هه‌ردی ئه‌حمه‌د
ئه‌و، له هه‌مو شته‌کان ده‌پرسێته‌وه!!
له هه‌مو شتێک ڕاده‌مێنێت، و ده‌یه‌وێت هه‌مو شتێک بزانێت، ئه‌و وایه…..
له ناسینی منه‌وه حه‌زه‌ر ده‌کات، تا ئێره..
که قسه ده‌که‌م، نه‌ک گوێی ده‌نگم تۆمار ده‌کات
وا هه‌ست ده‌که‌م، هه‌رچی ئه‌ندام له جه‌سته‌یدایه بوه به گوێ!!
نه‌فام بوم، خۆم دایه ده‌ست قه‌ده‌ری ڕۆژگارێکی کوێر
به عه‌شقی باخی ناخی یاخیدا، ده‌ستم کرده‌و به سه‌فه‌ر
خۆم دایه ده‌ست ئاوابونێکی وێڵ، وێڵ تا کۆتایی..
هیچ شتێک نامگه‌یه‌نێت به تۆ
گریان و زه‌ده‌خه‌نه‌و هاوارێکی پڕ له نزاش
نایگریه‌نێت، هاواری دڵی سزادراوی تۆ
که‌سێک که گوێ له گۆرانی گوناه بگرێت،
چۆن ده‌توانێت مۆمی ته‌مه‌ن بسوتێنێ؟!
به دیار سوتانی چاوه‌ڕوانی چاوی که‌سێکی غه‌ریبه‌وه
سه‌فه‌ر بکات و ماڵی بێده‌نگی خۆی له خامۆشیدا بڕازێنێته‌وه!..
بمکێشه‌ره‌وه به دوێنێ ناپاکیمدا
ئه‌ی ئه‌و باخه‌وانه‌ی شه‌تڵی غه‌درت گه‌وره کرد له ڕوحما
موتوربه‌ی خیانه‌تت چه‌قانده دڵمه‌وه
تیشکی زه‌رده‌په‌ڕی لێوی ڕۆژمێری(31-8) قرتاند به دیار چاوی کز و کوێرمه‌وه
بیرچونه‌وه‌ی هه‌مو به‌یته کفر ئامێزه‌کانت خزانده‌وه ناو شعورم و
جه‌هه‌نده‌مێکی هه‌رزانت خزانده ناو ئایینده‌مه‌وه
که به گران دهمسوتێنێت و ده‌مکاته‌وه به خۆڵه‌مێشی
به‌رده‌م تۆز و بایه‌کی دیکه‌ی جادوباز، ئه‌ی باخه‌وانی فێڵاوی!..
له‌م ڕۆژی توڕه‌یدا ونم بکه، ون له خۆت
به ده‌م شه‌وێکی ڕه‌شه‌وه، ده‌گه‌مه سپێده‌یه‌کی نادیار
ئه‌ی سپی‌تر له نابینای، به‌رامبه‌ر به عیشقی تاریکی
خاوه‌ن دڵێکی داخراو و ده‌رگایه‌کی ژه‌نگاویت
کاره‌سات بو ناسینی تۆ.. کاره‌سات …
ئه‌ی باخه‌وانی باخی ناخی یاخی!!…
به ئامانه‌ته‌وه مه‌غریبم دایه‌وه ده‌ست شه‌و
نزاکانی نه‌وڕه‌سێک، ئه‌ستێره‌کانی ورد‌و خاش کرد
تیشکێکی تیژ، قڵیشی کرده ناو جه‌سته‌مه‌وه
یه‌ک ملیۆن گه‌رای ئومێدی پێکا..
نا ئومێدم له بینینه‌وه جارێکی تری ڕه‌نگه‌کان
پیر بوم به دیار دانیشتنێکی ناپێویسته‌وه، له‌م باخه وێرانه‌یه‌دا
ده‌رکه‌وتنی سێبه‌ره‌که‌ی خۆم له به‌رده‌م جه‌سته‌ی تۆدا
بو به‌خه‌یاڵێکی ئه‌به‌دی، تا ئه‌به‌د !.
ئه‌ی باخه‌وانی جه‌لادی ڕه‌گه‌کانی روح
ماڵێک له دڵمدا خۆی چێکردوه
له کۆچه‌ری غه‌ریبتر ده‌ڕوانێته ڕێگا دورو درێژه‌کان
پهیکهرک هه‌یه له‌و سه‌ری دونیاوه،
دڵی له گه‌ڵ لێدانی دڵی ماسیه بچوکاکاندا لێده‌دات
دارێک هه‌یه له به‌رده‌م شه‌قامی سه‌گه توکنه‌که،
بۆنی ده‌گاته به‌رده‌م قیامه‌ت، ئه‌و داره‌ی ده‌ستی هه‌ردوکمانی گوشی!
هه‌ر کاتێک په‌ڕه‌سێلکه‌یه‌ک له هه‌ر کوێیه‌کی دونیاوه بفڕێت
ئه‌م ده‌له‌رزێت، شنه ده‌یهه‌ژێنێت، ئا، ئه‌گه‌ر زستانیش بێت!
دڵی من له‌م شاره‌دا چه‌نێک نامۆیه، ئه‌ی باخه‌وانی مه‌غریب ؟
بڵێیت له‌و مه‌مله‌که‌ته‌دا کاتژمێره‌کان چ کاره بن، ئه‌ی باخه‌وانی غه‌ریب؟
وا لێره‌وه زه‌مه‌ن هێنده پشو درێژه
له ته‌ک نه‌گه‌یشتن به هیچ کوێیه‌کی به‌خته‌وه‌ری….
ڕه‌شه‌بایه‌کی نه‌شئه ده‌مبات له گه‌ڵ خۆیدا تا ئه‌وێ؟!!
که خۆم ئه‌دۆزمه‌وه به خوماری، ته‌ریق ده‌بمه‌وه، وه‌ک شۆڕه بی!
گزینگێک له پێش به‌یانیه‌وه گه‌یشته ناو منه‌وه
ویستم ئه‌مڕۆ یه‌که‌م که‌س بم که وسڵ له ناپاکی ده‌ربکه‌م
گزنگێکی سۆزانی ده‌ستنوێژی تۆبه‌ی پێشکاندم
شنه‌بایه‌کی عه‌یار هه‌مو گه‌ردیله‌کانی گه‌یانده لێوی په‌پوله
ژیان لێره‌وه چۆن گوزه‌ر ده‌کات، ئه‌ی شۆفێری شعورم؟!..
که گه‌یشتینه نێو قاوه‌خانه چۆڵه‌که، گۆرانی بۆ کورسیه شکاوه‌کان بڵێ
دڵی ئه‌و ژنه پیره ده‌ده‌ینه‌وه که به خه‌نده‌وه قاوه‌مان پێده‌فرۆشێت و
دێته ته‌نیشتمانه‌وه و بۆنمان پێوه ده‌کات!!
یه‌کڕاست نیگه‌رانی خۆیمان پێده‌ڵێت و
ناو نیشانی فڕۆکه‌خانه ده‌خاته ناو گیرفانی کراسه‌که‌مه‌وه و
به تۆش ده‌ڵێت بڕۆره‌وه بۆ نیشتمانی خۆت و
ڕێگای ئه‌م غه‌ریبه له ناو باخی ناخی یاخی تۆدا هیچ ناگرێت بۆ ئاسوده‌یت
دار گێلاسه‌که ناو بنێ هه‌ردان و
دار هه‌ناره‌که‌ش ناو بنێ نادناخ و
ڕه‌زه‌که‌ش ناوبنێ، شه‌رابی زم زم و
چناره‌کانیش بکه به گه‌ڕه‌کی (فه‌یس بوک) و
شه‌تڵه شاتوه‌کانیش ناو بنێ میوانخانه‌ی (ڕادیسه‌ن بلو)
!! بۆ خاڵخاڵۆکه‌کانی ڤالانتاین
ئه‌ی باخه‌وانی باخی ناخی یاخی….
چی شتێک وات لێده‌کات له شته‌کان بکۆڵیته‌وه؟
که هێشتا من له شته‌کان حاڵی نه‌بوم، له چی نیگه‌رانیت؟
له خودا بترسه، له وێرانکردنی ئه‌و هه‌مو غه‌دره‌ی به ناوی گوڵه‌وه کردت!
له‌و هه‌مو گوناحانه‌ی به ده‌م سوبحه‌وه کردمان بۆ گه‌یشتنه‌وه به دیدار
له مه‌غریب ڕامێنه، بزانه چه‌ند به شکۆیه له ته‌ک هه‌نگاوه بزره‌کانماندا
چ، کابوسییهک ئه‌م شاره ڕاده‌ژه‌نێت؟
چ ژیانێک له‌م شاره‌دا خۆشنودی ته‌را ده‌کات!
ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی له هه‌مو شته‌کان دهپرسیتهوه؛ کاتژمێر چه‌نده؟
بۆ وه‌قتی کات نازانیت؟ شێوازه‌کانی سه‌فه‌ر
جۆره‌کانی مرد، ئه‌و هه‌مو تۆنه نه‌بیستراوانه
بۆ، له ڕه‌نگی گوڵه‌کانه‌وه نازانیت، قیامه‌ت چه‌نێک نزیک بۆته‌وه؟
تۆ هه‌ر له شته‌کان دهپرسیتهوه، ئه‌و شتانه‌ی که بۆ خۆیان هیچن، هیچ…
ئه‌مه‌وێت به ده‌م خه‌یاڵێکی چڵکنه‌وه سه‌فه‌ر بکه‌م
نامه‌وێت له‌م شاره‌دا بمرم!!..
له دڵه‌وه ئه‌مه‌وێت سه‌فه‌ر بکه‌م، سه‌فه‌رێکی دورو درێژ
له‌م شاره‌دا هه‌مو شته‌کان وێک ده‌چن
دره‌خته‌کان، داری به‌رق و شۆسته‌و ته‌یره‌کانیش
مرۆڤه‌کان له یه‌ک ده‌چن، هه‌مو هه‌نگاوه‌کان یه‌ک نه‌شید ده‌ژه‌نن
بێفه‌ڕ له ئاوه‌دانی ئه‌م شاره،
نه‌فره‌ت له ویستگه‌ی نیشتنه‌وه‌م له‌م خاکه‌دا
نه‌فره‌ت له‌و هه‌مو زه‌مه‌نه‌ی به دیار پرسینه‌وه به‌ڕێم کرد
له سۆراخی باخه بێ ناخه یاخیه‌کانی تۆدا
نه‌فره‌ت له خۆشیه‌کانی ئه‌م مه‌مله‌که‌ته،
هیچ شتێکی تێدا نه‌بو بۆ ڕامان لێێ
من، وه‌ک موسافیرێکی هه‌میشه کۆچه‌ری و
تۆش وه‌ک باخه‌وانی باخی ناخه یاخیه‌کانی
تۆ له ته‌یره‌کان و پهپولهکانهوه ئاره‌زو ده‌که‌یت
ببیته کۆچه‌ریه‌کی هه‌میشه گه‌ڕۆک..
ده‌نا سه‌فه‌ر له ڕوحی تۆدا شتێک نییه بۆ جێژی به یه‌کگه‌یشتن
ئێره ئه‌و کوجهیه بو؛ که ده‌بو من و تۆی تێده به یه‌کبگه‌ین
یان هه‌ڵه‌ی خۆمان بو، له دۆزینه‌وه‌ی یه‌که‌م ده‌رفه‌تدا
بۆ قۆستنه‌وه‌ی یه‌کتری سه‌فه‌رمان نه‌کرد ؟..
باخی ناخی یاخی… خه‌نده‌ی بێ ده‌نگ و چرپه
شۆره‌تی تۆ له مزره سێ‌و به‌له‌زه‌ت تره
ئه‌ی خاوه‌ن داستانی (تـــــــــــــــاوانی نامۆ)
ئه‌ی موعجیزه‌ی ناوه خوازراوه‌کان
ئه‌ی هاواری دڵ
ئه‌ی ئه‌و باخه‌وانه‌ی له به‌رده‌م سوتانی مۆمی ته‌مه‌ندا
به دیار پشکوتنی ئازاردانی به چرۆ کردنی هه‌ردانێکه‌وه
(ناخ)ێک له (ناد) ئه‌که‌یت !…
له‌م شاره‌دا بۆنی مردن به یه‌خه‌ی دڵمه‌وه نیشتوه
بیره‌وه‌ریه‌کانم له ته‌ک تۆدا، پیریان کردم، پیر
له چی ڕاده‌مێنیت ئه‌ی کاڵفامزاده‌ترین بونه‌وه‌ر
مردن چاره‌گێکیش لایداوه به سه‌ر هاتنیدا
تۆ سه‌رقاڵی چیت؟ له چی ده‌پرسیت، ئه‌ی به‌تاڵترین جه‌سته له خه‌یاڵ
من واس واسم له دۆزینه‌وه خۆم، پێویست ده‌کات له شته‌کان ڕامێنم
ده‌مه‌وێت که مردنم له سه‌فه‌ردا بم، نه‌شئه بم وه‌ک دارمێو
ئاخر تۆ له چی ده‌پرسیت؟
ئه‌وه به‌ده‌ن و جه‌سته بۆگه‌نه‌که‌ی منه،
که خۆشم ڕاده‌مێنم؛ تێناگه‌م بۆ به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره په‌لکێشم ده‌که‌ن و
داگیرم ده‌که‌ن!!
تۆ جڵێسانه هه‌نگاوی باریک و درێژ ده‌نێیت،
تا به تاریک ترین ڕێگادا بگه‌یته ئه‌و دیوی سنوره‌کانی تری ژیانه‌وه
سه‌رسامم که ماندو نابیت، له قسه‌ی بێ تام، له سه‌فه‌ری بێ چاره‌نوس
بێزارم له‌م هه‌مو قسه کردنه‌ت، له‌م هه‌مو ڕه‌فتاره کرچ و کاڵانه‌ت
کیشه‌ی من ئه‌وه‌یه له گه‌ڵ خه‌یاڵه‌کانی خۆما فێڵ ئه‌که‌م
نه‌ک له ناسینی تۆدا، شتێکم هه‌بێت بۆ شاردنه‌وه
ناسینی تۆ و کێشانی سیگارێک و گوێگرتن له گۆرانییه‌ک،
به‌سه بۆ تێپه‌ڕاندنی خوله‌کێک !!…
ئه‌وه‌ی که هه‌رگیز به‌س نییه تا مردن، دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی خۆمه، وه‌ک خۆم!!..
ده‌بێت که‌ی ژیان له دودڵی خۆیدا یه‌کلای بێته‌وه؟
تۆ که‌ی واز له خۆشاردنه‌وه‌ی بێزه‌وق ده‌هێنیت؟
له ناو باخی ناخی یاخی دار قۆخه‌کاندا
مردن له کوێدا ته‌واو ده‌بێت، ئه‌ی باخه‌وانی خاوه‌ن مژده‌ی مه‌رگ
ئه‌و ژیانه‌ی که هه‌مومان جه‌نگی گه‌یشتنی بۆ ده‌که‌ین له چ کیشوه‌رێکدایه؟
ده‌بێت، که‌ی ژیان بۆستێت؟،
کاتژمێره‌کان له چ ویستگه‌یه‌کدا ماندو ده‌بن؟
ڕۆژ و ساڵ و سپێده‌و عه‌سرو شه‌و که‌ی یه‌کسان ده‌بن، به بێ دابه‌شبون؟
تۆ که‌ی بێده‌نگ ده‌بێت له قسه‌ی هیچ!
له ورته ورتی بێ که‌ڵک و له بیرکردنه‌وه‌ی زانینی هه‌مو شتێکی پوچ
هه‌ست ده‌که‌م مردن که‌ڵکه‌ڵه‌ی دانانی گه‌رای خۆیه‌تی له ناو بیرکردنه‌وه‌کانمدا
گه‌رای خۆکوشت له ناو مێشکمدا ڕۆژ به ڕۆژ زاوزێ ده‌کات!!..
ئه‌ی باخه‌وانی باخی ناخی یاخی!!…
هه‌ردی ئه‌حمه‌د
3 هه‌مین هه‌فته‌ی مانگی3 ، تا یه‌که‌م هه‌فته‌ی مانگی 5- 2011