راپۆرتى: زانا دڵشاد دزەیى : ئەگەرچى زۆربەى هونەرمەندان لەچاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەکانى خۆیان، باسى حەز و ئارەزووەکانى خۆیان دەکەن، بەڵام لەبەرئەوەى هەندێ حەز و ئارەزوویان سەیر و مایەى پێکەنینە، بۆیە باسى ناکەن، ئەو راپۆرتەى (سڤیل) کە لەسەر ئارەزووى هونەرمەندان ئامادە کراوە، کە لە زمانى هاوڕێکانیان وەرگیراوە.
هونەرمەند ناسر رەزازى، حەز بە بەخێوکردنى باڵندەى ماڵى دەکات، مریشک و کەلەشێرى نایاب، لەگەڵ ئەوەشدا شانسى نییە لەبەخێوکردنى پەلەوەر، زۆر خزمەتیان دەکات، بەڵام کە گەورە دەبن یان لێى دەدزن یاخود بە نەخۆشى مردار دەبنەوە، جگە لەوەش زۆر حەز بە باخدارى دەکات، ئێستا لەماڵەکەى خۆى لە دوکان خەریکیەتى.
گۆرانیبێژ زەکەریا عەبدوڵڵا حەز دەکات ببێتە خاوەن فرۆکەیەکى تایبەت بەخۆى! دەشگوترێ لەوەتەى ژنى هێناوە هاوڕێکانى کەم کردۆتەوە، چونکە لە ژنەکەى دەترسێت، کە کچى سەرباز هەورامییە، زۆریش لەدایکى نزیکە، کە شووقەیەکى داوەتێ و خزمەتکارێکى تایبەتیشى بۆ گرتووە، هەروەها بڵند عەبدوڵڵاش حەز دەکات تووتى لە بچووکیەوە بەخێوى بکات بۆئەوەى فێرى قسەکردنى بکات، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنى ئەم راپۆرتە بڵند تووتیەکەى نەماوە، بەنیازە دانەیەکى تر بکڕێت.. هونەرمەندى بەتوانا زیاد ئەسعەد گرنگى بە پارە و سەروەت نادات، بەپێچەوانەوە زۆر حەز بە پارە سەرفکردن دەکات، ئینجا چ پارە سەرف بکات و چ پارەى بۆ سەرف بکەن لاى ئەو هەر یەکێکە، ئەگەر ئەو سیفاتەى نەبوایە بەهۆى ئەو تێکست و ئاوازانەى کە بە هونەرمەندانى داوە ئێستا ئەو یەکێک دەبوو لەدەوڵەمەندترین هونەرمەندى کورد.
ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر بەردەوام یاری تێنس دەکات، هەر میوانێک بێتە ماڵەکەى ئەگەر یارى تێنس بزانێت لەحەوشەکەى خۆیدا یارى تێنسى لەگەڵ دەکات، تەنیا هاوڕێیەکى هەیە بەناوی (کەیوان) کە یاریکردنى لەو باشترە، هەروەها بەبەردەوامی سەیری بەرنامەکانی “وفاْ الکیلانی” دەکات، زۆربەى جاریش ئەگەر لەکوردستان نەما دڵنیابە لە لوبنانە، دەڵێ “خۆشترین جێگایە لەدوای کوردستان”.
هونەرمەند چۆپى فەتاح دواى سەرکەوتنى لەگۆرانى کوریدا، ئێستا ئارەزووى ئەوەى هەیە ببێتە گۆرانیبێژێکى جیهانى.. هەروەها هەردى سەڵاح هاندەرێکى سەرشێتى یانەى بەرشلۆنەیە، تەنانەت سێجار چووەتە ئیسپانیا بۆ ئامادەبوونى لەنێو یاریگا لەکاتى یاریکردنى بەرشلۆنە لەگەڵ ریال مەدرید، ئارەزووى کارى بازرگانیشى هەیە، ئەمساڵ بەنیازە پڕۆژە بازرگانییەکەى بە بەنزیخانەیەک و شوقەیەک دەست پێبکات.
دڵنیا قەرەداخى، زۆرترین کات بۆ سەیرکردنى ئەفلام کارتۆنى منداڵان بەسەردەبات، هەفتەى جارێک تایبەت بۆ کڕینى ئەفلام کارتۆنى نوێ دەچێتە بازاڕ، سەرەڕاى ئەوە کڕیارێکى باشى ئێکسسوارە، بەتایبەت کریستاڵ، پێشى خۆشە ببێتە بازرگانێکى بەناوبانگ، بەڵام نەبوو.. ئالان عومەریش داڵ بۆ داڵ بەدیار فیلمەوە دادەنیشێت، بڕۆ ماڵەکەى دەرفەت نییە قسە بکەى، بەردەوام سەیریکردنى فیلمە. دوایین DVD لەماڵى ئەودا هەیە، کە بێتاقەتیش بوو لەسەیرکردنى، ئەوکات باسى فیلمەکەت بۆ دەکات، لەوە خۆشتر فیلمەکە دووبارە و سێ بارەش دەکاتەوە.
رەنگە هەموو واتێبگەن لۆکە لەبەر شۆخ و شەنگى هێمنیەکەى، حەز یارى ترسناک نەکات، بەڵام ئەو زۆر حەز بە ئەسپسوارى دەکات! هەروەها مۆنیکاى خوشکى کە لەئایندەیەکى نزیک ئەلبوومە گۆرانییەکەى بڵاودەکاتەوە، ئارەزووی جل کڕینە، تەنانەت ژوورەکەى پڕکردووە لەجل، هەر جلێکیش بۆ یەکجار لەبەرى دەکات.
بەڵام کەس بەهێندەى هونەرمەند عارەب عوسمان حەز بە گەشتى وڵاتان ناکات، هەروەها جگە لەڕاوکردن، ئارەزووى کۆکردنەوەى چەقۆى بچووکە “قەلەمبڕ”. هەر بەرپرسێکى بینیبێت داواى قەلەمبڕێکى لێ کردووە! ئێستا لەماڵەکەى جۆڕکێکى پڕ لە قەلەمبڕى نایابى هەیە!.. هەروەها دکتۆر رەوەند عوسمان، کە بەکتۆرى جوانکارى لەکوردستان ناسراوە، جگە لەوەش هونەرمەندێکى مۆسیقییە، ئارەزووى بەخێوکردنى سەگى گرانبەهایە، ئێستا لە نەخۆشخانە تایبەتییەکەى خۆى لەعەنکاوە، هەشت دانە لەم جۆرە سەگانەى هەیە، کە نرخى هەر یەکێک بە شەش دەفتەر دۆلارە، دواى هەر نەشتەرگەرییەک دەچێتە لایان بەئینگلیزى قسەیان لەگەڵ دەکات، جگە لەخۆى کەس ناتوانێ نزیکیان بێتەوە، هێشتا دەیەوێ ژمارەى سەگەکانى زیاد بکات!.
نورى گەرمیانى چەندێک بەهونەرمەند ناسراوە، ئەوەندەش لەنێو جەماوەرەکەى بە کۆترباز ناسراوە، خۆم چەندینجار ئەوم لەنێو مەیدانى کۆتربازان بینیووە، کە کۆترى لەدەست بووە، هەندێجاریش کۆترەکەم لەدەستى ئەو کەسە بینیووە کە لەگەڵیدا بووە، لەبەرئەوەى خۆم کۆترباز نیم، نەمزانى ئەو کۆترانەى ئەو حەزى لێیە چ جۆرێک بوون، بەڵام دەڵێن “کۆترى گرانبەهان”. جگە لەوەش جارجارەش لەمزگەوتێکى نێو بازاڕدا بانگى نوێژ دەدات.
گۆرانیبێژى لاو میرە ئارەزووى سەیرکردنى دراماى مێژوویی و گوێگرتنە لەقورئان.. هەروەها کچە گۆرانیبێژ ناسلى ئارەزووى کات بەسەربردنە لەگەڵ دنیای ئاژەڵان و سەیرکردنی فیلمى دیکۆمێنتارى تایبەت بە ئاژەڵان، زۆریش هاوڕێى سەگە، لەوڵاتى سوید سەگێکى هەیە بەناوى “لالە خان” کە تەمەنى دوو ساڵە.
دەشنێ شازادەى پۆپ، هەرکاتێک هەست بە ماندووێتى بکات، گڵۆپى ژوورەکەى دەکوژێنێتەوە و مۆم دادەگیرسێنێ، تەنیا لەم کاتەدا ئەو حەز بە تەنیایى دەکات، بەڵام ئەو لەجیاتى ئەوەى بخەوێت، سەیرى تەلەفزیۆن دەکات، ئەوە جگە لەوەى عادەتى خۆى هەر وایە تاوەکو شەو درەنگێکى زۆر ناخەوێت، هەرچەندە یارى تۆپى پێ بەیارییەکى کوڕانە ناسراوە، بەڵام دەشنێ حەز بەیارى تۆپى پێ دەکات و یاریزانێکى خراپش نییە.
ئەکتەرى کۆمیدى ئەیام ئەکرەم، کە بە شەمۆ ناسراوە، لەژیانى هونەریدا زۆر ڕەشبینە و هەست بەوە دەکات حەقى هونەرى خوراوە، لەگەڵ ئەوەشدا گێڕانەوەى بەسەرهاتى خۆى و هاوڕێکانى هیوایەتێکى ئەوە.
هونەرمەندى بەئەزموون باکوورى، کە تەمەنى 83 ساڵە، دواى کۆچى دوایى هاوسەرەکەى ئارەزووى هێنانەوەى ژنى دووەمە، کە تەمەنى لە 40 ساڵ زیاتر نەبێت، ماوەى چەند ساڵێکیشە وازى لەگۆرانى گوتن هێناوە و ئارەزووى بەنووسین گرتووە، چەندین کتێبى چاپ کردووە لەسەر ژیان و چۆنیەتى کارکردنى گۆرانیبێژە کۆنەکان لە بەغدا.
بەشى دووەم