هونەرمەندی گۆرانیبێژ (دیلمان دیۆ) ماوەی چەند ساڵێکە خەریکی کاری هونەری گۆرانی گوتنە، ئەو گۆرانیبێژە ساڵانێکی زۆرە لە هەندەران ژیان بەسەر دەبات، (دیلمان) ئێستاکە بەسەردانێک گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، لەمیانەی دیدارێکی دا بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” هاتە ئاخاوتن و باسی لە سەردانەکەی بۆ کوردستان و هەروەها لەو گفتگۆیەدا ئاماژەی بۆ دوایین ئەلبومی گۆرانی خۆی کرد.
ماوەیەکی زۆرە دەرناکەوی هۆکاری ئەو دوورکەوتنەوەیەت چیە ؟
دیلمان : “ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی چەند کارێکی بازرگانیم، چونکە ئێمەی هونەرمەندان زۆر ئەستمە بتوانیم بە کارە هونەرییەکانمان بژین و درێژە بەکارە هونەرییەکانمان بدەین، زۆربەی هونەرمەندانی تاراوگە لەگەڵ رێزم بۆ هەر هەموویان من کە ئەو قسەیەبە هیچ مەبەستێکی خراپ نالێم خوانەخواستە، بەڵام پێوستە باس بکرێت، زۆربەیان یان لە رێستۆرانت یان لە مارکێتێک یان تاکسی لێدەخورن ئەگەرنا ناتوانن بژین، ژیانی هونەرمەند زۆر سەخترە لە ژیانی مرۆڤێکی ئاسایی چونکە هونەرمەند جگە لەبەخێو کردنی ماڵ مناڵەکانی دەبێ هونەرەکەشی بەخێو بکات، گۆرانییەکانیشی وەک جگەر گۆشەیەک وایە پێویستە بەخێویان بکات، ئیتر بۆیە منیش ئەو ماوەیە کە دەرنەکەوتم خەریکی ئەوەم بژێوی ژیان بۆ خۆم ماڵ و مناڵ و هونەرکەم دابین بکەم”.
هاتنەوەکەی ئەم جارەت بۆ کوردستان بۆ چ مەبەستیکە؟
دیلمان : “هاتنەوەکەی ئەم جارەم بۆ چەند پرۆژەیەکە، کە هەندێکیان پەیوەستە بەکارە هونەرییەکانم، ئەوەی دیکەش پەیوەستە بەچەند کارێکی بازرگانی، ئەوەی پەیوەستە بەکارە هونەرییەکانم لەو گەڕانەوەیەمدا ئەلبومێکی گۆرانییم ئامادەیە، دەمەوێ لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا هونەرییەکان، کۆنتاکێک دروست بکەم بە مەبەستی چاپ و بڵاوکردنەوەی”.
ئەو ئەلبومەت لەگەڵ بەرهەمەکانی پێشووت، هیچ جیاوازییەکی هەیە یاخوود بە هەمان شێوازی جاران کارت کردووە؟
دیلمان : “هەوڵمداوە گۆڕانکارییەکی چاک بکەم، بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمەکانی دیکەم، بەشێوازێکی چاک کارم لە رووی تۆمارکردن و ئامادەکردنی موزیک کردووە، تەنانەت لە رووی هەڵبژاردنی ئاواز و تێکستی گۆرانییەکانیشەوە هەوڵمداوە کارێکی باش بە ئەنجام بگەینم، پێم وایە بابەتی زۆر باشم هەڵبژاردووە، گۆرانییەکی هونەرمەندی هاوڕێی کۆچکردووم (ئەردەلان بەکر)ـم دووبارە کردۆتەوە، هەروەها گۆرانییەکی هونەرمەند (ناسری رەزازی) بە هەمان شێوەی دووبارە گوتۆتەوە، دوو گۆرانیش هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) ئاواز و تێکستەکەی بۆ ئامادە کردووم، دوو گۆرانیش خۆم ئاوازم بۆ داناوە، کاری موزیکی ئەلبومەکەشم لە زۆربەی گۆرانییەکانمد هونەرمەندانی هاوڕێم (حەسەن غەفور و بڵند عەبدوڵڵا) هاوکارییان کردووم سوپاسیان دەکەم”.
لەچوار چێوەی قسەکانتدا باسی بازرگانیت کرد، ئایا ئەو بازرگانیی چ جۆرە بازاڕێکە تۆ کاری تێدا دەکەیت؟
دیلمان : “ئەو کارەی من دەستم داوەتێ و کاری بازرگانی تێدا ئەنجام دەدەم، پەیوەستە بەلایەنی جوانکاری، جا هەر لە(ماکیژ و عەتر و بۆنی جۆرا و جۆر و کرێم)و تادەگاتە هەموو ئەو بابەتانەی، کە پەیوەستن بە جوانکاری مرۆڤ من لەگەڵ چەند کۆمپاینایەکی تایبەت بەو بابەتانە کۆنتاکم هەیە کاریان لەگەڵ دەکەم”.
بەنیازی ئەو کارەش لەکوردستان ئەنجام بدەیت، یاخوود تەنها لەدەرەوەی وڵات دەتوانی ئەو کارە بکەیت ؟
دیلمان : “لەو گەڕانەوەیەمدا بۆ کوردستان پرۆژەیەکی ئامادەکراوم لەبەردەستە بەنیازم کارێکی لەو جۆرە لێرە بە ئەنجام بگەینم، بۆ ئەو مەبەستە بەهاوکاری چەند برادەرێکی ئازیز، لە کوردستان نووسینگەیەک لە شاری هەولێر دابمەزرێنم، ئینجا لقێکی ئەو نووسینگەیە لەشاری سلێمانی و دهۆک دەکەمەوە، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بەناوبانگ لەئەوروپا گرێبستم کردووە، تاوەکو میکاژ و عەتر و بۆنی زۆر چاک بهێنم بۆ کوردستان، کە هەریەک لە کۆمپانیاکانی (دیۆر، شانێل، کۆنی کاین، لان کۆم) ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بابەتەکانیان بدەن بەمن و منیش لێرە بە شێوازێکی چاک بیگەینمە دەستی خەڵکی کوردستان، بەداخەوە تائێستا لە کوردستان ئەو مارکانەی کە هەیە هەمووی کۆپی کراوە، هیچی مارکەی راستەقینە نیە بۆیە من ئەو بۆن و مکایژ و کرێمانەی لێرە بینوومە هیچ بە بابەتی تەواو نیە و هچیان مارکە نیە لەگەڵ رێزم بۆ ئەو کەسانەی ئەو جۆرە بازرگانییە دەکەن، ئاخر زۆر سەیرە بۆن هەیە لێرە من سەیرم کردووە دوای ئەوی لەخۆم داوە، دوای سەعاتێک بۆنی نەماوە!”.
لەگەڵ ئەوەی ئێستاکە کوردستان لە رووی بازرگانیەوە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، ئایا پێت وایە ئەو جۆرە بازرگانییە دەتوانی سەرکەوتووبێ لێرە؟
دیلمان : “من چەند برادەرێکی دڵسۆزم لێرە هەیە پرسیارم لێکردوون، کە ئەو کارە بەچ شێوازێکی چاک بەرنامە رێًژی بۆ بکەین تاوەکو هەنگاوی بۆ بهاوێژین، من بە بۆچوونی خۆم پێم وایە پرۆژەیەکی سەرکەوتوو دەبێ، چونکە ئەو بابەتانەی من دەیهێنم بۆ کوردستان دڵنیام سەرنجی خەڵک زۆر بۆ خۆی رادەکێشێت، وەمن دوای ئەوەی نووسینگەی سەرەکیم دامەزراند لەشاری هەولێر، چەند شتێک هەیە زۆر بەفراوانی رایدەگەینم”.
واتە بڕیارت داوە بەیەکجاری بگەڕێیتەوە بۆ کوردستان ؟
دیلمان : “بەدڵنیایەوە بەنیازم بەیەکجاری بگەڕێمەوە خاکی خۆم لێرە ژیان بەسەر بەرم، هەر بۆیەش حەز ئەکەم کارەکەشم هەر لە کوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێر بێت”.
ئەگەر بێمە سەر باسێکی تر، ماوەیەکە هەست دەکرێ جوجۆڵی هونەری لە هەندەران بەرەو کزی رۆیشتووە، هۆکاری ئەو رەوشە چیە تۆش کە یەکێک بووی لەو هونەرمەندانەی کە لە هەندەران ژیان بەسەر دەبەیت ؟
دیلمان : “هۆکاری ئەو ساردبوونەوەیە، هەموو کارێکی هونەری هەر لە ئاواز و هۆنراوە تا دەگاتە قۆناغی موزیک و تۆمار کردن هەمووی بە پارە جێ بەجێدەکرێت، ئیتر دوای ئەوەی بەرهەمەکەش تەواو دەبێت، هیچ بازاڕێک نیە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە گیرفانی هونەرمەند، وەک ئەوە وایە پارەیەکی زۆر بەخەیتە دەریایەوە و هیچت نەیەتەوە دەست، زۆرجار بینوومە هونەرمەندێک لە ئەلبومێکدا (000 20) دۆلاری خەرجردووە، بەڵام (2000) دۆلاری لە فرۆشتنی سیدیەکەی نەهاتۆتەوە گیرفانی، ئاخر بەم شێوەیە چۆن هونەر پێش دەکەوێت بەردەوام دەبێت، ئەوەتا ئێستاکە (سۆزان نامۆ)ـی خوشکم (بڵند عەبدوڵڵا، گۆڤەند رەواندزی) و چەندیین هونەرمەندی دیکە ماوەیەکی زۆر دوور کەوتونەتەوە و بێدەنگن”.
تۆ یەکێکی لەو گۆرانیبێژانەی بەشداریی زۆربەی ئاهەنگەکان دەکەیت لەدەرەوەی وڵات، ئەو ئاهەنگانە زۆربەی کات بەشەڕ کۆتایی پێدێت و زۆرجاریش دەبیسترێ کارەساتی زۆر ناخۆشی تێدا روو دەدات، پێت وایە ئەو ئاهەنگانە بۆچی وای لێهاتووە لە هەندەران ؟
دیلمان : “ئەوانەی ئەو جۆرە ئاهەنگانە رێکدەخەن، هیچ لەکاری هونەری نازانن و پێش ئەوەی ئاهەنگەکان سازبکەن، هیچ بیر لەوە ناکەنەوە ئەو ئاهەنگانە بە شێوازێک رێک بخەن و چ جۆرە خەڵکێک بێتە ژوورەوە، ئیتر تەنها بیر لەوە دەکەنەوە خەڵکێکی زۆر بێت و هۆڵەکانیان پڕ بێت و بلیەتەکان بفرۆشرێت، لە هەندەران سیستەمێک هەیە کاتێک ئاهەنگێک ساز دەکرێت بانگی چەند کەسێک دەکەیت بۆ ئەوەی ئەمنیەتی هۆڵەکەو خەڵکەکە بپارێزن، لە جیاتی ئەوەی (10) کەس بێنێ سەیر دەکەی (2) کەسی هێناوە، ئاخر ئەو دوو کەسە چۆن دەتوانن ئەمنیەتی هۆڵێک بپارێزن، کە حەوسەد یا هەشت سەد نەفەری تێدا کۆبۆتەوە، ئیتر لەو خەڵکە زۆرەش چەند کەسێک هەردەبێ ئاژاوەیەک دروست بکات و ئاهەنگەکە تێک بدات، بۆیە ئەو ئاهەنگانە لە هەندەران وەک جاران نەماوە و ئێمەش بێزار بووین، رەوەندی کوردیش وەک جاران بەو خۆشەویستیەی کە هەیان بوو ئێستاکە نایەن بۆ ئاهەنگەکان، ئەوانیش بێزار بوون و ئەزانن زۆربەی ئاهەنگەکان بەشەڕ و فەرتەنە کۆتایی پێدێت”.
زۆرینەی هونەرمەندان لەدوای ئەوەی گەڕانەوەی بۆ کوردستان، روویان کردە کاری میدیای و لە تەلفزیۆنەکان دەستیان کرد بەکاری پێش کەش کاری، تۆش بەنیاز نیت ئەو کارە بکەیت ؟
دیلمان : “من زۆر رێز و خۆشەوشەویستم هەیە بۆ هەموو ئەو هاوڕێیە هونەرمەندانەم، کە بوون بە پێش کەشکاری بەرنامەی تەلفزیۆنی، بەڵام من توانای کاری پێش کەشکارییم نیە و بەکاری خۆمی نازانم، پێم وایە ئەو کارە تۆزێک دوورە لەکارە هونەرییەکانم، جگە لەوەش کاری میدیای کارێکی ئاسان نیە و من لە ژیانمدا کاری راگەیاندنم ئەنجام نەداوە، ئیتر چۆن بتوانم بچم بۆ سەر شاشەو بەرنامە پێش کەش بکەم؟!”.
ئێستاکە رەوشی هونەری لەکوردستان تاڕادەیەک بەرەو فراوانی رۆیشتووە و پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیووە، ناوە ناوەش هونەرمەندانی بیانی بانگهێشت دەکرێت بۆ کوردستان، پێت وایە ئەو هەنگاوە کارێکی باشە بۆ ئەو پێش کەوتنەی کە هەیە بۆ هونەر لە کوردستان ؟
دیلمان : “پرسیارێکی باشە پێم باشە رێگەم پێ بدەن بە چاکی باس لەو رەوشە بکەم، بە بۆچوونی من ئەگەر ئەو پێشوازیەو ئەو رێکخستنی ئاهەنگانەی بۆ هونەرمەندانی بیانی دەکرێت، بەهەمان شێوە ئەگەر بۆ هونەرمەندانی کوردیش بکرێت ئاوە جێگای دڵخۆشییە، پێم وایە ئەو لێکنزیک بوونەوەیە هەنگاوێکی زۆر خراپ بێت، بەڵام بەداخەوە هونەرمەندی ئاوامان هەیە لە هەندەران تائێستا ئەو کوردستانەی نەبینیووە، کەچی فەرشی سوور بۆ هونەرمەندانی فارس و عەرەب و تورک راخراوە، کە لە راستی دا هەر منەتیان بەو کارە نیە، بامن نموونەیەکتان بۆ باس بکەم، رۆژێک لە ماڵپەرێکی عەرەبی خوێندمەوە، گوایە لە کوردستانی خۆمان داوا لە گۆرانیبێژی بەناوبانگی عەرەبی (کازم ساهیر) کراوە بێتە کوردستان ئاهەنگ ساز بکات، لە بەرامبەردا یەک میلۆن دۆلاری بۆ دانراوە، ئەگەر هاتوو بێتە کوردستان ئاهەنگ ساز بکات، لەوەڵامدا (کازم ساهیر) گوتویەتی (من سوپاسی شیمالی عیراق دەکەم بۆ ئەو بانگهێشتە، بەڵام من تاوەکو لەو شارەی کە لێی لەدایک بووم کە شاری موسڵە، هەروەها ئەو شارەی کە زۆرترین یادگارییم تێدا تۆمار کردووە، کە ئەویش شاری بەغدادە ئاهەنگ لەو دووشارە سازنەکەم بیرم لەوە نەکردۆتەوە لە هیچ شارێکی دیکەی عێراق ئاهەنگ ساز بکەم، سوپاسی شیمالی عێراق دەکەم بۆ ئەو خەڵاتەی بۆ منیان داناوە) سەیری ئەو قسانە بکەن، ئاخر هونەرمەندێکی عەرەب تا ئێستا ئامادە نیە بلێ کوردستان، ئەو کوردستانەی (19) ساڵە حوکمرانی خۆی دەکات، کەچی ئەوان هیچ حیسابێک بۆ ئەو رێزەی ئێمە ناکەن، ئاخر بۆچی دەبێ ئێمە ئاوا باوەش بۆ بێگانە بکەینەوە، بروابکەن دوو موزیکژەنی فارسی بەناوەکانی (عارف و عیماد شەکووری) کە هەردووکیان بران، زۆر لەگەڵ هونەرمەندەکانی کوردەکانی دەرەوەی وڵات کاری موزیکیان ئەنجامداوە، لە وڵاتی سوید بۆ منیان گێرایەوە گوتیان هونەرمەندە فارسەکان دەڵێن بابچین لە کوردستانی عێراق ئاهەنگ ساز بکەین پارەی دوو ئەلبومی گۆرانییمان دەست دەکەوێت، ئاخر فەرموون هونەرمەندی کورد ناتوانی پارەی گۆرانییەک بەدەست بێنێ کەچی هونەرمەندانی بیانیش ئەوا سەیری ئێمە دەکەن، سەیر بکەن بۆ یادی هەڵبجە بۆ ئەنفال بۆ ئەو هەموو کارەساتەی بەسەر ئێمەی کورددا هاتووە، هەر هونەرمەندانی کوردن بەدەنگ و هونەرەکەیان توانیان دەنگی ناڕازایی خۆیان دەرببڕن و هەڵویستی خۆیان بنوێنن، ئیتر لە کۆتایی دا من پێم وایە تا ماڵ پێویستی بە کەرەستەیەک هەبێ مزگەوت پێی حەرامە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا