راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی : ئەگەرچی زۆربەی ھونەرمەندان لە چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەکانی خۆیان، باسی حەز و ئارەزووەکانی خۆیان دەکەن، بەڵام لەبەرئەوەی ھەندێ ئارەزوویان سەیرە و مایەی پێکەنینە، بۆیە باسی ناکەن، ئەو راپۆرتەی کە لەسەر ئارەزووی ھونەرمەندان ئامادە کراوە، لەزمانی ھاوڕێکانیان وەرگیراوە.
ھونەرمەند ناسر رەزازی، حەز بە بەخێوکردنی باڵندەی ماڵی دەکات، مریشک و کەلەشێری نایاب، لەگەڵ ئەوەشدا شانسی نییە لەبەخێوکردنی پەلەوەر، زۆر خزمەتیان دەکات، بەڵام کە گەورە دەبن یان لێی دەدزن یاخود بە نەخۆشی مردار دەبنەوە، جگە لەوەش زۆر حەز بە باخداری دەکات، ئێستا لەماڵەکەی خۆی لە دوکان خەریکیەتی.
گۆرانیبێژ زەکەریا عەبدوڵڵا حەز دەکات ببێتە خاوەن فرۆکەیەکی تایبەت بەخۆی! دەشگوترێ لەوەتەی ژنی ھێناوە ھاوڕێکانی کەم کردۆتەوە، چونکە لە ژنەکەی دەترسێت، کە کچی سەرباز ھەورامییە، زۆریش لەدایکی نزیکە، کە شووقەیەکی داوەتێ و خزمەتکارێکی تایبەتیشی بۆ گرتووە، ھەروەھا بڵند عەبدوڵڵاش حەز دەکات تووتی لە بچووکیەوە بەخێوی بکات بۆئەوەی فێری قسەکردنی بکات، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە بڵند تووتیەکەی نەماوە، بەنیازە دانەیەکی تر بکڕێت.. ھونەرمەندی بەتوانا زیاد ئەسعەد گرنگی بە پارە و سەروەت نادات، بەپێچەوانەوە زۆر حەز بە پارە سەرفکردن دەکات، ئینجا چ پارە سەرف بکات و چ پارەی بۆ سەرف بکەن لای ئەو ھەر یەکێکە، ئەگەر ئەو سیفاتەی نەبوایە بەھۆی ئەو تێکست و ئاوازانەی کە بە ھونەرمەندانی داوە ئێستا ئەو یەکێک دەبوو لەدەوڵەمەندترین ھونەرمەندی کورد.
ئاوازدانەر ھەڵکەوت زاھیر بەردەوام یاری تێنس دەکات، ھەر میوانێک بێتە ماڵەکەی ئەگەر یاری تێنس بزانێت لەحەوشەکەی خۆیدا یاری تێنسی لەگەڵ دەکات، تەنیا ھاوڕێیەکی ھەیە بەناوی (کەیوان) کە یاریکردنی لەو باشترە، ھەروەھا بەبەردەوامی سەیری بەرنامەکانی “وفاْ الکیلانی” دەکات، زۆربەی جاریش ئەگەر لەکوردستان نەما دڵنیابە لە لوبنانە، دەڵێ “خۆشترین جێگایە لەدوای کوردستان”.
ھونەرمەند چۆپی فەتاح دوای سەرکەوتنی لە گۆرانی کوریدا، ئێستا ئارەزووی ئەوەی ھەیە ببێتە گۆرانیبێژێکی جیھانی.. ھەروەھا ھەردی سەڵاح ھاندەرێکی سەرشێتی یانەی بەرشلۆنەیە، تەنانەت سێجار چووەتە ئیسپانیا بۆ ئامادەبوونی لەنێو یاریگا لەکاتی یاریکردنی بەرشلۆنە لەگەڵ ریال مەدرید، ئارەزووی کاری بازرگانیشی ھەیە، ئەمساڵ بەنیازە پڕۆژە بازرگانییەکەی بە بەنزیخانەیەک و شوقەیەک دەست پێبکات.
دڵنیا قەرەداخی، زۆرترین کات بۆ سەیرکردنی ئەفلام کارتۆنی منداڵان بەسەردەبات، ھەفتەی جارێک تایبەت بۆ کڕینی ئەفلام کارتۆنی نوێ دەچێتە بازاڕ، سەرەڕای ئەوە کڕیارێکی باشی ئێکسسوارە، بەتایبەت کریستاڵ، پێشی خۆشە ببێتە بازرگانێکی بەناوبانگ، بەڵام نەبوو.. ئالان عومەریش داڵ بۆ داڵ بەدیار فیلمەوە دادەنیشێت، بڕۆ ماڵەکەی دەرفەت نییە قسە بکەی، بەردەوام سەیریکردنی فیلمە. دوایین DVD لە ماڵی ئەودا ھەیە، کە بێتاقەتیش بوو لەسەیرکردنی، ئەوکات باسی فیلمەکەت بۆ دەکات، لەوە خۆشتر فیلمەکە دووبارە و سێ بارەش دەکاتەوە.
رەنگە ھەموو واتێبگەن لۆکە لەبەر شۆخ و شەنگی ھێمنیەکەی، حەز یاری ترسناک نەکات، بەڵام ئەو زۆر حەز بە ئەسپسواری دەکات! ھەروەھا مۆنیکای خوشکی کە لە ئایندەیەکی نزیک ئەلبوومە گۆرانییەکەی بڵاودەکاتەوە، ئارەزووی جل کڕینە، تەنانەت ژوورەکەی پڕکردووە لەجل، ھەر جلێکیش بۆ یەکجار لەبەری دەکات.
بەڵام کەس بەھێندەی ھونەرمەند عارەب عوسمان حەز بە گەشتی وڵاتان ناکات، ھەروەھا جگە لەڕاوکردن، ئارەزووی کۆکردنەوەی چەقۆی بچووکە “قەلەمبڕ”. ھەر بەرپرسێکی بینیبێت داوای قەلەمبڕێکی لێ کردووە! ئێستا لە ماڵەکەی جۆڕکێکی پڕ لە قەلەمبڕی نایابی ھەیە!.. ھەروەھا دکتۆر رەوەند عوسمان، کە بە کتۆری جوانکاری لەکوردستان ناسراوە، جگە لەوەش ھونەرمەندێکی مۆسیقییە، ئارەزووی بەخێوکردنی سەگی گرانبەھایە، ئێستا لە نەخۆشخانە تایبەتییەکەی خۆی لەعەنکاوە، ھەشت دانە لەم جۆرە سەگانەی ھەیە، کە نرخی ھەر یەکێک بە شەش دەفتەر دۆلارە، دوای ھەر نەشتەرگەرییەک دەچێتە لایان بە ئینگلیزی قسەیان لەگەڵ دەکات، جگە لەخۆی کەس ناتوانێ نزیکیان بێتەوە، ھێشتا دەیەوێ ژمارەی سەگەکانی زیاد بکات!.
نوری گەرمیانی چەندێک بەھونەرمەند ناسراوە، ئەوەندەش لەنێو جەماوەرەکەی ئارەزووی کۆری ھەیە، خۆم چەندینجار ئەوم لەنێو مەیدانی کۆتربازان بینیووە، کە کۆتری لەدەست بووە، ھەندێجاریش کۆترەکەم لەدەستی ئەو کەسە بینیووە کە لەگەڵیدا بووە، لەبەرئەوەی خۆم ئارەزووی کۆترم نییە، نەمزانی ئەو کۆترانەی ئەو حەزی لێیە چ جۆرێک بوون، بەڵام دەڵێن “کۆتری گرانبەھان”. جگە لەوەش جارجارەش لە مزگەوتێکی نێو بازاڕدا بانگی نوێژ دەدات.
گۆرانیبێژی لاو میرە ئارەزووی سەیرکردنی درامای مێژوویی و گوێگرتنە لە قورئان.. ھەروەھا کچە گۆرانیبێژ ناسلی ئارەزووی کات بەسەربردنە لەگەڵ دنیای ئاژەڵان و سەیرکردنی فیلمی دیکۆمێنتاری تایبەت بە ئاژەڵان، زۆریش ھاوڕێی سەگە، لە وڵاتی سوید سەگێکی ھەیە بە ناوی “لالە خان” کە تەمەنی دوو ساڵە.
دەشنێ شازادەی پۆپ، ھەرکاتێک ھەست بە ماندووێتی بکات، گڵۆپی ژوورەکەی دەکوژێنێتەوە و مۆم دادەگیرسێنێ، تەنیا لەم کاتەدا ئەو حەز بە تەنیایی دەکات، بەڵام ئەو لە جیاتی ئەوەی بخەوێت، سەیری تەلەفزیۆن دەکات، ئەوە جگە لەوەی عادەتی خۆی ھەر وایە تاوەکو شەو درەنگێکی زۆر ناخەوێت، ھەرچەندە یاری تۆپی پێ بەیارییەکی کوڕانە ناسراوە، بەڵام دەشنێ حەز بەیاری تۆپی پێ دەکات و یاریزانێکی خراپش نییە.
ئەکتەری کۆمیدی ئەیام ئەکرەم، کە بە شەمۆ ناسراوە، لەژیانی ھونەریدا زۆر ڕەشبینە و ھەست بەوە دەکات حەقی ھونەری خوراوە، لەگەڵ ئەوەشدا گێڕانەوەی بەسەرھاتی خۆی و ھاوڕێکانی ھیوایەتێکی ئەوە.
ھونەرمەندی بە ئەزموون باکووری، کە تەمەنی ٨٣ ساڵە، دوای کۆچی دوایی ھاوسەرەکەی ئارەزووی ھێنانەوەی ژنی دووەمە، کە تەمەنی لە ٤٠ ساڵ زیاتر نەبێت، ماوەی چەند ساڵێکیشە وازی لە گۆرانی گوتن ھێناوە و ئارەزووی بە نووسین گرتووە، چەندین کتێبی چاپ کردووە لەسەر ژیان و چۆنیەتی کارکردنی گۆرانیبێژە کۆنەکان لە بەغدا.