ئاراس عەبدول کەریم
دواجار هاتیتە سەر قەناعەتی پەلکە گیا و
بڕوات کرد کە باران گۆرانییەکی تەڕە ..
هاتیتە سەر یەقینی ئێوارە و
بڕوات کرد کە خۆرنشین
جوانترین سێبەرە ..
سوپاس بۆ پەنجەرە..
بە بێ حیکمەت نەبوو ئاشنایەتی نێوان ژوورێکی تەریک و
سیگاری لا لێوی شیعرێک و
بارتەقای دووکەڵێک گۆرانیی ..
بە بێ حیکمەت نەبوو
شەو بەو کوێرییەی خۆیەوە
ئەدرێسی تەنیاترین چرای ئەزانی..
هەر لە خۆڕا نییە
خەیاڵی بارانێک
ئولفەت بە تەنیایی درەختێکەوە بگرێ و
خەون .. خەون
ئەو هەموو مەملەکەتە تەڕانەی بەرێ و
بیباتە ئەوبەری فڕین و
ئەودیوی وەرین و
بیباتە ئەوسەری ” با ” ..
من ئەڵێم لە خەیاڵی باخچەیەکا
هەمیشە گوڵێک هەیە
تەنیایی بکات بە عەتر ..
لە خەیاڵی دەریایەکا
هەمیشە مروارییەک هەیە
تەنیایی بکات بە گەوهەر ..
تۆش ئەی عەشق
چەند جوانیت ، کە….
لە خەیاڵی مەنفایەکا
تەنیاییم ئەکەیت بە شیعر ..!
خەریکە بڕوا دێنم لە نێو تەنیاییدا ،
هەمو پەنجەرەیەک موعجیزەی خۆی هەیە و
ئەتوانێ …
لە نێو سکە خشکەی چیمەنێکی تەڕا ،
سەفەرێکی سەوز
بباتە نێو سەری….
ماڵێکی ئاودامان لە دەرگا و لە قوفڵ و
بەسەر شەرعییەتی دیوارەکانەوە
لاولاوێک بکاتە پێغەمبەر ..
من ئەڵێم
لەنێو تەنیاییدا ،
هەتا نەورەسێکیش گۆرانیی خۆی هەیە
لەوانەیە گۆرانییکی ، وەکو خۆی سپی بێت
یان وەکو دەریا ، شین
شکور ئێمە نازانین
دەنا ..بە زەبری درۆیەک
ئەویشمان ئەخستە بەردەمی ئاوێنە ..
سوپاس بۆ ئاوێنە ..
من ئەڵێم
کانیی لە هەموو ئاوێنەکان جوانترە ،
ئەو لەسەر زمانی ئاوەوە
هەمیشە بە لێڵیی باسمان ئەکات ..
کانیی درۆ نازانێ
ئێمە هەموومان لێڵین
مەگەر هەر ئەو دەمەی
کە عەشقێک ئاوە و ئاو ئەمانبات ..
من ئەوەت پێ ئەڵێم
کە خەونێک بۆی گێڕامەوە
نەک قسەی سیاسەت ..!
خەریکە بڕوا دێنم کە خوداوەند
سیاسەتوانێکی گەورەیە
ئەو ، بەر لە هەموومان
تەنیایی کردبوو بە یەکێک
لە سیفەتە هەرە گەورەکانی ..
ئاخر ئەو ئەیزانی ،
لە نێو تەنیاییدا هەموو شتێک زۆرە .. زۆر …
لە نێو تەنیاییدا هەموو شتێک جوانە .. جوان …
ئەها چۆن لە نێو تەنیاییدا
دەستەکانی خواوەند کەشف ئەبن ..!!
من کوفرت بۆ ناکەم ؛
شتێک ئەڵێم ،
کە هەموو کتێبە پیرۆزەکان
لە ڕوویان نە ئەهات پێت بڵێن..!
شەرم لە چی ئەکەیت ؟!
هەموومان لە نێو تەنیایییدا
شایەتمان بەو کوفرە ئەهێنین
کە لە نێو شەریعەتی دیوارا
پێی ئەڵێن ” پەنجەرە ” ..
مەگەر هەر ئەو موریدە گوناحانەی
شوێن مژدە ساردەکانی سێبەر کەوتوون و
میدالیای فیردەوسێک
ئەکەن بە سنگی دیوارەوە و
بەبەر چاوی هەتاوی کانوونەوە
پەنجەرە دائەخەن ..!
لەوان گەڕێ ..
ئەوان هێندە خەم ساردن ،
دەربەست نایەن لە نێو پیاسەیەکی بەد مەستییانا
شارێک لە پەلکەگیا ببێت بە ژێر پێوە ..!!
ئاخر ئەوان کوا لەوە تێ ئەگەن
کە پەلکە گیا ئەلف و بێی باخچەیە ..؟!
چووزانن کە باخچە
چ عاشقێکی گەورەیە ..؟!
عاشقێک
لە عەشقا سەوز ئەبێ و
لە عەشقا زەرد ئەبێ و
لە عەشقا ئەوەرێ ..
من لێوان لێوم لە وەرین و
پڕ پڕم لە ئایینی باخچە و
سیخناخم لە عەشق
ئیدی لە چیم کەمە ..؟!
عەقیدەم
عەقیدەی زەڕنەقووتەیەکی بەر گڕەی تەمموزە …
بە داڵدەی سێبەری دار هەنجیرێک..
یەقینم
یەقینی نزای قارچکێکە ،
بە موعجیزەی بەردەچەرخی هەورێک ..
باوەڕم
باوەڕی ماچێکی شەرمنە ،
بە میهری دەستەسڕی لێوێک
ئەها چۆن سیخناخم لە ئیمان !!
ئیدی لە چیم کەمە ..؟!
ژوورێکم لە تەنیایی گرتووە بە کرێ !
بە قەد خۆرنشینێک ..
بە قەد خەونێک ئەبێ …!!
ژوورێک ،
کردنەوەی هەموو پەنجەرەکان بە دەست خۆمە ..
بە دەست خۆمە
کام ئێوارە ئاڵە…
بە بۆیەی مناڵیی ڕەنگم کا و
کام گۆرانییە کاڵە
بە دەنگی ئاو شتێکم پێ بڵێ و
خەیاڵی کام چرا
بەدەم سەماکردنەوە
بێتە نێو سەرمەوە ..
بە دەست خۆمە
چ گەڵایەک تیاما بوەرێ و
چرپەی چ بارانێک بێتە نێو دەنگمەوە ..
من باسی بەهەشتت بۆ ناکەم ..
ئەو لە نێو لافیتەی سیاسیی و
باوێشکی کتێبە پیرۆزەکانا جوانە ،
نەک خەون ..
بەهەشتی چی ..؟!
من ئەوەندەم بەسە
جار جارە
باران دیدەنیم کات ..
خۆرنشین
لەوپەڕی ئێوارەوە
دوورا و دوور سڵاوێکم لێ بکات ..
زۆرە .. زۆر
گۆرانییەک بمناسێ و
ماچێک شێوەم کات و
جێ ژوانێکیش هەبێ
جار جارە بیرم کات ..
من ئەوەندەم بەسە
تاقەتم بێ
بە گوڵێک بڵێم ” گەورەم ” ..
“با ” یەک تاقەتی بێ
بە گاڵتە قژم تێک بداتەوە و
لە پشتەوە پاڵتۆکەم ڕاکێشێ و
بابەخولێم پێ بکا و
گێژە گێژ ، فڕێم داتە
نێو مەجلیسی گەڵا ..
گەڵایەک کەم نییە
کە لە ژێر لێوی پاییزەوە
گۆرانیییەکی ئاڵتوونیی
بۆ تەنیایی درەختێک بڵێ ..
بە پێی مەزهەبی ” با “
گەڵا ئیماندارێکی گەورەیە ..
سیخناخم لە ئیمان
پڕ پڕم لە گەڵا
ئیدی لە چیم کەمە ..؟!
ژوورێکم لەنێو تەنیاییدا گرتووە ،
بە قەد خەونێک ئەبێ ..
ژوورێک
لەنێو ماڵی بارانا ..
ژوورێک ئاودامان لە ئێوارە ..
ژوورێک
لەمسەری شەوەوە هەتا ئەوسەری شەو
چرا و چرا ..
لای چاوی خۆمەوە هەتا بەر دەرگای مانگ
پەنجەرە و پەنجەرە و
کردنەوەی هەموو پەنجەرەکان بە دەست خۆمە..
ئیدی من لە چیم کەمە ..؟!
کردنەوەی هەموو پەنجەرەکان ..!!
هەموو پەنجەرەکان ..!!
سوپاس .. سوپاس
سوپاس بۆ پەنجەرە …!!