پێشنیارێک بۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و دەوڵەمەندان و بەرنامە و پرۆژەکانی رزگارکردن لە هەژاری.
وەک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی ، زۆر بیرم لەوەکردەوە کە بۆچی وا دانراوە کە زەکاتی سەرفیترە ئەبێت بە خواردن بێت .
وەک زانراوە زەکاتی سەرفیترە بۆئەوە دانراوە کە ببێتە کەفارەتی ئەو کەمتەرخەمییانەی کە رۆژووان کردوویەتی لە مانگی رەمەزاندا، دەتوانرێت لە دوو رۆژ پێش جەژندا بدرێت.
ساڵانی رابردوو بەشێوەی پارە زەکاتی سەرفیترەم دەدا و هەر ئەوەش بڵاوبوو لە کۆمەڵگاکەماندا کە ئەوەش رای مەزهەبی ئەبوحەنیفیە، و کە شێوەیەکی ئاسان و عەمەلییە ، بەڵام ئێستا روونبووەتەوە کە لە زەمەنی سەحابەکاندا تەنها خواردن دراوە.
لەخۆمم دەپرسی باشە بۆ پارە نەدرێت ، کە ئەوە ئاسانترە لە خواردن ، کەسی هەژاریش ئەتوانیت هەر بەپارەکە پێداویستی و خواردنی پێ بکرێت، ئاخر دۆزینەوەی خێزانێک کە پێویستی بە خواردن بێت لەم رۆژەدا کارێکی ئاسان نییە، بە تایبەت ئێستا کە باری دارایی بەشێویەکی گشتی باش بووە.
لە دڵی خۆمدا وتم ، رەنگە لە زەمەنی سەحابەکاندا دراو نەبوبێت ، بۆیە بە خواردن داویانە ، بەڵام بۆم دەرکەوت کە وانییە و لە سەردەمەشدا دینار و درهەم و ئاڵتون بوونی هەبووە و مامەڵەشی پێوەکراوە.
لە دوای بیرکردنەوە و سەرنجدان لە مەرجی خواردن بۆ زەکاتی سەرفیترە ، بۆم روونبووەیەوە کە ئەوە بنەمایەکی کۆمەڵایەتی و مەسحێکی کۆمەڵایەتی گەورە دروستدەکات، و دەبێتەهۆی دیاریکردنی خاڵی دەستپێکی پرۆژەیەکی گەورە.
چۆن؟
بۆم روونبوویەوە کە ئەو مەرجە ، مەرجێکی زۆر بەسوودە، چونکە دەبێتەهۆی ئەوەی کە بەشێوەیەکی جدی بگەڕێت بە دوای خێزانێکی هەژاردا ، کە بە تەواوی هەژار ببَت و ئاستی هەژارێکی لە پلەیەکدا بێت کە تەنانەت پێویستی بە خواردنیش بێت.
واتە بەهۆی دانی زەکاتی سەرفیترە بەخواردن ، ئێمە ئەبێت زۆر پرسیار بکەین لە خزمان و لە دۆستان و هاوڕییان ، تا بگەڕێن بە دوای خێزانێک کە بەتەواوی هەژار بێت و ئاستی هەژارییەکەی لە پلەیەکدا بێت کە تەنانەت پێویستی بە خواردنیش بێت.
واتە مەرجی زەکاتی سەرفیترە بە خواردن ، ئەو ئامانجە دەپێکێت ، کە بە وردی و دیاریکراوی ئەو خێزانە هەژارانە بدۆزرێتەوە و دەستنیشان بکرێن کە بەتەواوی هەژارن، بەڵام چ دۆزینەوەیەک ، دۆزینەوەیەک کە کۆمەڵگا خۆی ئەنجامی داوە و میسداقیەتی زۆر زۆر بەرزە.
کە ئەو خێزانانە دۆزرایەوە، ئەوا لەگەڵ ئەوەی کە زەکاتی سەرفیترەکەی پێ دەدرێت بە خواردن ، هاوکات ئەتوانرێت هاوکاری مادیشیان بکەیت لە ئێستا و لە داهاتووشدا.
واتە بەهۆی زەکاتی سەرفیترە بە خواردن ، بە تەواوەتی خێزانە هەژارەکان دەدۆزرێنەوە لە هەر شار و شارۆچکە و گوندێکدا ، دوای دۆزینەوەیان ئیتر ئەتوانرێت وەک گروپی خێزانە هەژارەکان دیاری بکرێن، بۆئەوەی لە داهاتوودا بە تەواوەتی هاوکاری بکرێن تا ئاستی هەژارییان نەمێنێت.
بۆیە من پێشنیاردەکەم بۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرجەم دەوڵەمەندان و ئەو بەرنامە و پرۆژانەی کە هاوکاری هەژاران دەکەن و پرۆژەی رزگارکردنیان هەیە لە هەژاری ، تکایە تارگێت گروپەکانی خۆتان بۆ هاوکاری و رزگارکردن لە هەژاری ، لەو خێزانانەوە دەست پێ بکەن کە زەکاتی سەرفیترە بە خواردن دەیانگرێتەوە، چونکە بە پرۆسەی مەسحی زەکاتی سەرفیترە بە خواردن دیاریکراون لەلایەن کۆمەڵگاوە، کە ئەوەش میسداقیەتێکی زۆر ئەدات بەکارەکە.
ئاشکرایە لە هەموو پرۆژەیەکدا دیاریکردنی ورد ، لە هەموو قۆناغ و هەنگاوەکانی تری پرۆژەکە گرنگترە.
چونکە کاتێک وەزارەت یان ئەو بەرنامە و پرۆژانە خێزانێک هەڵدەبژێرن بۆ هاوکاری و رزگارکردن لە هەژاری ، ئەوا پرسیار دروست دەبێت لەسەر میتۆدی چۆنێتی دیاریکردنی خێزانە هەژارەکە، بەڵام ئەگەر ئەو خێزانانە بکەن بە تارگێتی خۆیان ، کە زەکاتی سەرفیرتە بەخواردنیان پێ دراوە ، ئەوا ئەوسا پرۆسەی مەبەست تەواو دەبێت ، کە یەکەم هەنگاوی بریتیە لە دیاریکردن ، کە دیارکردنێکە کۆمەڵگا خۆی پێی هەستاوە ، بەڵام دوای ئەو دیارکردنە ، هەنگاوی تر پێویستە کە حکومەت و دەوڵەمەندان و بەرنامە و پرۆژەکانی رزگارکردن لە هەژاری ئەبێت تەواوی بکەن ، بە رزگارکردنی یەکجارەیی خێزانە هەژارەکە لە هەژاری.
واتە زەکاتی سەفیترە بە خواردن یەکەم قۆناغی پرۆژەی رزگارکردنە لە هەژاری، کە بریتیە لە فۆناغی مەسح و دیاریکردنی خێزانە تەواو هەژارەکان، ئیتر دوای پێدانی زەکاتی سەرفیترە بە خواردن کارەکە تەواو نابێت ، بەڵکو ئەوە سەرەتای کارەکەیە و دەستنیشانکردنی سەرەتای پرۆژەی رزگارکردنە لە هەژاری ، کە ئەرکی حکومەت و دەوڵەمەندان و بەرنامە و پرۆژەکانی رزگارکردنە لە هەژاری ، تا کارەکە تەواو بکەن و خێزانە هەژارەکان لە هەژاری رزگاربکەن.
بەڵام زەکاتی سەرفیترە بە پارە ئەو ئامانجانەی سەرەوە ناپێکێت ، و نابێتەهۆی ئەوەی کە بەشێوەیەکی جدی و ورد بگەڕێن بۆ دیاریکردنی خێزانە هەژارەکان، بەڵکو زەکاتی سەرفیترە بە پارە ئەبێتەهۆی ئەوەی کە هەندێک لە پارەکانیش دەست کەسانێک بکەون کە پیشەی سواڵکردنیان هەڵبژاردووە، و لە بنەڕەتدا هەژار نین.
بۆیە زەکاتی سەرفیترە بە خواردن وامان لێدەکات بە تەواوەتی لە بیری هەژاراندا بین ، هەرکات لێیان بپرسین کێ هەژارە ، راستەوخۆ ناوەکانیانمان لەبەر بێت و بڵێن فلان خێزان و فڵان ، واتە سەرەتای دەستنیشانکردنی پرۆژەی دیاریکردنی خێزانە هەژارەکانە، دوای ئەوە هەنگاوی تر و قۆناغی تر پێویستە بنرێت ، تا هاوکاری بەردەوام بکرێن و لە ساڵی داهاتوودا ئەو خێزانە بە جۆرێک هاوکاری کرابێتن کە لە قۆناغی هەژاری رزگاری بوبن.
من ئاوای لێ تێ دەگەم ، کە گرنگی کارەکە لە پێدانی زەکاتەکەدا نییە ، بەڵکو گرنگی کارەکە ئەوەیە کە ئێمە بەراستی بگەڕێن بەدوای خێزانی هەژاردا.
واتە مەسەلەکە لە کۆڵکردنەوەی واجبێکی ئاینی نییە و تەواو ، بچین پارە بدەین و لە کۆڵی خۆمانی بکەینەوە، بەڵکو کارە گرنگەکە هەڵگرتنی خەمی کۆمەڵگا و خەمی هەژارانە ، تا بە وردی بەدوایان بگەڕێن و دیارییان بکەین، ئەویش بە میکانیزمی زەکات بە خواردن جێ بەجێ دەکرێت.
با لە هەموو ساڵێکدا ، زەکاتی سەرفیترە بە خواردن ، بکەینە سەرەتای پرۆژەیەکی زانستی و کۆمەڵایەتی گەورە بۆ قەڵاچۆکردنی هەژاری لە کۆمەڵگاکەماندا.
هادی ئەمین
توێژەری کۆمەڵایەتی