عه‌بدوڵا تۆفیق -ڕاهێنه‌ری ده‌روونی-سوید
ئه‌گه‌رچی ڕاستییه‌ك له‌وه‌دا هه‌بێت كه لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن كه مناڵ 20 ئه‌وه‌نده‌ی گه‌وره پێده‌كه‌نێت له‌ڕۆژێكدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه توانا‌مان هه‌یه كه‌وه‌ك مناڵ پێبكه‌نین. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئێمه لێره‌و له‌وێ گوێمان لێده‌بێت و ده‌یخوێنینه‌وه كه پێكه‌نین چ سودمهندیهكی تایبه‌تی تیایه كه‌چی ئیمه له‌به‌ر سه‌رقاڵی و ڕاكه ڕاكو بیركردنه‌وه‌ی گه‌ورانه‌مان ئه‌و پێكه‌نینه سروشتییه‌مان له‌بیر ده‌چێته‌وه كه خۆی ئاماده‌كراوه له خودی خۆماندا.
هه‌ر بۆ بهبیرهاتنهوهتان پێكه‌نین( هۆرمۆنی ئیندۆرفین له له‌شدا به‌رزده‌كاته‌وه كه ئازار شكێنه، هۆرمۆنی ئه‌درینالین و نۆر ئه‌درینالین له‌گه‌ڵ كۆرتیزۆڵ كه له كاتی سترێس/ گرژبوونی ده‌روونیدا به‌رز ده‌بنه‌وه له كاتی پێكه‌نیندا ده‌چنه نزمترین ئاست، مهساجێكه بۆ ئه‌ندامه‌كانی ناوه‌وه‌مان وه‌ك دڵ و كۆئه‌ندامی هه‌ناسه و هه‌رس و زۆرێك له ماسولكه‌كانی ده‌موچاو سك و مل و پشت ، بیركردنه‌وه‌مان گه‌شبینتر ده‌بێت، ڕوومان خۆش ده‌بێت و باشتر و ئاسانتر ده‌توانین په‌یوه‌ندی ببه‌ستین، وزه‌یه‌كی نوێ وه‌رده‌گرین و چالاكتر ده‌بین ، خه‌ومان خۆشتر ده‌بێت) ئه‌مانه‌و زۆر سوودی تر‌و زۆر وته‌ی به‌نرخ كه سه‌باره‌ت به پێكه‌نین ووتراوه كه ناسراوتریان ( پێكه‌نین ته‌مه‌ن درێژ ده‌كات)
نابێت نموونه‌ی (نۆرمان كوسین) ی ئهمهریكاییمان له‌بیربچێت كه توانی به پێكه‌نین سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر نه‌خۆشیه كوشندهكهیدا. ناوبراو به‌هۆی كۆكرنه‌وه‌ی بابه‌ت و وێنه و فلیمی كۆمیدیه‌وه شه‌وانه به 15 خولهك پێكه‌نین ده‌یتوانی 2 كاتژمێر به بێ ئازار بخه‌وێت، هه‌تا توانی كۆتای به ئازاره‌كه‌ی بهێنێت و باشتر بژی. ژیان دروست بوه‌و ئێمه‌ش ئێستا له‌م پڕۆسه‌یه‌دا ئاماده‌و بهژدارین ئه‌گه‌ر چی هاتنه دونیا‌و ژیانمان له ده‌سه‌ڵاتی خۆماندا نه‌بووه ، به‌ڵام بی َمانا نیه؟!
زۆربه‌مان به‌هۆی سه‌ختی و ململانێكردنی له‌گه‌ڵ ئه‌م ژیانه‌دا دووچاری جۆرێك له شكه‌ستی و بێ هیوای ده‌بێت، به‌ڵام ئایا خۆدان به‌ده‌سته‌وه بۆ ژیان و گرژبوون و كۆكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی خراپ و ناخۆش له مێشكدا چاره‌سه‌ره وا به‌ره‌و كوێ ده‌مانبات؟ له‌كاتێكدا كه تۆ خۆشت نازانیت چه‌نده ده‌ژیت! ( گرنگ ئه‌وه نیه كه بژیت به‌ڵكو چۆن ده‌ژیت).
هیچ گومانێك له‌وه‌دا نیه كه ژینگه و كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه به‌سه‌ر چۆنیه‌تی ژیانمان و بیركردنه‌وه‌مان به‌ڵام ئێمه نابێت ئه‌وه بكه‌ین به هۆیه‌كی سه‌ره‌كی بۆ خۆشی وه‌رگرتنمان له ژیان. ئێمه له هه‌ر ژینگه‌و شوێنێكدابین ده‌تونین هه‌ندێ ڕاهێنان به ده‌روونمان بكه‌ین. ڕاهێنانێك به بیركردنه‌وه‌مان كه ببێته هۆی گۆڕانكاری له بیركردنه‌وه‌ماندا سه‌باره‌ت به‌خۆمان و ده‌وروبه‌رمان، پاشانیش ته‌ندروستیت باشتر بكات و ده‌روونت به‌هێز.
هاوڕێیه‌كم كه له یه‌كێكك له كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كاندا كارده‌كات پێی ووتم: ( چۆن بتوانم پێبكه‌نم كه هه‌مێشه وێنه‌ی شه‌ڕو خوێن و ناهه‌قی ببینم!؟) ئه‌مه نمونه‌ی ته‌نها كه‌سێكه كه ده‌كرێ ببێته نمونه‌ی زۆرێك كه به‌م شێوه‌یه بیرده‌كه‌نه‌وه. ڕێنمایی من بۆ تۆی به‌ڕێز كه ده‌ته‌وێت پێكه‌نینت زۆرتر بكه‌یت ڕۆژانه به‌ڵام هیچ خۆشییه‌ك نادۆزیته‌وه كه له‌گه‌ڵیدا پێبكه‌نیت ، ئه‌م تهكنیكانه تاقی بكه‌ره‌وه :
● به‌رامبه‌ر به ئاوێنه‌كه‌ت بوه‌سته‌و سه‌یری خۆت بكه. پاشان هه‌ندێ زه‌رده‌خه‌نه بۆ خۆت بكه و پێبكه‌نه له‌گه‌ڵ خۆتدا (ئه‌گه‌ر به درۆشبێت). كاریگه‌ری باشی هه‌یه و واده‌كات تۆ ئاسانتر پێبكه‌نیت.
● ده‌توانیت دابنیشیت، چاوت دابخه‌یت و هاناسه به هێواشی بده‌یت هه‌تا خاوده‌بیته‌وه. كه زانیت خاوبویتهوه وێنه‌ی بارێك بخه‌ره به‌رچاوت كه له‌وێدا زۆر پێكهنیبیت. كه هه‌ناسه هه‌ڵده‌مژیت وینه‌كه بخه‌ره به‌ر چاوت ، كه هه‌ناسه ئه‌ده‌یته ده‌ره‌وه پێكه‌نینه‌كه بكه هه‌روه‌ك ئه‌وكاته‌ی كه تۆ پێكهنیبووی.
● بابه‌ت یان وێنه و فلیمی كۆمیدی سه‌یر بكه .
● به گروپ پێبكه‌نه یان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتا رۆژی 5 خولهك ته‌رخان بكه كه سه‌یری یه‌كتربكه‌ن و پێبكه‌نن. ئه‌مه ته‌كنیكه‌یان سهركهوتوترینیانه و له مۆمبێی له هیندیستان به‌یانیان نزیكه‌ی 200000 كه‌س له پاركێكدا كۆده‌بنه‌وه و پێده‌كه‌نن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بۆ ئه‌وه‌ی كه چوونه سه‌ركاره‌كانیان به وزه‌و دڵخۆشییه‌وه كاربكه‌ن. ( كهیبێت ئه‌م جۆره ڕه‌فتاره باشانه له كوردستاندا ببێته كرده‌وه‌یه‌كی سروشتی گشتی له پێناو هێزێكی باشتر‌و خۆشه‌ویستی بۆ كاركرد).
پڕۆفیسۆر دكتۆر لاش- ئێریك ئۆنیستۆڵ له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیدا ئه‌وه‌ی پیشاندا كه مرۆڤ ئه‌گه‌ر به درۆش زه‌رده‌خه‌نه بكات هه‌ندی گۆڕانكاری باش له هۆرمۆنه‌كاندا دروست ده‌بێت كه هه‌نگاوێكه بۆ ته‌ندروستییه‌كی باشتر. له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه پێكهنینیك كه له دڵهوهبێت یان باشتر بڵێین به قاقا پێكه‌نین باشترین كاریگه‌ری هه‌یه‌و هه‌موو ئه‌و سوودانه‌ی كه باسمان لێوكرد دێنه ده‌روون و جه‌سته‌ته‌وه.
له‌بیرت نه‌چێ كه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا پێبكه‌نه نه‌ك به‌خه‌ڵك.