سەدیق سەعید ڕواندزی
بێگومان ھەموو سەردەم و قۆناغێک، پێویستی جۆرە ئەدەبێک و تێکستێک دێنێتە ئاراوە، چونکە ئەدەب بە گشتی، وێرای ئەزموونی خودییانەی نووسەر، ھاوکات ڕەنگدانەوەی سەرخانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و ئەو نۆڕم و بەھاو دیاردانەیە کە بوونیان ھەیە. کۆمەڵگەش بەردەام لە گۆڕان و کرانەوە و پێشکەوتن دایە,لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانە، بە تێپەڕینی ڕۆژگار، نۆڕم و بەھا کۆنەکان بەشێک زۆریان دەکەون و سیما و ئەدگاری نوێ و سەردەمیانە دێنە ئاراوە. بۆ نموونە، تا بیست ساڵ لەمەوبەریش، وشەکانی فەیسبووک و چات و فۆلۆ و مەیکەئەپ و چەندانی تریش، لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و زمانی کۆمەڵگەی کوردی بوونیان نەبوو، کەچی ئێستا بوونەتە بەشێک لە زمانی ڕۆژانە. لە شیعری کلاسیکی کوردیدا، دەیان و سەدان وشەی ئایینی و سۆفیگەری و زاھیدی بوونیان ھەیە، بەڵام لە سەرەتای بیستەکانی ئەم سەدەیە، کاتێ شیعری کوردی نوێ دەکرێتەوە، ئیدی ئەو چەمکانە، بە چەمکی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگۆڕدرێن و ھوشیاریی سیاسی و نەتەوەیی لای شاعیرانی ئێمە، بەرمەبنای ئەو پێشکەوتنە یەو ھوشیاری نەتەوەیی و سیاسی، جێگەی ھوشیاری ئایینی دەگرێتەوە. بەھەمان شێوە ئەدەبی ھەفتاکان، تا ڕادەیەک بە ھەموو ژانرەکانییەوە، ئەدەبێکی بەرگریی و نەتەوەییە، بەڵام ئێستا بە ھیچ شێوەیەک ئەو ئەدەبە، لە دوای ڕاپەڕینەوە بوونی نەماوە و شیعری کوردی، بەرە و جۆرێک لە بێھوودەیی و خودگەرایی و سوریالییەت چووە، بە ھۆی ئەو جەنجاڵی و ئاڵۆزییەی لە ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵَگە ھاتۆتە ئاراوە. ئەم نموونانە، پێمان دەڵێن تێکستێک نییە، ھاوسەردەمی ھەموو قۆناغێک بێت و ھەمیشە وەکو شاکارێکی گەورەی ئەدەبی ببینرێت، ئەمە بەو مانایە نا کە نە خوێنرێتەوە، بەڵکو بەو مانایەی دەبێ بیبەستینەوە بە زەمەن و شوێن و کاتی نووسینی دەقەکە. لێرەدا، وەک خوێنەرێک دەمانەوێت ئیستێک لە ئاست وتارێکی (ئاراس سەعید) بکەین، بە ناوی (ڕەھەندی باوککوژی لە ڕۆمانی حەسارو سەگەکانی باوکم). وەرگرتنی ئەم وتارە و خوێندنەوەی، بە دوو ئامانجە، یەکەمیان: لە پەراوێزی ئەم وتارەوە دنیابینی نەوەی نوێ ببینین و لە پەیوەندی بە جیھانبینی نوێ و خوێندنەوەی نوێ بۆ تێکست ھەڵیبسەنگێنین، دووەمیان: بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، کە ئاخۆ حەسار و سەگەکانی باوکم، ئێستاش ھەر شاکارێکی گەورەی ئەدەبییە وەک ئەوەی ئاراس دەیڵێت؟ یاخود ڕووداوەکانی گوزارشت لە قۆناغێکی دیاریکراو دەکات. ئایا لەدوای نووسینی ئەم نۆڤلێتەوە، کۆمەڵگەی کوردی، ماف و ئازادییەکانی ژن، پەیوەندی باوک و منداڵ، کرانەوەی کۆمەڵایەتی و ژینگەی پەروەردەیی خێزانەکان و کۆمەڵگە ھەر وەکو خۆیەتی یان گۆڕاون؟ ئایا ئێستاش باوکانی کورد بەگشتی پەتریاکن و کچان کۆیلە و لە مافەکانیان بێ بەشن، یاخود گۆڕانکاریی گەورە ھاتۆتە ئاراوە، کە دەخوازێت ئێمە ئەو نۆڤلێتە بە پێی کۆنسێپتی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگە لەو کاتدا بخوێنینەوە و ئیدی بە جێی بێڵین؟ ئایا شاکاری ئەدەبی، لەوەدا کورت دەکرێتەوە کە نووسەرێکی بە ناو و دەنگ بینووسێت، یان بە پێچەوانەوە؟ سەرەتا لە نووسینەکەی ئاراسەوە دەست پێ دەکەین. ھەڵبەتە لە سەردەمێکدا، کە مرۆڤ بە یەک کلیک، ھەر زانیارییەک لە ھەر ڕووێکەوە مەبەستی بێت دێتە بەردەستی، ئەوا نووسین ئەگەر بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز و تازە و داھێنەرانەی تێدا نەبێت، نەک ھەر ھیچ بەھا و حیکمەت و ئازایەتییەکی تێدا نییە، بەڵکو کاویژکردنەوە و لاساییکردنەوەیەکی زەقیشە. مرۆڤ بە سرووشت و خۆرسکانە، ئارەزووی زانین دەکات، بەڵام ھەرگیز نایەوێت شتێک بزانێت کە پێشتر زانیویەتی، بەڵکو دەیەوێت بەر زانین و مەعریفەی نوێ بکەوێت، کە ئەمە بۆ دۆخی نووسین ودنیای ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتیش ھەمان شتە. ئێمە وەک خوێنەرێک، ڕۆژانە بەر سەدەھا نووسین و وتار و کتێب دەکەوین، بەڵام چەندیان مەعریفەی نوێ و شاراوەیان تێدایە، چەندیان تازە و نوێ و جیاوازن، ئەمە پرسیارە سەرەکیەکەیە. بێگومان گەر بە وردی سەرنج لە دنیای نووسینی کوردی و نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی بدەین، ئەوا دەبینین ھاوشێوەبوون، لێکچوون و کاوێژکردنەوە، وەک یەکی و نەبوونی دیدگاو گوتارێکی تازە، لە خەسڵەتە ھەرە دیارەکانی گوتاری نووسین و ڕۆشنبیری کوردین. ئێمە بە جۆرێک دنیا دەبینین و بیردەکەینەوە، وەک توتییەک ھەمان شت دەڵێینەوە، لە کاتێکدا نووسین و بیرکردنەوە ھیچ بەھایەکیان نییە ئەگەر جیاواز و دابڕاو نەبن و ھوشیاریی و ئاگایەکی قووڵییان لە پشت نەبێت. ھاودەم و ھاوسەردەمی گۆران، شاعیرانی وەک قانح و بێکەس و دڵدار و شێخ نوری و پێرەمێردیش دەژیان و شیعرییان دەنووسی، بەڵام بۆچی تەنھا گۆران بووە نوێکەرەوەی شیعری کوردی؟ بێگومان چونکە جیاواز بیری کردەوە، جیاواز دەیڕوانیی و ئاگاییەکی شیعرییانەی قووڵتری لەوانیتر ھەبوو. بۆیە بە ئێستاشەوە، کەس ئەوانە بە نوێخواز و نوێکەرەوەی شیعری کوردی نازانێت، بەڵام بۆ ھەتا ھەتایە، مەدالیای داھێنان و نوێخوازی بە بەرۆکی گۆرانی شاعیرەوە دەمێنێتەوە. ھەمیشە جیاواز ڕوانین و دنیابینی تازە و نوێ، بەھایەکی ئەدەبی و مەعریفی زیاتریان ھەیە، وەک لەوەی شتێک بڵێین و بنووسین، کە سەدان جار پێشووتر نووسراوە و قسەی لە بارەوە کراوە. بە دەگمەن ڕێکدەکەوێت، خوێنەر بەر تێکستێکی نوێ، کتێبێکی نوێ، ڕوانینێکی نوێ، کە پێشتر نەگوترابن و نە نووسرابن بکەوێت. بڕوام وایە ئێمە وێرای ئەو ھەموو پێشکەوتن و کرانەوەش، وەلێ ھێشتا دنیابینی و تێگەیشتنێکی تازەمان لە ھیچ ڕووێکی زانستی و ئەدەبی و ھونەری بۆ دنیا و بۆ ڕووداوەکان نییە. زۆرجار، لە ژێر یەک ناونیشان، دەیان کتێب و نووسین دەنووسرێن و شتێکی نوێیان تێدا نییە.لەو سۆنگەیەشەوە، ئەم وتارە، نە خوێنەوە، نە گوتارێکی نوێی تێدا نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، لە ژێر کاریگەریەتی و لاساییکردنەوەی وتارێکی ( ڕٍێبین ھەردی) نووسراوە، کە ئەمیش قسەکردنە لە سەر ڕەھەندی باوک و ماناکانی باوک لەو نۆڤلێتەوە بیست و پێنچ ساڵ لەمەوبەر و لە ژمارە پێنجی گۆڤاری ( ڕەھەند) لە بەھاری ١٩٩٨ بڵاوکراوەتەوە. تیادا نووسەر قسە لەسەر باوک و دەسەڵاتەکانی، کارەکتەرەکانی نێو حەسار دەکات و بگرە ئاراس نموونەی پەڕەگرافێکی بۆ شیکردنەوەی ڕۆمانەکە لەلاپەڕە ھەفت ھێناوەتەوە، کە ھەمان ئەو پەڕەگرافەی ڕۆمانەکەیە، کە ڕێبین قسەی لە سەرکردووە. مەبەستی ئێمە لێرەدا، پتر لە نیشاندانی جیھانبینی ئەو نەوەیەیە، کە ناتوانێت لە زۆرکاتدا، جیھانبینی نەوەی پێشووتر تێپەڕێنێت وبە دیدگایەکی جیاوازتر قسە لە سەر تێکست بکات. لە ڕاستیدا، ئێمە دەزانین تێکستی ئەدەبی، زۆرتر لە خوێندنەوە و ڕانانێک ھەڵدەگرێت، بەڵام خوێندنەوەیەک کە خوێنەر بەر شتی نەگوتراو و نەنووسراو دەخەن، جیاواز لەوەی پێشووتر گوتراوە. تا ئێستا، دەیان وتار لە بارەی ئەو ڕۆمانەوە، بە ئێستاشەوە دەنووسرێن و ھەمووشی لە دەوری ئەو تەوەریە دەخولێنەوە، کە باس لە ستەم و پەتریاکی دەسەڵاتی باوک لە کۆمەڵگەی کوردی دەکات، بە بێ ئەوەی خوێنەوەیەکی جیاوازیان ھەبێت. یاخود بەراوردی ئەو ڕۆمانە، بە سەردەم و قۆناغەکان بکەن. ھەڵبەتە ئەم نۆڤلێتە وەک ھەموومان دەزانین، باس لە ستەمی باوک بە مانا سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕوحیەکەی دەکات و دەسەڵاتی باوک، وەک دەسەڵاتێکی سێنترال و ئازاد کوژ و بکوژی خواستی منداڵەکان نیشان دەدەات. ئەم تیمانە، وەک پەروەردەی سەقەت و نامۆبوونی کوڕان و کچان بە یەکتری و نەبوونی ئازادی و کرانەوەی کۆمەڵایەتی و باوکسالاری ، بەردەوام ئەو بابەتانەن کە شێرزاد حەسەن، دەیانڵێتەوە. نەمانیست خوێنەرێک بپرسێت و پرسیار لەو نووسەرە بکات، ئایا دەسەڵاتی باوکی کوردی لە ئێستادا، وەک ئەو زەمەنەیە کە حەساری تێدا نووسراوە؟ ئایا نەبوونی ئازادی ژن و پەیوەندی کراوەی ھەردوو ڕەگەزەکە، وەک شەستەکان و ھەفتاکانی سەدەی ڕابردووە، کە تۆ لە تەیراوە دەژیای؟ تا ئێستاش ئەو نووسەرە بە تاسەوە، لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دیمانەکانیدا ئەو شتانە دەڵێتەوە. لە نێوەندی ئەدەبی کوریدا، خوێنەران چونکە شوناسی نووسەر لە پێشەوەی شوناسی دەق دەبینن، ئیدی بڕوایان وایە ھەرشتێک نووسەرێکی بە ناوبانگ نووسی، ئیدی شایستە بە خوێنەوەیە و نابێت ڕەخنەی لێ بگیرێت. نکۆڵی لەوە ناکرێت، کە ستەمی باوکسالاری ئێستاش لە کۆمەڵگەی کوردی ماوە، بەڵام ھەرگیز وەک ئەو زەمەنە نییە، کە حەساری تێدا نووسراوە. ئێستا بە پێچەوانەوە، باوکەکان بە دەست کوڕەکانیان فڕێ دەدرێنە سەر شەقام، گاڵتە بە نەریت و ڕابردوو، پێگەی کەسی و بنەماڵەیان دەکەن و بەنەنگی دەزانن، خۆیان لە ڕێگای باوکەکانیان بناسێنن. ئێستا، کوڕەکان کاتژمێر دووی شەو، لە کافێ و نادییەکان و شوێنی ڕابواردن لە گەڵ ژنەکان دێنەوە و باوکانیش نەک ھەر ناتوانن لێپرسینەوەیان لێ بکەن، بەڵکو بە ئازارە و چاو لە ڕەفتارە نا کۆمەڵایەتییەکانیان دەپۆشن و لەناخەوە ئازار دەکێشن. ئێستا، باوکان بە دەستی کوڕەکانیان دەکوژرێن، دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و خێزانییان پێشێل دەکرێن. ھەزاران لەو نەوەیە، پێی شەرمە ناوی باوکی بھێنرێت وسڵ لە ناوبانگی کۆمەڵایەتییانەی باوکی دەکاتەوە. باوکەکان ئێستا لە چوارچێوەی خێزانەکاندا، زەلیل و داماو و و بێ دەسەڵات کراون و تەنانەت لە سەر خوانی گشتیش دانانرێن و لە سووچێکی لاتەریکی چێشتخانەکەدا، نانێکیان بە منەتەوە دەخرێتە بەردەم. ئێستا، کچان تا بەیانی خەریکی سناپ و تیک تۆک و ڤایپەر و نامەگۆڕینەوەن. ئێستا بە جۆرێک کراوەو ئازاد و کۆمەڵایەتین، کەس ناتوانێت فشاریان لێ بکات، بۆشووکردن و کێیان مەبەست بێت ئەو ھەڵدەبژێرن، تەنانەت ئەگەر دژ بە خواستی خێزانەکانیشیان بێت. مامۆستا (حەمە فەریق حەسەن) زمانپاراو و تێگەیشتوو ڕووناکبیر، لە کتێبە بە برشتەکەی خۆیدا بە ناوی (تایبەتمەندی تاکی کورد) بە دەق لە لاپەڕە (٣٦٥)دا، نووسیویەتی :_ ( من کچانی چەندان خێزانی نەجیب و خانەدانی شاری سلێمانیم دیوە، کە خوێڕیترین کوڕیان بە ھاوسەری خۆیان ھەڵبژاردووە) ئەگەر باوکێک دەسەڵاتی ھەبێت، ڕازی دەبێت کچەکەی، کوڕێکی خوێڕی بکاتە ھاوسەری و ھیچ ڕێزو شکۆیەک بۆ ناوبانگی خێزانی و بنەماڵەکەیان دانەنێت؟ئێستا کچانی کۆمەڵگەی کوردی، لە گوندەکانەوە ئاشنای نوێترین و سەردەمیترین تەکنەلۆژیا و مکیاژ و خەنە و مەیک ئەپن. ئێستا مامۆستا لە قوتابخانەکەی، نەک ھەر دیکتاتۆر نییە بە سەر قوتابییانەوە، بەڵکو قوتابییان گاڵتە بە مامۆستاکانیان دەکەن، داوای جگەرەی لێ دەکەن، نامەی ئاشقایەتی بۆ مامۆستاکانیان دەنووسن و داوای وێنەکانیان دەکەن. ئێستا قوتابی ئەگەر ماقیا و شەقاوەی کۆڵان و شەقامەکانیش بێت، مامۆستا بۆی نییە پێی بڵێ لە پشتی چاوت دوو برۆیە، نەک ھەر مامۆستا، بگرە باوکی خۆشی! ئەمانە و دەیان نموونەی تر. ئیدی نازانم شێرزاد حەسەن، چۆن بێزار نەبوو لەوەی باسی ستەمی کچان و کوڕان و نەبوونی ئازادیان بۆ بکات؟ چۆن لە لێدانەوەی ئەو قەوانە، شەکەت و ماندوو نەبوو؟ ئایا ئێستا ئەو سەردەمە، ھەمان ئەو سەردەمەیە، کە حەساری تیادا نووسراوە؟ حەسار و سەگەکانی باوکم، بۆ سەردەم و ئەو ڕۆژگارەی تیایدا نووسراوە، شوێن و پێگەی ئەدەبی دیاری ھەبوو، بەڵام نیشاندنی وەک شاکارێک کە بۆ ھەموو سەردەم و قۆناغێکی کۆمەڵگەی کوردی لە ناوەڕۆک و پەیامی ئەدەبییانەی خۆی ناکەوێت لەلایەن کەسانێکەوە، لە ڕاستیدا تێنەگەیشتنە لەو پەیوەندییە مێژوویی و زەمەنی و کۆمەڵایەتییەی لە نێوان دەقی ئەدەبی و سەرخانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە ھەیە. بە ھەموو پێوەرێک ئێستا سەردەمی حەسار نییە، بگرە لەڕووی سیاسیشەوە، چونکە ھاووڵاتیان ئەگەر مەبەستیان بێت دەتوانن لە ڕێگەی دەنگدانەوە گۆڕانکاریی سیاسی دروست بکەن و بتە سیاسییەکانی ئێمە، ئیبراھیم ئاسا تێکبشکێنن. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە، کە ئیدی کۆمەڵگەی ئێمە بێ کێشە و گرفتی پەروەرەیی و خێزانی بێت، دەزانین ئێستاش ماریاکان دەکوژرێن، بەڵام لە بەرانبەر ئەمەشدا، ھەزاران ماریا پەنا وەبەر دادگا و سکاڵا دەبەن و داکۆکی لە شوناس و ئازادییە کەسییەکانی خۆیان دەکەن، سەربەستن لە کردنی ھەموو شتێک. ئەمە دەرەنجامی چییە؟ دەرەنجامی ھەموو ئەو کرانەوە و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەیە، کە بەسەر جیھانبینی و ڕەوشی بوونی ژیانی ژنانی ئێمە داھاتوون. ئیدی ئەگەر پێمان وابێت، ئێستاش باوک لە خێزانی کوردیدا قسەکەری یەکەم و کۆتایی خێزانە، لە ڕاستیدا بێ ئاگایە، بۆیەەبیچت ئەو کرانەوەو گۆڕانکارییانە، بەھەن ھەڵبگیرێن و لە بەرچاو بگیرێن.
سەرنج:
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە (١٣٧٠) ی ڕۆژی ١٩/١٢/٢٠٢٣ بڵاوبۆتەوە.
Discussion about this post