مەنسوور جیهانی ـ له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی حه‌فتا و دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “سان سباستییه‌ن” سینه‌ماکارانی ناوداری جیهان له‌وانه؛ “کێت بلانشێت”، “مۆنیکا بلووچی”، “خاڤێر باردێم”، “جۆنی دێپ” و … تیایدا ئاماده‌بوون.
حه‌فتا و دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “سان سباستییه‌ن” San Sebastian به سه‌رۆکایه‌تی “خۆزه لۆئیس ڕێبۆردینۆس” José Luis Rebordinos و به پیشاندانی فیلمی سینه‌مایی “ئێمانۆئێل” Emmanuelle له ده‌رهێنانی خاتوو “ئۆدرێی دیوان” Audrey Diwan فیملسازی لوبنانی دانیشتووی وڵاتی فه‌ڕه‌نسا و به ڕۆڵ بینینی “نۆمیێ مێرلانت” Noémie Merlant، “ویل شاڕپ” Will Sharpe، “جیمی کهمپبێل بۆوێر” Jamie Campbell Bower و “چاچا هۆوانگ” Chacha Huang، به‌رهه‌می وڵاتی فه‌ڕه‌نسا له هۆڵی “کۆرسال” Kursaal له شاری سان سباستییه‌ن له وڵاتی ئیسپانیا ده‌ستی پێ‌کرد و به پیشاندانی فیلمی سینه‌مایی “ئێمه له کاتوساتدا ده‌ژین” We Live in Time له ده‌رهێنانی “ژۆن کڕاولی” John Crowley و به ڕۆڵ بینینی “ئاندریو گارفیلد” Andrew Garfield و “فلۆڕانس پیۆ” Florence Pugh و به‌رهه‌می وڵاتی به‌ریتانیا کۆتایی پێهات.
ئاماده‌بوونی سینه‌ماکارانی ناوداری جیهان له سان سباستییه‌ن
له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی حه‌فتا و دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “سان سباستییه‌ن” سینه‌ماکارانی ناوداری جیهان له‌وانه؛ “پیدڕۆ ئاڵمادۆڤار”، “خاڤێر باردێم”، “کێت بلانشێت”، “مۆنیکا بلووچی”، “جۆنی دێپ”، “جیمی کهمپبێل بۆوێر”، “پاملا ئه‌ندێرسۆن”، “ئاندریو گارفیلد”، “فڕانکۆ نێرۆ”، “ئیسابێل نۆمی مێرلانت”، “ئانجێلا مۆلینا”، “لۆپیتا نیۆنگۆ”، “شاڕلۆت ڕیمپلینگ”، “ویل شاڕپ”، “تیلدا سوینتۆن”، “ژاک ئۆدریار”، “شان بێکێر”، “ئێدوارد بێرگێر”، “جیا کاپۆلا”، “لێئۆس کاڕاکاس”، “کۆستا گاوراس”، “ئۆدرێی دیوان”، “ئاڕنۆ دێسپلچین”، “محه‌مه‌د ڕه‌سووڵ ئۆف”، “ماتی دیۆپ”، “ئادام ئێلیوت”، “کۆڕالی فارگێت”، “پایال کاپادیا”، “فڕانچۆ ئائۆرێز”، “دێئا کۆلۆمبگاشویلی”، “مایک ئۆپێن چۆئیس”، “واڵتێر سالس”، “جین شۆئێن بڕۆن”، “پائۆلۆ سۆرێنتینۆ” و کۆمه‌ڵێک ئه‌ستێره‌ی به‌ناوبانگی دیکه به به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌کانی خۆیان له‌م ڕووداوه گرینگه سینه‌ماییه‌دا ئاماده‌بوون.
خه‌ڵاتی “دۆنۆیستا” ته‌مه‌نێک ده‌ستکه‌وتی هونه‌ریی بۆ “کێت بلانشێت”
“کێت بلانشێت” Cate Blanchett ئه‌کته‌ری به‌رچاویی ئۆستوڕالی و براوه‌ی دوو خه‌ڵاتی گرینگی ئۆسکار، دوو خه‌ڵاتی ئه‌کته‌ری ڤێنیز، چوار خه‌ڵاتی گۆڵدێن گڵۆب، چوار خه‌ڵاتی بافتا و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک شانازیی جیهانی دیکه، خه‌ڵاتی گرینگی “دۆنۆیستا” Donostia بۆ ته‌مه‌نێک ده‌ستکه‌وتی هونه‌ریی له ده‌ستی “ئاڵفۆنسۆ کۆاڕۆن” Alfonso Cuarón ده‌رهێنه‌ری ناوداری مه‌کزیکی له حه‌فتا و دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “سان سباستییه‌ن” وه‌رگرت و له وته‌یه‌کی کورت‌دا ڕایگه‌یاند: من وه‌کوو ئوستوڕاڵییهک که له ده‌ره‌وه‌ی وڵات کار ده‌که‌م، ئه‌م سه‌رپشکه گه‌وره‌یه‌م هه‌بووه که له سنوورگه‌لێکی زۆر تێپه‌ڕم و بۆ جیهان سه‌فه‌ر بکه‌م. وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته له وڵاتی ئیسپانیا و ئه‌م فێستیڤاڵه سه‌رسوورهێنه‌ره که پڕه له جۆش و خرۆش و سنووره که‌لتووریی و سینه‌ماییه‌کانیشی ده‌رباز کردووه، بۆ من جێگای شانازییه.
خه‌ڵاتی “دۆنۆیستا” ته‌مه‌نێک ده‌ستکه‌وتی هونه‌ریی بۆ “خاڤێر باردێم”
“خاڤێر باردێم” Javier Bardem ئه‌کته‌ری به‌ناوبانگی ئیسپانی و براوه‌ی خه‌ڵاته گرینگه‌کانی ئۆسکار، گۆڵدێن گڵۆب، بافتا و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک شانازیی جیهانی دیکه، خه‌ڵاتی گرینگی “دۆنۆیستا” Donostia بۆ ته‌مه‌نێک ده‌ستکه‌وتی هونه‌ریی له ده‌ستی هاوسه‌ره‌که‌ی خاتوو “پێنێلۆپێ کڕۆز” Penélope Cruz له‌م ڕووداوه پله یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان وه‌رگرت و له وته‌یه‌کی زۆر کورت‌دا گوتی: من ئه‌م خه‌ڵاته به ته‌واویی عه‌شق و هۆگرییم به‌م فێستیڤاڵه، وه‌رده‌گرم که هه‌م له لایه‌نی باریی که‌سێتی و هه‌میش له لایه‌نی پڕۆفشناڵییهوه بۆ من زۆر جێی پڕبایخه.
خه‌ڵاتی “دۆنۆیستا” ته‌مه‌نێک ده‌ستکه‌وتی هونه‌ریی بۆ “پیدڕۆ ئاڵمادۆڤار”
“پیدڕۆ ئاڵمادۆڤار” Pedro Almodóvar ده‌رهێنه‌ری ناوداری ئیسپانی و براوه‌ی خه‌ڵاته گرینگه‌کانی ئۆسکار، شێری زێڕینی ڤێنیز، گۆڵدێن گڵۆب، بافتا و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک شانازیی جیهانی دیکه، خه‌ڵاتی گرینگی “دۆنۆیستا” Donostia بۆ ته‌مه‌نێک ده‌ستکه‌وتی هونه‌ریی له ده‌ستی خاتوو “تیلدا سوینتۆن” Tilda Swinton ئه‌کته‌ری به‌ریتانی له حه‌فتا و دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “سان سباستییه‌ن” وه‌رگرت و له وته‌یه‌کدا جه‌ختی کرده‌وه: پیشه‌ی من، به‌هێزتر له خۆم و هه‌موو شته‌کانی ده‌ورووبه‌رم بوو‌و و به‌رده‌وام درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌م پیشه‌یه، باشترین پیشه‌یه له جیهاندا و ئه‌م بایخه‌ی هه‌بووه که به گیان و به دڵ، خۆم ڕاده‌ستی بکه‌م. زیاتر له هه‌ر کاتێکی دیکه، سینه‌ما ژیانی منه و ژیانی من به بێی سینه‌ما مانایه‌کی نابێت. ژیان، هه‌م له چیرۆک و هه‌م له ڕاستیدا، پێچراوه و مه‌ترسی زۆریی به‌دواوه‌یه. به‌ڵام ژیان به بێی ئازادیی بایخی ژینی نییه.
به‌شه جۆراوجۆره‌کانی فێستیڤاڵی فیلمی “سان سباستییه‌ن”
حه‌فتا و دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “سان سباستییه‌ن” له چه‌ندین به‌شی جۆراوجۆردا له‌وانه؛ ٢٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی”، ٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “پیشاندانی خه‌ڵاتی دۆنۆیستا”، ١٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی پێشبڕکێی “ده‌رهێنه‌ره نوێیه‌کان”، ١٤ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “ئاسۆکانی لاتین” Horizontes Latinos، ٢٤ فیلم له به‌شی پێشبڕکێی Zabaltegi-Tabakalera، ١٧ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “پێڕلاک” Perlak (کۆمه‌ڵێک له باشترین فیلمه بڵینده‌کانی ساڵ که هێشتا له ئیسپانیا پیشان نه‌دراون)، ١٣ کورته فیلم له به‌شی پێشبڕکێی “هێلانه” Nest (به‌رهه‌مه‌کانی خوێندکارانی سینه‌ما)، ٥ فیلمی بڵیند له به‌شی پێشبڕکێی “سینه‌مای چێشت لێنان” Culinary Zinema، ٦ فیلم له به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌کان” Loterías، ١٣ کورته فیلم له به‌شی پێشبڕکێی “زۆر کورت” Eusko Label، ٩ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “زینێمیرا” Zinemira (ئه‌و فیلمانه‌ی که له ویلایه‌تی باسکی ئیسپانیا به‌رهه‌م هاتوون)، ٢١ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “فیلمه به‌رهه‌م هاتووه‌کان له وڵاتی ئیسپانیا” Made in Spain، ٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “ڤۆلدڕۆووم” Velodrome، ٦ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “سینه‌ما بۆ منداڵان” Movies for kids، ٦ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “کلاسیک” Klasikoak، ٢٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “سه‌یریی ڕابردوو” Retrospective، ١٨ فیلم له به‌شی “له دوورگه‌ی دیکه” On the Other Island، به‌شی “خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فیپێڕشی” FIPRESCI (فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم)، به‌شی “فیلمی غافڵگیرانه” Surprise film، به‌شی EITB Gala، ٣ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی RTVE Galas، وتووێژ له‌گه‌ڵ سینه‌ماکاران، کۆبوونه‌وه‌ی پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و چه‌ندین به‌شی دیکه له شاری سان سباستییه‌ن له وڵاتی ئیسپانیا به‌ڕێوه‌چوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.sansebastianfestival.com/in/
Discussion about this post