چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
ئاسیا کەمال، لەھەشتاکان روخساری بەردەوامی شاشەکان بوو، لەچەندین فیلم و درامادا بەشداری کردووە، لەفیستیڤاڵی شانۆ بۆ ھەولێر داوەتکرابوو، لەوێ بینیمان و دواندمان، خۆی دەڵێ “من بە رەچەلەک کوردم”.
سڤیل: دەمانەوێ سەرەتا چەند زانیاریەکمان لەسەر ژیانی تایبەتی خۆت پێبڵێیت؟
ئاسیا کەمال: ئاسیا کەمال ئەکتەرە، دەرچووی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانە، بەشی شانۆ، بەڕەچەڵەک کوردە، لەبەغدا دەژی، ئەندامی تیپی میللی ھونەری نواندنە، ماوەی ٣٢ ساڵیشە کاری ھونەری دەکەم.
سڤیل: تۆ لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە دەستت بەکاری ھونەری کردووە، لەماوەی بەردەوامیشدا بەھۆی ئەو بارودۆخە جیاوازانەی عێراق پێیدا تێپەڕبووە، ئەو زەحمەتیانە چین کە دووچارت بوونە؟
ئاسیا کەمال: من لەکۆتایی حەفتاکاندا دەستم بەکاری ھونەری کردووە، ئەوکاتیش ئەستێرەی ھونەری و خانمە ئەکتەری گەورە لەگۆڕەپانی ھونەریدا ھەبوون، ئێمەش توانیمان بەلێھاتووییمان و بەدڵسۆزیمان بۆ کارەکەمان، بچینە نێو گۆڕەپانەکەوەو بوونی خۆمان بسەلمێنین.
سڤیل: دەگوترێ ساڵانی حەفتاکان سەردەمی زێڕینی ھونەری نواندنی عێراقی بوو، تۆ لەگەڵ ئەم بۆچوونە ھاوڕای؟
ئاسیا کەمال: بەڵێ لەم سەردەمە زێڕینەدا کەناڵەکانی تەلەفزیۆن کەمتر بوون، بۆیە کارە ھونەرییەکان بەوردی ھەڵدەبژێردران و بژار دەکران، تەرکیزی زیاتر لەسەر دەقە ھونەرییەکەو لەسەر دەرھێنان و کادیرە ھونەرییەکان دەکرا، راستگۆییش لەکاری ھونەری و لەجێبەجێکردن و لەنواندنی ئەوکاتدا زیاتر بوو وەک لەئێستا.
سڤیل: ھەڵسەنگاندنت بۆ بارودۆخی ھونەری لەدوای رووخانی رژێم و پاش ساڵی ٢٠٠٣وە چییە؟
ئاسیا کەمال: دوای رووخانی رژێم ھەموو جومگە و لایەنە خزمەتگوزارییەکانی ژیان وەستان، نەوەک تەنیا ژیانی ھونەری، زۆر شت گۆڕا، تا وڵات دەکەوێتەوە سەر رێچکەیەکی تازە پێویستی بەکاتی زۆر و چەندین ساڵ ھەیە.
سڤیل: وتەیەکت ھەیە کە دەڵێی جەماوەری من قەڵا و پارێزەر و پشتیوانی منن، مەبەستت لەمە چییە و بۆچی واتگوتووە؟
ئاسیا کەمال: سەروەت و سامانی ھونەرمەندی شانۆکار جەماوەرەکەیەتی، ئەم پەیوەندی و پەیوەستیە راستەوخۆیەی نێوانی ھونەرمەند و جەماوەر ئەنجامی سەرکەوتن یا شکستی ھونەرمەندە، بەو مانایەی سەرکەوتن یا شکستی ھونەرمەند لەو کاتەدا دیاری دەکرێت، کە لەسەر تەختی شانۆیەو لەپەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵک دایە، بۆیە ئەوان پارێزەری منن.
سڤیل: ھیچ کاتێک بوویتەتە قوربانی ناوزڕاندن و تۆمەت بۆ ھەڵبەستن؟
ئاسیا کەمال: نا سوپاس بۆ خوا.
سڤیل: بەشێک لەھونەرمەندان ئامادەنین شوو بەکەسێک بکەن لەنێوەندی ھونەریدا کار بکات، بەڵام تۆ شووت بەھونەرمەند باسل کردووە، پەیوەندیت لەگەڵیدا چۆنەو پێت وایە لەھەڵبژاردنی ئەو و لەژیانی ھاوسەریتدا سەرکەوتوویت؟
ئاسیا کەمال: سوپاس بۆ خوا باسل نوسەری دراما و ئەکتەری شانۆ و درامای تەلەفزیۆنە، لەسروشتی کاری من تێدەگات، زۆر لێبوردە و زۆر یامەتیدەرمە لەماڵدا، بۆیە ھیچ کێشەیەکم نییە، منداڵەکانیشم لەبارودۆخ و سروشتی کاری من تێدەگەن، بۆیە لەماڵەوە لەھاوکاری یەکترین و لەسروشتی کاری یەکتر تێدەگەین.
سڤیل: تا ئێستا لەھیچ کارێکی ھونەری لەگەڵ ھونەرمەندانی کورددا بەشداریت کردووە؟ ئەی ئاستی ھونەری عێراقی بەبەراورد بەھونەری وڵاتانی عەرەبی چۆن ھەڵدەسەنگێنی؟
ئاسیا کەمال: تا ئێستا شەرەفی ئەوەمان پێنەبڕاوە لەگەڵ ھونەرمەندانی کورددا کارێکی ھونەری بکەین. سەبارەت بەئەزموونی کارکردن لەگەڵ ھونەرمەندانی دیکەی عەرەبدا، ئەوا کاری زۆرمان کردووەو زانیاری و ئەزموونمان لەیەکترەوە وەرگرتووە، ئەمەش شتێکی بەسوودە بۆ ھونەرمەندان.
سڤیل: باشترین خانمە ھونەرمەند لەسەر ئاستی عەرەبی و لەسەر ئاستی جیھانی بەلای تۆوە کێیە؟
ئاسیا کەمال: لەسەر ئاستی جیھانی باشترین خانمە ئەکتەر بەلای منەوە ئەنجێلینا جوولیە، لەئاستی عەرەبیشدا ئیلھام شاھین بەبۆچوونی من لەباشترینی خانمە ھونەرمەندانن.
سڤیل: دەگوترێت تۆ بە رەچەڵەک کوردی؟
ئاسیا کەمال: بەڵێ من کوردم، باوکم خەڵکی مەندەلیە، دایکیشم خەڵکی عەممادیە.
سڤیل: بۆچوونت چیە سەبارەت بەفیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ شانۆ؟ چ شانۆیەکیش سەرنجی راکێشایت؟
ئاسیا کەمال: لەراستیدا فیستیڤاڵەکە لەخوولی دووەمیدا پێویستی بەوەیە، کە زیاتر بەرەوپێش بچێت، بەوەی کە لەخوولی دووەمی دایە، دەتوانین بڵێین ئەوە ئامادەکارییەکی باشە، بەڵام ھیوادارم لەخوولەکانی داھاتوویدا ئامادەکاریی باشتری بۆ بکرێت. جگە لەکارە ھونەرییەکانمان کە لەبەغدا ئەنجاممان داوە، کارە ھونەرییە ئێرانی و ئەڵمانییەکان سەرنجیان راکێشام.
سڤیل: ماوەیەکە لەکوردستانیت، خەڵکی کوردستان و ھونەری کوردستانت چۆن بینی؟
ئاسیا کەمال: من زۆر شت تووشی سەرسوڕمانم ناکات، چونکە من خۆم بەشێکم لەکوردستان، بەشێکی ئەم ھەرێمەم، چونکە من کوردم، بۆیە ھەست دەکەم لەنێو خەڵکی خۆمدام، سروشتێکی جوان و تەلارسازییەکی جوان لەکوردستاندا ھەیە، بەتایبەت جلی رەنگاورەنگی ئافرەتانی کورد جوانەو رەنگەکانی وەک رەنگەکانی بەھار وایە.
سڤیل: لە چ شتێکی ژیانت پەشیمانی و قەناعەتت پێی نەبووە؟
ئاسیا کەمال: ھیچ شتێکم نەکردووە لەژیانمدا کە قەناعەتم پێی نەبووبێت، ھەر ھەنگاوێک نابێتم لەئەنجامی لێوردبوونەوە و قەناعەتمەوە بووە، بۆیە ھیچ شتێکم نیە لێی پەشێمان بم.
سڤیل: چ خواردنێکی کوردیت پێ خۆشە؟
ئاسیا کەمال: دۆڵمە و بریانی و ماستاو و قەیماغ.
سڤیل: دوا وشەت بۆ کوردستان و خەڵکی کوردستان؟
ئاسیا کەمال: سەرسارمم بەو ئاوەدانکردنەوەیەی لەھەولێر ھەیە، دڵخۆشم بەباشی خەڵکی ھەولێر و ھاوکاریکردنیان، بەسنگفرەوانیان، ھیوادارم دوای ٤-٥ ساڵی دیکە بببینم بووبێت بەدووبەی دووەم، ھیوادارم بشبێتە پایتەختی ھونەری ئینشاڵڵا.