بۆ نمایشکردنى بەرهەمى ساڵى (گرووپى گەنج بۆ شانۆ)، ئامادەکارییەکانى شانۆگەرییەکە دەستیان پێکردووە، کە لە قۆناغى سەرەتایى کارەکەدا 40 کەس کار بۆ ئامادەکارییەکانى شانۆگەرى (سێوەکەى خۆم) دەکەن.
شانۆگەرى (سێوەکەى خۆم) کە لە نووسین و دەرهێنانى (کارۆخ ئیبراهیم)ە، بەرهەمى ساڵى (گرووپى گەنج بۆ شانۆ)یە. لە ئێستا رۆژانە قۆناغى مەشق و راهێنان 5 کاتژمێر بە دوو کاتى جیاواز لە لایەن 40 کەس لە ستافى شانۆگەرییەکە کارى لەسەر دەکرێت.
نووسەر و دەرهێنەرى شانۆگەرییەکە کارۆخ ئیبراهیم سەبارەت بە شانۆگەرى (سێوەکەى خۆم) گووتى: “سێوەکەى خۆم، لە سێوى هیچ کەسێک ناچێت، سێوێک نییە دوێنێ بۆ کەسێک مێخەک رێژ کرا بێت، یان کرا بێتە دوو لەت و هەر لەتێکى لاى کەسێکیتر بێت، یاخود سێوەکەى (ئادەم و حەوا)ش نییە کە بە هۆیەوە گوازرانەوە بۆ ناو قۆناغێکى پر لە ململانێ و ئاڵۆزى و جەنجاڵى، سێوەکەى خۆم… ناخى هەر تاکێکە کە بەردەوام لە گەیشتن و وەستاندایە، بیستنى ئاوازەکان و جووڵەى هەر یەکێک لە کەسەکان خانەیەکە بۆ پێکهێنانى سێوەکەى خۆم، لە کەسێکدا خانەکان دەبینن، ئەو کاتە هەست بە لە دایک بوونى سێوێکیتر دەکەن، هەست بە ناوئاخنى ویژدان و ئەو رەحمەى لێى لە دایک دەبین دەکەین”.
هەروەها دەرهێنەر سەبارەت بە ناوەڕۆک و رووداوەکانى نێو شانۆگەرییەکە گووتى: “کچێک شوو بە پیرەمێردێک دەکات، جیاوازى تەمەن و پەروەردەى منداڵى و هۆکارى کۆمەڵاییەتى و دەرئەنجامى شەڕو ئیستیغلال کردنى دەوروبەر و بەکارهێنانى بۆ مەرامە تایبەتیەکان، رووداوە یەک لە دواى یەکەکانى (سێوەکەى خۆم)ن”.
لەم شانۆگەییەدا هەر یەک لە ئەکتەرەکان (سەلام کۆیى، سایە حسێن، بەهمەن حاجى، دیار عومەر، سامان عومەر، هەردى ئەنوەر) رۆڵى تێدا دەبینن. هەروەها سەرپەرشتیارى گشتى کارگێرى و دارایى (ئاشتیڤان سەلام)ئەنجامیدەدات. یاریدەدەرانى دەرهێنەریش پێکهاتوون لە (رەگەز ئیسماعیل و کاریان شێرکۆ). هەروەها بەڕێوبەرى شانۆ (شوان کاوە)یە.
کارى پەیکەرسازی تایبەت بە دیکۆرى شانۆگەرییەکە لە لایەن هەریەک لە (سامان هیدایەت، کارزان ئەحمەد، رەنج ئیبراهیم، شێرکۆ سەڵاحەددین) ئەنجام دەدرێت. هەروەها (شیاو کەمال)مۆسیقاى کارەکەى داناوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەک لە (شیاو کەمال و هۆگر عەزیز) کارى دابەشکردنى موسیقا ئەنجام دەدەن، کە مۆسیقاى کارەکەش لە 22 تراک پێکهاتووە، بۆ ئەمەش بە شێوەیەکى ئەکادیمى و پرۆفیشناڵ بە بەشدارى 15 موزیکژەن و ئەندازیارانى دەنگى کارى موزیک ئەنجام دراوە.