دکتۆر ھەتا شەش مانگ گۆرانی لێ قەدەغە کردووم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
گەیلان تاھیر، تاکە بەشداربووی عێراق لەفیستیڤاڵی “ئۆلۆمپیاتەکانی تورک” لەوڵاتی تورکیا دوای پێشبڕکێ لەگەڵ ١٤٠ وڵات لەگەڵ پێنج کەسی دیکە گەیشتە کۆتایی فیناڵ و پلەی چوارەمی بەدەستھێنا و دوای گەڕانەوەی بۆ ھەولێر (سڤیل) لەماڵەکەی خۆیان چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجامدا.
کە تێیدا گەیلان گلەیی لەراگەیاندن و ھونەرمەندان و بەرپرسان ھەیە، چونکە ئەوان ھیچ گرنگیەکیان بە گەیلان نەدا کە لەفیستیڤاڵێکی گەورەی جیھانی بەشداریکرد و کەس باسی نەکرد و کەچی ئەو بەگۆرانییەکی ئیبراھیم تاتلیساس سەرنجی ئۆردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیای راکێشا کە لەگەڵ ھاوسەرەکەی لەفیناڵ ئامادەبوون و دووجار لەبەر گەیلان ھەڵساوە سەرپێ و چەپڵەی بۆ لێدا و دواتر پێیگوت “وامزانی ئیبراھیم تاتلیساسە لەبەرامبەرم دانیشتووە گۆرانی دەڵێت”.
گەیلان دەڵێت “ئەم فیستیڤاڵە ساڵانە لەلایەن کۆلیژی ئیشق رێکدەخرێت، کە لە ١٤٠ وڵات قوتابخانەیان ھەیە، لەھەر وڵاتێک ئەو منداڵە بەناوبانگانەی کە گۆرانی دەڵێن کۆیان دەکەنەوە و بۆ ئەو بەرنامەیە”.
گەیلان، تەمەن ١٤ ساڵ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو لەکۆلیژی ئیشق فێری ھەردوو زمانی تورکی و ئینگلیزی بووە، بەشداریکردن بۆ ئەم فیستیڤاڵە دوو مەرجی ھەیە، یەکەم دەبێ زمانی تورکی بزانی، دووەم تەمەنت لە ١٨ ساڵ کەمتر بێت. کە ھەردوو مەرج گەیلان دەگرێتەوە بۆیە ئەوە بە دەرفەتی دەزانێ بەشداری بکات.
وەکو گەیلان دەڵێت “لەعێراق ٣٠ کەس ئارەزووی بەشداریکردنی ھەبوو، تەنیا ١٥ ھەڵبژێردرا. لەشاری ئەدەن لەتورکیا فیناڵی عێراق کرا و من بووم دەرچووم و بووم بەنوێنەری عێراق لەفیستیڤاڵەکە، چونکە ھەر وڵاتێک دەبێ یەک کەس بەشداری بکات”. گەیلان پێشئەوەی بچێتە فیناڵی کۆتایی توانی بەزمانی دایک مەدالیای زێری بەدەستھێنا “پرۆگرامێک کرا ھەر کەسێک بەزمانی دایک گۆرانییەک پێشکەش بکات، من گۆرانیەکی کوردیم گوت لەناو ھەر ١٤٠ وڵات پلەی یەکەم بەدەستھێنا و مەدالیای زێریان پێدام”.
ساڵانە ئەم فیستیڤاڵە لەوڵاتی تورکیا ئەنجام دەدرێت بۆ پێشبڕکێی منداڵە دەنگخۆشەکان، کە سێ مانگ دەخایەنێت. ساڵی پار گەیلان وەکو میوان بەشداری کرد و ئەمساڵ بووە یەکێک لەڕکابەرە سەختەکان و رۆژی ١٦/٢/٢٠١٣ کۆتایی فیناڵ ئەمجامدرا و توانی پلەی چوارەم بەدەستبێنێ. کە پێنج کەس چوونە کۆتایی فیناڵ، براوەکان بەمشێوەیە بوون (یەکەم بولگارستان، دووەم ئاجەرباینجان، سێیەم فلیپین، عێراق چوارەم، کە گەیلان بوو) کە تێدا چوار کەسمان ٩٠ نمرەمان بەدەستھێنا لەبەرئەوە ناوەکانمان چووە تیروپشک، گەیلان دەڵێت “من بێ شانسم سێ کەس دەرچوو، من بوومە چوارەم”.
بەھۆی بارانبارین گەیلان لەتورکیا نەخۆشکەوت، کاتێک لە گەیلانمان پرسی ئەگەر گەیلان نەخۆشنەکەوتوویتایە یەکەم دەبوویت، ئەو گوتی “بەڵنیایەوە، بەڵام سێ رۆژ پێش فیناڵ نەخۆش کەوتم و بارانباری سەرمامان بوو ھەموومان نەخۆش کەوتین، تەنیا من چاک نەبوومەوە، لەکۆتایدا کە گۆرانییەکی ئیبراھیم تاتلیساسم پێشکەشکرد نەمتوانی تەواو ئەدای بکەم، ھەرچەندە لێژنە بۆ ئەدای من گریان، بەڵام ھەر نەمتوانی پلەی یەکەم بەدەستبێنم”.
یەکێک لەو شتانەی کە فیستیڤاڵەکە دەنگدانەوەی لە تورکیا دروستکرد مەسەلەی کوردبوونی گەیلان بوو، کاتێک ئۆردغان بە کوردی عێراق ناوی ھێنا، بەڵام ئۆپۆسیۆن گەیلانیان بەتورکمانی عێراق وەسف کرد و رەخنەی توندیان لەئۆردغان گرت، بەڵام تاھیر باوکی گەیلان دەڵێت “ئێمە کوردین و خۆشناوین، نەک تورکمان”.
گەیلان وەکو خۆی دەڵێ ئەو ئاگاداری ئەوە نەبوو رۆژی فیناڵ ئۆردۆغان سەرۆکوەزیران ئامادە دەبێت، ئەم رۆژە گەیلان گۆرانییەکی ئیبراھیم تاتلیساسی پێشکەشکرد و دەڵێت “کاتێک گۆرانییەکەم گوت پەنجەم بۆ ئۆردغان درێژکرد کە دەڵێ (مەغرور مەبە پاشا تۆش وەکو من لەیەک خوا دروستکراویت) ئۆردوغان ھەڵساوە سەرپێ و چەپڵەی بۆ لێدام و بە پەنجە نیشانەی “ok” بۆ کردم و کە گۆرانییەکەم تەواوکرد دووبارە ھەڵساوە سەرپێ و چەپڵەی بۆ لێدام، وتارێکی دا و گوتی ئەو کوردەی عێراق کە ئێستا گۆرانی گوت وامزانی ئیبراھیم تاتلیساسە لەبەرامبەرم دانیشتووە گۆرانی دەڵێت”.
ناوناوە باوکی گەیلان قسەکانی بەگەیلان دەبڕی و گلەیی دەکرد، لەھونەرمەندان، لەراگەیاندنەکان، لەکاربەدەستان، ئەو زۆر قسەی ھەبوو بۆ باسکردن و گوتی “لەبەرئەوەی لەکوردستان ھیچ گرنگیەک بە گەیلانی کوڕم نەدەدرا و لەھەموو ئەو یاد و فیستیڤاڵانەی کە لەکوردستان دەکرێ رۆژێک گەیلان بانگھێشت نەکرا، رۆژێک لەرۆژان تەلەفزیۆنێک نەھات چاوپێکەوتنی بکات، گەیلان بەھرەمەندێکی زۆر گەورەیە بۆئەوەی بەھرەکانی نەمرێت ئێمە ناچاربووین بینێرین بۆ کۆلێژی ئیشق، کە خۆیان داوای گەیلانیان کرد، ئەگەرنا ئێمە ھیچ پەیوەندییەکمان بە تورکمان و تورکیاوە نییە، بەڵام لەوێ زیاتر خزمەتی گەیلان دەکەن”.
گەیلان لەرۆژی ھاتنەوەی بۆ ھەولێر چاوەڕوانی ئەوە بوو لەفرۆکەخانە بەگەرمی پێشوازی لێ دەکرێت و ھونەرمەندان و بەرپرسان و کەناڵەکان دێنە پێشوازی، بەڵام ئەو لەم رۆژەدا لای مامۆستاکانی شەرمەزار بوو، گەیلان وەکو خۆی دەیگێڕێتەوە و دەڵێت “کە لەتورکیا ھاتمەوە کوردستان مامۆستا تورکەکانم لەگەڵدا بوون، کەس نەھاتە پێشوازیمان، لەفرۆکەخانە شەرمم لەخۆم کردەوە، زۆرکەس و لایەن و چەندین ھونەرمەندی گەورە بەڵێنیاندا بێنە پێشوازیمان، بەڵام کەس نەھات، چەندجار مامۆستاکانم پێیانگوتووم ئەوە بۆچی لەکوردستان گرنگیت پێنادەن؟ ھیچ کێشەکەتان لەکوردستان ھەیە؟ ئەو پرسیارە ھەم دڵگرانی کردم ھەر بریندار”.
بەڵام دەڵێت نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر لەدیوانی پارێزگا پێشوازی لێکردین و “بەڵێنی داوە پشتگیرم بکات و لەئێستاشدا ھیچ بەرنامەیەکم نییە، چونکە دکتۆر پێی وتم گەرووت زۆر ماندووە و پێویستت بەپشوو ھەیە و ھەتا شەش مانگ دیکە نابێ گۆرانی بڵێی”.
گەیلان ئێستا لەپۆلی ھەشت دەخوێنێ و قۆتابی کۆلیژی ئیشقە، لەناو قۆتابی و مامۆستاکانی قوتابخانەکەی کوڕێکی خۆشەویستە و دەڵێت “مامۆستاکان پێم دەڵێن کوڕی قۆز”.
بەڵام باوکی گەیلان ئاماژە بەوە دەدات، گەیلان ھەرچەند مەسروفی گرانە من ھەر ھاوکاری دەکەم، لەکاتێکدا ئیمکانیاتمان زۆر کەمە و دەڵێت “من ئیش دەکەم، چەندم دەستکەوێ لەگەیلان سەرفی دەکەم، لە مەسەلەی جلوبەرگ، خوشک و برای گەورەی ھەیە، بەشی جلوبەرگی ئێمەش بۆ گەیلانە بۆئەوەی لەدەرەوە جوان دەرکەوێت، پارەی جلوبەرگی خۆمان دەدەین بەو، چونکە ئیمکانیەتی ئێمە زۆر کەمە، ئێستا لەخانوویەکی کرێدا دەژین”.
گەیلانیش دەڵێ بەڵێ وایە خوشک و براکانم زۆر بەشی خۆیان دەدەن بەمن، جگە لەجلوبەرگی تر ١٠ جلی کوردیشم ھەیە.