لەزۆربەی جیهاندا هونەرمەندان لە ڕیزی پێشەوەی سیاسەتدان و لە پۆست و دەسەڵاتدان
هونەرمەند تاوەكو سیاسی یەكی باش نەبێت، ناتوانێت هونەرێكی زۆر باش پێشكەش بكات و بەناخی كێشەو ئازارەكانی كۆمەڵگەو ژینگەو ژیان دا بچێتە خوارەوە
نەمدەتوانی هاوڕێ شەهیدەكانم لەیاد بكەم و وەك ئەم دزو گەندەڵ و خائینانەی ئێستا پشت بكەمە هیواكانیان
ئالان عومەر
www.nuche.net
هونەرمەند ئازاد كەریم عەلی، کە ناسراوە به ئازادە رەش، وێڕای ئەوەی لەلایەن بەعسەوە زیندانی کراوە، وەک خۆی دەڵێت چەند جارێکیش لەمردن نزیک بۆتەوە بەهۆی خەباتەوە بۆ خەڵکی کوردستان، ئەو خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە له سرودوگۆرانی. ئازادە رەش لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەبێتە دەنگی ئەو بزوتنەوەیەو وەک راشیدەگەیەنێت، ناو نانی ئەو بزوتنەوە سیاسییەی کە نەوشیروان مستەفا هەڵیگیرسان، بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەسەر داخوازی ئەو بووە، لەم دیمانەیەی ماڵپەڕی نوچەنێت. دەڵێت، ئێمە سەرەتا داوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی كوردیمان نەكرد بەڵكو تەنها داوای چاكسازی بوو، بەڵام ئێستا بێ هیواین لە چاكسازی و چاوەڕوانی ڕوخانیان لێ دەكەین.
ئالان عومەر: ئەگەر چی هونەرمەندیکی ناسراوو دییارن ،بەڵام لەم دواییەدا بەرهەمەکانتان بەژمارە کەمن هۆی چیە؟.
ئازادە رەش: هەر لە دوای دروست بوونی گۆڕانەوە سەرجەم بەرهەمەكانم لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لابران و بڕیاریاندا هەركەسێك هاوكاریم بكات لەكاری هونەری دا، سزا بدرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت، بۆیە هیچ گرووپ و تیپێكی مۆسیقی نەیانتوانی وەك جاران هاوكاریم بكەن بۆ تۆمار كردنی بەرهەمی نوێ، جگە لە مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی و سەفین خەراجیانی، کە كارمان كرد لەسەر گەندەڵی و یادی كیمیا بارانی هەڵەبجەی شەهید، دەست خۆشیان لێ دەكەم ئەوان نمونەی هونەرمەندی ئازان.
ئالان عومەر: وەک دەبینرێت سەرقاڵی کاری سیاسین و لەگەڵ بزوتنەوەیەکی سیاسی کار دەکەن، ئەوە یەکێک نیە لە هۆکارەکان کە کەمتر کاری هونەری دەکەیت؟.
ئازادە رەش: نا چونكە لەڕابردوودا شەوو ڕۆژ سەرقاڵی كاری سیاسی و ئیداری زۆر بووم، لەناو یەكێتی و زۆرترین بەرنامەكانی تیڤی و تۆمار كردنیشمان هەبووە، تەنها هەڕەشەو نەبوونی هاوكاری هونەری یە لەلایەن تیپەكان و هاوڕێ مۆسیقیەكانم، ئەویش سەردەمێكی كاتی یە و دەڕوات و بە گۆرانی سیاسی تۆڵەیان لێ دەكەمەوە، من پەكم نەكەوتووە لە چەندین خەت و كەناڵی ترەوە گۆرانی سیاسی بڵاو دەكەمەوە دژی گەندەڵی و خیانەتی نیشتمانی ئەوان، ڕۆژی ئێمەش لەدەم كەلە و هەڵهاتنی نزیك بۆتەوە.
ئالان عومەر: زۆر کەس پێیان وایە هونەروو سیاسەتیان نەوەتوە، بەڵام تۆ بەگەرمی خەریک بەو بوارەیت و بە هونەریش کاری سیاسیت کردوە، کەوایە رات چیە لەسەر ئەو قسانەی کە ئەڵێن هونەرو سیاسەتیان نەووتوە؟ یان تۆ پێت وایە هونەرو سیاسەت لە چیدا یەک دەگرنەوە؟.
ئازادە رەش: هونەرمەند تاوەكو سیاسی یەكی باش نەبێت ناتوانێت هونەرێكی زۆر باش پێشكەش بكات، و بەناخی كێشەو ئازارەكانی كۆمەڵگەو ژینگەو ژیان دا بچێتە خوارەوە. وەك هونەری شانۆ و تەمسیلی و شێوەكاری خۆ هەموویان سیاسین و تەعبیری سیاسیان هەیە. دەبێت زۆربەی كاری هونەریش هەروا بێت، لەڕابردوو لە دنیادا و لە كوردستانیش هونەر بەشێكی كاریگەر بووە لە جۆشدان و سەرخستنی بەرنامەی سیاسی و شۆڕش، ئێستەش ئەو كارە هونەریانە لە ئەرشیڤی كوردو خەباتی گەلاندا ماونەتەوە .هونەر چەند دیار بووەو كاریگەری هەبووە چەندین كەسایەتی هونەری سیاسی گەورەو سەرۆك و سەركردە بوون، نمونە ڕۆناڵد ڕێگن سەرۆكی پێشووی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هونەرمەندێكی سینەماكاری دیار بووە، كلنتۆن هونەرمەند و ژەنیاری ئامێری سەكسیفۆن بووە، بەهەمان شێوە سیاسی و سەرۆك بووە ئارنۆڵدی سینەما كار ئیستا سەرۆكی وولایەتی كالیفۆرنیایە، لەزۆربەی جیهاندا هونەرمەندان لە ڕیزی پێشەوەی سیاسەتدان و لە پۆست و دەسەڵاتدان.
ئالان عومەر: راگەیاندنی حزبەکانی دەسەڵات پانتاییەکی باشیان بە هونەر داوە، لە دروستکردنی کلیپ، پەخشکردنی کلیپ، بەرهەمهێنانی دراماوو تا دوایی، بەڵام کەناڵی کەی ئێن ئێن زیاتر کەناڵێکی سیاسییەو کەمتر گرنگی بە هونەر ئەدات، تۆ لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیت وەک هونەرمەندێک ئەم رەخنەت لێیان نیە؟.
ئازادە رەش: هیچ ڕەخنەیەكم لە كەی ئێن ئێن نی یە، چونكە هەر لەسەرەتاوە ئەم كەناڵە وەك كەناڵێكی خەبەری خۆی ناساندووە وناوەكەشی واتە تۆڕی هەواڵی كوردی، هەرگیز باسی لە هونەر نەكردووە بەڵام جارجار وەك ڕاپۆرت و هەواڵی هونەری كار دەكەن و لەبەرنامەیاندا هەیە بەم نزیكانە چەند سەعاتێك ببەخشن بەو بوارە.
ئالان عومەر: ئەوترێت ناوی بزوتنەوەی گۆران لە لایەن تۆوە دیاری کراوە ئایا راستە ؟ ئەگەر راستە چۆن ئەو ناوەت لا دروست بوو ؟ مەبەستت چی بوو؟ چۆن لەگەڵ بەرپرسانی گۆران باست کرد؟.
ئازادە رەش: من لە ڕابردوودا پێش دروستبوونی گۆڕان ماوەی 28 ساڵ بوو لە خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی دا خۆم ماندوو كردبوو، دەیان جارلە لێواری مەرگ گەڕاومەتەوە، بۆیە هەرگیز نەمدەتوانی هاوڕێ شەهیدەكانم لەیاد بكەم و وەك ئەم دزو گەندەڵ و خائینانەی ئیستا پشت بكەمە هیواكانیان، جگە لەوەش كاتێك لە بەرە بەیانی 7/3/1991 من و هاوڕێكانم لە سلێمانی جاڕی ڕاپەڕینمان دا، جگە لەوەی ئەم گەندەڵانەی ئێستای دەسەڵاتی هەرێم لە غەریبایەتی شانیان لێ دادابوو بێ هیواو مل كەچی ئیمامەكان بوون، لە شاری سلێمانی ئەو ڕۆژانە هاواری زۆرمان كرد بۆ خەڵك ئازادی بەدەست دێت و بەعس دەڕوخێنین و دەگەین بەتەواوی مافە ڕەواكانمان، بۆیە سەدان خەڵك دوامان كەوتن و جەندین خەڵك شەهید و بریندار بوون، دەبێت وەعدەكەی خۆمان ببەینەسەر كۆڵ نادەین تا بەدیهاتنی ئەو هیوایەی خەڵكی زۆڵم لێ كراو، هەر بۆیە هەمیشە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕام دژی ئەم زاڵمە بێ ڕەوشت و بێ ویژدانانەی ئێستا بجەنگم، هەمیشە ووتارم دەنوسی و لە زۆربەی بەرنامەكان دا باسم لە خراپی دەسەڵات و داماوی خەڵكی كوردستان دەكرد، دووساڵ پێش دروستبوونی گۆڕان من بەناوی ڕەوتی گۆڕانەوە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی شتم نوسی و لە ڕادیۆكان شتم دەوت تا ڕۆژی 18/2/2009 وەك زیندانیە سیاسیەكان چوینە لای كاك نەوشیروان مستەفا، ووتی لەم ساڵدا هەڵبژاردنی هەرێم دەكرێت ئێمەش لیستی خۆمان دەبێت، هەر هەمان شەو بێ پرس كردن بە كەس هەندێ هونەرمەندم كۆ كردەوەو بەناوی لیستی گۆڕان و لیستی نەوشیروان بەرهەمێكم تۆمار كرد لە ئاوازو دروشم و ووتنی خۆم، پاش هەفتەیەك تەواوی خەڵكی سەرقاڵ كردوو پێشوازی یەكی زۆری لێكرا و بارو دۆخەكەی شڵەقاند و هیوایەكی گەورەی بە خەڵك بەخشی، بۆیە هەر بەخۆشی و گونجاوی گۆڕانەوە باڵی ڕیفۆرم و كۆمپانیای ووشە وهەفاڵان بەگشتی ئەو ناوەیان هێشتەوە بۆ لیستەكەو پاشان بزووتنەوەكەش هەر بەو ناوەوە مایەوە، ئێمە داوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی كوردیمان نەكرد بەڵكو تەنها داوای چاكسازی و گۆڕان بوو لە حوكمڕانی و ڕەفتاری سیاسی دا، بەڵام ئێستا بێ هیواین لە چاكسازی و چاوەڕوانی ڕوخانیان لێ دەكەین، بە هەر هێزو ڕیگایەك بێت، كە پێم وایە زۆر نزیك بۆتەوە و خۆیان هۆكارن بۆ ڕوخان و لە ناوچوونی یەكجارەكی خۆیان، نەك گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن، لە ڕابردووی دووردا كاتێك سەركردایەتی سیاسی كورد یان هەر ووڵاتێكی تر هەڵەیان بكردایە میللەت باجەكەی دەدایەوە، بەڵام لەم سەردەمەی ئێستادا تەنها دەسەڵاتەكان خۆیان باجەكەی دەدەن و میللەت بە سەربەرزی و سەلامەتی لێ ی دەردەچێت.
ئالان عومەر: کاری تازەی هونەریت چی دەبێت؟ بە نیازی چیت؟.
ئازادە رەش: كاری تازەی هونەریم دەمەوێت لەگەڵ هەندێ هونەرمەندی خەمخۆرو دڵسۆزی تردا چەند بەرهەمێك بۆ جۆشدانی خەڵك تۆمار بكەین، دژی گەندەڵی زوڵمەكانی ئەم دەسەڵاتە ملهوڕەی ئێستای هەرێم و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە ڕەنگە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە برۆن و فریانەكەون ئەنجامی بدەن.