زانا دڵشاد دزەیی: ئاڤان عوسمان، ساڵی ١٩٩١ لە سلێمانی لەدایکبووە و ئێستاش ھەر لەو شارە نیشتەجێیە، دوای بەشداریکردنی لە زیندووکردنەوەی گۆرانییە کۆنەکان لەگەڵ گروپی نەوای ھەولێر، بۆ (سڤیل) دەڵێ “ئەوکاتەی دەچم بۆ بازاڕ گۆرانییەکانی خۆم گوێ لێ دەبێ شەرمێکی زۆر دامدەگرێ، چونکە لەوکاتەدا وا ھەست دەکەم ھەموو دنیا سەری من دەکات”.
ئاڤان عوسمان، ئەندامی گروپی کیژانی سلێمانی و گروپی نەوای ھەولێرە، ژەنیاری ئامێری چەلۆیە، دوای سەرکەوتنیان لە گوتنەوەی ھەندێ لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان، بەلەگەڵ گروپی نەوای ھەولێر و ھونەرمەند فەرھەنگ غەفوور، جگە لەکەناڵەکان، بەردەوام لەنێو دوکانەکانی بازاڕ و سەنتەرەکانی فرۆشتنی سێدی ھونەرمەندان پەخشدەکرێ، لەو بارەیەوە ئاڤان لە لێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) گوتی “کاتێک دەچم بۆ بازاڕ گوێم لە گۆرانییەکانی خۆم دەبێت شەرمێکی زۆر دامدەگرێ، ھەر لەخۆمەوە واھەست دەکەم ھەموو دنیا سەیری من دەکات، ھەستێکی سەیرە! بەڕاستی باوەڕم نەدەکرد کارەکەمان بەمشێوەیە سەرکەوتوو بێت”. فەرھەنگ غەفور سەرۆکی گروپی نەوای ھەولێر دەڵێ ” سەرەتا دە ھەزار نوسخەمان لێ چاپکرد لەبازاڕ نەمایەوە، ئێستا لە بازاڕ داوا دەکەن دووبارە چاپ بکرێتەوە”.
ئاڤان عوسمان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە گوتنەوەی گۆرانییە کۆنەکان بەردەوام دەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا حەز بە ستایلی نوێش دەکات، “لەبەرئەوەی لەگەڵ گروپی کیژانی سلێمانی و گروپی نەوای ھەولێر کار دەکەم، کارەکانی ئەو دوو گروپە زیاتر لەچوارچێوەی فۆلکۆر دایە، ئەگەرنا من وەک خۆم حەز دەکەم لە ستایلی تازەشدا کار بکەم، بەڵام ئیشی جوان”.
ئاڤان گوتیشی “حەز دەکەم گۆرانی تایبەت بەخۆم ھەبێ و کلیپ بکەم، بەڵام ھێشتا دەرفەتی ئەوەم بۆ دروست نەبووە، چونکە ئەوە بیرکردنەوە و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت، بەتایبەت بۆ کەسێکی وەک من، کە لە سەرەتای دەرکەوتن دام، دەبێ کاری جوان پێشکەش بکەم”.