و / بەدەسکاریەوە ئازاد نەجم : عەلی ئەشرەف دەروێشیان لەساڵی ١٣٢٠ ی ھەتاوی لەشاری کرماشان ھاتۆتە دونیاوە. لەساڵی ١٣٣٧ دوای تەواوکردنی خوێندن ، بەپیشەی مامۆستایی و بۆ ماوەی ھەشت ساڵ لەدێھاتەکانی گەیلان غەرب (اسلام اباد) ، وانە دەڵێتەوە. لەتەمەنی منداڵیەوە ، ھاوکات لەگەڵ خوێندندا ، لەگەڵ زۆر کاردا دەستوپەنجەی نەرم کردوە. لەساڵی ١٣٤٥ دا دەچێتە زانکۆی تاران و لەبەشی ئەدەبیاتی فارسی درێژە بەخوێندن دەدات و سەرکەوتوانە قۆناغەکانی خوێندن دەبڕێ. لەساڵەکانی ١٣٥٠ تا ١٣٥٧ بەھۆی نوسینی کۆمەڵە چیرۆکی ( لەم ویلایەتە) و ھەڵسوڕان و چالاکی سیاسیەوە ، سێ جار دەسگیر دەکرێت و دەخرێتە بەندیخانەوە و مافی نوسینی لێ زەوت دەکەن و لەجاری سێیەمی بەندکردنیشیدا فەرمانی یانزە ساڵ بەندکردنی بەسەردا دەدرێ و دوای تەواو کردنی شەش ساڵ ، بەھۆی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە ڕزگار دەبێت. بەشێکی زۆر لەبەرھەمەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانگەلێکی وەک ئنگلیزی ، فەڕەنسی ، ڕوسی ، ئەڵمانی ، عەرەبی و ئەرمەنی و لەم دواییانەشدا وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فینلاندی.
بەرھەمە چاپکراوەکانی لەبوارەکانی ڕۆمان و چیرۆکدا بریتین لە: لەم ویلایەتە ، ئاشۆرا ، وەرزی نان ، لەگەڵ گۆرانیەکانی باوکمدا ، چیرۆکەکانی زیندان ، ژوری تاکەکەسی ژمارە ھەشت ، گەورەیی ، ساڵە ھەوریەکان ، لەنەداریەوە تا دارایی ، ھەڵبژاردەیەک لە چیرۆکەکان ، چوار کتێب.
لەبواری نوسینی چیرۆکی منداڵانیشدا خاوەنی بەرھەمەکانی وەک : ھەوری ڕەشی ھەزار چاو ، ڕەنگینە ، کەی دەگەڕێیەوە براگیان ، ئاگر لەکتێبخانەی منداڵان و چەندانی ترە …
لەبوارەکانی فەرھەنگ و کلتوردا چەند بەرھەمێکی وەک: پەند و ئەفسانە کوردیەکان ، فەرھەنگی ئەفسانەکانی گەلانی ئێران ، کە ئەمەیانی بەھاوکاری ڕەزا خەندانی مەھابادی تەواو کردوە و خۆی لەبیست بەرگدا دەبینێتەوە. جگە لە نوسینی چەندین وتار و لێکوڵینەوەی ئەدەبی و دو کتێبیش لەبارەی بەرھەمەکانی سەمەدی بەھرەنگیەوە.
بەڕێز مامۆستا عەبدوڵای حەسەن زادە لەپێشەکیەکەی کۆمەڵە چیرۆکی ھەتاودا لەبارەی دەروێشیانەوە دەنوسێ: (زۆربەی خوێنەرانی کورد چیرۆکنوسێکی پایەبەرز و پێشکەوتنخوازی ئازەربایجانی ئێران بەنێوی سەمەدی بەھرەنگی دەناسن کە بیر و قەڵەمی خۆی بۆ خزمەت بە چەوساوەکان و لەوەش واوەتر بۆ پەروەردەکردنی شۆڕشگێڕانەی منداڵان تەرخان کردبو. بەڵام ڕەنگە کەم کەس لەخوێنەرانی کورد ، چیرۆکنوسێکی شۆڕشگێری کورد لەئێراندا بەنێوی (عەلی ئەشرەف دەروێشیان) بناسن. کەژیان و بەسەرھاتی زۆر لە سەمەدی بەھرەنگی دەچێت. ئەویش نوسەری ھەژاران و چەوساوەکانە ، ئەویش دەرد و داخی ستەملێکراوان دەردەبڕێ و دەیەوێ منداڵان بەڕۆحێکی شوڕشگێڕانەپەروەردە بکرێن. ئەو دۆست و ھاوڕێ و ھاوبیری سەمەد بوە. نوسینەکانی کاریگەری سەمەدیان پێوە دیارە و دەکرێ بڵێین ئەویش سەمەدێکی ترە. ئەویش وەک سەمەد نەیتوانیوە بە زمانی زگماکی خۆی بخوێنێت و لەئاکامدا ھەمو نوسینەکانی بەزمانی فارسین. بەڵام بەشی ھەرە زۆریان ئاوێنەی باڵانوێنی ژیانی نێو کۆمەڵی کوردەواری و تەنانەت ھەندێک جار ، کەم تا زۆر باس لە ستەمی نەتەوایەتیش دەکات*).
دەروێشیان لەیەکێک لەچیرۆکەکەکانیدا کە لەزمانی مامۆستایەکەوە دەگێڕدرێتەوە نیشاندەری ئەو پشتیوانی و ھاوسۆزیە کە دەروێشیان لەگەڵ خەڵکانی ھەژار و بەشمەینەتدا ھەیەتی.
یەکێک لەقوتابیەکان ، بەنێوی نیاز عەلی کوڕیژگەیەکی ھەمیشە نەخۆش و بیمارە ، لەپۆلی دوی سەرەتاییە و لەوانەکانیدا بەباشی دەچێتەپێش. ئەو ناتوانی لەگەڵ منداڵەکانی تردا بکەوێتە یاری کردن ، چونکە ھەرکاتێک یاری دەکات ، کۆخەیەکی توند دەیگرێ و خوێن ھەڵدێنێتەوە. تاکەھۆکاری یاریکردنی نیاز عەلی ئەو تۆپەیە کە لە کاغەزی نوسراو ، دروستی کردوە. ھەل ومەرج و گوزەرانی ماڵەوەیان خراپە و کاغەزی فڕێدراوی نێو تەنەکەی خۆڵەکان بۆ نوسینەوەی وانەکانی بەکاردێنێ.
ھەمیشە کاتێ بەیانیان ناوی منداڵەکان دەخوێندرێتەوە نیاز عەلی ئامادەیە و کاتێ مامۆستا دەڵێ: نیازعەلی نەدار ، ئەم ڕادەچەنێ و بەشەرمەوە لەکاتێکدا ئەو قەڵەم و دەزوە دەشارێًتەوە کە بەکراسەکەیوە دوریوە ، بەدەنگێکی کزۆڵکەوە دەڵێ: بەڵێ.
ڕۆژێکیان مامۆستاکەی لەنێو پۆلدا ھەڵیدەستێنی و ئەو کاغەزەی پێ دەخوێنێتەوە کە لەبری شوشە بەپەنجەرەی پۆلەکەوە چەسپاندویانە.
ئەویش بەدروستی بێ ھەڵە دەیخوێنێَتەوە: چاکەتی دوسەد و پەنجا تمەنی لەتاراندا ھەڕاج کرا.
باوکی نیاز عەلی بێکارە و دایکیشی پێشتر ڕۆژانە بەبیست وپێنج قڕان لەلای مەشھەدی باقر کاری (تەقاندنی فستەق) ی کردوە و ئێستا بەھۆی کەوتنی ددانەکانیەوە ، لەماڵێدا دانیشتوە و بێکارە. براگەورەکەشی ساڵی پێشتر لەکاتی کارکردندا کەوتۆتە ژێر خاک وخۆڵەوە و مردوە.
ڕۆژێکیان مامۆستا داوا لەقوتابیەکان دەکات خەونەکانیان بگێڕنەوە. نیاز عەلی خەونەکەی خۆی دەگێڕێتەوە کە چۆن لەخەونیدا لەگەڵ باوکیدا بونەتە چۆلەکە و بەنێو ژورێدا ھەڵفڕیون و چۆن دایکی سەرەتا پێدەکەنێ بەڵام دواتر دەست بەگریان دەکات و لەناکاو ھەژدیھایەکی گەورە خۆی بەژورێدا دەکات و دایکی بەبینینی ھەژدیھایەکە زارەترک دەبێت و ھاوار دەکات: ئەی ھاوار مەشھەدی باقر ھات.
مەشھەدی باقر خاوەن کارە و دایکی نیاز عەلی لەلای ئەو کار دەکات . دایکی نیاز عەلی بەبینینی مەشھەدی باقر دەترسێت و خێرا چنگێک فستەق لەکۆشی خۆی دێنێتە دەرێ دەست بەتەقاندنیان دەکات و نیاز عەلی دەبینێ کە چۆن لەئەنجامی تەقاندنی فستەقەکاندا خوێن بەپوکەکانی دایکیدا دێتەخوارێ. فستەقەکان لەنێو خۆیاندا بڕیار دەدەن لەڕقی مەشھەدی باقر ، نەتەقن و دەم نەکەنەوە . مەشھەدی باقریش کاتێ دەبینێ ھەمو فستەقەکان دەمیان داخستوە و ناقەڵشێن توڕە دەبێت و دەچێ دارێک لە فستەقەکان ھەڵدەگرێ و دەیەوێ دارکاریان بکات بەڵام لەو کاتەدا بەرپێیەکانی پڕدەبن لە ددانی کەوتو و لەسەریان ھەڵدەخلیسکێ و بەپشتدا بەردەبێتەوە. لەئەنجامی بەربونەوەی مەشھەدی باقردا فستەقەکان پێکەنین دەیانگرێ و دەم دەکەنەوە. مەشھەدی باقر ئیدی کەیفی ساز دەبێ و دەکەوێتە سەر ئەو فێڵەی کە چۆن کارێکێ وابکات فستەقەکان دەم بکەنەوە ، ھەربۆیە دەست دەکات بەئەنجامدانی چەندین کار وکردەوەی سەیر سەیر وەک ئەوەی ملی درێژ دەکات بۆ ئاسمان و ئەستێران ھەڵدەلوشێ و سەرمەقولاتان دەکا و چاوەکانی چەپ و چوێڕ دەکا. نیاز عەلیش بەبینینی ئەم کاروکردەوە گاڵتەجاڕیانەی مەشھەدی باقری ھەژدیھا ، پێکەنین دەیگرێ. بەھۆی پێکەنینەکەیەوە مەشھەدی باقر دەیبنێ و ئیدی دەگاتە ئەو ئاکامەی کە ھەمو ئەو کاروکردەوانە لەژپَر سەری نیاز عەلییدان. بۆیە دەیەوێ بیگرێت. نیاز عەلیش کە لەوخەونەیدا بۆتە چۆلەکە ، دەیەوێت لەپەنجەرەکەوە بفڕێت و خۆی ڕزگار بکات ، بەڵام لەوکاتەدا دەمی پەنجەرەکە بەخێرایی بچوک دەبێتەوە و نیازعەلیش زۆر ترسی لێ دەنیشێ. ئیدی لەوکاتەدا یەکێک لە فستەقەکان دەبێتە باڵۆنێک و بەنیاز عەلی دەڵێ وەرە سەر پشتم با ڕاکەین. ئەویش لەسەر باڵۆنەکە دادەنیشێ و پاشان لە لولەی سۆبەکەوە دەیباتە دەرێ و بەرەو ئاسمان بەرزی دەکاتەوە. لەو خەونەدا نیازعەلی لە ئەستێرەکان نزیک دەبێتەوە و دەیەوێت دانەیەکیان لێبکاتەوە و بیھێنێتەوە بۆ دایکی تا بیکاتەملی ، بەڵام لەوکاتەدا قاچی ھەڵدەخلیسکێت و سەرەوبن بەر دەبێتەوە و وردە وردە شۆڕ دەبێتەوە خوارێ و دەبینێ ئەوا باوکی خەریکی گرتنەوەی قوڕی سواقە و نیازی ھەیە سەربانەکەیان سواق بدات. لەئەنجامدا دەکەوێتە نێو قوڕی سواقەکەوە و وەخەبەردێ و دەبینێ سەربانەکەیان لەئاستی سەری ویدا دڵۆپان دەکا.
دوابەدوای گێڕانەوەی خەونەکەی ، ھەمو قوتابیەکان پێدەکەنن و چەپڵەی بۆ لێدەدەن.
چەند ڕۆژ دواتر کاتێ مامۆستا دێتەوە نێو پۆل و نێوی منداڵەکان دەخوێنێتەوە ، کاتێ دەگاتە سەر نیازعەلی ، منداڵەکان وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن ئامادە نیە. کاتێ مامۆستا لەھۆکاری نەھانتنەکەی دەپرسێ ، منداڵەکان لەوەڵامدا دەڵێن: دوێنی ئێوارێ ، بەدەم گوتنەوەی ئەستێرەم دەوێ ، ئەستێرەم دەوێ بۆ دایکم ، لەسەرمان مرد.
ئەم چیرۆکە بەسەرھاتی خەمگینی کوڕیژگەیەکە کە ھەژاری و نەداری بڕستی لە خۆی و خێزانەکەشی بڕیوە و لەھەمان کاتیشدا لەشارەکان چاکەتی دوسەد و پەنجا تمەنی دەفرۆشرێ. جیاوازیەکی بەرچاوی چینایەتی لەم چیرۆکەدا بەدی دەکرێ. پەنجەرەکانی قوتابخانە بەو سەرمای زستانە شوشەیان پێوە نیە و ڕۆژنامەیان تێگرتون. منداَڵەکان بەو سەرمایە لەڕێگایەکی دورەوە بە ڕەنج و کوێرەویەکی زۆر خۆیان دەگەیەننە قوتابخانە ، جل و بەرگەکانی نیازعەلی کۆن و دڕاون و دەفتەری نوسینی نیە و کاغەزی نێو تەنەکە زبڵًەکان کۆدەکاتەوە بۆ نوسین.
خستنەڕوی ئەم ڕاستیانە ، ھاوکات لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو دێڕەی سەر ڕۆژنامەکە و گێڕانەوەی خەونە سیمبولیەکەی نیاز عەلی ، نیشاندەری پشتیوانی نوسەرن لە منداڵانی ھەژار و خەڵکانی ھەژار و کەمدەرامەت.
دەروێشیان بۆخۆی لەبارەی نوسینی ئەم چیرۆکەیەوە دەڵێ: لەڕاستیدا ئەوە زیندانی کرماشان بو وای لێ کردم ئەو چیرۆکە بنوسم. لەساڵی ١٣٥٠ لە کەنگاوەری کرماشان دەسگیر کرام ، لەوێدا سەرگەرمی کۆکرنەوەی ئەفسانە کوردیەکان بوم ، شەوانە لەچایخانەکاندا دەنوستم و پۆلیس ناسیمیانەوە و ڕادەستی ساواکیان کردم … دوای تێپەڕینی قۆناغی لێکۆڵینەوە توانیم لەنێو زیندانیە ئاسایی و سیاسیەکاندا جێگای خۆم بکەمەوە و لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژەکاندا و ئەزمونی ژیانی ڕابردوم ، لەناکاو لەو گۆشە دڵگیرە ، دور لەچاوی سیخوڕان ، ڕقی خۆم لە ڕێی قەڵەمەکەمەوە ڕشت و چیرۆکی نەدارم نوسی.
سەرچاوەکان http://sekkeyedolateeshgh.parsiblog.com/
کۆمەڵە چیرۆکی ھەتاو ، عەلی ئەشرەف دەروێشیان ، وەرگێڕانی عەبدوڵا حەسەنزادە ١٩٨٦