سەدیق سەعید ڕواندزی
لە دوای تێکچوون و پاشگەزبوونەوەی ڕژێمی بەغدا لە ڕێککەوتننامەی یانزەی ئازار و دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداری، ژمارەیەکی بەرچاو لە ھونەرمەندە گۆرانیبێژ و مۆزیکییەکان، پەیوەندییان بە شاخەوە کردەوە. ئەو ھونەرمەندانە، لە گوندی وەسانی دۆڵی باڵەیانی سنووری قەسرێی ڕەنگین، سەرلە نوێ دەستیان بە ڕێکخستنەوەی ھونەر و سروودی بەرەنگاریی کوردی کردەوە و چەندان بەرھەمیان لە باوەشی ئەو شاخانە، کە ھەموویان ھاندان و بەرزکردنەوەی گیانی پێشمەرگە و بەرگریکردن بوو لە خاکی پیرۆزی کوردستان وەک ئێمە (پێشمەرگەین بە دەنگە زوڵاڵەکەی فواد ئەحمەد) بە کەرستەی سەرەتای و دوور لە ھەموو ستۆدیۆ و ئامێری پێشکەوتووی دەنگ تۆمارکرد. ئەو سروودانە، ئێستاش لە ئەرشیفی ھونەری کوردی وەک سەرمایەکی مێژوویی گەورە ماونەتەوە. بەم شێوەیە ھونەر و ئەدەب، شانبەشانی پێشمەرگە لە سەنگەربوون. سەردەمانێک لە کۆتایی ھەفتاکان و سەرەتای ھەشتاکان، بەعس لە بەرسروودەکانی حەمەجەزا، مرۆڤی کوردی لە سێدارەدەدا، ئەردەوان و ئەیاز زاخۆیی شەھید دەکردن، چونکە دڵنیابوو لە کاریگەریەتی ھونەری کوردی بە سەرگیانی نەتەوەیی و نیشتمانی مرۆڤی کورد.

ئێستا کە ھونەری گۆرانی کوردی بەراورد بەو قۆناغە دەکەین، چی دەبینین؟ بێگومان ھونەرێک دوورلە ھەموو جۆرە پەیامێک وجوانییەک، دوور لە ھەموو چێژومانەوەیەک مەگەر بە دەگمەن. سەیرم پێدێت لە ھەرێمێکی بچووکی وەک ئێمەدا، ئەو ھەموو لەشکرە گۆرانیبێژە ھەبێت و گۆرانی بڵێت. سەرنج بدەن، ھەموو عێراق یەک کازم ساھری ھەیە، ھەموو فارس یەک موعینی ھەیە، ھەموو تورک یەک تاتلیسازی ھەیە، بگرە ھەموو جیھان، لە ڕۆژھەڵاتییەوە بۆ ڕۆژئاوا، لە باشوورییەوە بۆ باکوور، یەک شاکیرای ھەیە. کەواتە چۆن دەبێت میللەتێک ھەمووی گۆرانیبێژبێت؟ ئاوازدانەرە گۆرانی دەڵێت، نەی لێدەدات گۆرانی دەڵێت، سیناریستی کلیپەکانە گۆرانی دەڵێت، دەرھێنەرە گۆرانی دەڵێت! لە ھەمووشی کارەساتترھونەرمەندی کورد لە بری ئەوەی ھەموومان فێری ئەوە بکات خاک و نیشتمانمان خۆشبووێت، لە بری ئەوەی منداڵەکانمان فێری پەروەردە وگیانی مرۆیی و نەتەوەیی بکات، لە بری ئەوەی ڕابردووی پڕ ڕەسەنایەتی ھونەری کوردیمان پیشان بدات، لە بە ناو بەرنامەکان دێت فێری چێشت لێنانمان دەکات و پیشانمان دەدات کولەکە چۆن لە ڕۆن سووردەکرێتەوە؟ زەڵاتە چۆن دروست دەکرێت؟ ھونەر پەیامێکە لە خزمەت مرۆڤایەتیدا. دەبێ ھونەربە ھەموو ژانرە جیاوازەکانییەوە، ئەوەندەی تر ژیانمان لاجوان و نەخشینتر بکات. دەبێ فێری ھەموو ئەوخەسَڵەتانەمان بکات، کە ڕەنگبێ خاوەنی نەبین، چونکە ھونەرمەندان لە توێژە ھوشیار و ڕۆشنبیرەکانن. دەبێ کاریگەریەتی لە سەرژیانمان دابنێن، نەک ھیچ جیاوازییەکی دیکەیان نەبێ لەگەڵ کەسانی ئاسایی. ئاخر نیشاندانی ھونەرەکانی چێشت لێنان وچۆنیەتی فێربوونیان، کاری شێفەکانە نەک ھونەرمەندان! ئەوان دەبێ فێرمان بکەن ھونەر چۆنە، چۆنیش لە خزمەت ھەموواندایە. چۆن ھونەر بە نەمری دەمێنێتەوە و لە گەڵ ھەموو قۆناغ و سەردەمەکان دەڕوات.
ھێشتا گەنجێکی تازە پێگەیشتوو بووم، گوێم لە گۆڕانییەک دەبوو بە ناوی (ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش) کە یەکێکی قژ و سمێڵ زەرد و چاو خورمایی کەشخە دەیگوت. وشەکانی ھەڵوەستەیان پێ دەکردم و پرسیاریان لا دروست دەکردم، چۆن ئاگر بێ خۆڵەمێش دەبێت؟ چۆن ئاگرێک ھەیە تا ھەتایە ھەر بڵێسە دەدا و نابێتە خۆڵەمێش؟ ئەی بۆچی گوڵی ئەوی لە ژێر پێ داناوە؟ بۆچی ئەو ئاگرە لە دڵی ئەو کڵپەی یاوە؟ کێ ئاگری خستۆتە دڵی ئەو؟ بۆ دەبێت کچێک ھێندە دڵڕەق بێت، قژی زەردی خۆی بکاتە زنجیر و لە دەست و قاچی ئەم بئاڵێنێت؟ بێ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانەم لابێت. کە گەورەتر بووم، ئیدی زانیم ئەم گۆڕانیبێژە دەنگ زوڵاڵە (محمەد عەباس بارام )ە. لە دوای ئەو گۆڕانیەش، خۆی بۆ ساڵانێکی دوورو درێژ ون بوو، بەڵام گۆرانیەکەی ھەرمایەوە و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵ و زەمەنەکان لە بیر نەکرا. دواجار دەرکەوت کە لە ھەندەران و لە وڵاتی سکۆتلەندا دەژیت. بە درێژایی ئەو ھەموو ساڵانە و دەرکەوتنی سەدان بە ناو گۆرانی و گۆرانیبێژ، ئەم گۆرانییە لە یادەوەری چەندین نەوە کاڵ نەبووەوە، بگرە ھەر کاتێک گوێی لێ دەگرین، وەک ئەوە وایە بۆ یەکەم جار بێت گوێ لەوگۆڕانییە پڕ مانایە بگرین . ئەمە بۆچی وایە؟ بێگومان چونکە ھونەری دوێنێ ھەڵگڕی پەیامێک و گوتارێک بوو. گۆرانی دوێنێ، لە ڕووی شیعر و ئاوازو وتنەوە لەو پەڕی داھێنان بوو، وێرای ئەوەی ھیچ کەرستە و پێداویستیەکی ھونەری ئەوتۆش نەبوو.
ئێستا بە ناو گۆرانیبێژ ھەیە، بە دەیان فرت و فێڵی ھونەری و ئامێر و مایسترین وستۆدیۆوە، کەچی ھێشتا کە گۆرانی دەڵێت وەک ئەوەی تەنەکە لێ بدات وایە. بە سەدان گۆڕانبێژی گەنجی ئەو سەردەمە، ناتوانن گۆرانیەکی وەک ئەمەی محمەد عەباس بەھرام، یان ئەمیرەکەمی فواد ئەحمەد بڵێنەوە. ھەڵبەتە دەتوانن لاساییان بکەنەوە، بەڵام کەی لاساییکردنەوە داھێنانێکی تێدایە؟ ھونەری ڕەسەن ، ھونەرێک کە لە خزمەت مرۆڤ و کۆمەڵگەکەی دابێت، تا ھەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە، وەک ئەو گۆرانیە، کە ھەرگیز بڵێسەکەی خامۆش نابێت. ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش، ھۆنراوەکەی ھی شەھید (بەرزان عوسمان) و ئاوازەکەشی ھی ھونەرمەند خۆیەتی. ئەم ھونەرمەندە، بە داخەوە لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا دواجار وەک ھەر نەخۆشێکی دیکە، کە ئەو نەخۆشییە کوشندەیە دەگرن. لە شەڕی شێرپەنجەدا دۆڕاو کۆچی دوایی کرد، بەڵام ھونەرەکەی، دەنگە ڕەسەنەکەی بۆ ھەتاھەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە و ئاگرە بێ خۆڵە مێشەکەشی بلیچسەکەی ھەرگیزاو ھەرگیز خامۆش نابێت,
































































سەدیق سەعید ڕواندزی







Discussion about this post