ئاکامی نھێنییەکان – لەو زنجیرە درامایانە بوو کە جارێکی دیکە بینەری ئێمەی بەرامبەر ئاستی درامای کوردی دووچاری جۆرێک لە رەشبینی کردەوە , رەنگە بەرھەمەکە لەو ئاستەدا نەبێت کە توێژینەوەیەکی رەخنەی بۆ بکرێت چونکە ھەر بینەرێکی سادە بەھۆی ئەو ھوشیارییەی لە رێگەی بەسەرکردنەوەی دراماکاندا پەیدای کردووە زۆر بە ئاسانی بتوانێت درک بە کەموو کوڕییەکانی بکات , بەڵام من پێم باش بوو لە پێودانگی ئەو درامایەدا پەنجە بۆ ھەندێ باری سرنج درێژ بکەم کە پەیوەستن بە ھونەرمەندە دراما کارەکان ,.
بینەری ئێمە کە ھەمیشە بەپەرۆشەوە لە چاوەڕوانی لە دایک بوونی بەرھەمێکی کوردییە قەت ئاواتی ئەوە ناخوازێت کە ئەو بەرھەمە خەونەکانی لە بار بچوێنێ , یا بە سەقەتی بیبینێ , وەک چاویشی بەرایی نادا ببینێ ھونەرمەندە دراما کارەکانی شکست دێنن و حیساب بۆ کەسایەتی و ئەرشیفی رابووردووی خۆیان ناکەن , لە بری ئەوەی ئیزافەیەکی نوێ بخەنە سەر داھێنانی پێشوویان , ئەوەی ھەشییانە بە سووک و سانایی لە دەستی دەدەن , بە نرخێکی زۆر ھەرزان , کە رەنگە ھاتنە پێشەوەی دەرفەتێکی تر بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیە کەم ھەڵکەوێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو ھونەرمەندە ئەو متمانەیە لای بینەر دروست کاتەوە کە بە ماندوو بوونێکی زۆر دروستی کردبوو . .. من ئێستاش نازانم بۆچی ھونەرمەندێک کە متمانە لای بینەر دروست دەکات چۆن ئاوا بە سووک و سانایی جورئەتی ئەوە دەکات لە دەست خۆی بدات ؟!ئایا ھۆکارەکان چین ؟ ناوداریەتین , یان پرسە ماددییەکان ؟ ھۆکارەکان ھەر چیەکبن , چەند ئەوەندەی لێواو لێو بن لە موغرەیات , بەڵام بای ئەوەندە نین کە ھەوادارەکانی خۆت بێ ئومێد کەیت , بە شێوەیەک ئەوان دڵیان بۆت بسوتێ , بەڵام تۆ دڵت بە خۆت نەسووتێ ..
حەیدەرعەبدولڕەحمان