سەدیق سەعید ڕواندزی
لە دەستم دێ، یەکێکە لە شیعرە ھەرە دیار و جوان و بە ناوبانگەکانی پەشێو، کە وەک خۆشی لە پێشەکی شیعرەکەدا ئاماژەی پێداوەـ ئەو کاتە ئەو شیعرە نووسراوە، کە مرۆڤ دەبێتە پارچەیەک لە ڕق و تووڕەیی. بەمەش مۆتیڤێکی دەروونی لە پشت نووسینی ئەو شیعرەوەیە. ئاماژە زمانەوانی و دەروونییەکانی شیعرەکە، کاردانەوەن لە ھەنبەر کارێک کە کراوە و پەشێوی لە ناخەوە ئازارداوە و تووڕەی کردووە، کە ئەویش ناپاکی خۆشەویستەکەیەتی و پشتکردنە ئەو خۆشەویستییە بووە لەلایەن ئەویترەوە، کە چوار ساڵی خایاندووە، وەک ئەوەی لە دێڕی بەڵگەی ئاشکراو ڕووندا باسی دەکات. زمانی ئەو شیعرە، زمانێکی تووڕە و داخوزاییانەیە، بەڵام زمانی سڕینەوە نییە. لە ئاستی وشە و وێنەدا، زمانێکە بارگاوییە بە ڕق، بەڵام ئەو ڕقە، پانتایی زمان جێناھێڵێت و نابێتە ھۆکار، بۆ ئاشکراکردنی ھەموو شتێک، لە پەراوێزی ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییەی لەگەڵ کچەکەدا ھەیبووە، بە پێچەوانەوە بەڵکو لە دوا دێڕی شیعرەکەدا، ئارام دەبێتەوە و جارێکی دیکە خۆشەویستی ئەو، بە سەر ئەو ھەموو ھەستە لە ڕق و تووڕەیی زاڵدەبێت، کە لە سەرەتای خوێنەوەی شیعرەکە ھەستی پێ دەکەین. بە درێژایی ئەو شیعرە، شاعیرلە حاڵەتێکی نێوان گومان و دڵنیایی، خۆشەویستی و ڕق دایە. گومان لەوەی ئەو کارە بکات کە مەبەستیەتی ئەویش ئاشکراکردنی ھەموو شتێک و پەردەلادانە لە سەر ئەو پەیوەندییە نھێنییەی خۆشەویستی نێوان خۆی و ئەو، یاخود نەکردنی، دڵنیاشە لەوەی کە ئەو بە سەدان بەڵگەی ئاشکرا و ڕوونی پێیە، کە جەخت لەو پەیوەندییە ڕاستەقینە و دوولایەنەی نێوان ھەردووکییان دەکاتەوە. کە بە داخەوە سەرەنجام لەلایەن ئەوی بەرامبەرەوە ( کچەکە) کۆتایی پێھێنراوە و چووەتە ئامێزی پیاوێکی دیکە. بۆیە بە درێژایی شیعرەکە، پەشێو لە نێوان ئەو دوو دڵیە دایە، تا لە کۆتایی شیعرەکە و لە دوا دێڕدا، خۆی یەکلایی دەکاتەوە کە ناتوانێت کارێکی وا بکات و لە دەستی دێ، بەڵام نایکات. زمانی ئەو شیعرە وەک ئەتمۆسفیرێک بە خێرایی لە ژێر ھەستی ئەو تووڕەییەی شاعیر ھەیەتی، بەرز دەبێتەوە، پاشان بە خێراییش دادەبەزێت. لە دەسپێکی شیعرەکەدا، پەشێو لە ئەنجامی کردەیەک کە ھێشتا نەکراوە، ئاگادارمان دەکاتەوە، سەرەتا، ئێمە نازانین پەشێو بۆچی و لە بەرچی دەیەوێت کەسێک لە خۆشاوی شەوی پەردە بێ بەش بکات و ئەڵقەی پەنجەی پێ فڕێ بدات؟ پەشێو دەڵێت:_
لە دەستم دێ کاتژمێری کامەرانیت بووەستێنم
ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ بدەم
نامەی بەختت بسووتێنم
کام شەوت گەش و ڕووناکە
ئەو شەوە پف لە چرا کەم
لەدەستم دێ، کە فرمانی ڕانەبڕدووی ڕانەگەیێندراوە، ئاماژەیە بۆ کردنی کارێک کە ھێشتا ڕووینەداوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانێت بیکات، پەشێو تا کۆتایی شیعرەکەی، ئێمە لەبەردەم ئەو دووڵییە دەھێڵێتەوە، کە کارەکە دەکات یان نا؟ تا لە کۆتاییدا خۆی یەکلاییدەکانەوە، کە ئەوە ناکات و بە پێچەوانەوە خۆشەویستی پەنگخواردووی ئەو، ڕێگە بەوە نادات ئەو کەسەی تا دوێنێ خۆشەویستی بووەو، ئەمڕۆ لە ئامێزی یەکێکی دیکەدا شەوە ئەرخەوانییەکانی بە ڕێ دەکات، لە خۆشاوی پەردەی ژیان بێ بەشی بکات. ئەمەش جەختکردنەوەیە لەوەی شاعیر وێرای تووڕەبوونێکی زۆر لەو، بەڵام لە لوتکەی تووڕەبووندا، ئارام دەبێت و دان بە خۆی دادەگرێت و وەڵامی ھەڵەو ناپاکییەکەی خۆشەویستەکەی ناداتەوە. شاعیر دوای ئەوەی ئەوە بەیان دەکات کە دەتوانێت مرۆڤێک و ژنێک بۆ ئەبەد لە چارەنووسی بوون و ژیان بێ بەش بکات و ژیانی بکاتە تاڵاوێک، ئەمجارەیان بۆ ئەوەی ھۆکارەکانی ئەو (لە دەستم) دێیە، بۆ ھەمووان بخاتە ڕوو، دێتە سەر بەڵگەی بەیەکەوە بوونی خۆی و ئەو، لێرەوەش پەشێو جۆرێک لە ڕەوایەتی بەو کردەیە دەدات کە چۆن ئەم پشتیکردۆتە پەیوەندییەکی سۆزداری چوار ساڵە و پەشێوی جێھێشتووە.ھەروەک دەڵێت:_
بەڵگەم پێیە
ھەزار بەڵگەی ئاشاکراو ڕوون
بەڵگەی چوار ساڵ بە یەکەوە بوون
پەشێو ھەر لە درێژەی شیعرەکەیدا، دوای ئەوەی باس لە بەڵگەی بەیەکەوە بوون دەکات، ئەمجارەیان دڵنیایانەتر ئەو بەڵگانە دەخاتە ڕوو. یەک بەیەک باسی بەڵگەکان و ئەو ماوە زەمەنیەش دەکات، کە ئەو بەڵگانەی تیادا ئالوگۆڕکراون، وەک دڵنیایەک لەوەی کە دەتوانێت ئەوەی مەبەستیەتی بیکات، یاخود بەڵگەکان خۆیان دێنە دەنگ و لە ئاست ئەو ناپاکییە قسە دەکەن. بەڵگەکانی پەشێو ھێندە ڕوون و ئاشکران، کە تەنانەت پەیوەندیان بە جەستەی ئەویترەوە ھەیە، واتا لەوە دەرچووە پەیوەندییەکی زمانی و ڕووکەشی، کە تەنھا لە گۆڕینەوەی ڕاز و نیاز لە ڕێی زمانەوە دەبەسترێت، بەرجەستە بێت ، بەڵکو سنوورە سوورەکانی بەزاندووەوە جەستەی ئەوەی، وەک نیشتمانی ئازادی خۆی بینیوە و جۆرێک لە خاوەنداریەتی ھەبووە، کە ئەمەش ئەوپەڕی دوا سنووری ھەبوونی پەیوەندیی نێوان دوو ڕەگەزە، چونکە مەحاڵە بە بێ خواستی ئەو، شاعیر بتوانێت پەنجە بە سنگی برسی و تێنووی خۆشەویستی ئەوەوە بنێت. بۆیە ئمجارەیان دەڵێت:_
تاڵێکی پرچت نەماوە تێر تێر بۆنم نەکردبێً
جێی دەرزییەک
لە سنگی برسیت نەماوە
پەنجەم پەی پێ نەبردبێ
گەواھی دەدەن لەسەرت دارتێلەکانی شەقام
گەواھی دەدەن ئەوانەی نامەی تۆیان بۆ دەھێنام
نامەکان لێرەدا، ڕۆڵی گەواھیدەرێک بە سەر تاوانێکەوە دەبینن. دیارییەکان ونامەکان، ئامادەن گەواھی ئەوە بدەن کە شاعیر پەیوەندی لەگەڵ ئەو ھەبووە و ئەو پەیوەندییەش، تا سنووری ڕامووسان و گاڵتە و گەمەی عەشق و سۆزداری ڕۆیشتووە. پەشێو ھەریەک لە نامەکان و دیارییەکان، دەکاتە گەواھیدەر، وەک ئەوەی لە گەواھیداندا، دەبێ دوو کەس ئامادەیان ھەبێ و پشتڕاستی بکەنەوە، کە ئەم، ئەمکارەی کردووە و دواتریش شایەنی سزادانە. بۆیەشە نامەکان و دیارییەکان، وەک بەڵگەی ئەو پەیوەندییەی نێوان خۆی و ئەو دەخاتە ڕوو، بەڵام لێرەدا ھەر تەنھا ئەوانە بەس نین، بەڵکو دارتێلەکانی سەر شەقام و ئەوانەی نامەی ئەویشیان بۆ ھێناوە، گەواھی دەدەن و بێگومان چەند گەواھیدەریش زۆرتر بن، ئەوا ھیچ گومان کردنێک لە کردەکە نامێنێتەوە، تەنانەت پەشێو بەوانەشەوە ناوەستێت، بەڵکو پەردە لە سەر ئەو پەیوەنییەی نێوان خۆی و ئەو، بە بێ ڕتووشی ھەڵدەماڵێت و باسی قژ و سنگ دەکات، کە دوا سنووری ئەو پەیوەندییە نیشان دەات و بەمەش نەک ھەر بەڵگەیەکی دیکە پێویست نییە، بەڵکو ئەوی بەرانبەریشی کە خۆشەویستەکەیەتی، دەخاتە بەردەم پرسیار و شەرمەزاری ئەوەی کە چۆن وازی لەو پەیوەندییە ھێناوە و شەوی سووری کەسێکی دیکەی ڕازاندۆتەوە؟ پەشێو لەمەدا، توند و ڕقاوی بەرانبەر ژن نادوێت وەک ئەوەی کەسانێک لەو شیعرەدا تێیگەیشتوون و وێنای دەکەن، بە پێچەوانەوە، بەڵکو ڕەخنە و سەرزەنشتی ئەوەیان دەکات، کە چۆن دەبێت بە ئاسانی پشت بکەنە عەشق و خۆشەویستی و لەبەر ھەر جیاوازیی و تایبەتمەندییەک بێت، واز لە خۆشەویستەکەیان بێنن؟ پەشێو ھەر لە سەرەتای ئەو شیعرەوە وەک وتمان لە نێوان دووڵییەکی گەورەدایە و دەیەوێت بە جۆرە ھەستێکی تۆڵە سەننەوە، تۆڵە لە ئەو بکاتەوە، بگرە لە سەرەتای شیعرەکەدا، چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە، کە شاعیر بوون و مێژووی ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییە بسڕێتەوە و نەفرەتی لێ بکات و ئەمیش وەک ئەو بێ وەفا و بێباک بێت، بەڵام بە پێچەوانەی ھەموو ئەو چاوەڕوانییانەوە، لە دواین دێڕی شیعرەکەدا، پەشێو نەک ھەر دەستبەراری ئەو نابێت و ڕقی لێ نابێتەوە، بگرە ھێشتا خۆشەویستی بۆ ئەو ماوەو ئەو خۆشەویستییەش ڕێگەی ئەوەی لێ دەگرێت، ھەر جۆرە کردەوە و ڕەفتارێکی ڕقاویانە بەرانبەر بە ئەوی کۆنە خۆشەویستی بنوێنێت. بۆیە لە کۆتاییدا خۆی یەکلایی دەکاتەوەوە دەڵێت:_
بەڵام چیبکەم؟ خۆشەویستیت نەھەنگێکە
خوێنی ھەڵچووم دەخواتەوە
خۆشەویستیت ڕووبارێکە
قینی ڕەشم دەشواتەوە
تووڕەیی پەشێو، کە لە سەرەتاوە بە ئەتمۆسفیرێکی بەرز دەست پێ دەکات، دواجار وەک لافاوێک، بێ ئەوەی ھیچ شتێک لەگەڵ خۆی ڕابماڵێت، دەنیشێتەوە. پەشێو نەک ھەر ناتوانێت، ئەمانە بەرانبەر بەو بکات، بەڵکو دواجار خۆشەویستی ئەو، بەسەر ھەموو ئەو نیگەرانی و تووڕەیی و خەمە زاڵ دەبێت و لە بەر وەفا بۆ ئەو خۆشەویستییە ئەوە ناکات کە لەدەستیشی دێت. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، پەشێو بۆچی لە نێوان کردن و نەکردنی ئەو کارانە و دەرخستنی بەڵگەکان، سەرەنجام ھیچ شتێک ناکات؟ مەبەستی چییە، لەو ھەموو باسانە و دواتریش، جارێکی دیکە خۆشەویستی بێ سنووری خۆی بۆ ئەو دەردەبڕێتەوە؟ بە بڕوای من پەشێو مەبەستی ئەوە بووە، کە ھیچ گومانێک لە ڕاستی ھەبوونی ئەو پەیوەندییەی نێوان خۆی و ئەو نەھێڵێتەوە، بەڵکو ھەمووان ئەو ڕاستییە بزانن ئەو خۆشەویستییە، بوونی ھەبووەو ئەو ناپاکییەش کراوە، کە تیایدا خۆشەویستەکەی جێیھێشتوە و لە ژێر ڕووناکی چرای سووری ئامێزی گەرمی پیاوێکی دیکەدا، شەوانی سووری بە ڕێ دەکات. بەدرێژایی ئەم شیعرە، پەشێو نیگەران و تووڕەیە، بەڵام ئەگەر تووڕەبوون ببێتە فاکتی کردنی کارێکی ھەڵە و کاردانەوەی تووند دروست بکات، وەک ئەو یاسا فیزیکییەی کە دەڵێت ھێزی کاردانەوەی کارێک، لە ھێزی کارەکە بە گوڕترە، ئەوا پەشێو ئەوە ناکات، بەڵکو لە لوتکەی تووڕەبووندا، وێرای جەختکردنەوە لە سەدان بەڵگە، کە ئاماژەن بۆ ھەبوونی ئەو پەیوەندییە، ئارامی دەنوێنێت و دان بە خۆ دادەگرێت. گەر بە قووڵی بچینە نێوەڕۆکی ئەو شیعرە، ھەست بەوە دەکەین کە ئێمە بێ ئەوەی ئەو کەسە بناسین و بینیبێتمان، ڕقمان لێی دەبێتەوە. من ھەر کاتێک ئەو شیعرە لە بەرخۆم دەڵێمەوە، لە شاعیر زیاتر، ھەستی ڕق و تۆڵە سەندنەوە دامدەگرێت بەرانبەر بە وانەی کە پشت دەکەنە خۆشەویستەکانییان. ھەرچییەک و ھەر چۆنێک بێت، ئەم شیعرە، یەکێکە لە شیعرە جوانەکانی پەشێو، شیعرێک نییە لە شکۆی ژن بدات وەک ئەوەی باس دەکرێت، بەڵکو ڕەخنەی دەکات، سەر زەنشتی دەکات، بۆ ئەوەی ھیچ کاتێک عەشق و خۆشەویستی نێوان خۆیان و خۆشەویستەکانییان، بە ھەر شتێک بێت نەگۆڕنەوە، بەڵکو بە وەفا و سۆزدار، خاوەن بەڵێن و پەیمانی خۆیان بن. دواجار دەڵێم زمانی پەشێو لەم شیعرەدا، زمانی نێر سالاریی و زمانی شکانەوەی ژن نییە، وەک ئەوەی کەسانێک تێی گەیشتوون، بەڵکو زمانی ڕەتکردنەوە و ڕەخنەگرتنە، بە ئاراستەیکی توندو تووڕە، ئەویش لە دەرەنجامی ھەبوونی کردەیەک کە بەلای ھەموومانەوە نەک ھەر ئاسایی نییە، بەڵکو مایەی خەم و نیگەرانییەکی قووڵیشە. بڕواناکەم کەسمان ھەبێت، بەو تاقیکردنەوە تراژیدیە ڕەت نەبووبێت و نەبێتە ھاودەمی خەمێکی بێ کۆتایی، کە تا مردن وەک سێبەر، پێمانەوە نووساوە.
*سەرنج/ ئەم وتارە، بەشێکە لە پڕۆژەی نووسینێک لە بارەی شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێو، کە خوا یاربێت لە ئایندەیەکی نزیکدا وەک کتێب چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
*ئەم بابەتە لە (ھزرو ھونەری ) ڕۆژنامەی خەبات ، ژمارە (١٤٦) ی ڕۆژی ٢٦ /١٠/ ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post