ئاشنا عومەر: ئافرتانمان پێویستیان بە دەستگیرۆی و پاڵپشتی ھەیە بۆ مانەوەیان لە ھونەر
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
ھونەرمەند ئاشنا عومەر ناوی تەواوی( ئاشنا عومەر حەمە عزیز)-ە ساڵانێکەخۆی خستۆتە ناو دەریای ھونەری گۆرانی و موزیک،ھەر لەسەرەتای ژیانی ھونەرییەوە، ھەوڵی ئەوەی داوە بەشێوەیەکی ئەکادیمی خۆی فێری ھونەری موزیک بکات دوای تەواوکردنی پەیمانگاو کۆلێژی ھونەر توانی بڕوانامەی ماستەریش ھەر لەبواری موزیک بەدەست بھێنێت، جگە لەوەش ئەو ئەندانی تیپی “ئۆکێسترای کوردستان ” ئەندامی تیپی گروپی “مریەم خان ” بووە.بۆ زیاتری ئاشنا بوون بەم خاتوونە ھونەرمەندە بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
*سەرەتا پێمان باشە باس بەلە چۆنیەتی ئاشنا بوون بەھونەری موزیک بکەیت.
– کاتێ قوتابی بووم لە قۆناغی بنەڕەتی و ناوەندی حەزوو و ئارەزووم بۆ ھونەری موزیک ھەبوو، بۆیە بەمەبەستی پەرەپێدانی ئەو حەزوو ئاروەزووە، چوومە بەشی موزیکی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی ھەولێر،لە ساڵی ٢٠٠٣ بەسەرکەوتووی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانم تەواو کرد، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ مامۆستای سرود وگۆرانی، دواتر کۆلێژی ھونەرەجوانەکانی ھەولێر بەشی موزیکم تەواو کرد لە ساڵی ٢٠١٤، ماوەی چەند ساڵێک وەک معیدە لەبەشی موزیکی کولێژی ھونەر کارم کرد، تا ساڵی٢٠٢١ چومە خوێندنی باڵا و ماستەرنامەم لە زانستەکانی موزیک بە دەست ھێنا.
لەو نێوەندەدا ماوەی چەند ساڵێک، ئەندامی” ئۆکێسترای کوردستان” بووم ، ئەندامی گروپی” مریەم خان” بووم کە گروپێکی خانمانە بوو سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەشداری تەواوی چالاکییەکانی ئەم گروپانەم کردوە وەک دەنگ وەک ژەنیار لە ماوەی ئەم ساڵانەدا.
* کاتێ فێربوونی موزیکت ھەڵبژارد تووشی ھیچ کێشەوگرفت نەبوویتەوە ؟
– بەڵی کاتێک موزیکم ھەڵبژارد توشی کێشە و گرفتی زۆر بوومەوە، چونکە ئەو کاتە کۆمەڵگە قبوڵی نەبوو ئەفرەتێک لەسەر شەقام بە ئامێرەوە ڕێ بکات یاخود بە پاس بتوانێت بگەیتە شوێنی خوێندن، نەبوونی و خراپی لایەنی ئابووری خێزانەکان کە بە ھۆی نەبوونیەوە نەمان دەتوانی ئامێرێکی پێویست بکڕین و گرنگی بە خۆمان و بەرەوپێشبردن بدەین،بۆیە سەردەمی ئێمە گرفت و کێشە زۆر بوون.
* تاچەند خێزانەکەت ھاوکارت بوون بۆ ئەوەی لە کاروانی موزیک بەردەوام بیت؟
– خێزانەکەم ھەموو ھاوکار بوون ،چونکە باوەڕیان ھەم بە ھونەرکردن ھەبوو لە ھەمان کاتدا باوەڕیان بە توانای ئافرەت ھەیە ، پێیان وایە کە ئافرەت دەتوانێت گۆڕانکاری بکات و کۆمەڵگە بەرەوپێش ببات لە ڕێگەی ئەو کارەی ئارەزووی دەکات.
* ئەو ژنیارانە کامەن کە کاریگەریان لەسەر بەرێزتان ھەبوو؟
– ژەنیاری باش و بە توانا ھەیە لە ناو کومەڵگەی کوردی، لە ڕابردوو و ئێستا و داھاتوو ، کورد و کۆمەڵگەی کوردی دەبێت شاناز ھونەرەکەیەوە بکات و بە ژەنیارەکانیشی.
*موزیکی کوردی لە ئێستادا لە ئاستێک دا دەبینیت؟
– موزیکی و گۆرانی کوردی لە ئێستادا تێکەڵەیەکی پێوە دیارە، گەنجی باش و خوڵقێنەر ھەیە کە ڕێز لە ھونەرەکەی دەگرێت، دەنگی باش و ئەدای باش و تێکستی باش و میلۆدی باش.، بە داخەوە ھەندێک کەسی بە ناو ھونەرمەندیش چەپ و ڕاست بە بێ گوێدانە ھیچ کەوتونەتە ناو ھونەرو بێ ھەستی و بێ ئێحساس فەراغەکانیان بە ھونەر پردەکەنەوە و ناویان لە خۆیان ناوە گۆرانی بێژ ،ئەوەش جێگەی داخە کە ھیچ فلتەریک نیە و بە ئاسانی دەتوانیت ببیت بە گۆرانی بێژ.
*رەخنەگری موزیک لە نێون موزیکی کوردی لەچ ئاستێک دایە؟
– بە شێوەیەکی گشتی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەخنەی بنیاتنەر بوونی نیە، تەنیا ڕەخنەی ڕووخێنەر ھەیە و بە بێ ھیچ پێوەرێکی زانستی قسە لەسەر ھەموو بابەتێک دەکرێت و ھونەری موزیکیش لەونێوەندەدا بێبەش نییە.
* ئەو سیفەتانە چین کەپێوستە لە ھەموو موزسیانێکدا ھەبێت؟
– ڕۆشنبیری گشتی و خوێنەوەی تایبەت و بە ئەکادیمی بوون دەبێت لە موزیسیاندا ھەبێت، ڕوو گەش و ئەدای قسەکردن و گفتوکۆ کردن دەبێت لە ئاستی ئەو ژەنیارەدابێت، بۆ ئەوەی جگە لە ژەنین ڕاوێژی تیۆریشی پێ بکات، چونکە ژەنیار ئامێریکی موزیکی کەسی ئاسایی نیە، بەڵکو کەسی نوخبەی کۆمەڵگەیە.
*ئاستی پەیمانگای و کۆلیژی ھونەرە جوانکانی کوردستان چۆن دەبینیت؟
– ئاستی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکان و کۆلێژی ھونەر بە شیوەیەکی گشتی باشە، بەڵام کەموکوڕیش ھەیە لە ھەموو ڕوویەکەوە، درک بەوە دەکرێت کە لە ڕابردوودا ھونەرمەند و مامۆستا ی باشتر پێئەگەێنرا، ئەوەی ڕاستی بێت، ھونەر بە گشتی گۆرانی و موزیک بە تایبەتی لە ڕووی پراکتیکیەوە بێ بایەخ بووە، چونکە دەرچوان ناچارن دوای دەرچوونیان کاری دیکە بکەن بۆ بژێوی ژیانیان ،یاخوود کاری لایڤ موزیک ، ئەمەش حەقی خۆیانە، چونکە ھیچ ڕێگەیەکی دیکەیان نیە،بۆ بژێوی ژیانیان.
* ئاستی گۆرانیبێژان و موزسیانانی کچانی کورد لەچ ئاستێک دایە؟
– ئاستی ئافرەت ھەر وەک ھەمیشە ئاساییە، چونکە گرنگی پێدان نیەو پاڵپشتی و دەستگیرۆی ئافرەتان بەھرەمەند لەم بوارە لاوازە، تاک و تەرا لەسەر ئاستی ژەنین و دەنگ ، ئافرەت دروست دەبێت، کە دروستش دەبێت ئەمەنە قسەی ناخۆش و تیروتوانج ئاراستەی دەکرێت، بە دەگمەن دەمێننەوە لە ناو پرۆسەکە، ئەگەر سەرەنج بدەن لێرە و لەوێ بە پەنجەی دەست ھەم موزیسیان ھەم گۆرانی بێژ دەبینرێت، ھۆکاریش بۆ ئەمە زۆرە یەکێک لەوانە بەڕێژەیەکی زۆر کەم خێزانەکان ڕێگە بە کچەکانیان دەدەن کە بچنە ناوەندەکانی خوێندنی ھونەر ، نایانەوێت، کچەکانیان شەھادەی ئەوە بە دەست بھێنن کە ئارەزووی دەکەن، پێیان وایە ئەو ھەموو ساڵەی خوێندنی کچەکانیان لە ھونەردا بێت، لە کۆتایدا ڕەنج بە خەسار دەبن، ئافرتانمان پێویستیان بە دەستگیرۆی و پاڵپشتی ھەیە بۆ مانەوەیان لە ھونەر.
*لەوماوەیەدا بڕوانامەی ماستەر لە بواری موزیک بەدەست ھێنا، ئەگەر باس لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکەت بکەیت؟
– بەڵێ بڕوانامەی ماستەرم بە دەست ھێنا لە زانستەکانی موزیک. ناونشانی ماستەر نامەکەم (ڕەھەندەکانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیکی لە گۆرانی ھاوچەرخی کوریدا) ناونیشانێکی نوێ و کارێکی دەگمەن بوو، ئەزموونێکی نوێ بوو زۆر شت فێر بووم ،گەشتمە ئەنجامێکی باش لە توێژینەوەکەم، ناوەڕۆکی باسەکەم زانستی ئەنترۆپۆلۆجیا، جوانیناسی ، گۆرانی ھاوچەرخ و ھاوچەرخی کوردیە، شیکاریمان بۆ نموونەی ئەو گۆرانیانە کردوە کە بۆ باسەکەم ھەڵمبژاردوە، بە داتا لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە گەشتینە ئەو ئەنجامەی کە دەمانویست.
*ئێمە زۆر سوپاسی بەرێزتان دەکەین، کە دەرفەتان بە ئێمە بەخشی.
-منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە.
Discussion about this post