سەدەی نۆزدەهەم، سەدەی گەشەکردنی بەشێکی زۆری فەلسەفەی مۆدێرنە.
ئەو کاتەی، هزری مرۆڤ بەگشتی و فەیلەسوفەکان بەتایبەتی سەرقاڵی گەڕان و تێگەیشتن بوون لە دیاردە (سروشتی و کۆمەڵایەتی)ەکان، زۆر لە بابەتەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا گۆڕانی بەسەرداهاتبوو. بوونگەرایی وەک ڕێچکەیەکی جیاواز و تاڕادەیەک نوێی فەلسەفی لەسەر ئاسەواری فەلسەفەی کۆن بوژایەوە. ژمارەیەکی بەرچاو لە فەیلەسوف و بیرمەند لەهەوڵی وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بوون کە ڕەنگە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی خولیای مرۆڤەکان بووبێت. ناودارترین پێشڕەوانی ئەم ڕێبازە فەلسەفیە (بوونگەرایی) سۆرن شیرکەکارد، فرێدریش نیتشە، ئێدمۆند هاوسێرل، مارتن هایدیگر و ژان پۆل سارتەر بوون.
فەیلەسوفەکانی بوونگەرایی پێکەوە بە ڕادەی جیاواز بناغەی رێبازی ئابسوردیزم دائەڕێژن. زۆری پرسیار و نەبوونی وەڵامی گونجاو بۆ پرسیارەکان، خولیای بیرمەندە مرۆڤ دۆستەکان بوو. کاتێک هزری مرۆڤ لە گەشە و پێشکەوتندایە و داواکاری و پێویستیەکانی ژیان دەستەبەر نابن، بە تایبەتی لە سەردەمی وێرانکاری و پاشاگەردانی و هەژاری. بار و دۆخێک مرۆڤ، مرۆڤی هوشیار، مەبەستێتی تێبگات بۆچی ژیان وا گوزەر ئەکات؟ چیە مرۆڤ تووشی یەئس و سەرگەردانی ئەکات؟ چۆن مرۆڤ چارەی حاڵی خۆی بکات؟ مرۆڤ خەتای کێ بگرێ خۆی، کۆمەلگا یا گەردوون؟ مرۆڤەکان بێ هودە لە هەوڵدان، وەڵامی ئەوێ بۆ قەدەر و چارەنووس. ساڵانی دوای جەنگی جیهانی دووەم ئەو ژینگەیە بوو کە نووسەر و بیرمەندی فەرەنسی ئالبێرت کامۆ وەک پێشڕەوی ئەم ڕێبازە فەلسەفیە دەرکەوت.
ئابسوردیست هەردەم یاخی و ناڕازیە. مرۆڤێکە وێڵی تێگەیشتنە و ناتوانێت وەک مرۆڤی ئاسایی لە هارمۆنیدا بژی هەمیشە خولیای هەیە و سەرقاڵە. مرۆڤێکە کەمتر خاترجەم و دڵنیایە، کەمتر هەست بە ئازادی ئەکات و ناتوانێ بیر نەکاتەوە. هەمیشە پرسیاری یەک لە دوای یەکی ئامادەیە. مرۆڤێکە کەم شت بەلایەوە گرنگی چەسپاوی هەیە، بەلای ئەوەوە بەهاکان هەمیشە لە جێگۆرکێدان و بەرز و نزم ئەکەن.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١٥/١/١١