نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
ئەوەی لە کەمتر لەساڵێکە لە تورکیادا ڕوویداوە شایانی ھەڵوێستە لە سەرکردن و تێڕامانە کە چۆن لە دوای شکست ھێنانی پارتی دادو گەشە ی ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی پار کە نەی توانی بە تەنیا وەکو دووجاری پێشووتر کابینەی حکومەت پێکبھێنێت ھەروەھا بڕینی بەربەستی لەسەدا دە بۆ یەکەمجار لە لایەن کوردەوە و سەرکەوتن وەکو فراکسیۆنێکی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی تورکیاو قایل نەبوونی ئەردۆگان و پارتەکەی بە حکومەتی ئیئتلافی لە گەڵ پارتەکانی تر و پەنا بردن بۆ ھەڵبژاردنی پێشووەختە و کۆتایی ھێنان بە پرۆسەی ئاشتی لە گەڵ کورد,
ھەروەھا شکستھێنانی دروشمی( زیرۆ پرۆبلم ) سفر گێرەوکێشە لە گەڵ درواسێکانی تورکیا وای لێھات ھەر ڕۆژەی کێشەو گرفت لە گەڵ یەکێک لە دراوسێکانی بخووڵقێنێت .
بەڵێ ئەردۆگان کە کە ھەڵگری بیروباوەڕی ئاینیەو باکگراوندێکی درێژی ھەیە لە گەڵ ھەموو بزوتنەوە ئاینیەکانی ناوچەکەو جیھانیش زۆر قورسە بۆی کە بتوانێت لە گەڵ ھەموو لایەن و پێکھاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەی و ناوچەکەو جیھانیش ھەڵبکات ھەر دەبێت بەرەو قۆرخکردنی دەسەڵات بڕوات ھەر وەکو چۆن سەرەتاکانی دەرکەوت لە چەند ساڵی پێشووترەو شکستھێنان لە پێکەوە ژیانی سیاسی لەگەڵ ئۆپۆزەسیۆنی ناوخۆ و ڕۆژنامەوانی ئازاد و دادگایی کردنی ڕۆژنامە نووسان و نەگونجان لە گەڵ دۆست و ھاوپەیمانە دێرینەکانی تورکیالە ئەوروپاو ئەمریکا و کارگەیشتە بەریەککەوتنی سەربازی لە گەڵ ڕوسیا و سەرکووتکردنی ھاونیشتمانانی کوردی وڵاتەکەی لە بەرامبەر داخوازییە ڕەواو یاساییەکانیاندا ,
بەڵی ھەر لە درێژەی ملھووڕی و قۆرخکاری وپەراوێزخستنی بەرامبەرەکانی ئەردۆگان دواجار یەکێک لە دۆستە نزیک و ھاو ڕی وھاوبەشەکانی کاری سیاسی خۆی پرۆفیسۆر ئەحمەد داود ئۆغلوی وەلاناو ھەر لەبەرئەوەی لە چەند بابەتێکا بۆچوونەکانیان یەکیان نەدەگرتەوە وەکو باسدەکرێت پرسی گۆڕینی سیستمی حوکم لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی و مەسەلەی ئاشتی لە گەڵ کوردا بووە ,
دواترینی ھەنگاوەکانی ئەردۆگان و پارتەکەی بۆیە دەڵَێم پارتەکەی چونکە وادیارە ئەوەی وەکوئەو بیر نەکاتەوە ئیتر لەو پارتەدا جێگەی نابێتەوە وەکو داود ئۆغلو بازیاتر لە باسەکە دەرنەچم ھەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر پەرلەمانتارانی ھەدەپە واتە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی تورکیا واتە لە کۆی ٥٩ پەرلەمانتاری ھەدەپە ٥٤ یان پارێزبەندیان لەسەر لادەبرێت و دواتر دادگایی دەکرێن بە بیانووی ھاندانی تیرۆرو گەندەڵی و سووکایەتی کردن بە ئەردۆگان .
مەبەست چیە لەم پەروایزخستنی نەیارانە ؟
ڕوون و ئاشکرایە ئەم پەراوێز خستن و قۆرخکارییە دوورخستنەوەی ھەموو دەنگە جیاوازو ڕخنەگرەکانە تاوەکو بتوانێت بە ئاسانی دەستور ھەموار بکاتەوە وسیستمی حوکمڕانی بگۆڕێت لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی فراوان بکات .
لەلایەکی ترەوە وڵاتانی خۆرئاوای ھاوپەیمانی تورکیا و لایەنە ئۆپۆزەسیۆنەکانی تورکیا نیگەرانن لەوەی بە ھۆی ئەم یاسایەوە زنجیرەیەک کەیسی بە سیاسی کراولە دژی پەرلەمانتاران و چالاکوانانی مەدەنی بەرز دەکرێتەوە کە ئەوەش بارگرژی زیاتر و قەیرانەکانی ئەو وڵاتە قووڵتر و کارەساتبارتر دەکات کە لە مێژەو ئەو وڵاتە بە دەست شەڕو پێکادانی خوێناویەوە دەناڵێنێت .
دواجار ماوە ئەوە بڵێم وادیارە ئەو دەردە کوشندەیەی کەلەمێژە دەڵێن لەم ناوچە گەرای داناوە لەناو نابرێت ئەویش نەبوونی خواست و ئارەزووی پێکەوەژیانە لە گەڵ بەرامبەرە جیاوەزاکانمان لە بیروڕادا .