ئارام خەلیفانی: زۆر نووسەر و پسپۆری بەتوانا و لێھاتوومان ھەن کە دەتوانن گەشە بەپەروەردە و فێرکردن بدەن
ئارام خەلیفانی: وەرگێڕان و نوسینەکانم ھەم بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیە و ھەمیش پەروەردەیە
نووسەری بواری پەروەردە مامۆستا ئارام محەمەد عومەر ئەحمەد ناسراو بە( ئارام خەلیفانی) یەکێکە لەو نووسەرانەی کە لەرێگەی نووسینەکانییەوە خزمەتێکی بەرچاوی پەروەردە و فێرکردنی کردوە بەتایبەتی لەبەشی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دا.. ئەو دەرچووی بەشی زمانی کوردی فاکەلتی ئادابە لە زانکۆی سۆران تائێستا (١٠) کتێبی لەسەر پەروەردە و فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەچاپ گەیاندووە.لەنزیکەوە بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە:
ھەڤپیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*ئەوھۆکارانە چین کەوای لە تۆی کرد رووبکەیتە نووسین و وەرگێران؟
– ھەستکردن بە کەم و کووڕی لەبواری پەروەردە و فێرکردن و ھەژاری لە فەرھەنگی کوردی لەھەمان کات دا ھەبوونی بەھرە و توانام لەم بوارەدا کە لای خودای گەورە تاوانبار نەبم لەبەکارنەھێنانی وە سوود گەیاندن بە نیشتیمانەکەم و نەتەوەکەم چونکە ھەبوونی بەھرە و توانا لەکەسێک و بەکارنەھێنانی بۆ بەرژەوە ندی گشتی وەک ژەھری مار وایە.
*نووسین و وەرگێرانەکانت زیاتر لە بواری فێرکردن وپەروەردەیە ھەوڵ نەداوە، لەبوارەکانی تریش بنووسیت؟
– وەرگێڕان و نووسینەکانم ھەم بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیە و ھەمیش پەروەردەیە و لەھەوڵدام لەبوارەکانیتریش بنووسم بەتایبەتی لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی.چونکە مرۆڤی تێگەیشتوو و ڕۆشنبیر ئەوکەسەیە لەھەموو شتێک، شتێک بزانێت لەیەک شتیش ھەموو شتێک بزانێت.
*چۆن دەڕوانیتە نووسەرانی بواری پەروەردەو فێرکردن لە کوردستان ئایا لەئاستی پێویست دان؟
– ئەوەی راستی بێت، لەھەموو کۆمەلگایەک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ھەیە لەو وڵاتەی ئێمەش بەھەمان شێوە زۆر نووسەر و پسپۆری بەتوانا و لێھاتوومان ھەن کە دەتوانن گەشە بەپەروەردە و فێرکردن بدەن لە وڵات.. بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی لیژنەیەکی پاک و لێھاتوو لەوەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ لێکۆلینەوە لەدەرچوونی سەرچاوەکە یان نەگونجانی سەرچاوەکە زۆر نووسەرمان ھەن دەنوسن خۆیان نازانن چیان نوسیوە (مەرج نیە ئەوەی دەنوسیت دەربڕی ناخی خۆی بێت) بۆیە ئێمە کاتمان دەوێت بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو.
*شێوازی خوێندن و پەروەردە لە کوردستان گۆرانکاری زۆری بەسەرداھاتووە ،وەکو مامۆستاو نووسەرێک، ئاستی خوێندن لە کوردستان لە ئێستا چۆن دەبینیت؟
– ئەو شێوازەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان بەکاری دەھێنن باشترین شێواز و سیستەمی پەروەردەیە ،بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی دەرفەتی گونجاو و کاتی پێویست تەرخان نەکراوە وەک پێویست جێبەجێ ناکرێت لەئێستادا لە قوتابخانە ئەرکی مامۆستا لە قوتابی و بەڕێوەبەر گرانترە و ھەبوونی مامۆستای ڕاھێنەر و لیژنەی دەرەکی بەپێویست نازانم بەڵکو سەرپەرشتیاری کارگێری و سەرپەرشتیاری پسپۆری بگەڕێتەوە و خودی سەرپەرشتیاری کارگێری خول لەجیاتی مامۆستای ڕاھێنەر بکاتەوە لە قوتابخانەکە و ھەموو سەرپەرشتیاران شارەزاییان ھەبێت لە میتۆدەکانی وانەوتنەوە.
*وەکو مامۆستایەک سیفتەکانی مامۆستای سەرکەوتووچین؟
– لە یەکێک لە کتێبەکانم کە تایبەتە بەمامۆستای سەرکەوتووە بەناوی (١٠٠ ئامۆزگاری بۆ مامۆستای سەرکەوتوو لە گشت قۆناغەکان دا) لەرێگەی (١٥) خاڵەوە ئاماژەم بە مامۆستای سەرکەوتوو داوە کە بریتین لە:
١-ھانی قوتابیەکەت بدە کاتێک کارێکی چاک ئەنجام دەدات، ڕێگای زیاتری بۆ ڕۆشن بکەوە.
٢- ڕێزی قوتابییەکەت بگرە، ئەگەر دەتەوێت ڕێزی تۆ بگرێت.
٣ -بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ قوتابی فێربکە، کاتێک پێویستیەکی ھەبوو داوا لە تۆ بکات، تۆش بۆی جێبەێ بکە.
٤-ھاوار بەسەر قوتابیدا مەکە و بەسەریدا ھەڵمەشاخە.
٥- بە شتێک قوتابی مەترسێنە کە دەسەڵاتت بەسەردا نیە و ناتوانیت جێ بەجێی بکەیت.
٦- ھەمیشە کاری ئاسان ڕێگای ئاسان و پرسیاری ئاسان ئاڕاستەی قوتابیەکەت بکە، خۆت لە شتی ئاڵۆز و گران بە دوور بگرە.
٧- ڕێگا بۆ ھاتنە پێشەوەی یەکە یەکەی قوتابیەکان خۆش بکە، ھیچ کامێکیان .پشتگوێ مەخە
٨-ھەمیشە رقت لە کردەوەی ناشرین ببێتەوە نەک کەسەکە خۆی.
٩- بە خۆشترین ناو بانگی قوتابییەکەت بکە.
١٠-لێبوردەییت زۆر بێت و سنورێکی فراوان بۆ قوتابیەکەت دابین بکە، بۆ ئەوەی ھەڵەکانی چاک بکاتەوە.
١١- ھەمیشە وا سەیری قوتابیەکەت بکە کە بە توانا و بەھێزە،بە گومانی خراپ سەیری مەکە .
١٢- قسەیەک بۆ قوتابیەکەت مەکە کە خۆت بە کردەوە نەت کردبێ، داوای فێربوونی شتێک لە قوتابی مەکە کە خۆت نایزانی.
١٣-بەردەوام خۆشەویستی و گرنگی پێدانی خۆت بۆ قوتابیان دووبارە بکەوە.
١٤-ھەرگیز پشت لە ئامۆژگاری قوتابیان مەکە، چونکە قوتابی لە ئاو زیاتر پێویستی بە ئامۆژگارییە.
١٥-بە سەڵاو کردن و ڕووی خۆش یەکەم چرکەی ڕووبەڕوو بوونەوەت لەگەڵ قوتابی دەست پێبکە.
ناوی کتێپە چاپکراوەکانی نووسەر مامۆستا ئارام محەمەد:
– (فەرھەنگی ئایلتس) چوار ھەزار وشەی بنچینەیی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و دەرچوون لە تاقیکردنەوەی ئایلتس.
– کلیلی سەرکەوتنەکانت لە تاقیکردنەوەی ئایلتس.
– فەرھەنگی ئارام ٣٠٠٠ وشەی بنچینەیی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.
– فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەبێ مامۆستا لەماوەی مانگێک دا.
– (١٠٠) ئامۆژگاری بۆ مامۆستای سەرکەوتوو.
. – (١٠٠)یاری بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی
– فێربوونی دووگمەکانی کیبۆردی کۆمپیوتەر.
– ھونەری وەڵام دانەوە.
– دەنگەکانی زمانی ئینگلیزی.
– فەرھەنگی سەنڕایزی قوتابخانە.
Discussion about this post