ڕوحە قەتیسەکەم بمبورە
ئەزانم لەدەرنەچوونی تۆیا
من بەتاوانبار ئەزانیت
ئەزانم کەدەمێکە ئاوات ئەخوازیت
تاوەک خۆت .
بڕیاری ھەنگاوەکانم بەیت
ئەزانم چەندە تامەزرۆی
تا باوەشێک بەڕاستێکانا بکەیت
کەخۆشت ناوێن ئەزانم .
ئەتەوێ بەیەکجار لەزۆرانێکا
بەعەرزیا بەیت !
وەرە ..
وەرە و با بچین خۆمت نیشان دەم
لەسوچی ئەو ئاوێنەیەوە
کەدەمێکە کیژۆڵەکان
بۆ ژوانێکی سەر کانی
پرچیان لەپێشیا دانەھێناوە
لەپێش ئەو ئاوێنەیەی
کەلەئێمە ناچێ و گەورەترین گوناھت
بەڕودا دەکا.
ئەرێ ئاوێنە چۆنییە وا
لەم زەمەنەی ئێمەدا دەژی و
درۆیەک نازانی؟
ئەرێ بۆچی بانگێک لەکیژۆڵەکان ناکەیت و بڵێی
وەرن وەرن..
ئەو پرچە قەترانە قیرەتان دابێنن
ھیچ نەگۆڕاون بەجوانی ماون .
کاتێ دایدێنێ و تاڵە سپێکان
بەشانەکەوە دەبینێ .
دەڵێ ھاوار . تۆ کێیت
تۆ کێی خۆتم نیشان دەدەی
من واھاتم ! دەست بەڕومەتەئاڵەکەما بێنم و
پرچم داھێنم ..کوا لەکوێم
توخوا ئاوێنە پێم ناڵێی چۆن خۆم ببینم
دەمێکە چاوەڕێیم و رەنگە ئێستا
ھەر وەک ئەو کات (یار)دەرکەوێ
ئەرێ ئاوێنە تەریقەتێک نازانی ژیری کەیتەوە و
بلێی خانمەکەم من تۆ نیم
ئەم تاڵە سپییانە ھی تۆ نین
ئەم ڕوخسارە وشکە ھی تۆ نییە
ئاخر چی تێ ئەچی
تاوەک لەخەوی خەیاڵا بەئاگای نەھێنیتەوە
باھیچ نەبێ کانییە ئاوەکە لەتاریکستان نەچێ
لەترسی وشەی ڕەق وڕاستت
بۆنی کیژۆڵەکانی لێ نەبڕێ
ڕوحە قەتیسەکەم کەشایدحالی
ھێشتان دەتەوێ
بچینە دیداری ئاوێنەکەی سەرکانی .
جۆگەلە بگرن ..
فرمێسکەکان جۆگەلە بگرن و
گلەییەکانی ئەم ڕوحەم بۆ بێننە دەر
ھۆ فاڵچییەکان ھیچ تێ دەگەن
ئەرێ کەسێک ھەیە لەزمانی فرمێسک بگا .
دەی بھاژوو..
دەی بھاژوو و ڕامکێشە بەرەو ئەو دوێخانەی
مردۆکانی لێ دانیشتوون
بەرەو ئەو ماڵە وێرانەی
خەمی زیندووەکان ئەخۆن
دەی خۆتان بەرێ کەون وچیتر بەتاوانبارم مەزانن
ئالەوێش . لەپەنجەرە شکاوەکانەوە بڕوانن
ئەبینن کۆمەڵێک بۆ مزگەوت ئەچن
کۆمەڵێک لەگۆشەی مەیخانە کەوتوون
لەولاوەش کۆمەڵێک یا نەوەیەک لەئێمە ئەچوون و
لەقەبرسانەکەیا مردوون
ھەندێکش لەناوەڕاستا دانیشتوون و
بەسەرسوڕدانەکەیان بێت زۆر پڕن .
منیش لەبەتاڵیا ھەندێکیان لێ ئەکڕم
کوا کەسێک ..
کوا کەسێک لەم سەکۆی میحنەتە پاڵێکم پێوە نا
کوا فێڵبازێک کەمێ ڕاستیم لی بشێوێنی و
بەگومانم کا لەبونم .
ئای ڕوحە قەتیسەکەم . گەر خۆشم نەویستبای
ھیچ نەبێ لەچوونما سودێکم ھەبوو
ئابەم جەستە بێ جەستەیەم
چەن مێرویەکم تێر کردبوو .
ئای بۆ شەپۆلە ئاوێک
بەسەرما بێ و ئەو عیلمەی ساڵانێکە کۆی دەکەمەوە
وەک وردە لمێک لەقاچمەوە دەرچی وبەتاڵم کاتەوە
تاھیچ نەبی بەڵکو روحم
لەسەحرای گیانما ئۆقرە بگرێ
بەچەپڵەی منداڵ بەئاگا بێ
کاتێ ئەڵێن ھۆ ھۆ روو لەکوێ ئەکەی
من وا ئەڕۆم لەترسی خۆما
لەپێناسەم مەگەڕێن چونکە
ئێستام لەکۆتای ئێوە ئەچێت
من ھەر خۆم ئەزانم کێم
درۆیە ھەرچی ئاوێنە بیڵێت
سەلاحی گەرمیانی
١١/٢/٢٠١٢ ھەولێر