لم باسەدا ئەمەوێت بەراوردێکی بابەتیانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تێزی سوسیال دیموکرات بکەم پاش تێپەر بوونی ماوەیەکی تا ڕادەیەک زۆر بەسەر هەڵبژاردنی ئەم ڕێبازە لە لایەن (ی. ن. ک.) وە. ئەمەوێت بزانم ئایا (ی. ن. ک.) وەکو پارتێکی سوسیال دیموکرات خۆی گونجاندوە و یان تا چ ڕادەیەک مورکی ئەو ڕێکخراوەی پێوە دیارە لە هەڵسوکەوت و بەرنامەی کاریا؟ هەروەها ئەمەوێت بزانم ئایا (ی. ن. ک.) توانای ئەو ئەرکە زۆرەی هەیە لە جیوپۆلیتیکی ئێستای هەرێمی کوردستانا؟ چونکە زۆربەی کادرانی (ی. ن. ک.) بە خۆشمەوە لە هێنان و بردنێکی چڕ و پڕی ئەم باساناین.
سوسیال دیموکرات
نزیکەی سەدەونیوێکە بزووتنەوەی ریفۆرومخوازی سۆسیال دیمۆکرات لە ڕۆژئاوا سەریهەڵداوە چەندین فەیلەسوف و بیرمەندی ناسراوی مارکسی ئەوکات و دواتر تیۆرییان بۆ داڕشتووە وەکو E. Bernstein)،F. Lassalle A. Bebel،،(N. Karleby. ئەم بزوتنەوە سوسیالیستە هەڵچوون و داچوونی زۆری بە خۆوە دیوە و گۆڕانی زۆری بەسەرا هاتووە. لە سەرەتای سەدەی پێشوەوە لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە لە کاتی جیا جیا خۆیان خزانۆتە ناو پەرلەمان و ناوەندەکانی دەسەڵات و لە زۆر جێگا توانیویانە دەسەڵات بگرنە دەست و ڕاستەوخۆ بەرنامەی سیاسی خۆیان پەیڕەوبکەن.
ئامانجی سەرەکی سۆسیال دیموکراتەکان لە خەباتی سیاسیاندا بە پێی بەرنامە و بەڵێنە سیاسیەکانیان بۆ چینی کرێکار و زەحمەتکێشان، بریتی بووە لە چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگا وەکو سیاسی ،ئابوری، فەرهەنگی (زانست، هونەر، ئەدەب، وەرزش). بۆ گەیشتن بەم کۆ ئامانجە گەورە و بەربڵاوە خەباتێکی زۆر و گرانیان خستە ئەستۆی خۆیان لەلایەک بەهۆی فشاری شەری بیروباوەڕ (فکر) لەگەڵ چەپی شۆرشگێر (مارکسی لینینی) و کومینیستەکان و لە لایەکی ترەوە شەری بەگژاچوونی دەسەڵاتی سەرمایەداری لیبرال و کۆنسیرڤەتڤ.
میتودی خەباتی سۆسیال دیموکرات زیاتر شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگ بووە، ئەگەرچی هەندێک جاریش تووشی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژ بوون. سوسیال دیموکراتەکان توانیان بە بیرتیژی و وریایی لە خەبات و هەڵبژاردنی ستراتیژی زیرەکانە سەرکەوتنی یەک لە دوای یەک تۆماربکەن. بە بەڵگەی زیندوى مێژووییەوە سۆسیال دیموکراتەکان لە هەموو پارت و بزووتنەوەکانی تری بەرەی چەپ و سوسیالیست زیاتر خزمەتی چینی کرێکاریان کردوە و زۆرترین دەسکەوتیان هەبووە لە خەباتی چینایەتی و چەسپاندنی دیموکراتی. گرنگە لێرەدا و هەمیشە پەنجە بخرێتە سەر ئەو سەروەریانەی ئەم بزووتنەوەیە تۆماریکردوە بۆ مرۆڤایەتی لە سەدەى ڕابردووا بە تایبەتی لە ئەوروپا. بە خەباتی پەرلەمانی و ئاشتیانەی بەردەوام توانیان ڕۆلی بەرچاو و سەرەکی ببینن بۆ سەرلەنوێ ریکخستنەوەی کۆمەڵگا و بە ئاکام گەیاندن و دامەزراندنی سیستەمی کۆمەڵگای دیمۆکرات و مەدەنی هاوچەرخ.
ئازادی و یەکسانی (عەدالەت) و هاوکاری (سۆلیداریتی). ئەم سێ ئامانجە پێکەوە پوختەی هەموو بیر و فەلسەفە و تێزەکانی ئەم ڕێبازەیە. ئەم چەمکانە ئەکرێت وورد بکرێتەوە و لێکدانەوەی فەلسەفی لەسەر بکرێت هەتا ئەو ئاستەی هێڵە گشتیەکانی روون بن و سنووربکرێن لە هەردوو فەلسەفەی چەپی شۆرشگێر (مارکسی لینینی) و ڕاستی میانڕەو (لیبرال دیموکرات). چونکە لە ڕاستیا ئەم فەلسەفانە خاڵی تەماسیان زۆرە و لە زۆر بۆچوونا لێک نزیک ئەبنەوە. بە واتایەکی تر ئەبێت هەمیشە بە ووریایی لێکدانەوەى فەلسەفی بۆ چەمکەکان بکرێت وا نە بێ کە لە هەندێکیانا بە هەڵە بخزێینە ناو ئەلقەی چەپی شۆرشگێر و لە هەندێکی تریان بخزێینە ئەلقەی لیبرال دیموکراتەکان. بۆ چاو ڕوونی زیاتر هەندێک درێژە ئەدەین بە باسی چەمکەکانی ئازادی، یەکسانی، هاوکاری (سۆلیداریتی).
ئازادی
{ ئازادی مرۆڤ لەوەدا نیە چی پێ خۆش بێت بیکات، بەڵکو لەوەدایە ناچار نەکرێت بە کارێک کە ناخوازێت. جان جاک ڕۆسو}
ئازادی چەمکێکی زۆر فراوان و فرەلایەنە و مشتومڕی زۆر هەڵئەگرێت بەڵام من بۆ ئاسانکاری لە بابەتەکە زیاتر لەسەر لایەنی ئازادی تاک لە کۆمەڵگا ئەدوێم. تێکڕای مێژووی مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکانەوە تا ئەمکاتە مرۆڤ عەوداڵی ئازادی بووە. ئازادی لە سروشتی دژوار یان خەڵکی بەهێز و زۆردار یان لە نۆرم و سیستەمی ژیان. بە تیوری کردنی چەمکی ئازادی بۆ تاک و کۆمەڵگا، واتە ئەوەی ئێمە مەبەستەمانە گوزارشتی لەسەر بکەین، لە سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاستەوە دەستی پیکردوە خوێندنگای سەلەمەنکا (Salamanca) ی ئیسپانی ڕەنگە یەکەم شوێن بووبێت لێکدانەوەی بۆ ئازادی تاک هەبووبێت. ئیتر لە سەروبەری سەرهەڵدانی ڕێنیسانسەوە چەمکی ئازادی بووە بابەتی گوزارشکردن و لێکۆڵینەوە لای زۆربەی فەیلەسوفەکانی کۆن و نوێ. سەرەتا لە هۆلاند و ئینگلتەرا و بە دەستپێشکەری (Spinoza، E. av Rotterdam، J.Milton) پاشان گەیشتە شوێنەکانی تر. هەندێک لە فەیلەسوفەکان (E. Burke، T. Hobbes) هەر زوو کەوتنە گێژاوی داڕشتنی پێناسەیەکی دروست بۆ ئازادی تاک لە گۆشەنیگای لیبرالیزمەوە کە ئەوکاتە ئیشی پێ دەکرا و ببوە مەرجەعی زۆر لە پێناسە و بیری هاوچەرخی ڕیفۆرمخوازان و درێژەی هەبوو تا سەرەتای شۆرشی پیشەسازی و زیاتر بەرفراوان بوونی مانای بیری ئازادی و بە پێشەنگی (J. Locke، I. Kant) زیاتر گەشەی پێدرا. لە ڕاستیا هەتا ئەم کاتەش نەتوانرا پێناسەیەک داڕێژن بۆ ئازادی تاک تا هەموو ئەوانەی بیری لیبرالیزمیان بەگشتی پێ قەبوولە لەسەری کۆکبن. دیارە ئەمەش شتێکی سەیر نابێت لە ناو ئەو دەریای تیوری و تێزە جیاوازانە بتوانرێت پێناسەی هاوبەش دارێژرێت و ڕەنگە هەرگیز نەیەتە دی.
هەموو تیوریستە لیبرالەکان و پاشانیش مارکسیەکان بە گشتی (سوسیال لیبرال و سوسیالیست)ەکان لەسەر ئازادی تاک دوواون ئەگەر چی بۆچووونەکان جیاوازن. ئەوەی بۆ باسەکەی من گرنگی هەیە بۆچوونی تیوریستە سوسیال لیبرالەکانە (کە لە سوسیال دیموکرات نزیکن). مانای ئازادی تاک لای ئەمان لەوا چڕ بۆتەوە کە هەلومەرجی ژیان لە دەستی تاکەکان خۆیانا بێت. ئازاد کردنی هەلومەرجی ژیان بۆ تاکی کۆمەڵ مانای ئازادی هەڵبژاردن (کار ، خوێندن، بیروباوەڕ، خۆڕێکخستن، ڕادەربڕین، شێوازی ژیان، هاتووچۆ…………..هتد). ڕاستیەک هەیە کە زۆر کات لەم سەر و بەندەدا باس ئەکرێت و مایەی لێکترازانی بۆچوون و تیوریەکانە ئەویش ئایا ئاستی ئازادی تاک ئەبێ تا کوێ بێ؟ یان چۆن بکرێت زیاد کردنی ئازادی تاکێک زیانی نەبێ بۆ سەر ئازادی تاکێکی تر؟ سوسیال دیموکراتەکان بەوە دەناسرێنەوە کە هەمیشە ڕێز لە بەرامبەرەکانیان ئەگرن و بە مەبەستی تێکشکانیان هەلسوکەوت ناکەن هەر بۆیە هەمیشە پێداگریان کردوە لەسەر چەسپاندنی دەوڵەتی یاسا ویستویانە لەو ڕێگایەوە پارێزگاری لە ئاسایش و ماڵ و ژیانی هەموو تاکێکی کومەڵ بکرێت.
یەکسانی (عەدالەت)
یەکێک لەو کێشە گەورانەی تووشی مارکسیزم و بزووتنەوەی سۆسیالیزم هات ئەوە بوو بە چی شێوەیەک پەیامی یەکسانی بگەیەنن. چونکە بەرزکردنەوەی پارۆل (شعار)ی داواکردنی یەکسانی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بوو لە دەسەڵات و سەرمایە. ئەبوو لەو کۆمەڵگایانەی سوسیال دیموکرات کاری تیا ئەکا کەش و هەوایەک دروست بکرێت لەبار بێت بۆ خەباتی ئاشتیانە و دیموکراتیانە. بەڵام زۆر بە ڕاشکاوانە بەرەنگاری پڕوپاگەندەی بەرامبەرەکانیان دەبوون و پەیام و گووتاری سیاسی خۆیان بە بەردەوامی دووبارە ئەکردەوە و هەمیشە بۆچوون و تێگەیشتنی بە هەڵەی ناحەز و دژەکانیان ڕاست ئەکردەوە. لە گۆشەنیگا (perspective)ی سوسیال دیموکراتەوە یەکسانی گەلێک لەوە زیاتر ئەگەیەنی کە لای دژەکانی ناسراوە و زانراوە، هەروەها مانا و لێکدانەوەی جۆرێکی ترە لەوەی ئەوان تێی گەیشتوون. چەمکی یەکسانی بەلای سوسیال دیموکراتەکانەوە زۆر قوولتر و بەرفراوان ترە لە وەی کە هەمووان ببنە خاوەنی یەک داهات و یەک گوزەران و یەک بیروباوەڕ و یەکەبەرگ و یەک خواردن و…….هتد.
لە رووی ئابووریەوە بۆ نمونە یەکسانی مانای دابەشکردنەوەی داهاتی نەتەوەیی و بێبەش نەکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لەبەرچاو گرتنی ڕەنجیان لەکاتی زۆربوونی ڕێژەی قازانجی نەتەوەیی. ئەویش ناڕاستەوخۆ بە ڕێگای پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری زیاتر لە بواری جۆراوجۆری وەکو (خوێندن، تەندرووستی و چاودێری، گواستنەوە، وەرزش، باری خێزانی….هتد). لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە مانای قەبوول کردنی یەکتر بە هەموو شێوەیەک بێگوێدانە بنەماکانی وەکو ڕوگەزو ئیتنیکی (نێر و مێ و ڕەش و سپی و بێگانە) یا تەمەن و توانا (پیر و منال و نەخۆش و کەمئەندام و خوینەوار و نەخوێنەوار) یا چینایەتی (هەژار و زەنگین) یا بیروباوەڕ یا ئاینی یا هەر جۆرێکی تر لە جیاوازی. پەیامی سوسیال دیموکراتەکان لەم رووەوە زۆر بە ئاشکرا دژایەتی کردنی هەموو جۆرە جیاوازیخوازیەکە لەسەر ئەو بنەمایانەی سەرێ. پێیان وایە هەموو تاکێکی کۆمەڵکا دەبێت هەمان هەل و مەرجی ژیان و شانسی پراکتیزەکردنی کار و گوزەران و خوێندن و سیاسەت و ئاین و….هتد هەبێت. ئەمەش کاتێک مەیسەر ئەبێت کە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بەمیکانیزمى دیموکراتیانە دابەش بکرێ بۆ ئەوەی بتوانرێ بە هۆی دەسەڵاتەوە هەلومەرجی پێویست بۆ ئەو یەکسانیە فراوانە بڕەخسێ.
هەتا ئەوکاتەی تاکی کۆمەلگا بەتەواوی چین و ڕەگەز و ئاین و خاوەن بیروباوەڕ جیاوازەکان بەشداری دەسەڵات نەکەن و کاریگەریان نەبێ بە هیچ جۆرێک ناتوانین باسی بوونی یەکسانی بکەین. (I. Carlsson)ی سەرۆکی پێشوی سوسیال دیموکراتەکان و سەرۆک وەزیرانی پێشوی سوید ئەڵێ (سیاسەتی یەکسانی لە سەرو گشت شتێکەوە و بە پلەی یەک لە دابەشکردنی دەسەڵات دەدوێت.). مەبەست لە چەمکی دەسەڵات بە تەنها وەرگرتنی سولتە نیە بەلکو لەوە بەدەر دەسەڵات بەسەر بوون و گوزەرانی خودیش ئەگرێتەوە بۆ تاکەکانی کومەڵگا بۆ نمونە لە کاتی هاوسەرگیری، نەخۆشی و بێکاری درێژ خایەن، خوێندن و کۆمەڵێ پرسی تر ئەگەر تاکەکان توانا و دەسەڵاتی چارەیەکیان نەبوو بۆ ئەم کیشانە چی روو ئەدات؟ ئا لەم کاتەیا مانای دابەشکردنی دەسەڵات بە کۆنکرێتی دەرئەکەوێت کە کاتێ دەسەڵات بە پێی ویست و داخوازی چین و تویژە جیاوازەکان بە ڕیفۆرم کراوی دائەبەزَی بۆ ناو کۆمەڵگا لە ڕێگای دام و دەزگا تایبەتەکانەوە بۆ بەردەمی هاووڵاتی بۆ چارەکردنی کێشەکانیان.
هەردوو چەمکی ئازادی و یەکسانی وەکو دوو دیوی پارەیەکن هاودەمی یەکن و کاریگەریان بۆ سەریەکتر هەیە. بە پێی تێزی سوسیال لیبرالەکان ئازادی تاک کاتێک بە ئاکام ئەگات کە هەلومەرجی هاوتاو یەکسان بۆ گوزەرانی هەموو تاکی کۆمەلگا بە پێی یاسا دەستەبەر کرابی لە لایەن دەوڵەتەوە. یەکێک لەوانەی زۆر لەم بارەوە کۆلیوەتەوە و بە پێشەنگی سوسیال لیبرالیزم ناسراوە (J. Rawls) لە باسی کومەڵگای یەکسانا تەواو نزیک ئەبێتەوە لە تێزی سوسیال دیموکرات لە بارەی کۆمەڵگای ئاسوودە و خۆشگوزەران و ڕەفا وە ئەڵێ ( تەنها ئەو کۆمەڵگایانە یەکسانی تیایە کە ئازادی تاکی بە یاسا تیا پارێزراوە).
هاوکاری (سۆلیداریتی)
چەمکی هاوکاری (سۆلیداریتی) زۆر تایبەت و گرێدراوە بە ڕەوتی سوسیالیستەوە ئەگەر چی هەندێ جار لیبرالەکان و تەنانەت کونسەرڤەتیفەکانیش بەکاری دەهێنن بەمەرامی تایبەتی خۆیان. ڕەنگە لە زمانی کوردیا بە مانای هەرەوەزیش بێ کە ئەو زیاتر کاری کۆلێکتیڤ ئەگەیەنی. سۆلیداریتی زیاتر دەربارەی ڕەهەندی خەمی یەکترخواردن و بەتەنگ یەکترهاتن ئەدوێ کاتێک هیچ سوودێکی ویا زیانێکی ڕاستەوخۆى بۆ ئەو کەسانە نەبێ کە لە هاوکاریەکە بەشدارن. سەبارەت بەم چەمکە هەمیشە دروشم و پارۆلی جۆراوجۆر ئەکەوێتەوە پێ بە پێی رووداوەکان. لە رۆمانی (Les trois Mousqetaires)ى (A. Dumas)ی فەرەنسایی گووتەیەکی زۆر گونجا و ناسراوی لێوە بڵاوبۆوە کە پاشان بووە پارۆلی سوسیالیستەکان چونکە پڕبەپڕی بیری هەرەوەزیە (Un pour tous، tous pour un! ) و مانای (یەک بۆ هەمووان، هەمووان بۆ یەک!).
بیری هەرەوەزکاری (Collectivism) بەشێکی بنچینەیی بیری سوسیالیستی پێک ئەهێنێ و رەهەندەکانی موراڵ و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەگرێتەوە. سوسیال دیموکرات زۆر گرنگی ئەدات بە خەباتی کۆلیکتڤ و بە مەرجی بنچینەیی دائەنێ بۆ پراکتیزەکردنی خەباتەکەی. بنەمایەکی گرنگە بۆ دروست کردنی ئینتیما. بۆیە هەر بەرنامەیەک یان هەنگاوێکی سیاسی کە پێویستی بە هاریکاریە ئەبێت هەل و مەرجی ڕەخساوی بۆ لە بەرچاو بگیرێ بۆ جێبەجێ کردن. گرنگ ترینی ئەو هەل و مەرجانەش ئاستی ئیرادەی هەرەوەزکاری و گیانی سۆلیداریتیە لای جەماوەر. سۆلیداریتی جگە لەوەی بەشێکی گرنگە لە بیر و باوەڕی سوسیالیستی لەهەمان کاتا سەرچاوەی هێز و جۆشدانی جەماوەرە بۆ دروستکردنی ئوپینیون (Opinion) لەسەر روداوەکانی ناوخۆ و دەرەوە.
چەمکی سۆلیداریتی لە کێشەی نێونەتەوەیییەکانی سیاسی وەکو (ئاشتی و ژینگە) و ئابووری وەکو (هەژاری و بێکاری) و کۆمەڵایەتی وەکو (مافی ژنان) یان کارەساتە سروشتیەکان ڕۆلی گرنگ دەبینێ و زۆرجار رووی داوە ملیونەها خەڵک کۆ بکەنەوە بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە سەرانسەری جیهان لەسەر پرسێکى دیاری کراو. لە ڕۆژگاری نوێیا سۆلیداریتی گلوبال هاتۆتە ئاراوە ئەویش لە ئەنجامی بچوک بوونەوەی جیهانا. ئەم دیاردە نوێیە ڕۆلی گرنگ ئەبینێت لە پاراستنی ئاشتی و ژینگە و کەم کردنەوەی بواری دەستدرێژی لە هەموو جێگایەکی دونیا. ئەو بزووتنەوە کۆلیکتیڤە لێکدابڕاوانەی ناوخۆ و دەرەوە ئەگەر هەستی هاودەردی و هاوخەمی نەبێت لە پرسە هاوبەش و جیهانیەکانا بەچ شێوەیەکی تر ئەتوانرێت کۆبکرێنەوە. مورالی بەتەنگ یەکەوە هاتن و هەست بە لێپرسینەوە بەرامبەر بە یەکتر بنچینەی خولقانی سۆلیداریتیە وە بە چەسپاندن و بەهێز کردنی ئازادی و یەکسانی ئاستی سۆلیداریتی بەرزتر ئەبێ، ئەمەیە سوسیال دیموکرات.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
هەموو بزووتنەوەیەکی دیموکراتی سوسیالیستی لە دونیادا خەبات ئەکات بۆ ئازادی و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان چینەکان و یەکسانی و هاریکاری. ئەگەرچی ڕەوتی سوسیالیستی لە زۆر شوێن شکستی خواردووە و لە پاشە کشێدایە. بەڵام بەشی هەرە زۆری کێشە و ناکۆکیە چینایەتی و کۆمەڵایەتیەکان لە دونیا بە هەرێمی کوردستانیشەوە وەکو خۆی ماوە و چارەسەری بۆ نەکراوە. ئاشکرایە پێکهاتە و ئامانجی چینایەتی کرێکارانی کۆمەڵگای ئێمەش لێکچوونی هەیە لە گەڵ کۆمەڵگاکانی نزیک و دوور.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان پاش مل ملانێی ناوخۆیی زۆر و دوور و درێژ لە پاش کۆنکرەی یەکەومەوە ئەیەوێت وەکو پارتێکی سوسیال دیموکرات بناسرێت. بەڵام ئەوا بۆ بیست ساڵ ئەچێت ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە ناو (ی. ن. ک.) چەکەرە بووە بەبێ ئەوەی بتوانێ وەکو پێویست سەرکەوتوو بێ نە لە خۆگونجاندنی ڕێکخراوەیی و نە لە بەرنامە و دەربڕینەکانیا و نە لە یارییە سیاسیەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستان و عیراق و جیهان. هەندێک بابەتی کۆنکرێت باس ئەکەم تەنها بۆ چاو ڕوونی بۆ نمونە:
ئەبوو پڕۆژە یاسای کار تەواو بکرایە. ئەبوو کرێکاران بە جۆرێکی نوێ رێکخرانایە لە چوارچێوەی کومەڵێک سەندیکای بەهێز و سەربەخۆ نەک ئەو جۆرە بەناو سەندیکایانەی ئەمڕۆ هەیە. کارئاسانی زۆر بۆ کار و داهات و گوزەرانی کرێکاران بکرایە. هەوڵی بنبڕکردنی هەژاری و نەداری بدرایە و خانەی چاودێری مۆدێرن بۆ پیر و نەخۆش و مناڵ لە هەموو شار و شارۆچکەیەک هەبوایە. ئەبوو ئازادی و یەکسانی بۆ هەموو تاکی کۆمەڵ بەرقەراربوایە. پڕۆژەکانی ئاوەدانی (Infrastructure) ئەبوو بەشی زۆری لە تەواو بوونا بوایە. هانی دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر پیشەسازی بچوک و مام ناوەندی بدرایە و هەلی کار زیاد بکرایە و بڵاو و دابەش بوایە بەسەر ناوچە جیاوازەکان بەپێی بەرنامە. یارمەتی زیاتری جووتیاران بدرایە بۆ بوژانەوەی گوندەکان و هانی بەرهەمی ناوخۆیی بدرایە. ئەبوو بەپێی بەرنامەی دیراسەکراو یارمەتی بدرێن بۆ ساخکردنەوەی بەرووبوومیان لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە وە هانی وەبەرهێنەران بدرایە بۆ بەپیشەسازی کردنی بەروبوومی کشتووکاڵی. ئەبوو بواری فەرهەنگی کەش و هەوای ئازادی هەبوایە و لە گەشە و پێشکەوتنی بەرچاو بوایە. ئەبوو دەزگا حکومی و بەرێوەبەرایەتیە دەوڵەتیەکان زۆر باشتر ڕێکبخرانایە و ئاستی چالاکیان (efficiency) زیاد بکرایە. وڕەنگە هەندێک پێیان وا بێ ئەم هەموو داواکاریە زۆرە چۆن جێ بە جێ ئەبێ. بەڵام کوردستان ووڵاتێکی زۆر بچوک و دەولەمەندە و هەمووی لەماوەی چەند ساڵا تەواو ئەبێت. بەمەرجێ دەسەڵات وەکو پێویست هەڵسوکەوتی بکردایە. ئەو پارانەی بە هەڵە خرانە ناو پرۆژەی کەوتوو (فاشل) و بەهەدەر دراوە ئەتوانرا بەشی زۆری پرۆژەکانی پێ تەواو بکرایە.
ئەبوو چەمکی دیموکراتی لەماوەی ئەو هەموو سالە زۆرەیا لە ساوایی دەرچوایە و ڕەنگ و ڕوویەکی باشتر و جوانتری بەخۆوە بدیایە. ئەبوو هاوپەیمانیەکانی ناوخۆ و دەرەوە لەسەر بنەما پرنسیپیەکانی سوسیال دیموکرات دابرێژرایە. ئەبوو جەماوەرمان فێری سۆلیداریتی بکردایە، بۆ بیرخستنەوە نمونەیکی بچوک ئەهێنمەوە، دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ڕێژەی داهاتی بۆ هەر تاکێک وەرگریت بە بێ دوودڵی بە یەکێک لە ووڵاتە دەوڵەمەندەکان ئەژمێرێت. کەچی لەو کارەساتە سروشتیەی سەرەتای ئەمساڵی ووڵاتی هایتی کەمترین هاریکاریمان کردن و لەو هەموو رووداوە نێونەتەوەییانەی ئەمساڵ هیچ یان کەمترین بەشداریمان هەبوو. ئەمە لە کاتێکدا نەتەوەی کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ساڵانی پێش ڕاپەڕین و پاشانیش سوودی زۆرمان لە ئوپینیونی نێونەتەوەیی وەرگرتووە و ملوێنەها خەلک پشتیوانیان لێکردوین. ئەمانە هەمووی کەمتەرخەمی ئێمەی سوسیال دیموکراتە.
بێگومان و بەبێ دوو دلی (ی. ن. ک.) پێویستی بەخۆچاککردن و بەخۆچوونەوا هەیە لە ستروکتور و ئەدای حزبی و هەلسوکەوت. ڕاستە (ی. ن. ک.) خاوەنی سەروەری و ماندووبوونێکی زۆرە، خاوەنی هەزاران شەهید و بریندار و زیندانی تۆرتیر کراوە ئەمانە هەمووی ئەنجامی دڵسۆزی و گیانی خۆبەخشی و خزمەت پێشکەشکردنی هەزاران ژن و پیاو بوو لە پێناو گەل و نیشتمان. بەڵام ناکرێت هەتا هەتایە لەسەر سەروەریەکانی ڕابردوو بژین. ئێستا سەردەمی نوێیە و دونیا بە خێرایی لە گۆڕانایە و جەماوەر داواکاری هەیە. هەموو ئەو ستراتیژانەی ئێمە، وەکو سوسیال دیموکرات، هەڵی ئەبژێرین ئەبێت بە هەموو جۆرێک لە خزمەتی ئامانجەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بێ و دژی نا عەدالی و نا یەکسانی بێ. لەهەرێمی کوردستان یەکێتی بەشێکە لە دەسەڵات و ئەبێ ڕەنگدانەوەی هەبێ لە بڕیار و کارەکانیا. بێگومان (ی. ن. ک.) لەماوەی سالانی ڕابردووی دەسەڵات کۆمەڵێک دەسکەوتی نەتەوایەتی گرنگی هەیە بە لەبەر چاوگرتنی بار و دۆخەکە تا ڕادەیەک جێگای شانازیە. من لەلای خۆمەوە دەستخۆشی ئەکەم لەوەنەی کراوە و وەکو هەموو هاووڵاتیەکیش مافی خۆمە داوای کاری زۆرتر و باشتر لە دەسەڵات بکەم. بەکورتی ئەوەی کراوە یان نەکراوە بووە بە مێژوو و باشترە بیر لە داهاتوو بکەینەوە، واتە لەکوێیا پچرا گرێی بەینەوە، و کۆڵنەدەین.
فەلاحی شێخ رەئوف
سلێمانی 2010-08-13