توانا تەھا :مرۆڤی کورد دوای چەندین ساڵ ئاوارەیی و دەربەدەری و ماڵوێرانی و سەدان دەردەسەری دیکە. کەچی گەیشتینە سەدەی بیست و یەکەم. لەیەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سۆران بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتای ھاوڵاتییانی گەڕەکەکە خۆپیشاندانێکی نارەزای رێک دەخەن گوایە لەم رێگەیە دەنگیان بگاتە بن گوێی لایەنی پەیوەندیدار ؟ کەچی بەگوللە پەرت و بڵاویان پێدەکەن و لێدانێکی زۆریش لە ھەندێک لە خۆپیشاندەران دەدەن و دەروونی چەند گەنجێکیش بە لوولەی چەکەکانیان تێک دەشکێنن؟
من دڵنیام لەوەی ئەم نارەزای دەربریینە لە پێناو لادانی بەر پرسۆکە کی سۆران بووایە کە گەندەڵکارە ئەوا گومانم نییە لەوەی زۆربەی خۆپیشاندانەکان ئێستا یان لاشەیان لەنێو خوێنی خۆیان دەبینیوە یاخود لە بەندیخانەکان ون دەکران.. یانیش لیژنەیەکی حزبی پێک دەھێندراو دوای چەندین مانگ ئەنجامەکەی وابڵاو دەکرایەوە کە ئەم خەڵکە خەتابارن نەدەبوو بێن و داوای خزمەتگوزاری بکەن..
من زۆرجار وتوومە زۆربەی قەزاو ناحییەکانی کوردستان بێ پەر پرسن. چونکە ھەر گیز لەنێو کۆمەڵگەدا نین و خۆیان بێ کێشەو دوور لە ژیانی خەڵکن؟
ئەمەی لە سۆران کرا. نیشانی دەدات شار بێ خاوەنە و ئەم شارە ئاشی نەزانەو خوا دەی گێرێت. توخوا ئێستا کەی کاتی ئەوەیە خەڵک بۆ خزمەتگوزاری سەرەتای خۆپیشاندان بکات. توخوا ئاو رێگەو بان و کارەبا ھی ئەوەن لە ئێستادانەبن. ؟
من دەپرسم ئەگەر لەساڵی ٢٠١٢ش دەستە بەرکردنی خزمەتگوزاری بەم شێوەیەی رابردووبێت. ئەوا چاوەروانکردنی دەستەبەرکردنی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییە.. جگە لە بەفیرۆدانی کات ھیچ واتایەکی دیکە ناگەینێت.
بەرپرسانی بێ ویژدان و بێ خەم و دوور لەژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە. شار دادەرزێنن. درز دەخە نێو کۆمەڵگەو ژینگەو ژیانی مرۆڤ ھەراج دەکەن. خزمەتگوزاری بێ بەھا دەکەن. ھاوکار نابن بۆ ھەڵکشانی بستێکی ئەم نیشتیمانە. چونکە ئەوەندەی خەریکی خۆزلکردن و خۆ پرکردنن نیوە ئەوەندە خەریکی باشترکردنی ژیانی خەڵکی نین. ئەم جۆرە بەر پرسانەش نەبوونیان ھەزارجار لە ھەبوونیان باشترە. بەو ھیوایەم رۆژێک دابێت بەر پرسانی کورد لەشارو چارۆچکەکانیش فێری کرانەوەو ئاشتی ببن. واز لەو بەشە کولتوورەیان بێنن کە نواندنی زەبروزەنگە ، ئیدی بۆ سەر جەستەبێت یاخود دەروون، ئەوا خەست دەبێتەوەو لەگەڵ مافی ئینسان ناگونجێت. تکاتان لێدەکەم بەر پرسان و ھێزەکانی ناو خۆ چەک بەدەستان، دەسەڵاتداران، بەسە ئیتر نیشتیمان لەوە زیاتر ناشیرین مەکەن!
ھەندێک لە ھێزەکان بەردەوامن لەسەر کوتکردنی مرۆڤی کورد. خۆزگە بەو شێوەیە نەم دەدیت.