چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
گۆرانیبێژی لاو ھونەر بابان پەشیمانی خۆی دەربڕی لە کارکردنی لەگەڵ گۆرانیبێژ شەھرام گوڵچین، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ھونەر بابان نوێترین کاری ھونەری خۆی راگەیاند، کە گۆرانییەکی دوێتە لەگەڵ محەمەد سوری، کە بڕیار وابوو گۆرانییە دوێتەکەی لەگەڵ شەھرام گوڵچین بێت.
ھونەر بابان لەبارەی نوێترین کاری ھونەری خۆی لە لێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە بەرھەمە تازەکەی گۆرانییەکی دوێتە بەناوی (عاشق نابم)، لە تێکستی شەھاب زەنگەنە و ئاوازی خۆی و موزیکی ئاوارە مودەڕیسی، کە بەشێوەیەکی دوێت لەگەڵ گۆرانیبێژی لاو محەمەد سوری تۆماری کردووە.
لەماوەی پێشوودا ھونەر بابان و شەھرام گوڵچین پێکەوە کارکردنیان راگەیاند، بەڵام ئەوە تەنیا قسە بوو و ھونەر بابان پەشیمان بوونەوەی خۆی راگەیاند، ئەمەش لەئەنجامی دروستبوونی کێشە لەنێوانیان دا.
ھونەر بابان بۆ ئەوە دەڵێت “من لێرەوە ئەوە دەڵێم پەشیمانم کۆنسێرتم لەگەڵ شەھرام گوڵچین کرد، سەرەتا خۆی داوایکرد کۆنسێرتی لەگەڵ بکەم ھەرچەندە کارەکە سەرکەوتوو بوو، بەڵام کارکردن لەگەڵ شەھرام مورتاح نیم، ھەرچەندە وا بڕیاربوو دوێت بکەین، بەڵام من ئامادە نەبووم و رەتم کردەوە، لەتەمەنی کارکردنم لەھونەردا تاکە شت کە لێی پەشیمان بم کارکردنە لەگەڵ شەھرام، ئیتر ھەر کارێک بکەم پێشتر لەگەڵ ھاوڕێیانم گفتوگۆ دەکەم و یەکسەر بڕیار نادەم”.
ئەو تەواو ئاماژە بۆ کێشەی خۆی و شەھرام ناکات، بەڵام لەقسەکانی ھونەردا دەردەکەوێت کێشەی ئەوان لەسەر پارە بووە، ھەروەکو ھونەر دەڵێت “زۆر بەکورتی من ھونەرەکەم کە بە پاکی و دڵسۆزی کاری تێدا دەکەم ناکەمە قوربانی بەرژەوەندی و پارە، بەڵام پارە بۆ شەھرام لەھونەر گرنگترە و لە ھاوڕێتیکردن خۆشەویسترە”.
ھەروەھا گوتیشی “من کێشەیەکی وام نییە تەنیا قسەی دڵی خۆم دەکەم لەسەر کاری ھونەری لەگەڵ شەھرام، ئەویش ئەوەیە کە دوپاتی دەکەمەوە کۆتایی ھات کارکردنم لەگەڵ ئەم بەڕێزە، من کێشەی شەخسیم نییە لەگەڵی، تەنیا ئامادەی ئەوەم تێدا نییە کاری ھونەری لەگەڵ ئەنجام بدەم و رەتم کردۆتەوە”.