بورھان شێخ ڕەئوف
عێراق لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی پێشووەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەدەست کەمبوونەوەی بەرھەمی ناوخۆیی مادە خۆراکیەکانەوە دەناڵێنێت ، بە دیاریکراوی لە دوای داگیرکردنی دەوڵەتی کوەیت و ئابڵووقەی ئابووری نێودەوڵەتی زیاتر ئەو دیاردە بەدیکرا .
لە ئێستاشدا کەمی بەرھەمی ناوخۆیی نیشتمانی عێراقی بە ھەرێمی کوردستانیشەوە گەیووەتە ئاستێکی مەترسیدار ،بە جۆرێک پاڵپشتی کردنی کڕین و ھاوردەکردنی خۆراک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەشێکی زۆری بوودجەی ساڵانەی عێراق دەبات بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بۆ پڕکردنەوەی خواستی ھاوڵاتیان بۆ مادە خۆراکیە پێویستەکان .
ئاسایشی خۆراک
ئاسایشی خۆراک لە ھەروڵاتێکدا بەشێکی گرنگی ئاسایشی نیشتمانیە ، ھەرلە بەرئەوەشە زاراوەی ئاسایشی خۆراک مانای وایە ھەرتاکێکی کۆمەڵگە بەشەخۆراکی خۆی بە بێ کەمی بۆ دابین بکرێت ،کاتێک ئاسایشی خۆراک دابینکراوەو مسۆگەرەو ترسی لەسەر نیە کە کەس ترسی نەبێت ڕوبەڕوی برسێتی ببێتەوە ، ھەرئەمەش دەکرێت ببێتە پێوانە و دڵنیایی کە تاکەکان لە ئایندەشدا مەترسی برسێتیان لە سەر نیە .
پاشەکشەی کەرتی کشتوکاڵ و گرنگی پێنەدانی بێگومان کاریگەری ڕاستەوخۆو خێرای دەبێت لە سەر ئاسایشی خۆراکی نیشتمانی، جگە لە زیادبوونی زۆری ژمارەی دانیشتووان کە ئەمەش خواست لەسەر خۆراک زیاد دەکات سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی ژینگەو کەشوھەوا .
کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئاسایشی خۆراکی عێراق
کێشەو بەربەستی گەورەی ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا زۆرن لەوانە کۆنی و چەقبەستنی دامودەزگاکانی خودی دەوڵەتی عێراقە کە ماوەیان بەسەرچووەو لە گەڵ پێشکەوتنە گەورەکانی زانست و تەکنۆلۆجیای سەردەمدا ناگونجێت ، جگە لە ململانێ ی نابەجێ و نادروست لە نێوان ئەم دامودەزگانەدا و کەمی پاڵپشتی دارایی و نەبوونی توانای زانستی و شارەزایی پێویست و بیرۆکراسیەت لە بەڕێوەبردندا .
سەرباری ئەو فاکتەرانەی سەرەوە ھەندێک فاکتی سەرەکی تریش ھەن کە بە پێویستی دەزانم زیاتر لە سەریان بووەستم :-
١. پاشەکشەی بەرھەمە کشتوکاڵیەکان ئەمەش بە ھۆی پشتگوێ خستنی ئەم کەرتە گرنگە کەعێراق خاوەن زەوی بە پیت و کەشوھەوای لەبارو گونجاو و جیاوازە بۆ گەشەپێدانی و دابینکردنی ھەموو پێداویسایەکانی ناوخۆیی خۆی و ئەگەر ھەوڵ بدات توانای ناردنە دەرەوەشی ھەیە بۆ وڵاتانی دی ، پاشەکشەکە بە جۆرێکە ئێستا عێراق پێداویستی ڕۆژانی بەرھەمی کشتوکاڵ بە ڕێژەی ١٠% بازاڕی ناوخۆیی وڵات دابین دەکات بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانای عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە .
٢. گرفتی دابەزین و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو گەورەترین کێشەیە کە بەرەوڕووی عێراق بووەتەوە
کەوایکردووە عێراق بەرەو کەشوھەوای وشک و بە بیابان بوون بڕوات بە ھۆی دیاردەی ( احتباس حراری ) ەوە.
٣. دەستگرتن بە سەر سەرچاوەکانی ئاو لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە بە تایبەتی ھەردوو ڕووباری دیجلەو فورات لەلایەن تورکیاو سوریاو ئێرانەوە بە دەر لە ھەموو یاساو ڕێسا نێودەوڵەتیەکان ، بە شێوەیەک تورکیا ٨٠% بەشە ئاوی عێراق دەبات بە ھۆی دروستکردنی گەلێک بەنداوی گەورە، سوریاش بەھەماجۆر ١٠% بەشە ئاوی عێراق دەبات .
٤. گەندەڵی دارایی و ئابوری و کارگێڕی لە عێراقدا ئەمیش یەکێک لە قەیرانە ھەرە گەورەکانی عێراقە و لە تیرۆر زیاتر زیانی بە کۆمەڵگای عێراق گەیاندووە ، تا ئێستا حکومەتەکانی عێراق و پەرلەمان و دامودەزگا چاودێرییەکان و دەزگای دەستپاکی و زۆر دامەزراوەی دی زل و زەبەلاح دامەزراون و بوودجەو توانای باشیشیان لە بەردەستدایە بەڵام دەسەوسانن لەبەردەم ئەم دیاردە قێزەونەدا، بێگومان ئەمیش کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەبووە بۆ دابین نەکردنی ئاسایشی خۆراک .
ڕۆڵی کۆرۆنا
بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس کاریگەری خۆی ھەبوو لە دەرکەوتنی فشۆڵی ئابووری عێراق و نەبوونی ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا ، ڕووخان و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بۆ ژێر سفر وای کرد کە عێراق ٤٠ ملیار دۆلار کورتھێننانی لە بوودجەدا ھەبێت ، جارێکی تر شکستی ئابوری ریعی پشت بەستوو بە نەوت فرۆشتن ئەو زەنگەی بە گوێ ی حکومەتی عێراق و گەلەکەی و پەرلەمانەکەیدا دا کە دەبێت بە ھۆش بێنەوەو تازووە خەمی وڵات بخۆن و ژێرخانی ئابووری تر بنیات بنێن و بە تایبەتی کشتوکاڵ نەوتی ھەمیشەییە لە گەڵ سکتەرەکانی تردا .
لە کۆتاییدا عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە لە بەردەمەم مەینەتێکی گەورەدایە ئەگەر حکومەتی عێراق و ھەرێمیش ھەنگاوی خێرا ھەڵ نەنێن بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی بەرھەمی ناوخۆیی بە کشتوکاڵ و ھەموو سەکتەرەکانی تریشەوە ، ئەویش بە کۆمەک و پاڵپشتی دارایی و زانستی و مرۆیی و دابینکردنی تەکنۆلۆجیای نوێ بە تایبەتی بۆ کشتوکاڵ و ڕێگرتن لە ھاوردەکردن لەڵاتانی دراسێ کە کۆنترۆڵی بازاڕەکانی عێراقیان کردووە .