خۆشەوی ھیرانی
کورد وەک نەتەوە خاوەن ھونەرێکی تایبەت بەخۆیەتی وەک ھەر نەتەوەکانی تر کە تەواو لە گەڵ سەماو نەریتەکانیدا وەشاوەتەوە ئەویش ھونەری مۆسیقا و گۆرانیە ، مۆسیقا شتێک نە بوە کە کورد لەسەرەتاوە نەی ناسیبێت بەڵکوو خاوەن چەند ئامێرێکی تایبەت بەخۆی بووە بۆیە دەنگ بێژی و گۆرانی چڕین لەنێو کورد دا مێژووێکی کۆنی ھەیە ئاوازە کوردیەکان وەک ھەر نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست لەسەر مەقامەکانی بەیات حیجاز رەست سێگا عەجەم ھتد
گوتراوە جگە لەوەش توانیویەتی داھێنان لە شێوازە مەقامیەکانیشدا بکات بە نموونە لە بەیاتدا مەقام خاوکەر و کورد مەقام ئائای و قەتارە و ئەڵا وەیسی چەندین گۆرانی بەو شێوازە تۆمار و بڵاوکراوە ھەیە بەشێک لەو بەرھەمانە بە زۆر گوتنەوەی دەنگ بێژەکان تا ئەو سەردەمەش ماونەتەوە بە شە زۆریەکەشی بەداخەوە وەک باسی لێوەدەکەن بەھۆی نەبوونی ئەرشیفێکی باش و زیندوو ھێشتنەوەیان فەوتاون کەزۆرێک لەو ھونەرە ئێستا بۆتە موڵکی نەتەوەکانی وەک تورک و فارس کە ئەوان لەو بابەتە ئارەزووی زۆرتریان ھەبووە ئەوەش بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی کە خۆیان بۆ مۆسیقا و گۆرانی میللی نوسیویانە.
ھونەری مۆسیقا و ئاوازی کوردی شێوازەکەی وای کردووە لە گوێی نەتەوەکانی غەیرە کوردیش ھەزم ببێت و چێژی لێ وەربگیرێ ھەر بۆیە ئاوازەکانی بەزمانە جیاجیاکان گوتراینەوە کە بەداخەوە بەشێک لەو ئاوازانە تائێستاش بە موڵکی خۆیانی دەزانن بەردەوام ئیشی لەسەر دەکەن وەک ھونەری میللی سەیری دەکەن ئەوە بۆ ئەو سەردەمە تاڕادەیەک دەکراو ئاسانیش بوو چۆن ئەوکات وەک ئێستا جیھان بچوک نەبوو دەکرا بە ھی خۆتی بزانی لەکاتێکدا تۆ ھەوڵی گێڕانەوەی نەدەی بەڵام ئێستا میللەتانی دونیا ھەمویان پشت ئەستوور بە ھونەری لەمێژینەیان خاوەنی سەدان کار و بەرھەمی ناوازەن تەنھا ئێمەی کورد نەبێ کە خاوەنی یەک دونیا ھونەری خۆمانین نەمان توانیوە کەڵکی لێوەر بگرین. ھەر زوو دەستمان بردە وەرگێڕان و وەرگرتنی ئاوازی بیانی کە بەم شێوەیەش نە دەتوانین خزمەت بەھونەرو مۆسیقای خۆمان بکەین نە دەشکرێ ئەو ئاوازانە بەھی خۆمانی بزانین چونکە ئێستا ھەموو ئاوازێک و گۆرانیێک خاوەنداریەتی. دەکرێ ناتوانی وەک ھونەری خۆت ئەرشیفی بکەی خزمەتی خەڵکی خۆتی پێبکەی بۆیە تازووە بابگەڕێینەوە سەر ڕێچکەی ھونەرەکەی خۆمان و بە ئاواز و مۆسیقا پڕ خرۆشەکانی خۆمان بیبەنەوە بە پێشەنگی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و لەگۆڕانکاریە جیھانیەکانیشدا تەکانبەین و کوردانە داھێنانی تێدابکەین ئەوکارەش شتێک نیە کەنەتوانین .