دارا خونچە
زۆربەی هەرە زۆری بۆنە گشتییەکان – ئی میللەت و ناوچەک یان ئی سەرجەمی مرۆ – زیانیان پترە لە قازانج، با واز لەو بۆنە نەرێنیی و خراپانەی وەک رەمەزان و کریسمس و قوربان و سەری ساڵ و رۆژی لەدایکبوونی محەمەد و ڤاڵەنتاین و… تد بهینین کە لەسەر بنچینەی جەور و ستەم و ئەفسانەگەلەکی تا حەزدەکەی بێسەروبەر و دوور لە هۆشمەندیی چێبوونە کە پێویستە مرۆی سەردەم یان باشترە بێژین کەسانی یەکسانییخواز و ئازادییخواز نەک هەر بەشدارییان تێدا نەکەن بەڵکە ئەوپەڕی کۆشش بکەن تا بنەبڕیان دەکەن، با زۆر وە خێرایی بۆنەی ”قوربان” وەک نموونە وەربگرین:
کەسەک کە دەیبێژنێ ”پەیامهێنەر” دەیەوێ وە ناوی قوربانیی مرۆیەک کە تەنانەت کوڕی خۆشیەتی خشت سەرببڕی! ئەوە بێجگە لە توندوتیژییەکی ناوازەی دڕندانە و ئەوپەڕی بێنرخکردنی مرۆ دەبی چیدیکە بی!؟ کەچی ئەتوو بێی بەو بۆنەوە ئاهەنگ بگێڕی!
یادی رۆژی جیهانیی ژنان بۆنەکی زۆر وەجێ و پێویستە چ وەک یادی ژنگەلەک کە لە تێکۆشانی رۆژانەی ژیان و خەباتی یەکسانییخوازانەیان لە پێناو ماف و ئازادیی وەک یەک دەگەڵ پیاوان گیانیان بەخشی.. چ وەک گرنگییدان و بەرزراگرتنی ئەو رۆژە کە ببتە هەوێنی بەرانگژبوونەی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز لە سەرجەم رۆژەکانی ساڵ لە بەرانبەر نێرساریی و تێکڕای چەوساندنەوەکانی ژنان.. چ وەک ئاهەنگێڕان و دەربڕینی خۆشیی و ئاسوودەیی لەوەی یەک دەستکەت و بەهرەمەندبوونی فرە مەزنە لە خەباتی ژنان و خەباتی یەکسانییخوازیی وە گشتیی کە پێویستە زۆر وە راشکاوییەوە دەستی پێوەبگیردرێ پەرەی پێبدرێ تا دوا ئامانجەکان وەدەستدێن.
لێ لە راستییدا ئەو بۆنەی رۆژی جیهانیی ژنانیش وەک گشت بۆنە ئەرێنیی و چاکەکان زۆر وە خراپیی وەربەرهینانی لەسەر دەکرێ.. رێک پێچەوانەی ئەنجام و ئامانجەکانی وەکاردەبردرێ وە تایبەتییش لە لایەن دەسەڵاتداران و پارت و رەوتە رامیارییەکان و کەسانەک کە فڕیان وەسەر ئەو بۆنەوە نییە بگرە دژایەتیی سەرلەبەری ماف و ئازادییەکانی ژنانیش دەکەن.. لێ لە پێناو ئەوەی خۆیان وەها پیشانبدەن کە پێشکەتنخواز و یەکسانییخوازن لە ئاهەنگەکان سەرچۆپیی زەماوەندەکان دەگرن و لە هەمووان پتر قوونان بادەدەن! هەرکووەک هەیە ئەوانە زۆر جێی لەسەروەستان نین چونکێ لەبەر سەرقاڵبوونیان وە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان و گەندەڵییە زۆروزلۆرەکانیان گەلەک مەترسییدار نین و یەکسانییخوازان دەکارن دەرفەتی خەباتی خۆیان بڕەخسێنن و بەرانگژیان ببنەوە.. لێ ئەو کەونەپەرستانەی تا رادەی ژنکوشتن نەریتپارێزن دەگەڵ رەوتە رامیارییە دینییەکان و کەسە دیندارە توندئاژۆیەکان هۆردوو لایان پێکەوە ئاریشە مەزن و گەورۆنەکەن – ئەوانە هەر لە بنی بنەوە ژن وە مرۆڤی تەواو دانانێن و لە باشترین باردا تەنێ ئەو مافەیان پێ وە رەوا دەبینن کە ژنانی سوپاسگوزار بن و لە نێو چاردیواری زیندانی ماڵ لە راژەی پیاو و ئارەزووەکانیاندا بن و خەریکی بارهێنان و وەخێوکردنی زارۆکان بن.. وە کورتییەکەی وە درێژایی رۆژگار و سەردەمەکانیان تا بەوڕۆکەیان دەگا هەمیشە سەرچاوەی هەرە سەرەکیی بوونە لە باڵادەستیی پیاوسالاریی و چەوساندنەوەی ژنان چ وە پێی نێوەرۆکی فەرهەنگە نەریتپارێزییەکەیان و دەقە دینییەکانیان چ وەک گفتار و رەفتارەکانیان – ئیدی زەمینەکەیان زۆر لەبارە و بێ هیچ شەرموشۆیەک دەبێژن:
”ئەمە لە گشت کەس و لایەنەک پتر رێز لە ئافرەتان دەگرین.. نەک هەر رۆژەک بەڵکە ساڵ دوازدەی مانگێ ئابڕووی ئافرەتان دەپارێزین و هەر پیاوەکمان لەسەر (شەرع)ی خودا و پێغەمبەری خودا دەتانی چار ژنان تێر بکا و لە خۆشەویستیی بێڕەوشتیی (فیسق و فەساد) و لەشفرۆشیی دووریان بخاتەوە”!
ئەوەیان رێک ئەوها دێتە بەرچاوان کە خاوەن کۆیلەکان وە کۆیلەکانی خۆیان بێژن: ”ئەنگۆ وەدوو قسە و گفتی ئەوانە مەکەون کە ناویان لەخۆیان نایە رزگارکەری کۆیلان.. چونکێ ئەوانە درۆ دەکەن و ناتوانن مافەکانتان بپارێزن.. ئاخر ئەوانە نەک هەر دان وە مافەکانتان دانانێن بەڵکە دەیانەوێ هەر خودی کۆیلە و کۆیلایەتیش لەنێوببەن! لێ ئەمە دان وە کۆیلەییتان دادەنێین و هەمیشە مافی کۆیلەییتان دەپارێزین!
هیچ بێ هۆ نییە لە بارودۆخەکی ئەوها رەوەتەکی دیکەی رامیارییش پەیداببی و بێژی:
”وەرن ئەی ژنانی ئازادییخواز وەرن.. ئەنگۆ (خواوەند)ن! ئەگەر بێنە نێو مە ئەوە هەموو ماف و ئازادییەکتان دەبی… لێ ئێستا لە پێناو رزگارکردنی نەتەوە و نیشتیمان وە هەموو جۆر و شێوەک واز لە ماچ و ئەڤینداریی و هاوسەرگیریی و سێکس بهینن تا بتوانن وەک مرۆئامێر تێبکۆشن! واز لە گشت چێژ و چەشە مادییەکان بهینن و هەر هێندە بخۆن و بخۆنەوە کە مەمرەومەژیی پێی بژین تا هەرگیز کات وە پەیداکردنی مادە نەکوژن! واز لە پشییدان و سانەوە و هەر ئارامییەک هەیە بهینن چونکێ نەتەوە و نیشتیمان لە نێو ئاژاوە دایە و دەبی ئەنگۆ هەردەم لەسەرپێ بن! هەروا دڵنیاشتان دەکەینەوە کە لەبەرئەوەی دوژمنان لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکەن و بەرخۆدانەکەمان فرە سەخت و دژوارە ئەوە زۆربەی هەرە زۆرتان گیان لەدەستدەدەن یان کەلوکلۆرم دەبن یان لە باشترین باردا لە ژیان دادەبڕێن و مەمرەومەژی دەیگوزەرەێنن.. لێ گرنگ ئەوە ئەمە سەردەکەوین.. ئەوجا هەنگێ خودێ گەورەیە و ژنە خواوەندەکانی نەتەوەی دیموکراتیک چارەیەکتان هەر لێکدەکەن”!
ئەو رەوەتە رامیارییە رەنگە لە پێشەڕۆژدا تشتەک وە تشتەک بکا لە کێشە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان.. هەر ئێستاکەش (وە سوودوەرگرتن؛ لە ئەزموونەکان و دەستکەتەکانی رەوتانی دیکەی هاوشێوە.. لە سەرهەڵدانی لە جیۆڕامیارییەکی لەبارتر.. لە دەستوەکاربوونی لە سەردەمەکی نوێتر.. لە گۆڕانی ناچارییانەی پلان و بەرنامەکانی سیستەمی گشتیی رامیاریی لەسەر ئاستی جیهان و نێوچەکە) وێدەچی هێندەک باشتر بی لە رەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دیکەی پێشە خۆی.. لێ لە کێشەی ژنان و یەکسانییخوازیی تشتەکی ئەوتۆی پێ ناگۆڕدرێ و تەنێ دۆزی ژنان لە پێناو ئامانجەکانی خۆی وەکاردەبا و رەنگە لە ئایندەشدا بزاڤەکی ژنانی قیچەک باشتری لێ بێتە بەرهەم وە بەراورد وە بزاڤەکانی ئێستای ژنان.. لێ وەک ئەوەی تێزەکی نوێ و راشکاوانە بی لە خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز ئەوە زۆر دوورە لە راستیی و ”کەس وە دۆی خۆی نابێژی ترشە” و ”مانگەشەو سەرلەهێوارێڕا دیارە”.
سەرەنجام؛ سەرەڕای ئەو هەموو لەمپەر و رێگرییانەی لە لایەن ئەو کەس و رەوت و لایەنە دژە ژیان و دژە ژنانەی ئاماژەمان پێدان کە لە بەرانبەر تێکۆشانی بەرابەریی هەن.. سەرەڕای ئەوەش کە تا ئێستا ژنانەکی زۆر هەن چاکە و خراپەی خۆیان نازانن؛ هێندە کۆلەوار کرانە و هێندە هزر و فەرهەنگی نێرسالاریی و دینییی لە مەژییان پەستێندرایە وە تەواویی خۆیان رادەستی ئەو پیاوانە کردیە کە دەگەڵیان دەژین یان پەیوەستن پێیان جا چ هاوسەر و خۆشەویست بن چ باب و برا و ئامۆزا و خزمانی دیکە.. لێ هێشتا هیوا و هومێدەکان هەر گەورەتر و گەورەتر دەبن و تا دێ خەڵکانەکی زۆرتر و زۆرتر بەو خەباتە پەیوەست دەبن، ئیدی هیچ کەس و لایەنەک ناکارن بەر وە خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز بگرن.. واتە هەشتی ئادار کە ئاماژە و نیشانەیەکی هەرە پڕشنگداری خەباتی بەرابەرییە مێژووەک نییە راگوزەریبی و تۆزی لەسەر نیشتبی بەڵکە تا بنەبڕکردنی سەرجەمی نایەکسانییەکانی نێوان ژنان و پیاوان رۆژانە جوولە و چالاکی تازە دەنوێنی و خەرمانی ئامانجەکانی باڵا دەکا.