ئۆرکێسترای کوردستان بۆ پشتگیری لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و لە وەرزێکی نوێیدا بە بەرهەمێکی ئۆرکیسترالی پشتگیریی لە پێشمەرگەی کوردستان و ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆی کوردستان دەکەن.
هەڤاڵ حەمەد سەرۆکی ئۆرکیسترای کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە چراتیڤی باسی لەم کارە هونەرییەدا کرد و ووتی:
” ئەم بەرهەمە نوێیەی ئۆرکێسترای کوردستان ئامادەکراوە بۆ پشتگیری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانە کە ئێستا لە سەنگەری خەباتدان و هەروەها بۆ ئەم بارودۆخەی بەسەر کوردستاندا هاتووە کە تیایدا چەندین هاووڵاتی کوردستانیش بە نەتەوە و ئاینی جیاواز بوونەتە قوربانی و ئاوارە و سەرگەردان بوون. (پانۆرامای پێشمەرگە) لەئامادەکردنی چەتۆ نەورۆز و سۆڵۆی لاوک لەلایەن بورهان خۆشناو ووتراوە”.
شایانی باسە نزیکەی ٣٠ سی میوزیکژەنی ئۆرکێسترای کوردستان بەشدارییان لەم بەرهەمە هونەریەدا بە هاوکاری کۆرسی بەڕێوەبەرایەتی هونەرە میللیەکان و موزیکی هەولێر کردووە.
هەروەها دەربارەی پڕۆژەو کاری ئایندەیان هەڤاڵ ووتی:
” بۆ پڕۆژەی ئایندەش وەک ئۆرکێسترا خەریکی خۆئامادەکردنین بۆ سازدانی کۆنسێرتێکی موزیکیی کوردی و جیهانی بە تایبەت نوێکردنەوەی چەند سروودێکی ئیشتیمانی بە هاوکاریی تیپی سەمفۆنیای جۆرجی، دواتریش نمایشکردنی ئەم کۆنسێرتە لە وڵاتی ئێرا ن و تورکیا دەکرێت”.