مەسعودی مەلا ھەمزە: دوابەدوای دەستەبەرکردنی چەند مافێک بۆ ھونەرمەندان و گەڕاندنەوەی کۆشکی ھونەر بۆ ھونەرمەندانی ھەولێر و وەرگرتنی پشک لەپرۆژەی ئارت ستی، لە ئێستادا سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان ئاگاداری گشت ئەندامانی دەکاتەوە کە پابەند بن بە ئەندامیەتیان لەو سەندیکایە ئەویش بەپێدانی ئابوونەی ساڵانە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان ھاتووە کە ئەنجومەنی سەندیکای ھونەرمەندان ئاگاداری سەرجەم ئەندامانی دەکاتەوە کە پابەندبن بە دانی ئابوونەی ساڵانەو داواش لە سەرجەم ئەندامانی سەندیکا دەکا کە بەزووترین کات ئابوونەی ساڵی ٢٠١١ بدەن، وەک ئەوەی لە پەیڕەوی ناوخۆی سەندیکا ھاتووە کە دەبێ ھەموو ئەندامێک پابەندی ئابوونەدان بێ”.
ھەر لەو راپۆرتەدا ھاتووە کە سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیوەو دەزانێ کە بە بەردەوامی خزمەت بە ھونەرمەندان بکاو بەردەوام وەک داکۆکیکارێک لێیان کاربکا، کارەکانی رابردووی سەندیکاش باشترین گەواھیدەرن و راشیدەگەیەنن کە بەردەوام دەبن لەو خزمەتە، بە تایبەتی ھەردوو پرۆژەیاسای مافی ھونەری ھونەرمەندان و سندوقی خانەنشینی ھونەرمەندان”.
لەکۆتابەشی راپۆرتەکەی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان ھاتووە کە سەندیکا داوا دەکا بۆ پابەندبوونی ئەندامان بە سەندیکا پیشەییەکەی خۆیان پێویستە ساڵانەو لەکاتی دیاریکراو ئابوونەی ساڵانە بدەن، بە پێچەوانەوە مافی ئەندامیەتیان لەو سەندیکایە نامێنێ وەک ئەوەی لە پەیڕەوی ناوخۆی سەندیکاکە ھاتووە”.