زانا دڵشاد دزەیی
تەنیا مانگێکە خانمە رۆژھەڵاتییەکە دەرگای ماڵەکەی خۆی “ماڵی ھونەر” لەھەولێر کردۆتەوە، بەڵام کۆکردنەوەی کەلوپەل و دیزانی ناو ماڵەکە یەک ساڵی خایاندووە، خاوەن ماڵەکەش لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) رایدەگەیەنێت، ئێستاش نۆرەی ھونەرمەندانە بێن ماڵەکەی ئاوەدان بکەنەوە.
رۆژیار، کە خاوەنی ماڵەکەیە، خانمێکی دەستڕەنگینی رۆژھەڵاتییە و بڕوانامەی بەکالۆریۆیسی لەبواری دیزاینی جلوبەرگدا ھەیە و چەند ساڵێکیش لەبواری دیزاینکردنی جلوبەرگی سینەمایی لەئێران کاری کردووە. ماڵە ھونەرییەکەی لە نزیک گەڕەکی رۆناکی، لەسەر شەقامی ١٠٠ مەترییە، وەک جۆرێک لە کافتریایە بۆ ھونەرمەندان. ئەو لەنێو ماڵەکەی خۆی “ماڵی ھونەر” پێشوازی لە (سڤیل) کرد و بیرۆکەی چۆنیەتی دروستکردنی ئەم ماڵەی باسکرد و گوتی “لەکوردستان بەتایبەت لەھەولێر ماڵێک نەبوو ھی ھونەرمەندان بێت، بیرم کردەوە ماڵێک دروست بکەم ھونەرمەندان بەھی خۆیانی بزانن و ھەموویان لەماڵێک کۆببنەوە و نەچن بۆ شوێنێک، کە شوێنی ئەوان نییە، بۆئەوەی ئەگەر کارێکیان ھەبێت لێرە ئەنجامی بدەن، ئەگەر نمایشی شانۆگەرییەک بێت، یاخود ئاھەنگێکی موزیک، گەلەرییەک، ھەتا ئەگەر ھونەرمەندێک ھەست بەبێتاقەتی بکات دەتوانێت بێن لێرە دانیشێت وەکو ماڵی خۆی ھەست بەئارامی بکات، ھەروەھا شوێنێک بێت بۆ بیرۆڕا ئاڵۆگۆڕکردنی ھونەرمەندان و پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ یەکتر بۆ پڕۆژەکانیان و بەیەکەوە کارکردن”. بۆیە رۆژیار رەتی دەکاتەوە بۆ بازرگانیکردن ئەم کارەی کردبێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، تائێستا داھاتی نەبووە و پارەی کرێی خانووەکەشی نەھاتۆتەوە. ھەروەھا گوتیشی “من یەک ساڵ لەھەولێر شوێن بەشوێن گەڕاوم تاوەکو ئەم کەلوپەلانەم کۆکردۆتەوە و خۆشم ئێرەم دیزاین کردووە، ئەوانەی من لێرە دامناوە لەھیچ شوێنی دیکە نییە”.
لەماوەی ئەم مانگەدا وەک رۆژیار ئاماژەی بۆ دەکات، چەند چالاکیەکیان ئەنجامداوە، وەک: “کارێکی سینەمایی فیلم نمایشکردن، نمایشێکی شانۆیی بۆ کۆبانێ بەناوی (ژیان بۆ کۆبانێ)، ھەروەھا کۆڕێکی شیعریی”. بۆ پرۆژەی داھاتووشیان رۆژیار گوتی “لەرۆژی جیھانی موزیک و شانۆ، لەشەوی یەڵدا و رۆژی ئافرەتان و رۆژی سینەما چالاکیمان دەبێت، جگە لەوانەش بڕیارە یەکێک لە پڕۆژەکانی دروستکردنی ماسک بۆ کچ و کوڕان لێرە دەست پێبکات”.
ئەگەر شانۆکارێک بیەوێت لەم ماڵە شانۆیەک بکات، پێویستە لەسەر شانۆیی مۆدێرن کار بکات، چونکە ماڵەکەی ئەوان بچووکە و شوێنی حەفتا کەس دەبێتەوە، مەرجی ئەوانیش بۆ ھەر ھونەرمەندێک ئەوەیە “تەنیا کەسەکە ھونەرمەند بێت و کارەکەش غەیری ئەخلاقی نەبێت”. ئەوانیش بۆ ھەر چالاکییەک بلیت دەفرۆشن.
رۆژیار، بەیانیان خەریکی کۆکردنەوەی ھەموو جلە کوردییە کۆنەکانە، ھی ھەموو ناوچەکان، ئەوانەشی دڕاون چاکیان دەکاتەوە و لای خۆی دەیانپارێزێت. دەشڵێت “ئێواران سەعات چوار ماڵەکەم دەکەمەوە بۆ ھونەرمەندان و ئامادەم لەگەڵیان دابنیشم”.
ئەو خاوەن ماڵە داوای ھاوکاری و پاڵپشتی لەھونەرمەندان دەکات، تاکو بچنە ماڵەکەی و ھەمووان بەیەکەوە ئاوەدانی بکەنەوە و دەڵێ “داوا دەکەم وا بیر بکەنەوە ئێرە ماڵی خۆیانە، ئەگەر وا بیر بکەنەوە ھەوڵدەدەن یارمەتیم بدەن، من لەبەر خاتری ئەوان و خۆشەویستی ھونەرمەندان ئەم کارەم کردووە”.
رۆژیار پێشئەوەی بە(سڤیل) بڵێت قسەکانم تەواو، گوتی “دوا قسەی من ئەوەیە کارکردن بۆ ئافرەت لێرە زۆر قورسە، لەبەرئەوەی من ئافرەتم و بەتەنیا کاردەکەم، بۆ ژن ئاسان نییە کاری چیمەنتۆ بکات و کارەبا راکێشێت و باخچە دروست بکات و دیزاینی ناوماڵ ئامادە بکات، مالێکی ئاوا بەڕێوە ببات، بەڵام ھەموو شتێک ھەوڵدانە بۆ گەیشتنە بەئامانج، من بۆ ئامانجێک کاردەکەم، ئەویش خزمەتکردنە بە ھونەرمەندان”.