هونەرمەندى میوزیکژەن و گۆرانیبێژ ئومێد باڵەبان وێڕاى کارە میوزیکییەکانى دوابەدواى ئەوەى لە ماوەى رابردوو دوو گۆرانى بە ناوەکانى “خەتا، پێم بڵێ” تۆمارکرد، بۆ ساڵی نوێ گۆرانى هەى ناز دەکاتە دیارى بۆ گوێگرانى. لەمبارەیەوە ئومێد باڵەبان لە لێدوانێکدا گووتى: دواى ئەوەى هەردوو گۆرانى “خەتا، پێم بڵێ”م بە شێوەى کلیپ بڵاوکردەوە لە ئێستادا و بۆ ساڵی نوێ گۆرانى “هەى ناز” لە ئاواز و هۆنراوەى فۆلکلۆرم تۆمار کردووە، کە کارى مۆسیقاکەى گروپی میوزیکى ئاراس ئەنجامیانداوە و دابەشکردنەکەشی محەمەد یاسین کردوویەتى، لەهەردوو ستۆدیۆی میلۆدى و دەنگ و رەنگ تۆمار کراوە، لە ئایندەیەکى نزیکدا ئەو بەرهەمە کلیپ دەکەم و لەرێگاى گشت کەناڵەکان بڵاوى دەکەمەوە، کە بەرهەمەکە بە سپۆنسەرى گروپی میوزیکى ئاراس بەرهەم هاتووە”.
دەربارەى ئەوەى دواى دوو کارى نوێ بۆچی ئەوجارەیان گۆرانییەکى فۆلکلۆری نوێکردۆتەوە، باڵەبان گوتى: ئەو گۆرانیی گۆرانییەکى فۆلکلۆری دەشتى هەولێرەو لەکاتى خۆشی و هەڵپەڕکێدا گوتراوە، بەپێویستمزانى نوێی بکەمەوە و هەوادارانى دەنگمى پێ ئاشنا بکەم. جێی ئاماژەیە ئومێد باڵەبان ساڵانێکى زۆرە کارى هونەرى دەکا، جگە لەو گۆرانییانەى لە چەندین ئەلبووم و بەرنامەو بەرهەمى هونەرمەندان وەکو میوزیکژەن کارى کردووەو خۆشی بە هاوبەشی لەگەڵ عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە ئەلبوومێکى فۆلکلۆری میوزیکیان هەیە، وێڕاى ئەوەى ئەو سەرۆکى گروپی میوزیکى ئاراسە.
مەسعودى مەلا هەمزە