ساناکۆیی/ ستۆکۆڵم
ئەی ئاسمان دەوەرە
فەڕشە قەدیفەکەی باخەڵی ژێر قەدەرم
بۆ بکەرەوە و
داوەکانی وشە یاخی بووەکانی
زەمەنم بۆ هەڵوەشێنە
تاکو منیش خەندە پچڕبوەکانم غەرقی گۆمە ئاوە نادیارەکەی وەرزی پایزت کەم
من ڕۆژانە جنۆکەی ڕەنگاوڕەنگ ئەبینم و هەستی پێ ناکەم !
بەڵام ئەوان وەک خائینێ
بەرۆکی دەسماڵە بچوکەکەی منیان گرتووە
فرمێسکی چاوەکانم هەموو ڕۆژێ
دەست لە ملی قەدەرێکی نەبینراون
ئەی زەوی تۆش ترپەی دڵم مەلەرزێنە
با قیژەی شەو
هاوارەکەی نەگات بە گوێ
گوڵە نێرگزەکی بۆنداروو
گەڵاکانیان بوەرێنێ