ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا – ئه‌ڵمانیا
ئه‌مڕۆ ئه‌و قۆناغه‌ی که مرۆڤایه‌تی پێیداتێده‌په‌ڕێت، به قۆناغی گلۆبالیزم یان جیهانیبوون ناوده‌برێت.دیاره هه‌ر قۆناغێک له مێژووی مرۆڤایه‌تی ، کۆمه‌ڵێک یاساوسیمای تایبه‌تی خۆی هه‌بووه، که‌له قۆناغه‌کانی تری جیاکردۆته‌وه. له‌هه‌ر قۆناغێکدا ( سیسته‌می سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب) سیمای تایبه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ی له‌خۆهه‌ڵگرتووه. بۆنموونه له‌سه‌ده‌کانی ناوه‌راست ، چیرۆک، شیعر، زیاتر قاڵبێکی ئه‌فسووناوی له‌خۆگرتبوو. زیاتر باسی داستان و قاره‌مانی پادشا‌و میروبهگزادهکانی ده‌کرد.
وه‌لێ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆرشی پیشه‌شازی له ئینگلیته‌را، شۆرشی فه‌ره‌نسی، کۆتایی به‌م جۆره ئه‌ده‌به هێناو، قۆناغی ( ریالیزم ، رۆمانسی) سه‌ریهه‌ڵدا. بۆ نموونه رۆمان له ئینگلته‌راوه سه‌ریهه‌ڵدا. هه‌ر سێ نووسه‌ری ئینگلیزی ( دانییل دیفۆ.1731.1660 / ساموئیل ریتشاردسۆن1761.1689 / هینری فیلدینگ.1754.1707) به باوکی رۆمانی جیهانی داده‌نرێن1 . رۆمان له‌ڕووی شێوه‌و ناوه‌رۆکه‌وه ته‌واو له چیرۆک جیاوازبوو. چیتر خه‌ڵکی تاقه‌تی نه‌بوو گوێ بۆ چیرۆکه درێژه‌کانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست بگرێت، تاباسی قاره‌مانی و سوارچاکی میروبهگزادهکانیان بۆ بکات. به‌ڵکه له‌م سه‌رده‌مه‌دا مرۆڤی ئاسایی ده‌یویست باسی تاکێکی ئاسایی بخوێنێته‌وه. دیاره رۆمان زیاتر گرنگی به که‌سایه‌تی، باری ده‌روونی، کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ ده‌دا. له‌م جۆره‌ی ئه‌ده‌بدا، کات، شوێن، که‌سایه‌تی، زمانی مرۆڤی کرده که‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌کی خۆی 2. به‌واتایه‌کی تر چیتر خه‌ڵکی تاقه‌تی نه‌بوو گوێ بۆ یۆلیوس قه‌یسه‌ره‌که‌ی شکسپیر بگرێت. زیاتر به‌دوای قاره‌مانی تردا ده‌گه‌ڕا. دیاره رۆمان پاڵه‌وانی نوێی هێنایه نێو ئه‌ده‌به‌وه. رۆمان توانی نه‌ک مرۆڤی ئاسایی ، به‌ڵکه هه‌روه‌ک نووسه‌ری گه‌وره‌ی عه‌ره‌بی عه‌بدول ره‌حمان مونیف ده‌ڵێت : ( پاڵه‌وانێتی هه‌ر به مرۆڤه‌وه نه‌وه‌ستا ، به‌ڵکو شوێن و ئاژه‌ڵ خانوو به‌ردو سروشتیشی بوونه بابه‌ت بۆ پاڵه‌وانێتی رۆمان 3 .). له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی قۆناغی سه‌رمایه‌داریش ، (کورته چیرۆک ، رۆمانی پۆلیسی، ساینفهکشون) په‌یدابوون . له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆرشی رووسی ، بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری شۆرشگێری و کۆمۆنیستی ، ئه‌ده‌بی شۆرشگێری و به‌ره‌نگاری په‌یدابوو. له‌به‌رئه‌وه سه‌یرده‌که‌ین ، هه‌ر قۆناغێک ، سیمایه‌کی تایبه‌ت و ڕه‌نگێکی نوێی به‌خشیوه‌ته ئه‌ده‌ب.
گلۆبالیزم و ئه‌ده‌ب
ئه‌ده‌ب له قۆناغی گلۆبالیزمدا ، چه‌ندین خوێندنه‌وه‌و شرۆڤه‌ی جۆراوجۆری بۆ ده‌کرێت. له‌م قۆناغه‌دا ئه‌ده‌ب سیمایه‌کی ته‌واو جیاوازی له‌خۆ گرتووه. به‌گشتی گلۆبالیزم شێوه ترسێکی لای نووسه‌ران و ئه‌ده‌ب دۆستان دروستکردووه. به‌شێک له رۆشنبیران و رووناکبیران ، ترسی له ناوچوون و فه‌وتاندنی ئه‌ده‌ب ده‌که‌ن له‌م سه‌رده‌مه‌دا.
بۆچی ترس لهگلۆبالیزم ؟
دیاره گلۆبالیزم له‌گه‌ڵ خۆیدا شۆرشێکی گه‌وره‌ی ته‌کنه‌لۆژی گه‌وره‌ی هێنا، کاریگه‌رترینیان په‌یدابوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی تۆری ئینته‌رنێته. په‌یدابوونی ئیته‌رنێت ، سه‌ره‌تا به باشی پێشوازی لێ‌کرا، به ئامێرێک
داده‌نرا که زیاتر گه‌لانی جیهان له یه‌کتری نزیک بکاته‌وه. وه‌لێ پاشتر ئه‌م ئامێره نووێیه هێرشی بۆ رۆژنامه‌و تیڤی و ئه‌ده‌ب به‌گشتی هێنا. ئه‌مڕۆ له ته‌واوی جیهاندا ترسی ئه‌وه هه‌یه ، که ئینته‌رنێت جێگای رۆژنامه‌و گۆڤار بگرێته‌وه. به‌شێکی زۆری رۆژنامه‌کان به رێژه‌یه‌کی ئێجگار ترسناک ، تیراژی فرۆشیان که‌مبۆته‌وه. رۆژنامه‌ش پشت به هونه‌ری په‌خشان ده‌به‌ستێت ، که‌ئه‌میش ژانرێکی گرنگی ناو ئه‌ده‌به. له‌لایه‌کی تره‌وه، ئینته‌رنێت عاله‌مێکی ئێجگار گه‌وره‌ی له خۆیدا کۆکردۆته‌وه، که‌هه‌موو حه‌زوئاره‌زوو پێداویستیه رووحیه‌کانی مرۆڤی تێدا دابینکردووه. ئه‌مڕۆ ئینته‌رنێت ڕۆڵی ( ڕۆشنبیری، زانستی،زانیاری،ته‌رفیهی،خۆشی، کات به‌سه‌ربردن) ده‌گێڕێت. ئه‌مڕۆ سایته ئینته‌رنێتیه‌کان ، به‌ڕه‌یان له ژێرپێی رۆژنامه ته‌قلیدیه‌کان هه‌ڵگرتووه. له سایته‌کاندا ، زانیاری زیاتر و گرنگترت ده‌ستده‌که‌وێت تا رۆژنامه‌و تیڤیه‌کان . دیاره ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئینته‌رنێت هیچ جۆره سنوورێکی بۆنییه.
جاران خه‌ڵکی بۆ زاخاوی مێشکی، ده‌چوو چیرۆکێکی کۆمیدی یان ساتیر،یان پۆلیسی ده‌خوێنده‌وه. وه‌لێ ئه‌مڕۆ ئینته‌رنێت وایکردووه، که مرۆڤ هیچ کاتێک هه‌ست به‌بێ تاقه‌تی نه‌کات. هه‌موو جۆره یاری و ڤیدیۆ ، وێنه‌ی جۆراوجۆری تێدایه، که مرۆڤ بۆ خۆشی و زاخاوی مێشک به‌کاری ده‌هێنێت. کێشه‌که له‌وه‌دایه ، که ئینته‌رنێت وای له‌خه‌ڵکێکی زۆری دانیشتوانی جیهان کردووه، که واز له خوێندنه‌وه بهێنن. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ترسه بۆ ئه‌ده‌ب . چونکه گه‌ر به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی خه‌ڵکی خوێنه‌ری نه‌بێت، واته نه‌مانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه. ئه‌م که‌م خوێنهریه بۆته ترسێکی گه‌وره لای زۆربه‌ی ئه‌دیب و نووسه‌رانی جیهان .
ئه‌ده‌بی گلۆبالیزم
ئه‌ده‌بی ئینته‌رنێت.
ئه‌مڕۆ ئینته‌رنێت خاوه‌نی ئه‌ده‌بێکی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی ، که زۆرجیاوازه له‌و ئه‌ده‌به‌ی که‌ئێمه ناسیوومانه. یان پێشتر هه‌بووه.
1. ئه‌ده‌بی چاتکردن
چاتکردن یان یه‌کتری ناسین له‌ڕێگای ژووره‌کانی پالتاکه‌وه، یه‌کێکه له سیماکانی ئینته‌رنێت. له‌لایه‌که‌وه ئه‌م ڕێگایه باشه بۆئه‌وه خه‌ڵکی زیاتر له‌یه‌کتری نزیکبێته‌وه و تووشی ته‌نهایی نه‌بێت. وه‌لێ له‌هه‌مان کاتیش‌دا ده‌بێت ئه‌وه بزانین که زۆر کێشه‌ش له ڕێگای ئه‌م ژوورانه‌وه دروستبووه. له‌هه‌مانکاتیشدا ئه‌و جۆره‌ی ناسین ، جۆرێکی زۆر باش نییه، چونکه ناسینی خه‌ڵکی پێویستی به تێکه‌ڵاوی هه‌ڵسووکه‌وتی رۆژانه‌ی زیندوو هه‌یه ، تۆ نا‌توانیت که‌سێک ته‌نها له‌رێگای قسه‌کردن له ژوورێکی پالتۆکدا بناسیت . له‌هه‌مانکاتیشدا ئه‌و زمانه‌ی له‌م ژوورانه‌دا به‌کاردێت ، زۆر جیاوازه له زمانی ئه‌ده‌بی و ته‌نانه‌ت رۆژانه‌ش . ئه‌مڕۆ به‌شێکی زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و ژوورانهدان ، جۆره زمانێکی نووسینی تایبه‌ت به‌خۆیان داناوه، که‌زۆرجار ته‌نها هه‌رخۆیان لێی تێده‌گه‌ن . ئه‌م زمانه‌ش تێکه‌ڵه‌یه‌که له پیت و ژماره ، که‌زۆرجار که‌سێکی ئاسایی یان یه‌که‌مجاری بێت ، نازانیت یان له که‌سی به‌رامبه‌ر تێناگه‌یت. ئه‌م جۆره نووسینه‌ش نه‌ک خزمه‌ت به ئه‌ده‌ب ناکات ، به‌ڵکه سه‌ره‌تایه‌که بۆ له‌ناوبردنی زمانی ئه‌ده‌ب و نووسینی پاک .
2. ژووری پاڵتاک
دیاره هه‌موو کاتێک دیالۆگ و گفتوگۆ باشتره له جه‌نگ و قسه‌نه‌کردن . ئه‌م ژووری پالتاکه وایکردووه که زیاتر خه‌ڵکی فێری قسه‌کردن بێت. له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌م ژوورانه توانیوویانه خه‌ڵکێکی زۆر له خۆیان کۆبکه‌نه‌وه و هه‌موو باسێکیش قسه‌و گفتووگۆی له‌سه‌ر بکرێت.
خراپی ژووری پالتاک
ئه‌مڕۆ ژووری پاڵتاک هه‌یه ، کۆمه‌ڵێک که‌س کۆبوونه‌ته‌وه کاریان شه‌ڕه‌جنێوه له‌گه‌ڵ یه‌کتری . ئه‌مه‌ش داهێنانێکی نوێیه، که هیچ خزمه‌تی ئه‌ده‌ب و مرۆڤایه‌تی ناکات . هه‌مووکاتێک جنێو و قسه‌ی ناشرین سه‌ره‌تایه‌کی خراپه بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی گیانی شه‌ڕه‌نگێزی و کووشتن له‌ناو کۆمه‌ڵدا. دیاره له‌به‌شی زۆری ژووره‌کانی تریشدا ، زمانی نزم و جنێو به‌کاردێت ، وه‌لێ به‌شێوه‌یه‌کی که‌متر له‌و ژوورانه‌ی که‌بۆ شه‌ڕه‌جنێوه. له ژووره‌کانی پاڵتاکدا ، به‌حکومی ئه‌وه‌ی هه‌موو که‌سێک ئازاده و هیچ یاسایه‌ک نییه رێگا له قسه‌ی ناشرین بگرێت، له‌به‌رئه‌وه هانابردن بۆ جنێو زۆر ئاسانه.
3. نه‌مانی ئه‌ده‌بی نامه‌نووسین
یه‌کێک له‌و کاره ترسناکانه‌ی گلۆبالیزم ، لاوازبوون یان هه‌ر نه‌مانی ئه‌ده‌بی نامه‌نووسینه . دیاره هه‌مووکاتێک نامه‌نووسین ، ژانرێکی گرنگی ئه‌ده‌بی بووه. وه‌لێ ئه‌مرۆ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ته‌له‌فوون به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان له‌جیهاندا ، خه‌ڵکی زیاتر پشت به ته‌له‌فوون ده‌به‌ستێت بۆ په‌یوه‌ندی کردن . من کاتێک هاتمه ئه‌ڵمانیا هه‌تا ساڵی 2000 ، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک چه‌ندین نامه‌م بۆ براده‌رو دۆست ده‌نووسی ، به‌هه‌مان شێوه‌ش هه‌فتانه نامه‌م به‌ده‌ست ده‌گه‌یشت . وه‌لێ له‌پاش ساڵی 2000 وه ، پاش ئه‌وه‌ی ته‌له‌فوون زۆر بڵاوبوویه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی هه‌رزان ، به‌شێکی زۆری براده‌رو دۆسته‌کانم ، وازیان له‌نامه هێنا ، ده‌ستیان دایه ته‌له‌فوونکردن . له‌لایه‌کی تریشه‌وه ژووری مهسینجهریش هاته سه‌ری ، ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر گوورزی له‌ئه‌ده‌بی نامه‌نووسین دا . خه‌ڵکی له ڕێگای مه‌سینجه‌ره‌وه ، نه‌ک گوێ بیستن به‌ڵکه ڕه‌نگی که‌سی به‌رامبه‌ریش به زیندوویی ده‌بینێت. ئه‌مه‌ش گوورزێکی خراپی له‌ئه‌ده‌ب وه‌شاند.
4. ئیس ئیم شیعر
ڕاسته ته‌له‌فوون به‌تایبه‌ت ده‌ستی ، گوورزێکی باشی له ئه‌ده‌بی نامه‌نووسین دا. وه‌لێ له‌هه‌مانکاتیشدا ، ته‌له‌فوون توانی جۆرێکی نوێ له شیعر بێنێته کایه‌وه ، ئه‌ویش شیعری ئیس ئیمه شیعر. دیاره به‌گشتی شیعر له قۆناغی کزی و نه‌مان بوو. به‌ڵام ته‌له‌فوون توانی ئه‌م جۆره نوێیه‌ی شیعر ببوژێنێته‌وه. وه‌لێ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم ، ئه‌م جۆره شیعرانه‌ش له ڕووی زمان و ناوه‌ڕۆک و شێوه‌وه ، له‌چاو جۆره‌کانی تری شیعر ، زۆر لاوازه. دیاره له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردیش‌دا ئه‌م جۆره شیعرانه بڵاوبوونه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده هه‌تاوه‌کوو ئێستاش ساخ نه‌بۆته‌وه کێ یه‌که‌مین ئیس ئێمه شیعری نووسیوه.
5. بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی فه‌نتازیا
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی بازاڕی کتێبی ئه‌مڕۆ بدات ، به‌تایبه‌ت له ڕۆژئاوا، ده‌بینیت زیاتر رۆمان و نۆڤێلی فه‌نتازایا ، ره‌واجی هه‌یه. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا ، ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که ناویان زۆر ده‌رکرد ، زیاتر ئه‌وانه بوون ، که‌به‌رهه‌می فهنتازایایان هه‌بوو. بۆ نموونه کیمیاگه‌ری پاولۆ کۆیلو. کۆد داڤێنچی، دێن براون . هاری پۆته‌ر، جوانه رۆلینگ .
دیاره بوونی ئه‌ده‌بی فه‌نتازیا شتێکی باشه ، وه‌لێ به‌شێکی زۆری ئه‌و به‌رهه‌مانه له‌ڕووی زمان و ناوه‌رۆک و شێوه‌وه ، زۆر لاوازن . دیاره جگه له کیمیاگه‌ری پاولۆکۆیلۆ ، که جگه له‌وه‌ی به زمانێکی به‌رزی ئه‌ده‌بی ئه‌و کتێبه‌ی نووسیوه ، له‌هه‌مان کاتیش‌دا خاوه‌نی په‌یامێکی جوانی ئه‌ده‌بیشه .
6. زیادبوونی رۆڵی میدیا بۆ ریکلامکردن بۆ نووسه‌ران
دیاره ئه‌مرۆ به‌حوکمی ئه‌وه‌ی ماس میدیا رۆڵێکی ئێجگار گرنگ له بڕیار‌و هه‌ڵسووکه‌وتی کۆمه‌ڵگاکاندا ده‌بینن. زیاتر ده‌توانن کار له تاک و کۆمه‌ڵ بکه‌ن ، له‌به‌رئه‌وه ئه‌ده‌بیش که‌وتۆته ژێر ره‌حمی میدیاکانه‌وه. به‌شێکی زۆری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که‌له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا ره‌واجی هه‌بوو، ئه‌وانه بوون که زیاتر به‌ر تیشکی رۆژنامه‌و تیڤیه‌کان که‌وتبوون . بۆ نموونه یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کیه‌کانی بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانی هاری پۆته‌ر وکۆت داڤینشی ، ئه‌و هه‌موو ریکلام و باسکردنه زۆره‌بوو ، که‌له میدیاکانه‌وه بۆیانکرا. وه‌لێ تاکه خاڵی پۆزه‌تیڤی ئه‌م دوو رۆمانه ئه‌وه‌بوو ، که‌جارێکی تر بازاری کتێبی گه‌رم کرده‌وه‌و ، به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی به‌تایبه‌ت گه‌نج فێری خوێندنه‌وه کرد. له‌لای خۆشمان به‌هه‌مان شێوه ، میدیا رۆلی سه‌ره‌کی ده‌بینێت له بڵاوبوونه‌وه‌ی کارێکی ئه‌ده‌بی . بۆ نموونه هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانی شاری مۆسیقاره سپیه‌کانی به‌ختیار عه‌لی ، ئه‌و ریکلامه زۆره بوو که‌له رۆژنامه‌و تیڤیه‌کانه‌وه بۆی کرا.
7. نه‌مانی رۆڵی نووسه‌ران و رووناکبیران له ناو کۆمه‌ڵگادا
یه‌کێک له خاڵه‌کانی تر ئه‌وه‌یه ، که‌ئه‌مڕۆ نووسه‌ران ئه‌و رۆله‌ی جارانیان نه‌ماوه. له‌هه‌موو قۆناغه‌کانی پێشوودا ، نووسه‌رو رووناکبیران ، رۆڵێکی سه‌ره‌کیان له ناو کۆمه‌ڵگادا ده‌گێرا. یه‌کێک له سیماسهرهکیهکانی ڕێنانسانسی ئه‌وروپی ، زۆربوونی ڕۆڵی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان له کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپادا بوو. بگره ئه‌م توێژه دینامۆی سه‌ره‌کی ئه‌و قۆناغه گرنگ و پربایه‌خه‌ی ئه‌وروپا بوو. یه‌کێک له هۆکاره‌سه‌ره‌کیه‌کانی شۆرشی فه‌ره‌نسی ، ڕۆڵی به‌رچاوی نووسه‌ران و رووناکبیرانی فه‌ره‌نسی بوو ، که توانیان هانی خه‌ڵکی بدده‌ن له‌دژی رژێمی پاشایه‌تی . لینین پێی وابوو که رۆمانی (دایک) ی مه‌کسیم گۆرگی 5 ساڵ شۆرشی رووسی پێشخست . هه‌ر ئه‌و رۆمانه‌ش بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ،هه‌زاران که‌س له جیهاندا ببنه کۆمۆنیست. وه‌لێ ئه‌مرۆ به‌حوکمی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئازادی و سیسته‌می دیمۆکراسی ، نووسه‌ران ئه‌و رۆڵه‌ی جارانیان نه‌ماوه. جاران نووسه‌ران له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆری‌دا رۆڵی پێشه‌نگیان ده‌گێرا، وه‌لێ له کاتی حوکمی دیمۆکراسی و ئازادی‌دا ، رۆژبه‌رۆژ رۆڵی نووسه‌ران نامێنێت. ئه‌مرۆ به‌گشتی رۆژنامه‌نووسان و پسۆرهئهکادیمیهکان ، رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینین له کۆمه‌ڵگادا. له‌هه‌مانکاتیشدا بڵاوبوونه‌وه‌ی سایتی ئینته‌رنێتی ڕۆڵی ئێجگار گه‌وره‌ی هه‌یه له ناو کۆمه‌ڵگادا . بۆ نموونه یه‌کێک له هۆکاره‌کانی شۆرشی گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشینه‌کانی له فه‌ره‌نسا ، سایته ئینته‌رنێتیه‌کان هانی لاوانیان دابوو بۆ ئه‌م شۆرشه. له‌هه‌مان کاتیش‌دا له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا ، سایته‌کان رۆلی به‌رچاویان هه‌یه ، له که‌شفکردن و ڕیسواکردنی سیاسیه گه‌نده‌ڵ و خراپه‌کان . بۆ نموونه سکانداڵی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکی کیلنتۆن له‌گه‌ڵ مۆنیکا لوینسکی ، له‌ڕیگای سایتێکی ئینته‌رنێتیه‌وه بوو. له‌م ماوه‌یه‌ی پێشووشدا سه‌رۆکی فه‌رنسی تووشی سکانداڵێکی هه‌مان شێوه بوو، ئه‌ویش له ڕێگای سایتێکی ئینته‌رنێتیه‌وه بڵاووبویهوه. له‌لای خۆشمان کاتێک سه‌یر ده‌که‌یت ، به‌شێکی زۆری سایته کوردیه‌کان ، ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌یه ، له دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی . جاران شیعرێکی شاعیرێک ده‌بووه ئاگر بۆ گیانی گه‌نجان ولاوان ، وه‌لێ ئه‌مرۆ کاری ئه‌ده‌بی ئه‌و ره‌ونه‌قه‌ی جارانی نه‌ماوه. ئه‌مرۆ ڕۆژنامه‌نووسان بوونه‌ته قسه‌که‌رو شرۆڤه‌که‌ری ناو کۆمه‌لگا . له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌مرۆ گه‌وره‌ترین هێز له‌ناو کۆمه‌ڵگادا ، کۆمپانیا مه‌زنه‌کانی ئابوورین . کۆمپانیاکان هه‌موو ڕێره‌وه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگایه‌کیان به‌ده‌سته‌وه گرتووه. ئه‌مرۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی بریاری به‌هێزه ، کۆمپانیاکانن نه‌ک نووسه‌ران .
له‌لای خۆشمان له‌سه‌رده‌می حوکمی به‌عسدا ، نووسه‌ران رۆڵی سه‌ره‌کیان له ناوکۆمه‌ڵگادا هه‌بوو. کۆمه‌ڵێک که‌س له‌ڕێگای کاری ئه‌ده‌بیه‌وه، ناویان له‌ناو کۆمه‌ڵدا بڵاوبوویه‌وه. وه‌لێ پاش ڕاپه‌رین به‌تایبه‌ت پاش ساڵی 2003 ، رۆلێ نووسه‌ران زۆر لاوازبووه. دیاره ئه‌وه‌ش به‌حوکمی ئه‌وه‌ی ، که ئازادی راده‌ربڕین زیاتر بووه له جاران . ئه‌مڕۆ که‌س له سه‌ر بۆچوونی سیاسی ناگیرێت.
8. زیادبوونی ڕۆڵی ته‌له‌فزیۆن له‌ناو کۆمه‌ڵگادا
خاڵیکی تر که گلۆبالیزمی پێ ده‌ناسرێت، بڵاووبونه‌وه‌و فراوان بوون ته‌له‌فزیۆن و که‌ناڵی ئاسمانییه له‌جیهاندا. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا ، تیڤی بۆته گه‌وره‌ترین دینامۆی هه‌موو کۆمه‌لگایه‌ک . هه‌موو ماڵێکی جیهان تیڤیه‌کی تێدایه. به‌واتایه‌کی تر بۆته ئه‌ندامی هه‌موو خێزانێک . له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌کردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی تیڤی ، وایکردووه که به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی ته‌نها پشت به تیڤی ببه‌ستن بۆ زانیاری وه‌رگرتن ، کات به‌سه‌ربردن ، خۆ رۆشنبیری کردن . ئه‌مرۆ له جیهاندا له‌هه‌ر ووڵاتێک به جارێک سه‌دان که‌ناڵی تیڤی هه‌یه. ئه‌مانه‌ش هه‌ریه‌که‌یان خۆی بۆ بوارێکی تایبه‌ت ته‌رخان کردووه، بۆ نموونه که‌ناڵ هه‌یه هه‌واڵیه، هه‌یه زانستیه، هه‌یه ته‌نها بۆ کات به‌سه‌ر بردن که زیاتر فیلم و یاری و به‌رنامه‌ی خۆشی په‌خش ده‌کات . هه‌یه ته‌نها کاری ریپۆرتاژی و دۆکۆمێنتی ده‌کات. ئه‌م دابه‌شکردن و پسپۆریه ، وایکردووه که خه‌ڵکی زیاتر پشت به تیڤی ببه‌ستێت. عاله‌می ئه‌مرۆمان به‌وه ناسراوه که مرۆڤ فێری ته‌مه‌ڵی ده‌کات . بوونی هه‌زاران ئامێری نوێ ، وایکردووه که مرۆڤ هیچ چالاکیه‌ک نه‌کات ، زیاتر پشت به ئامێر ببه‌ستێت . له‌به‌ر ئه‌وه خه‌ڵکانێکی زۆر خۆیان بیرناکه‌نه‌وه واز ده‌هێنن خه‌ڵکی تر بیریان بۆ بکاته‌وه، هیچ پێویست ناکات خه‌ڵکی خۆی هیلاک بکات تا له باسێکی مێژوویی ، سیاسی، زانستی تێبگات، تیڤیه‌کان ئه‌م کاره ده‌که‌ن . ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌کی زۆری دانیشتوانی گرتۆته‌وه. بۆ نموونه که‌سێکی ئه‌مه‌ریکی ساڵانه ته‌نها 99 سه‌عات ده‌خوێنێته‌وه ( گۆڤار،رۆژنامه،کتێب) له‌به‌رامبه‌ردا 1460 سه‌عات سه‌یری تیڤی ده‌کات4. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ترسه بۆ زانینی حه‌قیقه‌ت. چونکه هه‌موو تیڤیه‌ک یان ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندن خاوه‌نی په‌یامێکی سیاسی و فکری خۆیه‌تی ، ئه‌وان ئه‌و زانیاریه ده‌ده‌ن به بینه‌ر ، که ئه‌وان ده‌یانه‌وێت نه‌ک ئه‌وه‌ی که ئێمه ده‌مانه‌وێت. هه‌ربۆیه به‌شێکی زۆری نووسه‌ران و بیرمه‌ندانی جیهان ، به چاوێکی ترسه‌وه ده‌ڕواننه ته‌له‌فزیۆن . بیرمه‌ندی نه‌مساوی کارل پۆپه‌ر پێی واییه ( ته‌له‌فزیۆن ترسناکترین داهێنانی مرۆڤه5 ) .
ئایا ئه‌ده‌ب له ناوده‌چێت ؟
پێم خۆشه پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بدده‌مه‌وه ، پێناسه‌یه‌ک یان ناسینێکی بچووکی ئه‌ده‌ب بکه‌م . ئه‌ده‌ب یان Literatur . ووشه‌ی Literatur له ووشه‌یه‌کی زمانی لاتینی کۆنه‌وه Littera هاتووه ، تاکه‌که‌ی به‌مانای ( پیت،ووشه) به‌ڵام کۆکه‌ی Litterae مانای ( نووسین، نامه) دێت . زیاتریش ووشه‌که له‌مه‌وه هاتووه6. ووشه‌ی Literatur له‌پاش سه‌ده‌ی نوزده‌هه‌م له فه‌ره‌نسا بڵاوبویه‌وه. له‌زمانی یۆنانی کۆنیشدا به ئه‌ده‌ب ده‌ووترێت Logotechnie یانی هوونه‌ر یان زانستی قسه‌کردن . ده‌توانین بڵێین له‌زمانی یۆنانیدا زۆرباش وه‌سفی ئه‌م ووشه‌یه کراوه‌و ماناکه‌ی پێکاوه. گه‌ر ئێمه پشت به زاراوه یۆنانیه‌که ببه‌ستین ، که ئه‌ده‌ب مانای زانستی قسه‌کردن بێت، زۆر باش له‌وه‌تێده‌گه‌ین که‌ئه‌م زانسته له‌خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیدایه. له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا ده‌مێنێته‌وه تاکۆتایی مرۆڤ نه‌یه‌ت ، کۆتایی ئه‌ده‌بیش نابینین. بیرمه‌ندی یۆنانی فسیلیس فیسیلیکوس ده‌ڵێت ( شیعر بریتیه له ژیانی سۆز‌و هه‌ستمان ، په‌خشان ئاسۆی کۆمه‌ڵایه‌تیمانه، کورته چیرۆک ، تواناکانمان به‌سه‌ر کۆمه‌لگادا ده‌رده‌خات، شانۆش توانای نواندنمان ده‌رده‌خات ، که‌له ژیانه‌وه فێری بووین 7 ) . ئێمه رۆژانه به‌بێ گێرانه‌وه‌ی چیرۆکه‌کانی ژیانی رۆژانه‌مان ، ناتوانین بژین . ئاخر مرۆڤ گیاندارێکی ناطقه ، هه‌ربۆیه ناتوانێت به‌بێ قسه‌کردن بژی. که‌سمان نییه رۆژانه باسێک یان چیرۆکێک بۆ ئه‌ویترمان باس نه‌که‌ین . له‌کاتی گێرانه‌وه‌ی چوونمان بۆ سه‌رکار، هه‌ڵسووکه‌وتمان له‌گه‌ڵ براده‌رانمان ، ڕووداوی خۆش ، کاتێک ئه‌مانه بۆ ئه‌وی تر ده‌گێرینه‌وه ، ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا چیرۆکه . به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیربچێت ، که زۆرجار مرۆڤ له‌به‌ر زۆرکێشه‌ی گرنگی تری ژیان ( له‌وانه برسێتی ، جه‌نگ) هه‌مووشتێکی له‌بیرده‌چێته‌وه، ته‌نها هه‌ڵپه‌ی مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات. هه‌روه‌ک نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکیش ئه‌رنست هه‌منگوای ده‌ڵێت ( کاتێک وه‌زعی کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌ره‌وخراپی بچێت، ئه‌ده‌ب یه‌که‌مین شته خراپ ده‌بێت8 ) .
ئه‌مرۆش به‌گشتی مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ست چه‌ندین کێشه‌ی ( ژینگه‌یی، برسێتی، جه‌نگ) ده‌ناڵێنێت. هه‌ربۆیه کارێکی ئاسایشه گه‌ر ئه‌ده‌بیش تیشکی هه‌ره‌زۆری له‌م کێشانه به‌ربکه‌وێت. ئه‌مڕۆ سه‌رمایه‌داری جیهانی ، هه‌موومانی کردۆته ئامێرێک ، که‌ته‌نها کارمان خزمه‌تکردنیه‌تی و هیچی تر. مرۆڤ و به‌هاپیرۆزه‌کانی دواهه‌مین شته که‌جێگای گرنگی ئه‌م سیسته‌مه جیهانیه بێت.
وه‌لێ پێم خۆشه دواهه‌مین قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌م باسه ئه‌وه‌بێت، ڕاسته ئه‌ده‌ب به قۆناغێکی حه‌ساس و ترسناک دا ده‌ڕوات ، وه‌لێ هیچ کاتێک له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ، که مه‌رگی ئه‌ده‌ب پێش مه‌رگی مرۆڤایه‌تی بیبین ، چونکه هیج کاتێک مرۆڤ به‌بێ ئه‌ده‌ب ناژی.
—————-
سه‌رچاوه‌کان :
1. تیۆری رۆمان . له‌فارسیه‌وه. محه‌مه‌د که‌ریم ، ده‌زگای سه‌رده‌م . 2002 سلێمانی.لاپه‌ڕه5.
2. رۆمان چییه؟ . کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر. وه‌رگێرانی جه‌واد مسته‌فا. پێداچوونه‌وه‌ی هه‌ژار ره‌حیمی. ده‌زگای موکریان. چاپی یه‌که‌م. هه‌ولێر.2008 . لاپه‌ڕه.2تا5.
3. تیشکێک بۆ سه‌ر رۆمان . عه‌بدوڵ ره‌حمان مونیف. وه‌رگێرانی شیرین.ک. ده‌زگای سه‌رده‌م . چاپی یه‌که‌م. سلێمانی .2006. لاپه‌ڕه. 10
4. Michael Moore. Stupid white Men . Piper verlag.München.2001 . S120.
5. وانه‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه. گفتووگۆی جیانکارلۆ بۆرنتی له‌گه‌ڵ کارل پۆپه‌ر. وه‌رگێرانی شۆرش جوانڕۆیی. ده‌زگای سه‌رده‌م . سلێمانی 2001 . لاپه‌ڕه. 55.
6. www.wikipedia.org.Literatur
7. مفاتیح القرن الحادی والعشرین . مؤلف جماعی بادارة جیروم بیندی. تعریب حیادی ساحلی. عبدالرزاق الحلیوی. سعاد التریکی . بیت الحکمة. قرطاج . 2003 . ص.322.
8. هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه.318 .