پایزە ئەحمەد
سەرلەسپێدان کە رادەبم
دڵم خولیای تیشکی خۆرە و
پەڵەهەورەکان بەریان گرتوە..
سەرلەسپێدان کە رادەبم
تامەزرۆی بینینی
چاوە شینەکانی ئاسمانم و
هەورە ئەبەنووسییەکان دیلیان کردوون،
بەرەو جێژوانی جاران هەنگاو دەنێم
رێگەکەم درێژ و درێژتر دەبێتەوە..
پێکێک شەراب هەڵدەگرم
وردوخاش دەبێ لە دەستم..
هەناسەیەک.. دووان.. سیان.. هەڵدەکێشم
ئۆخە ناکەم.. سییەکانم تەنگ دەبنەوە.
ئەی من چی بکەم، بۆ کوێ بڕۆم
کام پەناگە لە خۆم دەگرێ
لە کام جێژوان ئۆقرە بگرم؟؟؟؟
سازش لەتەک کامە هەور.. نامدۆڕێنێ؟
کام هەناسە.. نەرمە سۆزێک دەبارێنێ؟
کام پێکی مەی مەستم دەکا.. دەمفڕێنێ؟
دەی دەبا
ئەسپە سەرشێتەکانی ناخم بەرهەڵبدەم
سەنگەری چاوەڕوانیی
هەورە رەشەکان بەجێبێڵم،
دەی دەبا
لە باوەشی گەرمی تۆدا
بە پێکێک مەی تەڕببمەوە.. راببمەوە
لە هەناسەم گوڵ ببارێ
ئاوێزانی خۆرەتاوی خۆم ببمەوە.
١٠\٦\٢٠١٢ – لەندەن