دوو گۆرانی سۆرانیم گوتووە بۆئەوەی لە خەڵکی ئێرە نزیکبمەوە
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
ئالین، یەکێکە لەخانمە گۆرانیبێژە دیارەکانی کوردستانی رۆژئاوا، ساڵی ١٩٧٥ لەزاخۆ لەدایکبووە و لەسوریاش گەورە بووە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێ لەبەر مەسەلەی سیاسی ١٧ ساڵە کوردستانی جێھێشتووە و لەوڵاتی ئەڵمانیا دەژی. ئالین لەوێ دەستی بەگۆرانیگوتن کرد و دوو ئەلبوومی بڵاوکردۆتەوە، ھەفتەی رابردوو ئالین بۆ جاری سێیەم ھات بۆ کوردستان و (سڤیل) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجامدا و رایگەیاند، بۆئەوەی زیاتر لەخەڵکی ئێرە نزیک بێتەوە دوو گۆرانی سۆرانی ئامادە کردووە.
سڤیل: سەردانی ئەمجارەت بۆ کوردستان بەچ مەبەستێکە؟
ئالین: ھاتنی من بۆ کوردستان ھاتنێکی ھونەرییە، دوو کلیپ لێرە دەکەم یەکێک لەھەولێر ئەویتر لەزاخۆ، ھەروەھا چەند چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ئەنجام دەدەم، لەگەڵ ئەوەشدا چەند پڕۆژەیەکی ھونەریم ھەیە، بەڵام حەزناکەم ئێستا ئاشکرای بکەم لەم نزیکانە ئەنجامیان دەدەم، ھاتنی من بەگشتی ئەوە بوو، ئینجا دەمەوێت راوبۆچوونی خەڵک بزانم لەسەر ھونەر، بۆئەوەی بەمشێوەیەی ئەوان ئیش بکەم، ھاتم بۆئەوەی نزیکی میللەتی خۆم بم و میللەتی خۆم لەباشوور زیاتر بناسم.
سڤیل: چ جیاوازییەک دەبینی بەبەراورد لەگەڵ دوو سەردانەکەی پێشووترت؟
ئالین: گەلێک پێشکەوتن لەکوردستان روویداوە، گۆڕانکارییەکان بۆمن زۆر گەورەن، بەتایبەت لەرووی خزمەتگوزاری و شەقام و بینایەت، من بۆ جاری سێیەم دێمە کوردستانی باشوور، راستی کوردستان رۆژ بەرۆژ لەپێشکەوتن دایە پێم وایە ئەگەر لەو پێشکەوتنە بەردەوام بێت لە دوبەی پێشکەوتووتر دەبێت، ھەروەھا لەرووی ھونەریشەوە پێشکەوتنێکی زۆر گەورەیە ھەیە، لە چەند ساڵێک زۆر ھونەرمەندی گەنج دروست بووینە، پێشبڕکێ ھەیە، ستایلی نوێ و مۆدێرن و کلاسیک ھەیە، ئەوە نیشانەی پێشکەوتن و دەوڵەمەندی ھونەری کوردییە.
سڤیل: پێشتر لەگۆڤاری (سڤیل) ئەوە راگەیاندبوو گۆرانییەکی دوێتت کردووە وەک سورپرازێکی گەورە پێشکەشکی دەکەی، دەکرێ باسی ئەم گۆرانییە بکەی، لەگەڵ کێ کردووتە؟
ئالین: بەڵێ راستە، ئەوەی تۆ باسی دەکەی لە ئەلبوومی سێیەمم ئامادەم کردووە، لەم ئەبوومەمدا زۆر شتی نوێم کردووە، زۆر ماندووبووم بەگۆرانییەکان، پرسیار و راوێژم لەگەڵ زۆر ھونەرمەندی ئەوروپی کرد ئینجا کارەکانم کردووە، لەبەرئەوەی ئەو میوزیکژەنانەی بۆ ئەلبوومەکەم کاریان کردووە ھەمووی ئەڵمانن و گروپێکی زۆر پرۆفیشناڵن، بەڵێنیاندا ئیشێکی زۆر گەورەم بۆ بکەن، ھەر لەم ئەلبوومە گۆرانییەکی دێتم لەگەڵ گۆرانیبێژێکی ئەستێرەی ئەڵمانی کردووە، بەڵام بەڵێنم پێداوە ئێستا ناوەکەی ئاشکرا نەکەم، دەمەوێت وەک سورپرازیک گۆرانییەکە پێشکەشی جەماوەر بکەم، کە بە ھەرسێ زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و کوردییە، ناوەڕۆک و فرۆمی گۆرانییەکە کوردستانییە، بەمنزیکانە کلیپەکەی لەوڵاتی ئەڵمانی دەکەم، ئەوە دیارییەکی گەورەیە بۆ جەماوەرەکەم و بۆ ئێوەش.
سڤیل: وەک باس دەکەی ١٧ ساڵە لەئەڵمانیا دەژی، چۆن باسی ژیانی ئەو ١٧ ساڵەی خۆت دەکەی؟
ئالین: لەم ماوەیەدا شتی زۆر خۆشم بینیووە و دەستکەوتی گەورەم بەدەستھێناوە، ھەروەھا ناخۆشی و زەحمەتیشم بینی، ئەگەر باسی ئەو دەستکەوتەکانت بۆ بکەم کە لەئەڵمانیا بەدەستم ھێناون، سەرەکیکترینیان خوێندنی ھەر گەروەم لە ئەڵمانیا تەواوکرد “لەکۆلیژی دەرمانسازی”. ھەروەھا جوانکاری پێستم خوێندووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر شتی تەکنەلۆژی فێربووم، وڵاتی ئەڵمانیا ئەوەندە پێشکەوتووە دەتوانی سوود لەم پێشکەوتن و ئازادییەی ئەوێ وەربگری، بەڵام غوربەت و دووربوونم لەکوردستان و خەڵکەکەی خۆت ئازاری دەروونی زۆری پێبەخشیم، ھیچ شتێک وەک خاک و زمان و وڵاتەکەی خۆت شیرینتر نییە، ئایا دەزانن کەسێک ئەگەر وڵاتی خۆی ھەبێ و لەوڵاتی خۆیدا بژی سەربڵندە؟
سڤیل: لەئەڵمانیا وەکو ھاوڵاتی نمرە چەند سەیری ھاوڵاتیانی بێگانە دەکەن؟
ئالین: ھاوڵاتیانی ئەڵمانی پلە یەکن، ئێمەش پەناھەندەین، وەکو تەحامول خەڵکەکەی جیاوازی ناکات، گرنگ تۆ مرۆڤی جا چ نەتەوە و وڵاتێک بیت جیاوازی نییە، بەڵام لەناو دامودەزگا حکومییەکاندا جیاوازی ھەیە و وەکو ھاوڵاتی نمرە دوو سەیر دەکرێین.
سڤیل: پێشبینی چی دەکەی لەم رووداوەی کە ئێستا لەسوریا دروست بووە؟
ئالین: پێشتریش لەچاوپێکەوتنی دیکەمدا باسی ئەم رووداوەی سوریام کردووە، حەزیش ناکەم وەک ھونەرمەندێک بێم باسی سیاسەت بکەم، بەڵام ئەوە ھەلێکە بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکەش کە لەسوریا مافەکانیان خوراوە، بەگشتی دەبێ کوردەکانی سوریا زیاتر ھەوڵی یەکگرتوویی خۆیان بدەن، یەکگترووی لەم قۆناخدا زۆر پێویستە، ئینجا داوای مافەکانی بکات، ئەگەر وابکەن من پێم وایە کوردستانی رۆژئاوا وەکو کوردستانی باشوور ئازاد دەبێت و حکومەتی سوریاش ناچاردەبێ مافەکانی کورد بدات، بەڵام ئەوە زەحمەتە.
سڤیل: بۆچی لێرە نامێنیەوە و لەکوردستانی ئازاد بژی؟
ئالین: ئاخر من لە ئەڵمانیا تەنیا ئیشی ھونەری ناکەم، بەڵکو ئیشی دەرمانسازیش دەکەم و نۆرینگەم ھەیە، بۆیە لەوانەیە زەحمەت بێت ئەگەر بمەوێت بێم لەکوردستانی باشوور نیشتەجێ بم، ھەرچەندە بیرۆکەی واشم ھەیە لەدوارۆژدا بێم لەکوردستان ئیش بکەم، ھەم ئیشی ھونەری ھەمیش دکتۆرییەکەم، ئێستا ئەو شتەی لەئەڵمانیا ئیشی لەسەر دەکەم ئەگەر لەکوردستان بۆم جێبەجێ بکرێ بەزووترین کات ماڵ و ئیشەکەم دەگوازمەوە ئێرە.
سڤیل: تۆ کەسێکی خەمگینی، پێشتریش ئەوەت باسکردووە لەژیانتدا کارەستێک بەسەرتدا ھاتووە، ئەم کارەساتە چییە؟
ئالین: نەڵێم باشترە، چونکە پێم خۆشە نییە خەمگین بن، بەڵێن دەدەم دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومی سێییەم کە لەوانەیە مانگی ١٢ بڵاوبێتەوە، ئەوکات کارەساتی خۆم بۆ سڤیل باس دەکەم.
سڤیل: ئەی چۆن پێناسەی خۆت دەکەی؟
ئالین: خۆم بەھونەرمەندێکی واقیعی کوردی دەبینم، دەمەوێت خزمەت بەھونەری کوردی بکەم، شێوازی ئیشکردنی من کوردی بێت، زۆر حەزم لێیە لەواقیعی کوردیدا خۆم بناسێنم، حەز دەکەم نزیکی خەڵکەکەم بم، بزانم حەزیان لەچییە، بتوانم شتی ناو دڵیان چییە بۆئەوەی بە ھونەر پێشکەشیان بکەم، بۆیەشە ھاتووم بۆ ئێرە، ئەوەتا لە ئەلبوومی سێیەم کە مانگی ١٢ دەردەچێت دوو گۆرانی سۆرانی تێدایە.
سڤیل: پەیوەندیت لەگەڵ ھونەرمەندانی ئێرە چۆنە؟
ئالین: جاری سێیەمە دێم بۆ کوردستان، ھەرجارێک ھاتووم کاتم نەبووە ھونەرمەندانی ئێرە لە نزیکەوە بناسم، چەند ھونەرمەندێکی کورد ھەن لەدەرەوەی وڵات دەژین پەیوەندیم لەگەڵ ئەوان ھەیە و یەکتر دەبینن.
سڤیل: گوێ لە کام لەگۆرانیبێژەکانی ئێرە دەگری؟
ئالین: حەزم لە دەنگ و ستایل و گۆرانییەکانی زەکەریایە، رۆژانە گوێ لەگۆرانییەکانی دەگرم، ھەروەھا دەنگی چۆپی و ھانی و لۆکەش خۆشە، بەگشتی گوێ لەگەنجەکانی باشوور دەگرم، لەم چەند ساڵەدا ھونەرمەندی باشی تێدا دروست بووە، ئەوە شتێکە کە دڵخۆشم دەکات.