ھونەرمەندی سینەماکار (ھەڵکەوت مستەفا) فلیمێکی تازەی سینەمایی لە ژێر ناوی (دڵی سوور) بەرھەم ھێناوە، ئەو فیلمە بەشێوازێکی مۆدێرنی سینەمای کاری دەرھێنانی لە کوردستان بۆ بە ئەنجام گەیاندووە،
کە تیایدا کۆمپانیایەکی بە ناوبانگی نەرویژی بەشداریی لەبەرھەم ھێنانی ئەو فیلمە سینەماییە کردووە، وابڕیارە لە رۆژی ھەینی داھاتوو رێکەوتی ٢٩ـی نیسان لە (٢٥) سینەمای وڵاتی نەروێژ نمایش بکرێت و پاشان لە مانگی حوزێرانی داھاتوودا لە کوردستان نمایش بکرێت.
(ھەڵکەوت مستەفا) دەرھێنەری “دڵی سوور” لە لێدوانێکی دا رایگەیاند :” دەربارەی ئامانج لە بەرھەم ھێنانی ئەو فیلمە گوتی : “بەرھەم ھێنانی ئەو فیلمە سینەماییە، بەناوی “دڵی سوور”، ئامانجم ئەوە بووە، نمایشی مەینەتیەکانی ئافرەتی کورد بکەم لە ھەرێمی کوردستان، لە رێگەی چیرۆکێکی ئاشقانەی نێوان کوڕ و کچێکی گەنجەوە، خەونی ئەوەیان ھەیە ژیانێک دروست بکەن، بەڵام بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایتیەوە لە خێزانەکەیان ھەڵدێن و دەچنە شارێکی دیکە لە کوردستان، بۆ ئەوەی بەیەکەوە بژین”.
ئەو سینەماکارە دەربارەی چۆنیەتی بەرھەم ھێنانی ئەو فیلمە تازەیەی گوتیشی : “فیلمی “دڵی سوور” بە ھاوکاری کۆمپانیای “فیلم ھاوسی” نەرویژ بەرھەم ھاتووە، ھەروەھا بەھاوبەشی لەگەڵ یەکێتی ژنانی کوردستان لە شاری سلێمانی و وەزارەتی ھەرێم بۆ کار و باری ژنان لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە پشک بەشداریان لە بەرھەم ھێنانی دا کردووە”.
(ھەڵکەوت) دەربارەی خەرجی تێچووی ئەو فیلمە سینەمایە رایگەیاند : “بڕی تێچووی فیلمی سینەمای “دڵی سوور” بەسەرجەم پشکی بەشداربووانی بەرھەم ھێنانی بریتیە لە (٠٠٠ ١٢٠٠) میلۆنێک و بیست ھەزار دۆلاری تێچووە، وەزارەتی ھەرێم بە رێژەی لە ١٥% بەشداری کرد، یەکێتی ژنان بە رێژەی لە ٥% بەشداری کردووە، بەرێژەی لە ٨٠% کۆمپانیای “فلیم ھاوس”ـی نەرویژی بەشداریی بەرھەم ھێنانی کردووە”.
دەربارەی نمایشکردنی ئەو فیلمە سینەمایە دەرھێنەری “دڵی سوور” گوتی : “فیلمەکە لە ئێستادا ئامادەیە بۆ نمایشکردن، ئامانجی ئەو فیلمەش نمایش کردن و پەیداکردنەوەی داھاتە، چونکە پارەیەکی زۆری لە بەرھەم ھێنانی تێچووە، وابڕیارە لە ٢٧ /٤ /٢٠١١ مەراسیمی کردنەوەی فیلمەکە ئەنجام دەدرێت، پاشان لە رێکەوتی ٢٩/٤ لە (٢٥) سینەمای وڵاتی نەروێژ دەست دەکرێت بە نمایشکردنی”.
دەربارەی شوێنی وێنەگرتنی فیلمەکە (ھەڵکەوت مستەفا) گوتی : “ئەو فیلمە لە شاری ھەولێر و ڕەواندز وێنەی بۆ گیراوە، ماوەی (٤٥) ڕۆژ کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامدراوە، ئەکتەرەکانی بەشداربووی فیلمەکە لەسەر بنەمای ئەوەی رۆڵەکە لەگەڵ خودی ئەکتەرەکە بگونجێ یا روونتر بیڵم دەم و چاو و تەمەنی گونجا بێت بۆ رۆڵەکە، جگە لەوانەش ئەزموون و بەھرەی ھونەری ئەکتەرەکان رەچاو کراوە”.
دەربارەی نمایشکردنی فیلمی “دڵی سوور” لە کوردستان دەرھێنەری سینەمای (ھەڵکەوت مستەفا) گوتی : “بڕیار بوو بەر لەوەی لە سینەماکانی ئەوروپا نمایش بکرێت، لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە (ھەولێر، رەواندوز و سلێمانی) بە ئامادە بوونی ستافی نەرویژ و راگەیاندنەکانی یەکەم نمایشی لە ٨/٣/٢٠١١ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی ئەو بارودۆخە لە چەند مانگی رابردوو لە کوردستان روویدا نەتواندرا نمایش بکرێت، بەڵام پلانمان داناوە لە مانگی حوزێرانی داھاتوودا لە کوردستان نمایشی بکەین.
ستافی بەشدابووانی فیلمی “دڵی سوور” پێکھاتوون لە ئەکتەرەکان (عەلی ئەحمەد، شەھین جەمال، سۆران ئیبراھیم، سوھیلە حوسێن، ئەحمەد قەڵادزێی) دەرھێنەر (ھەڵکەوت مستەفا) بەڕێوەبەری بەرھەم (زانا تەقیدین)، بەڕێوەبەری وێنەگرتن (شێل ڤاسدال)، مۆنتاژ (ئینگە لیسە لانگفێت – ئاریل تریگستاد)/ مۆسیقای فیلم (ئۆستاین بواسن) دەنگ ھەڵگر (حوسێن قوچیان)، دیزاینی دەنگ (مێرێتە مۆنگستاد)، میکاژ (سیما عەبادی).
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا