نەوزاد شێردڵ / ئامریکای باکوور : ( من لە مێرد منداڵییەوە ، ئێرەیی بە مافە جوانەکانی ئێوە دەبەم ، ئەی ئاژەڵ و پەلەوەرە بەختەوەرەکان !! )
ساڵانێکی زۆر ، بینینی ناو هۆڵیوودم وەك ئاکتەرێك ، بە خەونێکی مەحاڵ دەزانی ، چ جای بردنەوەی ئەم خەڵاتی ئۆسکارەی ناو دەستم ؟! ، سەرەتا کە پێم نایە سەر کارپێتە سوورەکە ، هەموو هۆشم لای دایکم بوو ، دەمپرسی :- تۆ بڵێ ی ئێستا ڕاستەوخۆ ، لە سەر شاشەی تیڤی یە کۆنەکەمانەوە ئەم خەڵاتە ببینێت ، کە بە نیازم بیکەمە دیاریی ئەو ؟! ، بەڵێ ئەوە من بووم هەر لە مێرد منداڵییەوە دەمگووت :- ئەگەر تاقە گەنجێکی کورد هەبێت و ، بتوانێت خەڵاتی ئۆسکار بۆ کوردوستانەکەی بهێنێتەوە ، هەر تەنها منم و بەس ! ، پێیەکم لەسەر کارپێتەکە و ، فلاشی کامێراکانیش لە سناپی تریسکە وەشاندندا بوون ، بەر لەوەی بچمە ناو هۆڵی پێش بڕکێکانیشەوە ، داوام لە سەر پەرشتیاران کرد ، کە لە نێوان ئاڵپۆچینۆ و ڕۆبێرت دی نیرۆدا دابنیشم ، هەرواش دەرچوو ، کەرنەڤاڵی ئامادە باش سەر ستەیجەکەی کردە چراخان ، ئەوە سێهەم جاری دەست نیشان کردنی من بوو ، لە لایەن ئەکادیمای باڵای هۆڵیوودەوە ، هەردوو ئاکتەری گەنج ، جۆرج کلوونیی و نیکۆل کیدمان ناوی من و ، چوار ئاکتەری تریان لەو پێش بڕکێیەدا خوێندەوە ، – ویڵ سمیس ، جۆنی دیپ ، تۆم کرووز ، براد پیت – ، هەڵبەت هیچ گوومانێکم لەسەر کەووتنی خۆم نەبوو ، دیسان هەرواش دەرچوو ، لەوێ جاك نیکڵسۆن خەڵاتی ئۆسکارەکەی دامێ و ، دوای سوپاس و ستایشی ستافی فیلمەکەمان ، بە ناوی – من کێم و لە کوێم ؟ – ، لە ناو ئاپۆڕەی چەپڵە ڕێزان دا گەڕامەوە جێگەکەی خۆم ،
_________________________________________
کاتێك بە هۆش خۆم هاتمەوە ، بە سەرێکی گێژ و کاسەوە پرسیم :- من کێم و لە کوێم ؟! ، ئەفسەرێکی ڕەزا تاڵ ، بووتڵێکی شووشەی خوێناوی ، بە قەوارەی پەیکەری ئۆسکارەکە نیشان دام ، ئەو بە گاڵتە جاڕییەوە پێی ووتم :- بەخێر هاتی بۆ هۆڵی زیندانی ، قەزای مەیموونە لە شاری عەممارە ، لە زەمینەی زیندانەکەم ڕووانیی ، کارپێتی سوور نەزیفی پاشەڵی خوێناویم بوو ، تریسکە فلاشی کامێراکانیش ، تەزووی کارەبای ئەو دوو ڕایەڵە بوون ، کە جەمسەرێکیان بە سنگمەوە و ، ئەڵقەی ئەوی تریشیان ، بە ئەندامێکی هەستیاری جەستەمەوە بەسترابوون ، :- ( سە .. باب ی دایك قە … ) ، ئێمە حزب و دەوڵەت لە جەنگی پاراستنی ، دەرگای خۆرهەڵاتی ئوومەداین ، تۆش بێ ئەوەی خزمەتی سەربازی بکەیت ، بە جانتایەك پڕ مەیلی هۆڵیوودەوە ، بە نیازیت سنووری ووڵات ببڕیت ؟! ، ئەگەرچی من هەرگیز ئەو قەزا و شارەم نەبینیبوو ، بەڵام بە ناو بردنی دایك و باوکم زۆر گەشامەوە ، بە پەرۆشەوە لێم پرسی :- داخۆ ناونیشانی قاپیی ماڵمان و ، ڕووخساری ئەو دوو کەسە دەزانیت ؟! هەڵبەتە سەرەتا ئەو پرسیارەی منی ، بە جۆرێك لە خۆ دزینەوە ، لە زانیارییەکان مەزەندە کرد ، بۆیە تاکوو لە تووانایدا بوو ، بە کێبڵە قوورسەکەی دەستی ، سەری کاسمی شەڵاڵی خوێن کرد ،
____________________________________
لیۆناردۆ دیکاپریۆ ی ئاکتەر ، کە لە پشتمەوە ، لە نزیك – مات دامۆن – دانیشتبوو ، دوای پیرۆز بایی ئۆسکارەکەم ، پێی گووتم :- سیناریۆی ئەو فیلمەتانم زۆر لا پەسەندە ، ستاتیکا و فانتازیای – من کێم و لە کوێم ؟! – ، جگە لە نەزانینی کات و شوێنی ڕووداوەکان ، لە بەرانبەریشدا بۆ هەموو زەمەن و ناوچەیەك دەگوونجێت ، نووسینی کێیە ؟! ، پێم گووت :- داستانێکە ، لە بری هەموو دانیشتوانی ئەم گۆی زەوییە ، چل و پێنج ملیۆن کەس نوسیوویانە !! ، – مات – کە هەستی کرد ، زۆر شپرزەی کۆتایی هاتنی ئاهەنگەکەم ، تاکوو چی زوو ترە ئۆسکارەکە بگەیەنمە دایکم ، بە پەنجەکانی دەستی کەمێك ئاوی پرژاندە سەر ڕووخسارم ،
_________________________________________
ئەمجارەش کە بە ئاگا هاتمەوە ، هەموو جەستەم تەڕ و ، سەربازێك بە سەتڵێکی بەتاڵەوە ، لە سەر سەرم ڕاوەستابوو ،
ئەفسەرەکە هێوورانە دەدووا :- بە پێی ڕاپۆرتی موختارەکان ، ئاژەڵ و پەلەوەرەکان ، موعتەمیدەکان ، شەقام و کۆڵانەکان هتد .. ، دەڵێن هەر لە ئەزەلەوە ، ناو و ناو نیشانی تۆ بوونی نیە ، هەندێك دەڵێن چوون – چپسی – یەکانی ڕۆمانیا ، قەرەج زادەیت ، زۆرینەیەکی تریش دەڵێن ، هەر لە چەرخی بەردینەوە پێناسەیەکت شك نەبردووە ، لەوێ پەنجەرەیەكی شکاو ، پەیامی کڕێوەیەکی سەختی ئەدا بە گوێمدا ، ووڕێنەکانم لە چاو هەندێك درووشمی ئایدیۆلۆژیدا ، لووتکەی فەلسەفە بوون ، موزەمیدێکی سەروو پەنجا ساڵەی ڕەبەن ، غافڵە شرینقەیەکی نەرمی لێدام ، ئاخر دەیانگووت ، منی تەمەن شانزە ساڵ ، بە بێ ئەو شرینقە کلتوور کەنداوییانە ، مەحاڵە بگەمە کەماڵی ، ئۆسکارە خوێناویەکان ،
————————————————–
ئاڵپۆچینۆ دەستی خستە سەر شانم :- ئێستا دوای ئەم نزیکی شەش کاتژمێرە ، ئاهەنگ کۆتایی هات و ، دەتوانیت بە پەلە ، ئەو دیارییە بگەیەنیتە دایکت ، ئەفسەرەکەش دوای نزیکی شەش مانگ ، دەستی خستە سەر شانم :- سەرۆك کۆمار لێبووردنی گشتیی داوە ، خۆت ئامادە بکە تۆ ئازادیت ، هەڵبەت دڵنیاش بوو ، ڕێ تەی کردنێکی نابەڵەدانە ، هەست زامدارانە ، سوبحدەم بۆ زەردەپەڕی بیابان ، ئاکام هەر فەوتانە ، پێم وا بێت ئەو پرسەی درکاند :- داخۆ کەسێ شك دەبەیت ، ڕووی تێ بکەیت ؟! ، سەرەتا وویستم ئەو ڕاستی یە بڵێم :- نەخێر ، لە ووڵاتی زێدی خۆشمدا ، هەروەك حاڵ و وادەی ، نووسینی ئەم دێڕانە ، نە کەس ، نە کار ، نە حەوشە و قاپی ماڵ ، نە جێ و ڕێ ، نە پشت و پەنا ، نە بستێك سەبووریی ، نە قوولانجێك دڵدانەوە .. ، هتد .. هەموو چوون و شكیان نابەم ، بەڵام کاتێك هاوشان بە دەنگی ، ڕۆحیانەتی گۆرکی :- مرۆڤ شایانی ڕێزە ، نەك بەزەیی ، هەر هاودەنگ کە لە پانتایی ، فەزای ئەو ئاسمانە دوورە دەستەشدا ، ئاووڕی بێچووە مەلی ، ناو چەند پۆلێکی کۆچەریم بینی ، ئیتر منیش جووتە باڵی ، هەوڵی فڕینم دا بە یەکدا و ، هیچم نەووت ،
( بەڵێ من لە مێرد منداڵییەوە ، ئێرەیی بە مافە جوانەکانی ئێوە دەبەم ، ئەی ئاژەڵ و پەلەوەرە بەختەوەرەکان )