(سەرنجێک لە بارەی بۆچوونێکی محمەد مسعود محمەد)
سەدیق سەعید ڕواندزی
ھەمیشە دەگوترێت: ( کوردەکان جگە لە چیاکان دۆستی تریان نییە ) ئەمە وەک گوزارشتێک لە پەیوەندی ڕوحی و سرووشتی نێوان مرۆڤی کورد و شاخ بەکار دێت. شاخەکان، کە وەک دۆستەکانی دیکەی کورد لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕۆژ دۆستایەتی کورد ناکەن و خاوەنی ئاکاری جێگیری خۆیانن و ناگۆڕێن، ھەمیشە پەنا و لانەی ئێمە بوون و لە ڕۆژگارە ھەرە سەخت و دژوارەکاندا، کە کەسێک داڵدەی نەداوین و ھەستی مرۆییان بەرانبەرمان نەجوڵاوە، ئەوان پەنایان داوین و بە ھانامانەوە ھاتوون. مەگەر شاخی شنگال، ھەزارەھا ئێزیدی لە چڕنۆکی ئیسلامییە داعشە بەربەری و تیرۆرستییەکان ڕزگار نەکردوو نەبووە فریادرەسیان؟ بۆیە شاخەکان، خۆشەویستییەکی تایبەتیان لای مرۆڤی کورد ھەیە و لە سۆنگەی ئەو خۆشەویستییەشەوە، ھەزاران کەس بە ناوی ( ھەندرێن ، زاگرۆس ، ئارارات ، سورێن ، شنڕوێ ، دابان ، زمناکۆ، مەتین ، گارە، شیرین، ئاگری، ئەلبۆرز، ھەڵگۆرد ، کارۆخ، ژیلوان، سورکێو، ئاراسن، بەمۆ ، ئاسۆس ) کراون. بۆیە شاخ پانتایەکی گەورەی لە ھزری مرۆڤی کور بە گشتی گرتووە و جۆرێک لە گەورەیی و پیرۆزیی و شکۆمەندی لای ئێمە ھەیە. شاخەکان، ڕەمزی خۆڕاگریی و ھێز و پە ناو وەستانەوە بوونە لە بەرانبەر نەیارەکان و وەک فیگەرێک ھەمیشە لە دنیای شیعری شاعیراندا، وەک تیمەیەکی شیعری بەرجەستەکراوە. پەیوەندی مرۆڤی کورد و شاخ، پەیوەندییەکی دێرینە، بە پێی سەرچاوە مێژوویی و ئەریکۆلۆژییەکان، کوردەکان سەرەتا و بۆ یەکەم جار، لە بناری زنجیرە چیای زاگرۆس دەرکەوتوون و ژیاون، بەمەش شاخ دەبێتە یەکەم لانکەی سەرھەڵدانی مرۆڤی کورد و مێژوو شوناسەکەی، ڕەنگە ھەر ئەمەش بێت، ئەو پەیوەندییە توندوو ڕوحیەی لە نێوان مرۆڤ و شاخەکاندا لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری ئێمە دروست کردبێت. ھەمیشە و بە ئێستاشەوە، مرۆڤی کورد وەختێ ژینگەی ئالۆَز و جەنجاڵی شارەکان جێدێڵێت و دەچێتە شاخ، ھەست بە حەسانەوەیەکی گەورەی دەروونی و ڕوحی دەکات و سوارە ئێلخانی زادەش، لە شیعرەکەیدا کە دەڵێت بڕۆم لە شارەکەت، زۆر جوان گەڕاوەتەوە نێو سرووشت. مرۆڤی کورد، شاخی وەک ھاوڕێ و ھاودەمێکی خۆی بینیوە و ھەمیشە وەک پەنایەک و پەسیوێک، فریادرەسێک سەیری کردووە، لێرەوەش شاخ لە پانتایەکی سرووشتییەوە، دێتە نێو ڕووبەری ئەدەبیات و ھونەر و دەبێتە فیگەر و تیمەیەکی دیاری دەقی ئەدەبی. لە ئەدەبیاتی ئێمەدا، شاخ ئەو ڕەھەندە سرووشتییەی خۆی کە ھێمای جوانی سرووشت و ژینگەیە، تا ڕادەیەکی زۆر لەدەست دەدات و شوناسێکی دیکەی سیاسی لە پاڵ ئەو شوناسە سرووشتییە پێ دەدرێت، کە ئەویش وەک ڕەمزی خۆڕاگری و مانەوەی گەلێکی بێ پشت و پەنا، لە ڕەوڕەوەی ژیانی مرۆڤایەتی دەبینرێت، بۆیە بەدرێژایی مێژووی کورد، لە پای ئەو ڕۆڵە سرووشتی و خۆپارێزیی و خۆڕاگریی و جوانییەی چیا لە ژیانی ئێمەدا ھەیەتی، بەردەوام چیامان خۆشدەوێت و وەک سیمبولێکی بەرز و جوان و بە شکۆ سەیری دەکەین. بڕواناکەم لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بە درێژایی مێژوو، کوردێک ھەبووبێت ڕقی لە چیا بوو بێت، ئەم سرووشتە شاخاویی و ڕکییەی کوردستان ھەیەتی، ئەم ئاوھەوا بەستەڵەکی و ساردو سڕەی لە سرووشتی کوردستان ھەیە، ئەم ھەموو داخراویی و دابڕاوییەی بە ھۆی ژینگەی شاخاوییەوە لە نێوان پارچەکانی دیکەی کوردستان ھەنە، ھەرگیز نەبوونەتە ھۆکاری ئەوەی ئێمە ڕقمان لە چیا بێت و وەک بەلاِیەک بیبینین، چونکە دەزانین مانەوەمان پەیوەستە بە چیاوە، بۆیە وەک کوردێک کاتێ لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، لە بەرنامەیەکی کەناڵی ڕووداو دا، گوێبیستی (محمەد مسعود محمەد) بووم کەوتی :_ ( وڵاتی شاخاوی بەڵایە ) بە ڕاستی تاسام و تووشی شۆک بووم، ئاخر یەکەم جارە، لە سەر زاری کوردێکەوە، وەک کوردێکیش گوێبیستی ئەوە دەبم، کەسێک ڕقی لە چیا بێت و وەک بەڵا بیبینێت. چیایەک کە چەند ساڵێکی کەم لەمەوپێش، بووە پەنایەکی ئارام و فریادرەسێک بۆ ڕزگارکردنی ھەزارەھا ژن و منداڵ و پیری ئێزیدی، لە دەست تیرۆرستانی داعشی ئیسلامی. من کاتێ گوێبیستی ئەو قسەیە بووم، ژیلوان، کارۆخ، پیرە مەگروون، ئاگری و ئەلبورز، ئەزمەڕ و گۆیژە، قۆپی قەرەداغ، دابان و ھەلاج، قەندیل، باواجی و خاڵاخاڵان و ئاسنگەران و چەکوچم ھاتنە بەرچاو. محمەد مسعود، کە لە بەرنامەکەی ڕووداودا ئەم قسە سەیر و نامۆیەی بە مێژوو، کولتووری کورد کرد، پاساوی بۆ ئەو وەسفەی شاخ ئەوە بوو، کە گوایا وڵاتی شاخاویی دەیان نەتەوە و تیرە و ھۆزی جیای ھەیە، بۆ ئەم مەبەستەش نموونەی بە وڵاتانی قەققاز ھێنایەوە و گوتی:_ ( لە قەفقاز ھەردۆڵە و تیرە و نەتەوەیەکە، ھەر شاخێکە و ھۆزێکە) بێگومان ڕاست دەکات، بەڵام ئەوەی خۆی لێ بواردوو وەڵامی نەدایەوە و زانیاریی لە سەر نەبوو ئەوە بوو، کە ئایا وڵاتانی قەفقاز سەد وڵاتن؟ سەد ئاڵا و وڵات و نەتەوەیان ھەیە؟ بێگومان نەخێر، وڵاتانی قەفقاز، تەنێ جورجیا و شیشان و ئازەربایجان و ئەرمینیان، واتا تەنھا چوار وڵات، بۆیە ئەو شڕۆڤەی ئەو کردی، لە پەراوێزیی مێژووناسی و زمانناسی، لە ڕاستیدا بێ ئاگایە لەو دوو بوارە، چونکە ئەم سرووشتە شاخاوییە و ئەو پێکھاتە ئاڵۆز و ئەتنیکییە، نەبۆتە ھۆی ئەوەی کە وڵاتانی قەفقاز پەرت و لێکدابڕاو بکات، ئەمە بۆ کوردستانیش ھەر وایە. ھەورامانی نێوان باشوور و ڕۆژھەڵات، کوردستانی لێک جیا کردۆتەوە یاخود بوونەتە شوناسی کوردستان بە گشتی؟ چیاکانی شاناخشێ، سەفرە و زەروون، دلانپار، بوونەتە لە نێوبردنی ئینتمای کوردبوون، یاخود ھەر کاتێک ناویان دەبیستین، کوردستانمان لا خۆشەویستر دەکەن؟ ئەم جۆرە بیرکردنەوانە، ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان کورد و چیا، تێگەیشتنێکی نا لۆژیکی و نا سیاسی و نا مێژوویە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤی کورد و چیاد،.ناوبراو ھەر لەو بەرنامەیەدا، قسەی سەمەرەی دیکەی کرد، کاتێ گوتی زۆربەی ئەوانەی دەبوونە پێشمەرگە، لە ترسی سەربازی بوو، نەک ئینتمای کوردایەتی و خەبات، گەرچی یەکێک لە ئامادەبووان بە توندی وەڵامی دایەوە کە ئەو کاتەی ئەو بۆتە پێشمەرگە، ھەر ناویشی بۆ سەربازی نەھاتووە، بەڵام بەداخەوە محمەد مسعود بە جۆرێک شکاندییەوە و تووڕە بوو، کە دەرفەتی زیاتری پێ نەدا قسەی زیاتر بکات، ئەمە لەکاتێکدا کوڕی بیرمەندێکی وەک مسعود محمەدت، کە بەو پەڕی سنگفراوانی و ھزرییەوە، مناقەشەی مارکسیومی دەکرد !.
* ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە ( ١٤٠٠ ) ڕۆژی ١٣/٨/٢٠٢٤ بڵاو کراوەتەوە.
Discussion about this post