27-8-1997 ڕۆژی دامەزراندنی ئۆرکێسترای کوردستانە، لەم ڕۆژەدا و لە سەردەستی چەندین هونەرمەند و مامۆستای موزیک ئۆرکێسترای کوردستان دامەزرا.
وەک یەکەم دەزگای موزیکی ئەکادیمی ئۆرکێسترای کوردستان توانی چەندین موزیکژەن لە خۆی کۆبکاتەوە و بە شێوازێکی جیهانی پڕۆگرامەکانی خۆی نمایش بکات. لە ئێستادا خاوەنی چەندین موزیکژەنی بە ئەزموونە بە زۆربەی ئامێرە موزیکیەکان کە خاوەنی بڕوانامەی هونەری موزیکن، هەڤاڵ حەمەد لە ڕۆژی دامەزراندنی ئۆرکێسترای کوردستان تایبەت بە چراتیڤی ووتی:
” پیرۆزبایی لە خۆمان و ئێوە و سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم بە بۆنەی ١٧ ساڵەی دامەزراندنی ئۆرکێسترای کوردستان. ئەو ئۆرکێسترایەی کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکو ئەمڕؤ سەدان کۆنسێرتی موزیکی جیهان و کوردی نمایش کردووە و بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی کوردستان کردووە. لە ئۆرکێسترای کوردستان کاردەکەین بۆ پێشڤەچوونی ڕەوشی موزیکی جیهانی لە کوردستان و بەزانستکردنی موزیکی کوردی بە شێوازی ئۆرکێسترالی، ئێستاکەش بە بۆنەی دامەزراندنیەوە خەریکی خۆئامادەکردنین بە هاوبەشی تیپی سەمفۆنی جۆرجی بۆ نمایشکردنی چەند شاکارێکی موزیکی کلاسیک و جیهانی لە کوردستانی ئازیزمان”.