نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
بێگومان شەڕو ئاڵۆزی و ئاریشەکانی خورماتووش بەشێکە لە کۆی قەیران و ئاڵۆزیەکانی عێراق و کوردستان بەھیچ کلۆجێک لە یەک جیاناکرێنەوە ئەگەر بەدوای چارەسەرا بگەڕێن بۆی دەبێت بە یەک پاکێج ھەموو کێشەکانی حوکمڕانی لەم وڵاتەدا یەکلا بکرێتەوە .
ئەگەر ھەمووان ئومێدو ئاواتەکانیان لەسەر ڕووخانی ڕژێمی پێشوو کەڵەکە کردبوو کە بە کۆتایی ھاتنی ئەو ڕژێمە ھەموو کێشەو قەیرانەکان ئۆتۆماتیکی چارەسەر دەبن و ئیتر گورگ و مەڕ بە یەکەوە ئاو دەخۆن بەڵام پێشھات و ڕووداوەکان پێچەوانەی ئەوە دەرکەوتن .
وادیارە ئەو عێراقەی کە کاتی دامەزراندنی چۆن بە دەر لە خواستی پێکھاتەکانی بەیەکەوە لکێنرا ئێستاش لە دوای نزیکەی سەدەیەک لە پێکەوەژیانی زۆرە ملیانەی ئەو پێکھاتانە ھێشتا ھیچ بنەمایەکی ھاوبەشیان نیە بۆ پێکەوەژیان و چارەنووسی ھاوبەش .
بەڵێ قەیرانەکانی حوکمڕانی لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دووپاتی ھەمان بۆچوونمان بۆدەکەنەوە ئەگەر لایەنە تائیفی یەکان بە ناوی حکومەتی تکنۆکرات و ڕیفۆرمەوە دەیانەوێت ئیرادەو ھەژموونی خۆیان بەسەر لایەنەکانی تردا بسەپێنن بە دەر لە دەستوورو یاساکان کێ گرنتی ئەوەمان پێدەدات کە دکتاتۆرییەتێکی مەزھەبی بەسەر پێکھاتەکانی تردا ناسەپێنن ؟
لە ووردبوونەوە لەم ڕووداوانەی کە لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم و زۆر ناوچەی تری عێراق کە پێکھاتەکان تێکەڵاوی یەکترن و بەریەک کەوتنیان ھەیە زۆر حاڵەتی ڕاگواستن و پاککردنەوەی ئەتنیکی ڕوویداوە ھەر لە پشتێنی بەغدادو پارێزگای دیالەو بابل و شوێنەکانی تریش کە بارگاوی کراون بە ناکۆکی تائیفی و دامەزراندنی دەیان میلیشیا بە ناوی حەشدی شەعبی جۆراوجۆر بە چەکو جبەخانەی زۆرەوەو دابینکردنی بوودجەیەکی زۆر لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە بۆیان ھەموو ئەوانە پیشانی دەدەن کە ئەوفاکتەرانە کەرەسەیەکی تەواون بۆ شەڕێکی ناوخۆیی تائیفی و ئتنیکی خوێناوی تر لە نێوان پێکھاتەکانی عێراقدا دوای تەواو بوونی شەڕی داعشیش .