بەرھەم عەبدولڵا: دیاردەی بەکارھێنانی ئۆتۆمبێل و کەرەستە و موڵک و ماڵی دەوڵەت لەلایەن ئەو نابەرپرسانەی کە لە ئەرک و مافی خۆیان نەگەیشتوون، گەیشتۆتە رادەی قێزەونی.
رۆژانە لەبەر چاوی ھەموو خەڵکی کوردستان دیارە کە چۆن ئۆتۆمبێلە گران بەھا و دوا مۆدێلەکانی وەزارەتەکان لە سەیرانگا و لە یانەکانی شەوان و بۆ گواستنەوەی خێزان و منداڵی ئەو بەرپرسانە بەکاردێت کە ھەموومان دڵنیان جگە لە مەبەستی تایبەتی ئەو کەرەستەیەی گواستنەوە ھیچ کات لە خزمەتی حکومەت و دام و دەزگاکانی میری بەکارنەھاتووە.کە بەرای زۆربەی خەڵکی کوردستان ئەو دیاردەیە یەکێکە لە گەندەڵیە زەقەکان و ھەموو دەسەڵاتدارنیش لێ ی بێ دەنگن.
بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسا بۆ ئەو مەسەلەیە دەربکات و وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و ناوەخۆش ھاوکاربن بۆ بنبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە.
بە جۆرێک کە وەزارەتی دارایی بڕیاربدات کە
١ـ کڕینی بەنزین و سوتەمەنی ئۆتۆمبێلی وەزارەت و دام و دەزگاکان بوەستێنێت.
تەنھا ئەو ئۆتۆمبێلانە نەبێت کە بەمەبەستی گواستنەوەی بە کۆی فەرمانبەران بەکاردێت.
٢ـ کرێ و تێچوونی شکان و پێکدادانی ئەو ئۆتۆمبێلانە رابگرێت و بیخاتە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە بۆ خزمەتی خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان بەکاری دێنن.
لە لایەن خۆشیەوە وەزارەتی ناوەخۆ لە رێگەی پۆلیسی ھاتووچۆ و ئاسایشی بازگەکان بڕیار بدات کە دەرچوونی ئەو ئۆتۆمبێلانە کۆنترۆڵ بکات بە
١ـ چاوخشاندنەوە بە ژمارەی ئۆتۆمبێلە حکومیەکان و رێکخستنیان لە لایەن وەزارەتی ناوەخۆ و ژمارە پێدانیان بە شێوەیەک کە ھاوشێوەی ئۆتۆمبێلە تایبەتیەکان لە ژێر کۆنترڵ دابن.
٢ـ لەکاتی سەرپێچی کردنی ئەو ئۆتۆمبێلە ژمارە شینانە چەکی غەرامەکردنیان بنێردرێت بۆ بەرپرسی یەکەمی دام و دەزگاکان لە ماوەی مانگێکدا و ئاگادارکردنەوەی وەزارەت و فەرمانگەی تایبەت لەو سەرپێچیانەی کە ئۆتۆمبێلەکانیان ئەنجامیان داوە
٣ـ چوونە دەرەوەی سنووری شارەکان لە لایەن ئۆتۆمبێلی حکومی کۆنترۆڵ بکرێت و پێویستی بە نووسراوی فەرمی دام و دەزگای تایبەت بێت.
٤ـ لە ھەر بەکارھێنانەکی تایبەتی وەکو گواستنەوەی ژن و منداڵی بەرپرسەکان و گواستنەوەی ماڵ و کەرەستەی تایبەتی و لەبەردەم یانەی مەی خواردنەوە و بەکارھێنانی وەکو ژوانی ئەویندارانەی نێو چۆلەوانیەکان کە ھەموو لایەک دەتوانێت ھەستی پێ بکات غەرامە بکرێت و پرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
٥ـ بریاربدرێت کە لەھەر پێکدادانێکی ئەو ئۆتۆمبێلە حکومیانە، نەتوانرێت لە لایەن فیتەرەوە چاککردنەوەی بۆ بکرێت ئەگەر پێشتر وەزیری وەزارەتەکەی ئاگادار نەکرابێتەوە و پسولە یان نوسراوێکی فەرمی رێگەپێدانی چاککردنەوەی نەبێت.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لاشمانە ریزبەندی ئەو وەزارەتانەی کە ئۆتۆمبێلەکانیان بە مەبەستی تایبەتی و دوور لە ئەرکی فەرمی بەکاردێت و رۆژانە ئۆتۆمبێلەکانیان لە سەیرانگا و شوێنەکانی مەی خواردنەوە و بۆ خزمەتی ماڵ و منداڵ بەکادێن بریتین لە
١ـ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
٢ـ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
٣ـ دەستەکانی وەبەرھێنان، پلاندانان ،ژینگە ، مافی مرۆڤ، گەشتوگوزار ..
٤ـ وەزارەتی پێشمەرگە
٥ـ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
تێبینی وێنەی سەدان ئۆتۆمبێڵی حکومیمان وەک بەڵگە لایە کە لەبەردەم یانەکانی مەی خواردنەوە و لە سەیرانگا و لەبەردەم قوتابخانەکانی کچان لە کاردابوونە ، دوور لە ئەرکی سەرەکی خۆیان کە ببونە نیشانەیەکی زەق بۆ گەندەڵبوونی ئەو حکومەتە و بێ ئاگایی و نەبوونی چاودێریەکی دروست بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردە قێزەونە.