دروشمە زەقەکانی (ی ن ک) بابەتێکە قسەی زۆر هەڵئەگرێت. ئەو دروشمانەی لە ڕابردوودا ببوونە ناسنامەی ئەو هێزە “شۆڕشگێڕە” نوێە، ئەو دروشمانەی بوونە مایەی هاندان و جۆشدانی هەزاران لاوی شۆڕشگێڕ و لە خۆبردوو، ئەوانەی هیوای سەرکەوتن و دواڕۆژێکی پڕ لە سەرفرازی ئەبەخشی. ئێستا زۆریان لە بیر چوونەتەوە یان لەبەر چاو لابراون و توڕدراون. یەکێک لەو دروشمانەی کاتی خۆی هەمیشە بە
دەنگی بەرز و بە حەماسەتەوە ئەووترانەوە، پشتیوانی کردن بوو لە کرێکار و ڕەنجدەران. داوای خۆشگوزەرانی و مافەکانیان ئەکرا. داوای زیادکردنی هەلی کار و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەهێستنی هەژاری ئەکرا. ئەوی ڕۆژێ خەباتی چینایەتی ئاوێتەی خەباتی دیمۆکراتی و ڕزگاریخوازی نیشتمان کرابوو. دەستەواژەکانی هێزی گەل و هێزی جەماوەر ئاماژەبوون بۆ چینی ڕەش و ڕووت کە زۆرترین فشار و چەوسانەوەی لەسەر بوو. دونیادیدەیی وخەباتی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە بە بیری سۆسیالیستانە خومکرابوو. وەلێ ئەو دەمە گوزەشت. لە مێژە ئەو دروشمانە بچوککراونەتەوە و هاوتای سفر کراون. دەنا ئەبوو ئێستا زۆر لە جارانی سەردەمی داگیرکەر زیاتر گارگە و کێڵگە و شوێنی کار هەبووایە. ئەمانە نەک ئەوەیان نەکرد بەڵکو دەیان گارگەی گەورە و مامناوەندی ئەوسەردەمەیان لە کەرتی گشتی و تایبەت فتکرد، وەکو کارگەی جگەرە، شەکر، چیمەنتۆ، مافوور، چنین، جل و بەرگ، مەڕمەڕ…….هتد. وەک میراتگرێکی چاوچنۆک هەموویان حەواڵە بە گەواڵە کرد. ئەمە جگە لەوەی لە ڕێگای کۆمپانیا حزبی و تایبەتەکانیانەوە بازاڕیان قۆرخکردوە و ڕێگرن لە بەردەم سەرمایەگوزاری ناوخۆ و دەرەوە. لە ئێستادا تەنها کارێک بتوانن پێشکەش بە ماڵبەتی کرێکار و ڕەنجدەرانی بکەن دامەزراندنیانە لە دەزگاکانی ئاسایش و پێشمەرگە. کە جۆرێکی ترە لە پیاوەتی نامەردانە و زۆجکردن یان لە باشترین حاڵەتدا لە بەین بردنی کێڵگەکانی کشتوکاڵ و پیشەگەریە بچوکەکانە. بە مانایەکی تر مردارکردنەوەی گیانی بەرهەم هێنانی کشتوکاڵی و پیشەیی خۆماڵیە یا وێرانکردن و تەپاندنی ژێرخانی “دەوڵەتی” دواڕۆژە.
زۆر بەداخەوە زۆرێک لە سەرکردە و ڕابەرانی کۆمەڵە لە سەرەتای شۆڕشی نوێ شەهید بوون و فرسەتی ئەوەیان نەبوو لە ڕۆژگارێکی وەکو ئەمڕۆدا ئەسپی فکری خۆیان تاو بدەن وبە فیعلی دروشمەکانی کۆمەڵە و (ی ن ک) بهێننەدی. بێگومان نە من و نە هیچ کەسێک بەقەد زەڕەیەک مافی ئەوەمان نیە لە گەورەیی و قودسیەتی ئەو سەرکردە شەهیدانە بڕوشێنین. بەڵام باشە خۆ چەند دانەیەک لەو سەرکردانە بە دەیان ساڵ دوای ئەو پۆلە شەهیدە سەرکردەیە مانەوە، ئەی ئەوان بۆ ئاوا بە گۆشەی ١٨٠ پلە گۆڕان و هەموو شتێکیان ئاوەژووکردەوە. ئاخۆ گۆڕانکاریەکانی سەردەم و کۆمەڵگا ئەوەندە کاریگەری خراپیان هەبوو بێت لەسەر ئەم ڕابەر و ‘سەرکردە’ زیندوانە، زۆر داوای لێبوردن ئەکەم، بەڕادەیەک کە ڕەنگە گومان لە دڵسۆزی شەهیدەکانیش دروست بکات. ئەم گومان و گومڕاییەش ئۆباڵی بە ملی سەرکردایەتی ئەمڕۆی (ی ن ک). بێگومان هیچ کەس ناتوانێت ئەوە بسەلمێنێت ئایا ئەو دروشمانە هەر لە سەرەتاوە تەنها بۆ پڕوپاگەندە و دەسکەتی سیاسی بوون یان نەخێر ئەوانە دروشم و پرنسیپی بیر و هزری شۆڕشگێڕانەی خەڵکی خەمخۆر و دڵسۆزان بوون، من وەکو خۆم زیاتر بڕوام بەم گریمانەیەی دووهەمیانە و ئومێدم وایە هەڵە نەبم.
گەرچی ساڵانێکە ڕەوتی سۆسیالیزم بە گشتی لە نوشست و پوکانەوەدایە. لەگەڵ ئەوەشدا (ی ن ک) لەبەر هەندێک ئیعتیباراتی تایبەت، خۆی خزانۆتە بەرەی سۆسیال- ئینترناشونالەوەو لە بۆنەکاندا وەکو هێزێکی سۆسیال- دیموکرات خۆی ئەناسێنێ. بەڵام خۆ پۆلێن کردن لەو بەرەیەدا تەنها ئێکسیسوار نیە، بەڵکو پێویستی بە خەبات و بەرنامە داڕێژی هەیە. زیاتر لە (٤٠) ساڵە لە نزیکەوە ئاگاداری سیاسەتی (ی ن ک)م و ئاگادارم چۆن سەرکردایەتیەکەی بیری چینایەتیان لە هەناویدا لەبار بردوە و لە هێزێکی سۆسیالیستەوە گۆڕا بە هێزێکی لیبڕاڵ و لەوەش زیاتر. بە تایبەتی دوای ڕاپەڕینە مەزنەکە هەتا ئەمڕۆ (ی ن ک) هێدی هێدی لە ڕایەڵەی چینایەتی سۆسیال- لیبڕاڵەوە ترازاوە بۆ پارتێکی لیبڕاڵ- دیمۆکراتی نادیموکرات و شێواو.
فەلاحی شێخ رەئوف سلێمانی ٢٠١٤/٣/٢٦