بە چاودێری سەرۆکی حکومەتی کوردستان سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری(R.C.E) یەکەمین فیستڤاڵی کەلتورە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان لە شاری رانیە ئەنجام دەدات
بەچاودێری بەرێز سەرۆکی جکومەتی ھەرێمی کوردستان و لەژێر ناوی( دەروازەی کرانەوە بەرووی کەلتورە جیاوازەکان) سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری و چالاکی رۆشنبیری (R.C.E) یەکەمین فیستیڤاڵی کەلتورە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ( گۆرانی و ھەڵپەرکێ و دیالۆگی کەلتوری) لە شاری رانیە ئەنجام دەدات.
(خالید قادر) ئەندامی لیژنەی باڵای فیستیڤاڵەکە رایگەیاند: چالاکیەکە لە رۆژانی ٨ -٩/٩/٢٠١١ لە شاری رانیە ئەنجام دەدرێت کە ھەر یەک لە تیپەکانی ( تیپی ھونەری میللی عەرەبی حەویجە, تیپی ھونەری تورکمان, گروپء یانەء سیاوچەمانەی ھەروامان, سەنتەری ھاوبەشیی لور, تیپی قەڵای ھەولێر, تیپی ھونەری نھێڵ لە ئامێدی, تیپی ھونەری میللی سریانی, تیپی ھونەری میللی یەزیدیان, تیپی ھونەری میللی نەتەوەیی سلێمانی, تیپی شمشارەی رانیە) بەشداری تێدا دەکەن, یەکەم رۆژی چالاکیەکە لە کاتژمێر ٨ شەوی ٨-٩-٢٠١١ لە پارکی دەروازەی شاری رانیە دەست پێدەکات, کە پێنج تیپ نمایش دەکەن, پاشان لە کاتژمێر ٣ دوای نیوەرۆی رۆژی ٩-٩-٢٠١١ لە ھۆڵی کتێبخانەی گشتی و دیالۆگێکی کەلتوری بۆ سەرجەم تیپە بەشداربوەکان ئەنجام دەدرێت. دواتر لە کاتژمێر ٨ شەوی ٩-٩-٢٠١١ پێنج تیپەکەی تر بەرھەمەکانیان پێشکەش دەکەنء خەڵات و بروانامەی رێزلێنان دەبەخشرێتە تیپەکان. سەبارەت بە ئامانجی چالاکیەکە (خالید قادر) وتی: ئامانجی سەرەکی سەنتەری رایەڵ ئاڵوگۆری کەلتورییە لەنێوان کەلتورە جیاوازەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات, لەو سۆنگەیەوە ئامانجی ئەو چالاکیە بەیەکەوە ئاشناکردنی جیاوازییەکانء ئاڵوگۆری کەلتورییە لەنێوان کەلتورە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان کە ھەموومان پێکەوە دەژینء لە رێگای ھونەر و پێکەوە ژیاندا پەیامی ئاشتیء مرۆڤایەتیمان ھەیە. بەتایبەت بۆ رەوشی نالەباری سەر سنورەکانمان کە بەداخەوە ھەنوکە رۆژانە تۆپباران دەکرێن و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە ئاوارە بوونء شەھید دەکرێن.
جێگای ئاماژەیە سەنتەری رایەڵ (R.C.E) لە ١٥-١٢-٢٠١٠ مۆڵەتی یاسایی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەرگرتوە, ئۆفیسی سەرەکی لە شاری رانیەوە تا ئێستا توانیویەتی پەیوەندیەکی دەستەخوشکی و ئاڵوگۆری کەلتوریی لەنێوان شاری رانیەو شاری (Duluth)ی ئەمریکا دروستبکات کە پێشتر وەفدی ھەردوو لا چەند جارێک سەردانی یەکتریان کردوە, ھەروەھا لە مانگی ١٦-٤-٢٠١١ دیالۆگێکی کەلتورییان لە نێوان چەند ھاوڵاتیەکی ( چیک, ئەمریکا, کەنەدا)ء ستافێکی سەنتەری رایەڵ لەسەر شاخی کێوەرەش ئەنجام داوە, جگە لەوە لەگەڵ رێکخراوی ئەمریکان ڤۆیسس ۆرک شۆپێکی ھونەرییان بۆ دوو مۆزیک ژەنی گەورەی ئەمریکاء ٥٠ مۆزیک ژەنی رانیە رێکخستوە لەگەڵ سازدانی کۆنسرێتێکی ھاوبەش. ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە وێب سایتی دەستەخوشکی جیھانی, چاپککردنی کتێبێک بە ھەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بۆ مێژوو ناساندنی شاری رانیە. لە ماوەی رابردوشدا توانیان کۆمەکء ئاوی خواردنەوە بۆ ئاوارەکانی بناری قەندیل دابین بکەن. ئێستاش لە ئامادەکاری دان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆی راپەرین و زانکۆی UMD لە ئەمریکا.