هەڵبژاردنەکانی تورکیا، وەک هەرشوێنێکی تری ئەم دونیایە، فرە ڕەهەندە (ئابوری ، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، سیاسی و دیپلۆماسی….هتد). بێگومان بۆ شرۆڤەی هەر یەکێک لەم ڕەهەندانە پێویستمان بە چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی هەیە. بەڵام، وەک تەماشاکارێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا، بەپێی توانا هەوڵئەدەین تا ڕادەیەک بابەتیانە لێی بڕوانین. بەداخەوە زانیاریەکان بایی ئەوەندە نیە، بە ووردەکاریەکان ئاشنا بین.
تەمەنی دەوڵەتی “سیکولاری” تورکیا نزیک ئەبێتەوە لە سەدەیەک. “سیکولاری تورکیا” بەگشتی کاڵو کرچ و نادیموکراتی بووە، تەنها ئەوەندە هەبوو هەوڵێکی باش بوو لە ئاوەژووکردنەوەی سەرخانی خەلافەتی ئیسلامی و هەنگاونانی شەل و گێڕانە بەرەو کۆمەڵگایەکی مۆدێرن. بەدڵنیاییەوە ئەگەر بیری نەتەوەپەرستی (تورکچێتی) زاڵ نەبووایە ئەو ماوەیە بەس aبوو بۆ پێک هێنانی کۆمەڵگایەکی پتەوی مۆدیرن. هێزە جەماوەریەکانی ( سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی) گەلانی تورکیا لە دواهەمین هەڵبژاردندا کەوتونەتە سەختترین مل ملانێی دەسەڵات، بە تایبەتی هەدوو لایەنی AKP و HDP، چونکە بۆ هەردوولایان چارەنووس سازە بەڵام بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانە.
AKP زیاتر لە (دە) ساڵە لەدەسەڵاتدایە، بە “ناوی خوا” و پشتیوانی کوردەکان. بەڵام لەئەنجامی سیاسەتی چەوت و خەونی گێڕانەوەی سەڵتەنەتی ئیسلامی، ووردە ووردە ڕەنگە دیموکراتخوازە درۆینەکەی کاڵ بۆوە و هاتەوە سەر پلێت، ئەسڵی خۆی. کوا ئێستا وەک پێشان بواری درۆ و پاشقولی سیاسی ماوە. گلوبالیزم و مەڵتی میدیا سەردەمێکی وای خولقاندوە کە درۆ و چاوبەستی خەڵک زۆر کاتی و بێ ڕەواج بێت. پرۆسەی دیمۆکراتی لە خۆیدا پرۆسەیەکی درێژخایەنە بە تایبەتی لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هەزار و یەک کێشەی ئیتنیکی و فەرهەنگی هەیە و ناتوانێت تاسەر بە گفتی درۆ درێژەی هەبێت. چەمکی کات هەمیشە لە بەرژەوەندی پرۆسەی دیمۆکراتیدایە هەر بۆیە ئیپۆکی ئەردۆگانیش بەرەو فەنابوون ڕۆ ئەچێت. بەڵام لە بەرامبەردا سەردەمێکی نوێ لەئاسۆوە دیارە، سەردەمی قەبولکردنی ئەوی دی و کۆمەڵگای فرەکلتور و فرەڕنگ، پلورالیزم. HDP ئەو لایەنەیە کە بە دروشمی دیموکراتی و پشتیوانی گەلانی تورکیا ئەیەوێت کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان چارەسەرکات. لە ڕاستیدا من وای ئەبینم کە تایمینی (تەوقیتی) ئەم خۆ تێهاویشتنەی HDP گونجاوە، ئەگەرچی رێگایەکی پڕ بەربەست و چەرمەسەریە. بەڵام سروشتی دەنگدەر لە هەموو دونیا و تورکیاش تا ڕادەیەکی زۆر لەوەدا هاوشێوەن کە دەنگدەر لەکاتی قەیراندا دەیەوێت شتێکی نوێ تاقی بکاتەوە. ئەگەر دیقەت بدەین زۆر لە قەیران و هەل و مەرجەکانی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا لە بەرژەوەندی HDP دەگەڕێ، بۆ نمونە (خاوبوونەوەی گەشەی ئابوری یا تێکچوونی باری ئابوری، بەهێزبوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕۆلی ئەرێنی میدیا و میدیاکاران لە دژی ئەردۆگانیزم و پاوانخوازی دەسەڵات، فوکوسی جیهان لەسەر ناوچەکە بەهۆی شەڕی داعش و تیرۆر، ناسەقمگیری و ئەمبەر و ئەوبەرکردنی گێلانەی دیپلۆماسی ئەردۆگان لە پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان،……..هتد).
سەرەڕای ئاستەنگیە ئەمنیەکان بڕوای تەواوم هەیە HDP زۆر سەرکەوتووانە پڕۆسەی هەڵبژاردن بە کۆتایی ئەگەیەنێت و بە ئاسانی بەربەستی (١٠%) تێپەڕئەکات. هەروەها لە رۆژی ٨/٦/٢٠١٥ بەدواوە بەڕێژەی بەرز و بۆ ماوەیەکی درێژ تۆپی گەمەی سیاسی و دیمۆکراتی دەوڵەتی تورکیا دێتە گۆڕەپانی HDP و لای گەلانی تورکیا، بە تایبەتی گەلی کورد، کە ڕٶل و کاریگەری دیار و بەرچاویان ئەبێت لە دیموکراتیزەکردنی فەرهەنگ و هزر و سەرخانی کۆمەڵگای تورکیا لە داهاتوودا. هەر ئەمەش ئەبێتە خاڵی وەرچەرخان و پێشکەوتنی ئاشتی و دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.
فەلاحی شێخ رەئوف
سلێمانی ٢٠١٥/٦/٤