ئومێد قادر زیرەک: مەرج نیە گۆرانی بێژ ژەنیار بێت بەڵام مەرجە گوێچکەی موزیکی بێت و دەنگەکان بناسێت
گۆرانیبێژ(ئومێد قادر زیرەک) ئەگەر چی بەرھەمی بڵاوکراوەی کەمە بەڵام لە ئێستادا چەند بەرھەمێکی ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە ،کاریگەری دەنگی ھونەرمەندی کۆچکردووی باوکی (قادر زیرەگ) ،ھۆکار بووە گە ئەویش بیر لە گۆرانی ووتن بکاتەوە ھەربۆیە لەسەردەستی ھونەرمەند مامۆستا(وریا ئەحمەد) دەچێتە پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێر پێنج لە بەشی موزیگ دەخوێنێت،دوایش دەچێتە ئەکادیمای ھونەرەجوانەکانی ھەولێر لەوێش چواری خوێندنی موزیک بەسەرکەوتووی تەواو دەکات لە ئێستادا سەرپەرشتیاری ھونەرییە لە پەروەردەی ناوەندی ھەولێر ئێمەش لە نزیکەوە ئەم ھەڤپیڤینەمان لەگەڵیدا سازدا.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*پێمان باشە سەرەتا بۆ خوێنەرەنمان باس لە کاروانی ھونەری خۆت بکەیت
– کاروانی ھونەری من لەو کاتەوە دەست پێدەکات کاتێ چاوم کردەوە تەنیا لە تیڤی و وێنەکان باوکی ڕەحمەتیم (قادر زیرەک) دەبینی و گوێم بۆ گۆرانیەکانی شل دەکرد بەدەم سۆز و ئاوازە پڕ لە دەنگە زوڵال و کوردانەکەی بە دڵێکی پڕ لەخەم و دووری چاوەکانم ھێدی ھێدی نەرمە بارانێک ئاسا ھەندێ جار بەر شاشەکەی لێ دەگرتم ھەندێ جار ڕومەتەکانمی تەڕ دەکرد و بەکۆلێک خەمەوە رۆژانم بەرێ دەکرد تا ئەو کاتەی بە ھاوکاری مامۆستای موزیک ژەن و ئاواز دانەر مامۆستا(وریا ئەحمەد) خۆم لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی ھەولێر بینیەوە و دواتر تەواوکردنی کۆلیژی ھونەرە جوانەکان لە ھەردوو قۆناغی خوێندن دا بەشداری بەشی زۆری چالاکییە ھونەرییەکانم دەکرد ..لە دوای دەرچوونم لە چەندین گۆرانی تایبەت بەخۆم بڵاوکردەوە لە ئێستاش سەرپەرشتیاری پەروەردەیم لە پسپۆڕیەتی ھونەرییم لە پەروەردەی ناوەندی ھەولێر.
*ئەو کاتەی ھونەرمەند(قادر زیرەک)ی باوکت کۆچی دوایکرد تۆ منداڵ بوویت ھەبووە چێت لەیاد ماوە؟
-ئەوکاتەی باوکم کۆچی کرد من تەمەنم چوار ساڵ بوو سۆزی باوکایەتی لەبەردەم شاشەی تیڤی و ڕادیۆ و ریکۆرد بوو کە ئەوکات فێنکایەکی زۆریان پێ دەبەخشیم و ئارامیان دەکردمەوە.
*ھونەرمەند قادر زیرەک تائێستا گۆرانی ھەیە بڵاونەکرابێتەوە؟ ھەموو ئەرشیفی لەلای بەرێزتان ھەیە؟
– بەڵێ ئەرشیفی ھونەری باوکم بەشێکی زۆری لەلای منە و ئەوانەی بڵاویش بونەتەوە چەند وێنەیەک نەبێت ھەمووی ھی ئێمەیەو و بڵاوکراوەتەوە وە ھەندێکی گۆرانی ھەیەبڵاونەکرایتەوە تائێستا پاراستوومانە.
*تاچەند گرنگە گۆرانیبێژ ژنیار بێت؟ خۆت کامە ئامێر دەژێنیت؟
– بۆ پرسیاری ئەوەی تا چەند گرنگە گۆرانیبێژ ژەنیار بێت .. ئێمە با وابلێین تا چەند گرنگە گۆرانی بێژ یا ھونەرمەد بەگشتی ڕۆشەنبیر بێت لە ڕوی ژەنین و ئامێر ناسیەوە …چونکە رۆشەنبیریەتی ژەنین و ژەنیار بۆ گۆرانی بێژ گرینگە تا بتوانێ ھاوکاری دەنگی بکات مەرج نیە گۆرانی بێژ ژەنیار بێت بەڵام مەرجە گوێچکەی پاک بێ و دەنگەکان بناسێ و توانای ئەدای لەبەرزترین مەودا ھەبێت و ھەما ھەنگی و لەگەڵ ئامێری موزیک بکات و بەنەشاز نەبێت.
*ئێمە دەزانین چەندین گۆرانی خۆت ھەیە، ھۆکار چیە تائێستا بڵاونەکردۆتەوە؟
– دیارە زانیاریتان ھەیە…
*بەڵێ بێگومان ھەر بۆیە ئەو پرسیارەشمان کرد؟
– من لە ٢٠٠١ گۆرانی (بێ سۆداغ نیم) تۆ مار کرد لە تیڤی ھەرێم کاری وێنەگریم بۆ کرد و بڵاوم کردەوە ، دواتر پلانم دانا تا سی دیەک بڵاو بکەمەوە کە ئەوکات باری دارایی زۆر خراپ بوو ھەندێ گۆرانیم تۆمار کرد لە سەر ئەرکی خۆم ئەوەبوو برا بچوکەکەم نەخۆش کەوت و منیش ئەرکی ئەو خێزانەم لە ئەستۆ بوو ھیچ پاڵپشتیەکم نەبوو دواتر ھەستم کرد تاوانە دەرھەق بە خۆم و خانەوادەکمان دەکەم بۆیە گۆرنیەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ وە تا ئێستا ماون و بڵاوم نەکردیتەوە ئەرکی خێزان زۆر قورسە ئامانەتێکە دەبێت بیپارێزی بۆیە من بێم پارە لە قوڕگی مناڵەکانم بگرمەوە بۆ کاری ھونەری و لەولاشەوە ھونەرەکەم کە ناتوانێ بمژینێ تاوانی من نیە بۆیە دەبێت بیرێک لەمەوە بکەینەوە ھونەرمەند بتوانێ بە ھونەرەکەی بژیێ ئا لێرە کەی پاڵپشتی ھەبوو منیش دەست بەکاری ھونەری دەکەمەوە.
*کلیپی گۆرانی تایبەت بە خۆت ھەیە؟ چۆنە دەڕوانیتە کلیپەکانی گۆرانی بەگشتی؟
– وەک گوتم یەک گۆرانی کلیپی لۆ کرا لە تیڤی ھەرێم لای من نەماوە لە ئەرشیفی تیڤی ھەرێم خۆیانە .. تایبەت بە کلیپەکانی ئەمڕۆ بەداخەوە بەشێکی زۆری تەقلیدە و ھەیانە نوێکاری تێدایە بەڵام نەگەیشتۆتە ئاستی ئەفڕاندن وە ھەندێ کلیپ ھەن ھەر دوورن لە بابەتەکە و تەنیالکێندراون بەیەکەوە.
*وەکو ھەر گۆرانیبێژێک ئەو گرفت کێشانە چین کەرووبەری گۆرانیبێژ دەبنەوە؟
– خراپترین حاڵەت نەبونی پاڵپشتی و ھاوکاری ھونەرمەندان خۆیانن لە نێو خۆیان جاران ھونەرمەندی ژەنیار و گۆرانی ھاوکاری یەکتر بون و بە روحیەتێکی ھونەری و نیشتیمان پەروەری ھاوکاری یەکتر بون بۆ خستنە ڕوی بەرھەمێکی ھونەری پڕ ڕوحیەت و ھاوکات نیشتیمان پەروەری بەڵام ئێستا بیر لە پارە دەکرێتەوە و بەلایەوە گرینگ نیە چی دەبێت وە ھەندێ جار دەنگە پڕ سۆزەکان لە ستۆدۆ دەمرن.
*وەکو لاوێک ئاستی گۆرانی کوردی چۆن دبینیت؟
– ئاستی گۆرانی کوردی لە ڕوی ئەداوە ھەنگاوی باشی بڕیوە بەڵام بەگشتی فەوزایەک ھەیە لە گۆرانکاریە خێراکان جاری وا ھەیە مۆرکی کوردی لەدەست داوە یاخود تۆن و دەنگ بۆتە قوربانی کلیپ ئەمە بگرە لە نەفەس کورتی و نەبونی بەردەوامی بەھەر ھۆکارێک بێت.
*وەکو سەرپەرشتیارێکی پسپۆری ھونەری وانەی ھونەرلەنێو قوتابخانەکان و ئاستی ھونەری قوتابیان لەچ ئاستێک دایە؟
– بەداخەوە لە زۆرێک لە قوتابخانەکان، وانەی ھونەری لە قوتابخابەکان بۆتە قوربانی ڕێکخستنی میلاکی قوتابخانە .. پەندەکی کوردی ھەیە دەڵێ.. ( چ بایە و چ بارانە ھەر لە تەمەنی بەفر کورت دەکاتەوە ) لە نێو قوتابخانەکانیش یا لە باڵاتر ھەر گۆرانکاریەک ڕوو دەدات لەبەشە وانەی ھونەری کەم دەکرێتەوە ئەوە جگە لە ھەندێ قوتابخانە خشتەی دابەش کرایە و بۆ تەواوکردنی میلاک ھەر دوو وانەیەک دراوەتە مامۆستایەک بۆیە دەبێت وەزارەتی پەروەردە،لە ناوەندەکانی خوێندن گرنگی زیاتر بە وانەی ھونەری بدات،چونکە وانەی پەروەردەی ھونەری مێشک چالاک دەکات.
سەبارەت قوتابیانیش ،سوپاس بۆ خوا من وای دەبینم ئاستی قوتابیەکانمان لە وانەی ھونەری زۆر باشە بەڵام بە داخەوە کەمی مامۆستای پسپۆری و گرینگی نەدان بە بەھرە ھونەرییەکانیان دواتر بەرە بەرە دوور دەکەونەوە بەڵێ لە ھەندێ قوتابخانە ھەندێ مامۆستا و قوتابی ھەن زۆر دڵخۆشکەرن بەڵام نەبوونی پاڵپشتی و ھاندان ئەوانیش لە بازنەیەک دەسورێنەوە ناتوانن ھەنگاوی گەورە تر بھاوێژن.
* باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی تا قوتابیەکی ھونەرمەند و فێرخوازێکی ژیر دەرکەوێ تا دوارۆژ پارێرزەرێکی یا دکتۆرێکی ھونەرمەند ی لێ دەرچێت؟
– بۆ ئەم پرسیارە دەبێت گرنگی تەواو بە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی ھونەری بدرێت و دەستی واڵا بکرێت لەروی پرکردنەوەی میلاکی مامۆستای ھونەر ی لە ھەمان کاتدا کردنەوەی خوولی بەھێزکرنی مامۆستای پەروەردەی ھونەری لە ناوەندەکانی خوێندن لەگەڵ ئەنجامدانی فیستیڤاڵ و پێش بڕکێی ھونەری ساڵانە لە نێوان قوتابخانەکاندا.
Discussion about this post