هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ئەژدەر وەهبی) لە لێدوانێکی دا رایگەیاند : بە مەبەستی سازدانی چەند ئاهەنگێک سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا دەکات، هەروەها بەنیازە کار بۆ بەرهەم هێنانی ئەلبومێکی تازەی گۆرانی بکات.
لەمبارەیەوە هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ئەژدەر وەهبی لە لێدوانێکی دا بە رۆژنامەی “هەولێر”ـی راگەیاند : “بە مەبەستی سازدانی چەند ئاهەنگێک لەوڵاتی ئەڵمانیا، لەچەند رۆژی داهاتوودا بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێدەکەوم، کە وابڕیارە ئەو ئاهەنگانە بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی (2011) زانینی رێک بخرێت بۆ رەوەندی کورد لە تاراوگە”.
(ئەژدەر) گوتیشی : “ژمارەی ئەو ئاهەنگانەی سازی دەکەم بریتیە لە (3) ئاهەنگ لەچەند شارێکی جیا جیا لەوڵاتی ئەڵمانیا، ئەو ئاهەنگانە هاوڕێ لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیکەی گۆرانیبێژ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە رێکدەخرێت، کە تائێستا بەتەواوی یەکلای نەبۆتەوە ئەو هونەرمەندانە کێن بەشداری دەکەن لەگەڵ من”.
دەربارەی دەنگۆگۆی گەڕانەوەی بۆ دەرەوەی وڵات و جارێکی دیکەى لەوێ ژیان بەسەر ببات؟ (ئەژدەر وەهبی) گوتی : “نزیکەی دوو ساڵە بڕیاری هاتنەوەم داوە بۆ کوردستان و ئێستاکەش هەر لەشاری هەولێر دەژیم و بەنیازی ئەوە نیم جارێکی دیکە لە هەندەران ژیان بەسەر بەرم، بەڵام جارە جارە ئەگەر بۆ ئاهەنگێک یاخوود کارێکی هونەری سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەم و پاشان دەگەڕێمەوە بۆ کوردستان”.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی دا (ئەژدەر وەهبی) هونەرمەندی گۆرانیبێژ گوتی : “کۆمەلێک بەرهەم هەیە لەلام خەریکە کۆیان دەکەمەوە، هەندێکیان کاری ئاواز و هەڵبژاردنی تێکستەکانیشی تەواو بووە، تەنیا ماوە کۆیان بکەمەوەو دەست بکەم بەکاری ئامادەکردنی موزیک و تۆمار کردینان لە ستۆدیۆ، بەو هیوایەم دوای ئەوەی لە دەرەوەی وڵات گەڕامەوە بۆ کوردستان دەست بکەم بەکاری ئامادەکاری بۆ گۆرانییەکانی ئەلبومی داهاتووم”.
(ئەژدەر) کە پارساڵ لە رێگەی پرۆگرامێکی هونەریی بەناوی (ئەژدەر شۆو) لە کەناڵی کۆرەکtv پێش کەشی کرد، دوای ئەو پرۆگرامە بەنیاز نیە پرۆگرامەکەی لەکەناڵێکی دیکە پێش کەش بکاتەوە؟ لەوەڵامدا گوتی : “لەدوای وەستانی پرۆگرامی (ئەژدەر شۆو) لەکەناڵی دیکەوە پەیوەندییم پێوە کراوە، بۆ پێش کەشکردنی پرۆگرامەکەم، بەڵام نەمویستووە پەلە بکەم، بەڵام ئەگەر هەر کەناڵێک بەو شێوەی کە دەمەوێ ئامادەکاری بکات بۆ پرۆگرامەکەم، من دەتوانم بە شێوەیەکی زۆر چاکتر جارێکی دیکە پرۆگرامەکەم پێش کەش بکەمەوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا