەوەی شەڕ کرد، بە گاڵتەمەوە گوتم: “دەتەوێت بەو شێوەیە چاوت بە خەسووت بکەوێت؟” گووتی دەیەوێت زێدی خۆمم بۆ بگەڕێنێتەوە وەک دیاری هاوسەرگیری. کە گەڕایەوە پێی گووتم هەموو ماڵێکی گەڕەکەکە وێران بووە. مامم لەگەڵ هەندێک خەڵکی ناوچەکە لە ژێرزەمینی باخچەیەکی منداڵاندا خۆیان حەشاردا. دوای بۆمبارانێکی راستەوخۆ لەلایەن رووسیاوە بەسەر بیناکەدا دواجار گوندەکەی بەجێهێشت، داپیرە تەمەن ٨٢ ساڵەکەم کە تووشی نەخۆشی شەکرە بوو، چەند هەفتەیەک لە ژێر تۆپباراندا بوو و یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بەختیان هەبوو هەڵهات، ئێستا لە کیێڤە و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا بەرزکەرەوەی بەکارهێناوە. زۆرێک لە خەڵکی خێرسۆن پێیان وایە بەم زووانە دەگەڕێندرێتەوە سەر ئۆکراینا و دووبارە ئاوەدان دەکرێتەو، داپیرەم ناتوانێت باسی هیچ شتێکی تر بکات.
ئەو بە درێژایی ئازارەکانی گەشەسەندنی وڵاتدا ژیاوە و هێشتا گەشبینە، ئۆکراینای گەنجی سەربەخۆ تووشی قەیرانی ئابووری زۆر بوو، لە ساڵی ١٩٩٣دا هەڵاوسان گەیشتە سەدا ١٠،٠٠٠٠، کەمی کاڵاکان و پچڕانی کارەبا و پچڕانی ئاو بۆ چەند کاتژمێرێک لە رۆژێکدا، سەرەڕای ئەوەش ئۆکراینا یەکەم رادەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتی سیاسیی بەخۆیەوە بینی، دراوێکی نیشتمانیی بە ناوی هریڤنیا دەرکرد، دەستوورێکی پەسەند کرد و دەستی کرد بە دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا.
لە رۆژە نادیارەکانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، دایک و باوکم هەموو داهاتەکانیان لە پێناو خوێندنەکەمدا سەرفکرد. ئەو ئێوارە درێژانەم لەبیرە کە بە پێ دەڕۆیشتین (بۆ ئەوەی پارە پاشەکەوت بکەین) بۆ شوێنی مامۆستای ئینگلیزیم. وانەکان بۆ ئێمە تێچووی — ٥ دۆلار بۆ کاتژمێرێک بوو. کاتێک توانای پارەدانیان نەبوو، من بە قەرز یان بۆ ئاڵوگۆڕکردن دەمخوێند. جارێک دایکم چەند تارێکی چنینی بۆ مامۆستا هێنا. خەونی دایکم ئەوە بوو کە فێری زمانی ئینگلیزی بم و هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی بیانی بکەم. بەڵام زمانی ئینگلیزی چەندین دەرگای لە ئۆکراینای نوێ و سەربەخۆ بەڕوومدا کردەوە و دەرفەتی پێدام وەک ڕۆژنامەنووسێک کار بکەم .
کاتێک سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە ساڵی ٢٠١٩ هاتە سەر دەسەڵات، پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پۆستی سکرتێری ڕۆژنامەوانی کردەوە — یەکەمجار بوو کە پۆستێکی باڵای لەو شێوەیە لە کێبڕکێیەکی شەفافدا بڵاوبکرێتەوە. لە نێوان ٤ هەزار داواکاردا هەڵبژێردرام و زیاتر لە دوو ساڵ وەک سکرتێری رۆژنامەوانی سەرۆک کارم کرد. مامەڵەم لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی جیهانیدا کرد، هەندێکیان سەرنجڕاکێش وەک ئەنجێلا مێرکڵ، ژنێک کە ١٦ ساڵ بوو لە دەسەڵاتدا بوو، یان زەحمەت وەک دۆناڵد ترەمپ ، کە کردارەکانی وەک سکرتێری ڕۆژنامەوانی کاتێکی سەختی پێبەخشیم.
گومانی تێدا نییە ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیانەی کە ئۆکراینا بەرەوپێشیان برد بۆ ئەوەی ببێتە ووڵاتیكی دیموکراسی تەندروست و زیندوو بووە هۆی ئەوەی کە پیشەکەم بەدەست بهێنم. بڕوانامە و ماندووبوون لە سەردەمی سۆڤیەتدا هیچ مانایەکی نەبوو: تاکە پلیکانەی کۆمەڵایەتی پەیوەندی سیاسی و دڵسۆزی کوێرانە بوو. من بە بیرکردنەوە لە هێڵێکی کاتیی جێگرەوە دەلەرزم کە بتوانم ناچار بم ببمە پڕوپاگەندەکارێکی کرێملین یان بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی گۆشەگیرکراو.
٣١ ساڵە و هێشتا رێگایەکی دوور و درێژمان لەپێشە — بەڵام بەرخۆدانمان لە بەرامبەر لەشکرکێشی دڕندانەی رووسیا نیشانی جیهانی داوە کە ئێمە چەندە بەهای سەربەخۆیی و دەستکەوتە دیموکراسیەکانمان لەلا گرنگە.
هەندێک وردەکاریم لەیادە دەربارەی ٢٤ی ئابی ١٩٩١، بەڵام هەندێکی دیکە نا. تەلەفزیۆنەکەم لەیادە، خواردنی گێلاس لە باخچە، گەشتێک بۆ کتێبخانەی ناوچەکە، ئەو بەشەی رابردوو تەمومژاوییە. بەڵام من دەتوانم داهاتوو بە روونی ببینم:رووسیا دەیەوێت بمانگەڕێنێتەوە دواوە و ئەوەی بنیاتمان ناوە وێرانی بکات. سەرکەوتوو نابێت.
یولیا مێندێل رۆژنامەنووس و سکرتێری پێشووی رۆژنامەوانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینایە.
یولیا مێندێل – واشنتن پۆست لە ئینگلیزییەوە: ئومێد بۆتانی
Discussion about this post