ئەم کتێبە نووسینی دکتۆر کازیوە ساڵح ە و لە لایەن وەشێنەری نیودەولەتی ڕاوتڵج ەوە، لە دوو توێی دوازدە بەش و ٣١٤ لاپەرەدا چاپ و پەخشکراوە.
بەر لەوەی دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە بە کورتی بدوێین، بە چەند دێڕێک باس لەوە دەکەین بۆ هەڵاواردنی وەرگێڕانی تێگەشتنی هەڵە، پێویستە هەردوو چەمکی هابیتۆس و دۆکسا وەکو خۆییان دابنێرنەوە. ئەمانە دوو چەمکی فەلسەفەی کۆمەڵایەتین و لە ڕوانگەی کۆمەڵناس و بیریاری فەرەنسی پیێر بۆردیۆ وە بە کار هێنراون. لە کتێبەکەدا کۆمەڵێک پێناسەیان بۆ کراوە، کورترینیان: دۆکسا ئەو راستییە پرسیارنەکردووانەی کە کۆمەڵگا وەکو شتێکی سروشتی و ئاسایی وەریدەگرێت. ذۆکسا جیاوازە لە دۆگما، بەڵام هەردوو چەمک لە ناو یەکدا کاران. لە بەر ئەوەی دۆگماش وەرگێڕانی بۆ نەکراوە ، چاکترە دۆکساش وەرگێڕانی بۆ نەکرێت.
نووسەر بەم کۆدە دەتباتە نێو کتێبەکەو گفتوگۆکان:
“سەبارەت بە بەشداریی ئەکتەرە دەوڵەتییەکان لە جینۆسایدی کوردەکاندا، بە شێوەیەکی باو لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان دەبیستین کە تاوانباران تەنیا “عەبد ئەلمامور” بوون- یان، بە واتایەکی ڕستەیی لە عەرەبییەوە وەرگێڕدراون: “من کۆیلەی فەرمانڕەوام”. بە واتایەکی تر تاوانباران تەنها فەرمانیان جێبەجێ دەکرد و تەنها کارەکانیان ئەنجام دەدا، ئەوان تاوانێکیان نیە تەنها فەرمانیان پێکراوە. ئایا ئەم لێدوانە جێی متمانەیە؟”
لە ڕێگەی خوێندنەوەی ڕەفتار،نێتی قسەکەر و ژێڕڕکێفکەوتەو سەردەستەخستنی فەرمانکار دەبات نێو دنیای دۆکسا و هابیتۆس کە دوو بنەمان لە بنەماکانی جینۆسایدی کولتووری.
لەوانەیە هەندێک پێی وابێت هابیتۆس کۆی خووە. بەڵام هابیتۆس تەنها خۆ نیە ، بەڵکو کۆی ئەو کارەکتەرانەیە کە مرۆڤ بەهۆیانەوە ئاراستەی جیهانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکات، بۆردیۆ وەکو ئاماژەیە بۆخوو، نۆرم ، بەها ، هەڵوێست ، ڕەفتارەکانی گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو (یان چینێکی کۆمەڵایەتی) و ژینگە دروستکراوەکەیان دەکات.
ئەم چەمکانە و چەمکەکانی کولتووری جینۆساید، ئەکتەری مەدەنی و ئەندازیارکردنەوەی نەتەوەیی بەکار هاتووە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی سۆلۆژیای توندوتیژی و سایکۆلۆژیایی کولتووری نەتەوەی عەرەب و کۆمەڵگەی عێراقی لە پێش و لە گەڵ بوونی بەعسدا بخوێنیتەوە کە بوون بە هۆی توندوتیژی سیاسی و لەوێشەوە جینۆسایدی کورد لە ناوچەکەدا. هەروەها پشتگیری ئارگیموێنتی نووسەر دەکەن، کە دەڵێت:ڕوودانی جینۆساید نابێت بخرێتە ئەستۆی تاکە کەس ، جینۆسایدەکانی کوردیش لە عێراقدا ( فەیلی، بارزانی، ئەنفال ، هەڵەبجە و جینۆسایدی ئێزیدەیەکان) کەم دەکرێتەوە ئەگەر بخرێتە ئەستۆی تاکەکەس وەکو سەدام، یان تاکە حزب ، وەکو حزبی بەعس . لەوێوە ڕابردوو و ژیانی ڕۆژانە، سیاسەت، مۆراڵ و ڕەفتاری عەرەب و ئاینیان دەکۆڵێتەوە.
ئەم کتێبە لە دوو بەش پێک هاتووە . بەشی یەکەم تیوریە و چەمکسازی و شیتەڵی ئەو چەمکانەی لە خۆگرتووە کە نووسەر خۆی دروست کردوون و دەرئەنجامەکانی بەو نموونە و کەیسانە دەسەلمێنیت کە پێوەری کۆمەڵایەتی ، سیاسی، ئاینی ، بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای عێراقی و عەرەب بەر لە دەست بە کاربوونی حزبی بەعس دەردەخات. بەشی دووەم تەرخانکراوە بۆ کۆنتێکستکردن ئەزموونەکانی تاکی کورد، لە ڕێگەی چاوپێکەوتنی نیمچە پێکهاتەیی ئەزموونی ژمارەیەک لە کوردانی دانیشتووی باشوور و هەندێ عەرەبیش ، ئەزموونەکانی جینۆساید و چەوسانەوەی کورد دەخرێتە چوارچێوەی تیوریەکانی بەشی یەکەمەوە .
پاش پێشەکی ،بەشەکانی ئەم پێک هاتوون لە:
١-پێشینە: کورتەیەک دەربارەی مێژووی کورد
بەشی یەکەم چەمکسازی کولتوری جینۆساید
٢- ناساندنی کولتووری جینۆساید: کولتووری جینۆساید، ئەکتەرە مەدەنییەکان، ئەندازیاری نەتەوەیی.
٣- هاندانی کولتوری جینۆساید: خێڵەکیەتی، ساندرەمی سەرکردە، پێکهاتەی کایە گشتی و تایبەتەکان.
٤- دەستپێکردنی کولتووری جینۆساید: کولتووری پێشوەختە، ترس و دڵەڕاوکێی ئەخلاقی و دۆکسای عێراقی.
٥- پەرەسەندنی کولتوری جینۆساید: ناسیۆنالیزمی عەرەبی، توندوتیژی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئۆرێنتڵایزکردنی دەرەکی.
٦-خەختکردنی کولتوری جینۆساید: دۆکسای ئایینی، هابیتوسی ئایین-کولتووری و ئایدیۆلۆژیای دیستیک/ خودایی.
٧- جیاکردنەوەی کولتوری جینۆساید لە جینۆسایدی کولتووری: کولتووری کولتوورکوژ، کولتوورسازی و تافی سەرەوژوور.
بەشی دووەم بە کۆنتێکستکردنی کولتوری جینۆساید
٨- بەدامەزراوەییکردنی بەعسییەت و بەعسکردنی دامەزراوەکان: کولتوری جینۆسایدی دامەزراوەیی، خۆبەرهەمهێنانەوەی ئۆتۆپیک و کۆمەڵگەی سەربازی.
٩- کولتوری جینۆساید لە ڕێگەی زمانکوژییەوە: سیاسەتی پەروەردەی زمان، دەوڵەتی سەدامی و مردنی سەرمایەی زمانەوانی.
١٠- کولتوری جینۆساید لە پەروەردەی ئاسمیلەتیڤدا: نەهێشتنی نەخوێندەواری، بەعسکردن و سەربازیکردنی پەروەردە و سیاسەتی ژمارەدان بە ناسنامە.
١١- کولتوری جینۆساید لە چوارچێوەی خاک و ئەندازیاری دیمۆگرافیدا: دەستبەسەرداگرتن، لەناوبردنی دیمۆگرافی و بە یاساییکردنی کردەوە نایاساییەکان.
١٢ ئەنجام
لە پێشەکی ئەم کتێبەدا کە گوگڵ بە خۆڕایی دایناوە، نووسەر دوو خاڵی جیاواز بۆ دوو چینی جیاوازی نێو دەوڵەتی دەوروژێنێت. یەکێکیان ئاماژە بەوە دەکات ، چەمکی کولتووری جینۆساید کە ئەو دروستیکردووە لە زۆر کایەدا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەبینرێت ، بۆ نموونە لە نێوان پەیوەندی نێوان پەناهەندە و وڵاتی خانە خۆێدا ، کۆمەڵگە ڕەسەنەکان و داگیرکارانی وڵاتەکانیان ، لە هەموو پەیوەندێکی کۆڵۆنیالیزم و کۆڵۆنیازکراودا دەبینرێت ، وە بۆ ئەوەی وردە توندوتیژیەکان گەورە نەبن و هانی توندوتیژی دەولەت نەدات پیویستە لەو خاڵەوە جارەسەر بکرێت . بەڵام ، وەکو دەڵێت، ” من شارەزایی کولتوور و زمان و لایەنە سیاسی و مێژووی و کولتووری و کۆمەڵایەتیەکانی عێراقم، بانگی پسپۆڕان دەکەم کە ئەم لایەنە لەو کۆمەڵگایانەی تێدا پسپۆڕن لێک بدەنەوە و بۆ ئەوەی کێشەکان نەگەن بە بن بەست” .
سەبارەت بە سیاسیەکانی دنیاس نووسەر ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر کۆمەڵگە نێو دەولەتیەکان بیانەوێت کێشەی عێراق کۆتایی پێ بهێێن و بیانەوێت کورد لە جنۆساید بپارێزن، ئەوانەی بانگەشەی پاراستنی ئاینی دەکەن پێویستە شارەزایانە شووڕببنەوە نێو عەقڵ و کولتوور، هابیتۆسی عەرەب و بە تایبەتریش دۆکسای عێراقی. هەرگیز کۆتایی سەدام و حزبی بەعس کۆتایی بە چەوساندنەوە و جینۆسایدی کورد ناهێنێت. هەروەها عێراقیەکانیش ئەگەر دەیانەوێت ئاسایشی ژیان و سەروەری خۆیان بپارێزن پێوسیتە ئەو ڕاستیانە دەربارەی مۆراڵ، ڕەفتار وکولتووری ڕۆژانە ، سیاسەتی وئاینی خۆیان بگەن و بیگۆڕن . ئەگینا هەر کارێکی دی وەکو ڕابردوو تەنها دەبن بە بانگەشە.
باس لەوەش دەکات ئەم یەکەم کتێبە لە زنجیرەی سێ کتێب و کە ساڵانێکە کاری لە سەر کردوون ، وەکو دەڵێت ، ” ڕووداوەکان لە من خێراتر دەڕوون، زۆر شت لەوانەی ٢٠١٢ لێکدانەوەم هاتنە ئاراوە و بوون بە لوژیکی ژیان لە جیهاندا نەک تەنها لە ناو عێراقدا.
سێ لە دیارترین پسپۆڕانی ئەم بوارە بەم شێوەیە باسی ئەم کتێبەیان لە سەر بەرگەکەی کردووە:
پرۆفیسۆر ئەندرۆ وەڵفەرد ، لە زانکۆی مانیتۆبا لە کەنەدا دەڵێت: “د. ساڵح شیکارییەکی نوێ / ئۆریجیناڵ پەرەپێدەدات کە چۆن جیاوازیی گروپ و هەستی نەهێشتنخوازی دەتوانرێت لە دەروونناسی کولتووری تاک و دامەزراوە کۆمەڵایەتییە کولتوورییەکاندا چەسپێنرێت، ئەمەش ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی جینۆساید دەکات. کتێبەکەی یەکێکە لە یەکەم کتێبەکان کە دیدێکی باڵا و تیۆری دەهێنێتە نێو توێژینەوەی جینۆساید و لێکۆڵینەوە لە جینۆسایدەکانی بەعس دژی کورد.”
پرۆفیسۆر دانیال فایرشتاین، لە زانکۆی نیشتمانی ترێس دی فێبرێرۆ لە ئەرجەنتینا دەڵێت: “جینۆساید پێویستی بە شیکردنەوە هەیە لە چوارچێوەی پۆلەکانی کۆمەڵناسی کلاسیکدا. بە گرنگیدان بە توێژینەوەی کەیسی کورد لە عێراق، کازیوە ساڵح بەشدارییەکی گەورە پێشکەش دەکات بۆ تێگەیشتن لە کارایی و ئامانجی پراکتیزە کۆمەڵایەتییە جینۆسایدییەکان و ڕۆڵی کولتوور لە جینۆسایددا”
پرۆفیسۆر گریگۆری ئێچ ستانتۆن، سەرۆک و دامەزرێنەر چاودێری جینۆساید لە ئەمەریکا دەڵێت: “کازیوە ساڵح لە ڕەگ و ڕیشەی کولتووری جینۆسایدەکانی کورد دەکۆڵێتەوە. ساڵح نیشان دەدات کە دابەشبوونە سیاسییەکان دۆکسە قووڵترەکان دەگرێتەوە کە نەتەوە و ئیمپراتۆریەتەکان دەشکێنن. لێمکین پێیوابوو کە جینۆساید کولتوورییە. جینۆسایدەکانی کورد هەوڵێک بووە بۆ لەناوبردنی کولتووری کوردی”
ئەو بەشانەی دەسنیشانکراون کە سوود لەم کتێبە وەردەگرن بریتین لە: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردۆلۆژی و دراساتی وکوردی، سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندی نێو دەوڵەتی،سایکۆلۆژیای کولتووری ، مێژووی ئیمپراتۆری و کۆلۆنیالیزم ،توژینەوەی ئاسایش و سەروەری وڵات، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کۆچ و ڕەوەند ئاشتیپارێزی، توێژینەوەی ئاشتی، سیاسەتی ڕەگەزی و نەتەوەیی، کۆمەڵناسی و سیاسەتی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵناسی ڕۆشنبیری، کولتوورناسی، توێژینەوەی دیمۆگرافی ، زانستە مرۆییەکان ، توێژینەوەی ڕەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان،ڕەفتارناسی، ئانترۆپۆلۆجی.
ئەم کتێبە لە ١٥ی ڕەزبەر (مانگی ١٠) وە لە کتێبخانەکان و کتێبفرۆشەکانی دنیادا بڵاودەکرێتەوە و لە ٢٥ی گەلاوێژ ( مانگی ٩) دەتوانرێت بە داشکانی لە سەدا بیست لە ژمارەیەکی زۆر ماڵپەرەکانەوە داوا بکرێت بە سێ فرۆمی جیاوازدا دەست بکەوێت. نووسەر ئەم کۆدەت پێ دەبەخشێت بۆ ئەوەی داشکانی کاتی لە سەدا ٢٠٪ دەست کەوێت.
کۆدی داشکاندن EFLY03
لە ماڵپەڕی وەشێنەرەکە هەرزانترە هەتا بازارەکانای دی:
https://www.indigo.ca/en-ca/books/kaziwa-salih/
https://www.amazon.ca/Genocide-Culture-Cultural-Engineering-Religious/dp/1032312580
*کازیوە ساڵح هەڵگری دکتۆرایە لە بواری جینسۆایدەکانی کورد لە عێراقدا و سۆسیۆلۆژی توندوتیژی و پۆست-دکتۆرا لە بەشی توێژینەوەی ئۆرێنتاڵ، خاوەنی ژمارەیەک کتێبی چاپکراوە و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیە لە جۆرناڵە نێو دەولەتیەکاندا.
Discussion about this post